بەریتانیا سزای زیندانی بەسەر ئەو كۆچبەرانەدا دەسەپێنێت كە بە نایاسایی دەگەنە ئەو وڵاتە

بەریتانیا سزای زیندانی بەسەر ئەو كۆچبەرانەدا دەسەپێنێت كە بە نایاسایی دەگەنە ئەو وڵاتە

پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ، یاسایەكی نوێی پەسەندكرد كە بەپێی یاساكە گەیشتنی كۆچبەران بەو وڵاتە بەشێوەی نایاسایی و قاچاخ دەچێتە چوارچێوەی تاوانەوەو سزای زیندانیكردنی دەبێت.
بریتی باتیل، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند، یاسای ڕەگەزنامە و سنورەکان چارەسەری "سیستمی پەنابەری" دەکات و کارەکانی قاچاخچێتیش کۆتایی دێت کە لەلایەن قاچاخچیەکانەوە بەشێوەیەکی نایاسایی خەڵکی دەپەڕێننەوە بۆ ئەو وڵاتە.
بەپێی یاساکە کە بە 366 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 265 دەنگی نەخێر، پەسەندکرا، دەسەڵات دراوەتە هێزەکانی پاسەوانانی سنور بۆ گەڕانەوەی بەلەمی کۆچبەران کە هەوڵی پەڕینەوەی نۆکەندی ئینگلیزی دەدەن لە فەڕەنسا بە بەکارهێنانی هێز ئەگەر پێویستی کرد.
هەروەها، ئەوانەشی کە بەشێوەیەکی نایاسایی دەچنە ئەو وڵاتەوە لە 6 مانگەوە بۆ 4 ساڵ سزای زیندانیکردن بەسەریاندا دەسەپێنرێت و سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایش بۆ ئەو قاچاخچیانەی کە سەرپێچی یاساکە دەکەن.
بەپێی ئامارەكانی حكومەتی بەریتانیا، رۆژی دوشەممەی ئەم هەفتەیە 430 كۆچبەر لە رێگەی كەناڵی ئینگلیزییەوە پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیاو وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەكە ئەوەی بە ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی پەڕینەوەی كۆچبەران زاننیوە كە بەڵگەیە لەسەر بەرزبونەوەی گەیشتنی كۆچبەران بۆ بەریتانیا بەشێوەی نایاسایی

Top