ئوکرانیا  پەڕینەوە لە دنێپر بەرەو ناتۆ  یا مانەوە لەبەردەم لەشکرتاریەتی رووسدا

ئوکرانیا   پەڕینەوە لە دنێپر بەرەو ناتۆ   یا مانەوە لەبەردەم لەشکرتاریەتی رووسدا

 

 

دوا بە دوای قلیشانەوەی رووداوەکانی شاری ستراتیژی ئەڵما ئاتای کازاخستان - باخچەی باشووری رووسیا وبەهانەوە چوونی مۆسکۆ بۆفریادرەسیی ورزگارکردنی قاسم جومرت تۆکاییف سەرۆکی دێرینی کازاخستانی کەریدۆرە ستراتیژییەکەی چین بۆئەوروپای رۆژهەڵات،

 چەند رۆژێکە جارێکی دیکە بابەتی  رۆژەڤە وهێرشکردن وهەژمونی داگیرکردنی زیاتری لەلایەن رووسیاوە لە پای نزیک بوونەوەی ئوکراینا لە بە ئەندام بوونیدا لە هاوپەیمانیەتی ناتۆ بوونەتەوە بابەتی گەرم وبلەزی میدیاکانی جیهان  .

 مشتومڕی گەرمی ئێستای نێوان ئەمریکا وئەورپیەکان بەرامبەرڕووسیا گرنگترینیان دیداری نێوان هەردوو وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکاو ڕووسیا بوو لەجنێف لە 21-1-2022 هێشتا نەبۆتە خاڵی بەهێزی دڵنیای و گرەنتی  تەواوبۆهێوربوونەوە وڕەوینەوەی فشاروهەژموونی لەشکرتاری مۆسکۆو  مەترسییەکانی هێرش بۆسەر ئوکرانیا بەداگیرکردنی کییفی پایتەختەوەش .

 زلینسکی سەرۆکی ئەو وڵاتە لە تازەترین لێدوانی دا بۆگەلی ئوکراینا لەرۆژی 24-1-2022 وێرای ئەوەی دڵنیایی دایە گەلەکەی لە ئەندام بوونیان لەناتۆ لەنزیکترین دەرفەتدا و دڵنیای خۆڕاگری سەرکەوتنیشی لەبەرامبەر فشارو هەژموونەکانی مۆسکۆ راگەیاند .

 بەڵام  زلینیسکی لەو ئان وساتەشدا  لە نێوان دوو کەوانەدا قەتیس ماوە و بە چاوکراوە وئەبڵەقی سەیری ئەم بەروئەو بەری( دنێپرودۆڵی دەمباس)  دەکات  .

ئەمە لەکاتێکدایە زیلینسکی سەرۆکی ئوکراینا بەدیداری پووتینی سەرۆکی رووسیا رازی بوو ، کە بریار بوو رەجەب تەیب ئەردوگان لە ئەنقەرە لەسەرەتای ئەم مانگە دا لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ کۆیان کاتەوە ، گەر عینادی وکەلە ڕەقی و پێداگیری پووتین نەبوایە ، دیدارەکە سازدەبوو .

لە تێڕوانین و خوێندنەوەی تایبەتی ئێمەدا ئەم چەند دێرەش دەخەینە سەر دێرەکانی سەرەوەو هاوکێشەکە وا وێنا دەکەین .

 ڕووس وبێلاڕووس لەیاری سیاسیی کۆچەرانی سەرسنوور، ئەوکارتەیان وەک گەڵای پایز دەمامکەکەیان هەڵوەری و جگە لە شەرمەزاری مینسک و ئەلیکسەندەر لۆکاشینکۆی سەرۆکی بێلارووس چیتری لێ شین نەبووتا  ڕووی دیالۆگی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسیەتیان هەبێ ،هەر هیچ نەبێ لە بەرامبەر قسە وگفتی ئەوروپییەکانی ئاشق بە دروشی ( دیموکراسیەت ومافی مرۆڤ.!!) ئەوەندە بێنێ بابەتی سیاسیی پێ گەرم بکرێ و دەرگای دیدارو گفتگۆی بەڕوودا بکاتەوە  کە لەمێژە ئەوروپییەکان هەموو دەرگاو پەنجەرەیەکیان بەڕووی  لۆکاشینکۆ داخستووە  .

