گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. نیگەرانیی ڕەوا
لەوەتەی كۆتایی جەنگی دووەمی جیهان و لە بەرانبەر ئەو هەموو شەڕوشۆڕ و ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییانەی، كە وڵاتان و ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خۆیانەوە دی و تا ئێستاش هەر بەردەوامن، تا دەگاتە سەردەمی شەڕی سارد و كۆتایی ئەم شەڕە، دواتر سەرهەڵدانی ڕژێمە فاشیزم و دیكتاتۆر و شۆڤێنییەكان، هەروەها هەڵكشانی تیرۆری ئیسلامی سیاسی لە زۆر شوێندا، هاوكات شەپۆلگەلی كۆچ و بەزۆر ڕاگواستن و هاتنەئارای پرۆسەی گۆڕانكاریی زۆرەملێ لە پێكهاتەی دیموگرافی لە زۆر وڵاتدا، هەروەها تاوانی جینۆساید بە هۆكارگەلی ڕەگەزپەرستی و سیاسی، وەك ئەوەی لە سایەی هەردوو ڕژێمی بەعس لە عێراق و بە دیاریكراویش لە سووریا ڕوویان دا، بۆیە دەڵێین گەلان و وڵاتانی ناوچەكە، ئەگەر بتوانن ڕووبەڕووی ئەو هەموو پێشهاتانە ببنەوە و، سەرباری ئێش و ئازار و كارەسات و مەینەتیی مرۆیی مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن، ئەوا هەموویان بێ جیاوازی، ڕژێم و وڵات و گەل و بزووتنەوە سیاسییەكان، سەرجەمیان لە قۆناغی ئێستادا پشكی ئەو نیگەرانییەی ئێستا و ئایندەیان بەردەكەوێت.
هۆكارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان
بێگومان هۆكارە سەرەكییەكانی ئەو نیگەرانییە بۆ ئێستا و، ئەوەی لە ئایندەشدا ڕوو دەدات، بە پلەی یەكەم بۆ حوكمڕانیی ڕژێم و حكومەتە نادیموكراسییەكان دەگەڕێتەوە، كە لە زۆربەی دەوڵەتان جڵەوی حوكمیان بەدەستە، ئەوانە دەستەوەستانن لە چارەسەركردنی ئەركەكانی ڕزگاریی نیشتمانی و دامەزراندنی سیستەمێكی ساغڵەمی سیاسیی دیموكراسی، هەروەها سەرخستنی هەردوو پرۆسەی دیموكراسی و ئابووری، لەپاڵ لاوازیی بزووتنەوەكانی دیموكراسیی ئۆپۆزسیۆن، كە لە ڕێكخستنی ڕیزەكانیان و سەپاندنی ئیرادەی میللی شكستیان هێناوە، ئەمەش بواری ڕەخساندووە بۆ سەرهەڵدان و باڵادەستبوونی بیروباوەڕی غەیبی و كولتووری نەزانی و دواكەوتن و گرووپگەلی ئیسلامی سیاسی و باڵە تیرۆریستییەكانیان.
كۆی ئەو هۆكارە ناوخۆییانە، لە بێدەسەڵاتی، یان بەئەنقەست چارەسەرنەكردنی كێشە نەتەوەییەكانن لەلایەن ڕژێمە حوكمڕانەكانەوە، بەتایبەتیش كە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زۆرترین ئەو وڵاتانەی جیهانن كە فرە گەل و نەتەوەن، هەروەها ئەو نەتەوانەی كە لە ددانپێدانان بە هەبوون و مافە بنەڕەتییەكانیان و مافی ڕەوایان لە دیاریكردنی چارەنووس بێبەش كراون، ئەمەش وا دەكات كە زۆربەی دانیشتووانی ئەو وڵاتانەی كە فرە نەتەوەن، هەست بە بێبەشی و ڕازی نەبوون بكەن.
