بەغدا هەوڵ دەدات گرژییەکانی نێوان سعودیە و ئێران كەم بكاتەوە

بەغدا هەوڵ دەدات گرژییەکانی نێوان سعودیە و ئێران كەم بكاتەوە

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە سەرچاوەیەكی بەرپرسێكی باڵای عێراقەوە بڵاوی كردووەتەوە كە عێراق بانگهێشتی ئێران و ڕکابەرەکانی لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی کردووە تاكو ئامادەی کۆبوونەوەیەک بن لە بەغداد، بەپێی هەواڵەكە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە شەڕی یەمەن و ڕووخانی لوبنان و قەیرانی کەمبوونەوەی ئاو دەکرێت لەسەر ئاستی ناوچەکە، هەروەها ئامانجی سەرەكیش کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و سعودیەیە.

بەرپرسانی عێراق ئومێدەوارن سەرۆکی نوێی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی بەشداریی کۆبوونەوەکە بکات، هەروەها پێشبینی ئەوە دەکەن وەزیرانی وڵاتانی کەنداویش بەشداریی بکەن، لەوانەش سعودیە و ئیماڕات.

بەرپرسە باڵاكە كە لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە نزیكە دەڵێت: تەنانەت ئەگەر هەر ئەوەندە وەزیرانی دەرەوەمان لەسەر یەک مێز کۆکردەوە ئەوا دەکرێت ئەوە بە هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێرانیەکان و عەرەبەکانی کەنداو دابندرێت.

جێی ئاماژەیە سعودیە و ئێران پشتیوانی لە لایەنە جیاوازەکانی شەڕی یەمەن دەکەن و لە ساڵی 2016 دا پەیوەندییەکانی نێوانیان بڕی، بەڵام لە مانگی چواری ڕابردوودا دانوستانی ڕاستەوخۆیان لە عێراق ئەنجام دا.

 

 

Top