ئەنجومەنی وەزیران دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی تاووتوێ دەکات

ئەنجومەنی وەزیران دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی تاووتوێ دەکات

رۆژی چوارشەممە 16 ی حوزەیرانی 2021 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن ، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو .
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاسای بودجەی فیدراڵی، جەختکردنەوەی حکومەتی فیدراڵيشی لە سەر جێبەجێکردنی یاساکە و ناردنی بەشە بودجەی هەرێم، بەرز نرخاند. سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە شاندی دانوستکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە سەرکەوتووانە ئەرکەکانیان بە جێگەیاندووە و بە هەموو شێوەیەک ، داکۆکیان لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم کردووە . سەرۆک وەزیران خوازیار بوو ئەم ڕیککەوتنە ، ببێتە هۆی باشتربوونی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان.
پاشان سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەردوو وڵاتی بەلجیکا و یۆنان و ئاماژەی بەوەدا کە بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتانە ، ئامادەیی خۆیان بۆ درێژەدان بە هەماهەنگیی و پشتیوانیکردنی کارنامەی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و بە چاوێکی گرنگەوە لە پێگەی هەرێمی کوردستان دەڕوانن وەک فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.
پاشان جێگری سەرۆکی ئەنجومەن و ئەندامانی شاندی دانوستکاری هەرێم ، دوا پێشهاتەکانی دانوستانیان لە گەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو تایبەت بە دانانی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی ( 11) لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 .
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری ئابووری و دارایی ، ڕوونکردنەوەی پێویستی لە بارەی دوایین ئامادەکارییەکانی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو.
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوەی دەوامی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و بڕیاردرا ، لە هەفتەی داهاتووەوە، دەوامی فەرمانگەکانی حکومەت، ئاسایی بکرێتەوە .

Top