قسە لەسەر ئوکراینایە ،ئەو وڵاتەی خاوەن پێگەی ستراتیژی دەوڵەمەند بە

 سامانی سروشتی ومرۆییە ، لەبوارەکانی پیشەسازی سەربازی ومەدەنی،  گەشتوگوزارو کشتوکاڵ و وەرزش وهونەرەکانی ئەدەبی وسینەماو شانۆو هونەری ئەفرێنەری  باڵیێ و چاپ و بڵاوکردنەوە ، پیشەسازی خۆراک و بژێوی ژیان و بیناسازیدا ،  وەک وڵاتە دەگمەنکان دەگمەن وپێشەنگە .

بەڵام، ئوکراینا قەدەرو پێگە جیۆپۆلەتیکییەکەی وا هەڵکەوتووە قوربانی پێگە جوگرافیەکەیەکەی بێ ،  لەوەتەی بۆتە وڵاتێکی ئازادو سەربەخۆ لە  دوای پرۆسەی  پیرۆسترۆیکای گرۆرباتشۆڤ و لەساڵی ١٩٩١ وە ئەوە هەرژەهری ترس و تاڵاو و مەرگەمووشی ئازادبوون و سەربەخۆ بوون و بوون بە ئەندامی ناتۆیەتی دەینۆشێ .

لایەنێکی دیکەی ملمکانێ و ناکۆکییە سیاسییەکانی ناخۆی ئوکراینا دەسەڵات گرتنەدەستی ئوکراینایە لەلایەن پارت و چینی  (لۆگاریشیەت)ەوە  با بە شایان و شایستەیی هەڵبژاردنەکانیش بووبێ . ئاخر ئوکرانیای دوای پرۆسترۆیکا بەتایبەتیش لە دوای ساڵی 1991وە ، هەر پارت و لایەنێکی براوەی هەڵبژاردنەکان کە دەسەڵاتی حوکمدارییان گرتۆتە دەست زۆربەی هەرەزۆریان لەنێو پارت و چینە لۆگاریشیەتەکەوە سەریان هەڵداوە و هەموویان پارتی تازەی دامەزراوی بارودۆخی قۆناغ و کاتوساتی ئێستایی بوون ، هیچیان پارتی خودان مێژووی و مێژووکردەنەبوون، جگە لە حزبی شوعی ئوکراینی نەبێ ئەویش لە هەڵبژاردنەکانی دوای 1991وە تا دواهەڵبژاردنی ساڵی 2018 دەنگی پێویستی سەرکەوتن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی بەدەست نەدەهێناوە تا وەک پارتێکی حیساب بۆکراوی پشت ئەستوور بە جەماوەرو مێژووی دێرینی سەرکردایەتی وڵات بەرێوەبردن بکات  لەبەرامبەریش دا هەموو پارتە براوەکانی ئوکراینا کەسانی  

 پارتە لۆگاریشییەکانن، ئەوانەن وەک  بزنسمان و دەوڵەمەندو پیاوانی بزنسی سیاسیی هاتوونەتەپێش و ڕکابەری  بردنەوەی هەڵبژاردنەکانن  بە پارتەکەی خاتوو(یولیا تیمۆشینک)ە و پارتە تەمەن سێ ساڵییە  تازە یەی د سەرۆکی ئێستایش زیلینیسکی کە پارتی( خزمەتکاری گەل)ە . چ جای ئەو لیگۆریشیانەی کییف و دەمباس کە زۆربەی بەرژەوەندییەکانیان  یا بە مۆسکۆگرێدراون  یا بە رۆژئاوا و ئەمریکا.

بوونی ئەو لۆگاریشییانە لە لووتکەی دەسەڵات تا ئەم خوولەی  دوای هەڵبژاردنیش خاڵێکی دیکەی بێ هێزییە  بۆپێشکەوتنی  پرۆسەی  سیاسی جەماوەری وئوکرانیایان خستە نێو دوو کەوانەی داخراوو سەبەتەی دەستی ئەمریکاو ڕووسیا .

نەتوانەوە ولەنێونەچوون و ململانێی نەتەوەکان ، ململانێیەکی مێژووی شارستانیی پڕ لە ئاستەنگە ڕێک وەک  هەڵگرتنی بەردە زەبەلاحەکەی سیزیفە ، بەردەوامی و کۆڵنەدان وپشوودرێژی و پشتیوانی مێژووی و جەماوەری گەل و میللەتی دەوێ  ئەو پێداگیرییە جەماوەریەش لای ئوکراینەکان بە هەرنرخێ بێ لە ئاسۆی سەربەخۆ بوونی شاری کییفی پایتەختەوە وەک رۆژی رووناک دەبینرێ . 

بۆیە  ئوکراینەکان وەک وڵات و نەتەوە نە دەتوێنەوە ونە لەنێوودەچن ، نە  داگیردەکرێن .

هەولێر 25-1-2022

 

 

 

 

 

Top