چەند بڕیارێك سەبارەت بە رۆژی دەنگدانەوە لەلایان وەزارەتی ناوخۆی كوردستان دەدرێت
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بۆ رۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتی چەند بڕیارێكی دا كە بڕیارەكانیش بەوشێوەیەیە: دەبێت دەنگدەران لەرۆژی دەنگداندا جگە لە کارتی دەنگدان یەکێک لەو بەڵگەنامانەیان پێبێت(1-کارتی نیشتمانی 2-ناسنامەی باری شارستانی 3-رەگەزنامە)، هەروەها بردنی مۆبایلیش بەهەموو شێوەیەك بۆ ناو بنكەكانی دەنگدان قەدەخەیە بەپێی بڕیاری ژمارە(10)ی کۆنووسی کۆبوونەوەی نائاسایی(54)ی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران.
لەو بڕیارانەی وەزارەتی ناوخۆی كوردستاندا ئەوەش هاتووە كە گشت ئەفسەر و کارمەندان ئاگاداردەکەنەوە کە ئەوانەی ناویان لە(CD)ی هاوپێچی گشتاندنی وەزارەتەکەیان/ب.ک.هـ ئاسایشی ناوخۆ ژمارە (15270 لە 8/8/2021) ناوی هەبێت، ئەوا لە رۆژی دەنگدانی تایبەت 8/10/2021 دەنگ دەدات و ئەوانەی ناویشیان لە( CD)یەكەدا نەبێت ئەوە دەتوانن لەگەڵ خێزانەكانیان لە رۆژی 10/10/2021 کە رۆژی دەنگدانی گشتییە دەنگ بدەن.
هەروەها باس لەوەشكراوە كە لە رۆژی دەنگداندا بنکەکانی دەنگدان لە کاتژمێر(7)ی بەیانی تاوەکو کاتژمێر(6)ی ئێوارە کراوە دەبن و دەنگدەران بۆ دڵنیابوون لە ناو و شوێنی دەنگدانیان دەتوانن ئەپلیکەیشنی کۆمیسیۆن بەناوی (Voter List) بۆ هەردوو سیستەمی (ئەندرۆید) و(IOS) بەکاربهێنن.