بولگاریا سەربازەکانی لەسەر سنوور لەگەڵ تورکیا جێگیرکرد
جۆرجی پانایاتۆڤ وەزیری بەرگریی بولگاریا ڕایگەیاند: کە 350 سەرباز نێردراون بۆ بەهێزکردنی پاسەوانی سنوور و ڕێگەگرتن لە پەناخوازان بۆ چوونە ناو سنووری ئەو وڵاتە لەگەڵ تورکیا.
وەزارەتی ناوخۆی بولگاریا دەڵێت: لە کانوونی دووەمەوە تا ئەیلولی 2021 زیاتر لە 6500 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکردووە کە زۆربەیان خەڵکی ئەفغانستانن، ئەمە سێ جار ئەوەندەی ژمارەی ئەو پەناخوازانەیە کە ساڵێک پێش ئێستا لە هەمان ماوەدا دەستبەسەر کراون.
بولگاریا یەکێکە لە هاوسنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ جیهانی دەرەوە و 295 کم سنووری ئەو وڵاتە لەگەڵ تورکیا بە پەرژینی و سیم و تەل جیاکراوەتەوە، سێ مانگ لەمەوبەر پەرلەمانی ئەو وڵاتە ناردنی 400 بۆ 700 سەربازی بۆ سنوورەکانی لەگەڵ تورکیا و یۆنان پەسەندکرد، بەتایبەتی بۆ دروستکردنی دیوار و بەربەستی سەر سنوور.
بولگاریا یەکێکە لە وڵاتە ناچالاکەکان لە یەکێتیی ئەوروپا بۆ کۆچبەران، زۆربەی پەناخوازەکان كە بۆ ئەوروپای ڕۆژئاوا دەڕۆن بەو وڵاتەدا گوزەر دەكەن تەنانەت پێش ئەوەی داوای پەنابەری بکەن.
گوڵان: سەردار خەلیل