په‌یامی لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی له‌ ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كاندا

په‌یامی لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی له‌ ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كاندا

ئەمڕۆ حەوت ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر یەكێكی دیكە لەو تاوانە بێوێنە پڕ تراژیدییانەی كە دوژمنان بەرامبەر بە گەلەكەمانیان ئەنجامدا، ئەویش جینۆسایدكردنی ئێزدییەكانە.
بەداخەوە لە ڕۆژی 3/8/2014، ڕێكخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، بە بەرچاوی جیهانەوە و لەژێر سایەی بانگەشەی دیمۆكراسی و مافەكانی مرۆڤدا، پەلاماری خەڵكی سڤیلی ئێزدیی لە شنگال و هەموو شار و شارۆچكە و گوندە ئێزدی نشینەكانی باكوور و باشووری شاخی شنگالدا، بە هەموو پێوەرە نێودەوڵەتی و ئاینی و هزریی مرۆڤدۆستانە تاوانێكی بێوێنەیان ئەنجامدا، كە بێگومان بەپێی سەرجەم پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ، دەچنە چوارچێوەی تاوانەكانی جینۆسایدەوە، هەروەك بەشێك لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی جیهان و لەم دواییەشدا هەردوو وڵاتی بەلجیكا و هۆڵەندا، بەفەرمی دانیان بەو ڕاستییەدا ناوە.
ڕِێكخراوی تیرۆریستیی داعش مەبەستی بوو كە كۆتایی بە ئاین و كلتوور و زمانی ئەم پێكهاتە ڕەسەنەی كوردستان و عێراق بێنێت و بەشێكی گرنگی كوردستان دووچاری گۆڕانكاریی دیمۆگرافی بكاتەوە، بەڵام ئەو خەونەی داعش لە گۆڕ نرا و ئێستا ئێزدییەكان بە هاوكاریی دۆستانی كوردستان و زۆربەی وڵاتە خاوەن پێگەكانی جیهان، لە شنگالدا ماون و ئاین و كلتوور و زمانی خۆیان پاراستووە.
لەم یادە خەمناكەدا بە دەرفەتی دەزانین كە داوا بكەین كار بكرێت بۆئەوەی هەرچی زووە كۆتایی بە گرفتی ئاوارە ئێزدییەكان بێت و خەڵكەكە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دۆخی شنگال ئاسایی بكرێتەوە، هەوڵی بەردەوام بدرێت بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خەڵكی بێسەروشوێن و دیلەكانی دەست داعش ئازاد بكرێن، هەروەها تاوانباران بە ڕێگەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە سزا بگەیەندرێن و گەرەنتیی ئەوە بكرێت كە جارێكی دیكە ئێزدییەكان و هیچ پێكهاتەیەكی دیكە بەرەو ڕووی تاوانی لەو چەشنە نەبنەوە، پێویستیشە قەرەبووی خەڵكەكە بكرێتەوە و ناوچەكانیان ئاوەدان بكرێنەوە و بەهاریكاری و هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی كۆتایی بە گرفتی مرۆڤایەتیی جڤاكی ئێزدی بهێنرێت.
لە كۆتاییدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ قوربانییانی ئەو جینۆسایدە و گشت قوربانییەكانی دیكەی كوردستان دادەنەوێنین.
نەفرەت لە تیرۆریستان و عەقڵیەتی تاریكپەرستی.
لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی
٢٠٢١/٨/٣

Top