لە سایەی ئەو بارودۆخەی ئێستای ناوچەكە، هاوكات لەبەر دەستوەردانی سەربازیی دەرەكی و، باڵادەستیی فراوانی هێزە درەكییەكان و پاشكۆبوونی ئابووریی وڵاتانی ناوچەكە، هەروەها لەبەر پاڵپشتی بۆ دابینكردنی ئاسایش و سەلامەتیی ڕژێمەكان لە بەدكاریی تیرۆر، وەك چۆن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كە بۆ ماوەی چەند ساڵێك بەرەنگاری داعش بووەوە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە.
كورد لە نەخشەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
هەرێمی كوردستانی عێراق ئەو قەوارە فیدڕاڵییەیە كە لە دەستووری عێراقدا ددانی پێدا نراوە، خاوەنی دامەزراوەی یاسادانان و جێبەجێكردنی هەڵبژێردراوە، بە شێوەی دیموكراسی، هەرێم خاوەن سیستەمێكی پێشكەوتووی فیدڕاڵی و هاوپەیمانیی ناوخۆییە لە نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی و ڕەوتە هەمەجۆر و جیاوازەكاندا، كە لە ڕووی میللییەوە پاڵپشتی دەكرێت.
پاڵنەرەكانی نیگەرانی، بە شێوەی سەرەكی لە چەند ئەگەرێكەوە سەرچاوە دەگرن، یەكەمیان لە حاڵەتی كشانەوەی یەك لە دوای یەكی ئەمریكا لە عێراق و سووریا، ئەو كاتە بارگرانیی بەرەوڕووبوونەوەی ڕێكخراوی داعش، بەتایبەتی لەسەر هەرێم گران دەوەستێت و، گەلی هەرێمیش بە دوژمن لە قەڵەم دەدات، دووەم- پاشەكشەی باڵادەستیی ئەمریكا و ڕۆژئاوا بە گشتی، دەبێتە هۆی ئەوەی كە ئەو هێز و گرووپە میلیشیایی و تایفەگەرییە ڕەگەزپەرستە چەكدارانە كەڵبەیان تیژتر بكەن، هەروەها مەترسییان بۆسەر هەرێمی كوردستان و چارەنووسی پرۆسەی سیاسی و سەرتاپای عێراق زیاتر بكەن، سێیەم- ئەمە دەبێتە هۆی زیادبوونی دەستدرێژییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر گەلی كوردستان، تەنانەت توركیاش، چوارەم- ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی چەكدارانی پەكەكە بە فیتی ئێران، سووریا، میلیشیا عێراقییەكان، بەدكاریی تازە دژی گەلی كوردستان و دەستكەوتە فیدڕاڵییەكان ئەنجام بدەن.
سەركردایەتیی كوردستان لەگەڵ گەلەكەی ڕاشكاو و ڕوونە لە هەڵوێستەكانیدا، بۆیە بە تەواوی دەرك بەوە دەكات كە دوای كشانەوەی كتوپڕی ئەمریكا لە ئەفغانستان، نیگەرانییەك لە ئارادایە سەبارەت بە پەرەسەندنە دەرەكییەكان، ئەمەش بە ڕوونی لە وتەكەی سەرۆكی حكومەتدا دەركەوت، لەو كاتەی دەست بە بنیاتنانی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر كرا، كاتێك گوتی: ئێمە خۆشحاڵین بە پەیوەندیمان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و شەراكەتی پراكتیكی لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و هەموو جۆرەكانی تیرۆر، ئێمە سوپاسی هاوپەیمانان دەكەین بۆ ئەو هەموو كۆمەكەی پێشكەشیان كردووین، بەڵام من داوام لە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد، كە هەڵوێستی پابەندبوونی سیاسییان ڕابگەیەنن لە هەمبەر هەرێم، تاكو لەگەڵ لایەنی پراكتیكی هاوسەنگ بێت، بەڵام باڵیۆزەكە وەڵامی دایەوە و گوتی: وەڵامەكە ئەوەیە كە ئێمە لە كوردستانی عێراق گەورەترین كونسوڵخانە لە جیهان دروست دەكەین!