قایمقامی کاتیی کابول: نابێت ژنان بچنە سەر کار

قایمقامی کاتیی کابول: نابێت ژنان بچنە سەر کار

 

قایمقامی کاتیی کابول حەمدوڵا نەعمانی فەرمانی بە ژنانی فەرمانبەری پایتەخت كرد لە ماڵەوە بمێننەوە ، نەعمانی گوتی تەنها ئەو ژنانەی پیاوەكانیان ناتوانن کار بكەن جێگۆڕکێیان پێ بکرێت و دەتوانن بچنە سەر کار.

ئەم فەرمانە تەنها ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە کچان لە ئامادەیی ڕێگرییان لێکراوە و ناوی وەزارەتی کاروباری ئافرەتانی ئەفغانستانیان بۆ وەزارەتی بەخشندە و قەدەغەی خراپە گۆڕیوە.

ناوبراو ئاماژەشی بەوەكرد كە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەبارەی ستافەکانی ئافرەتانی شارەوانیی کابولەوە دەرنەچووە، بە وتەی سەرۆکی شارەوانی کاتیی کابولیش، تەنها کارمەندانی شارەوانی پایتەخت، نزیکەی 3000 ئافرەتن.

تاڵیبان چەندین جار بەڵێنیان داوە کە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە و حکومەتی نوێی ئەوان لە ئەفغانستان وەک میرنشینی ئیسلامی ساڵانی  1995-1991 نابێت، بەڵام پێشێلكارییەكی خێرا لە مافی ژنانی ئەفغانستان دەكات، لەمەش دەردەكەوێت كە هیچ گۆڕانكاری بەسەردار نەهاتووە و هەر لەسەر عەقڵییەتی پێشووترن.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، کۆمەڵێک ژن لەبەردەم بینای وەزارەتی پێشووی کاروباری ئافرەتان کۆبوونەوە، دژی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

لەوەتەی تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرتەوە، بزووتنەوەی ژنانی ئەفغانی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا چەندین خۆپیشاندانیان لە شارە جیاجیاکاندا ئەنجامدا بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top