پەرەسەندنی دۆسێی ئەتۆمیی ئێران مەترسییە بۆسەر ناوچەكەو جیهان

پەرەسەندنی دۆسێی ئەتۆمیی ئێران مەترسییە بۆسەر ناوچەكەو جیهان

 

چارلز میشیل سەرۆكی ئەنجومەنی ئەوروپی ڕایگەیاند كە هەر پەرەسەندن و هەڵكشانێكی ڕەوشی دۆسێی ئێران دەبێتە هۆی نانەوەی مەترسییەك بۆسەر ناوچەكەو جیهان، لە ئاماژەیەكدا بۆ پێویستی بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆكانی ئەتۆمی  كە لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوەدەچێت.

ناوبراو لەمیانی لێدوانێكی ڕۆژنامەنووسیدا و لە كۆتایی لووتكەی ئەمریكا- ڕووسیاكە لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا بەڕێوەچوو ئەمەی ڕاگەیاند، لەم لووتكەیەدا باس لە چەندین كێشەی جیهانی كرا لە سەروویانەوە هاریكاریی ئابووری و ئەمنی و ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا.

میشیل ڕوونی كردەوە كە لەمیانی ئەو لووتكەیەدا كە لەگەڵ ویلایەتیە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سازكرا، باس لە كێشە پەیوەندیدارەكانی ئاساییشی نێودەوڵەتی كرا، وەك ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كە لە ساڵی 2015 واژۆكرا و دواتر لە 2018 ئەمریكا لێی كشایەوە.

لە هەمان كاتدا خاتوو ئۆرسۆلا فۆن دیر لاین سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپی جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە چاكسازی لە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیدا بكرێت تا توانستی مامەڵەكردنی لەگەڵ پەتاكات بەهێزتر بێت. هاوكات ئاماژەی بە دۆسێی گۆڕانكاریی كەشوهەوا كرد و لەم ڕووەوە ڕوونی كردەوە كە یەكێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكان دوو هاوبەشی سروشتین لەم بوارەدا لەپێناو دابینكردنی ئاییندەیەكی گەش بۆ زەوی و لەم لایەنەشدا پێویستە هەنگاوەكان خێراتربكرێن.

گوڵان – بەهادین جەلال

 

 

Top