چین به‌نيازه‌ هێزى سەربازی لە سووریا جێگير بکات

چین به‌نيازه‌ هێزى سەربازی لە سووریا جێگير بکات

بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی "دیفێنس" کە پشتی بەچەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بەستووە، چین خواستی ئەوەی هەیە جێپێیەکی سەربازیی لە سوریا قایم بکات، بەتایبەت کە ئەو وڵاتە هەستی کردووە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نیازی هەیە چەند خاڵێک لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا چۆڵ بکات.
ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەکردووە کە ئەو هەوڵەی چین بەشێکە لە هەوڵێکی گەورەتری پەککین بۆ فراوانکردنی بوونی خۆی لە ناوچەی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەراست، ئاماژەیان بۆئەوەشکردووە کە سەرەڕای ئاگاداری واشنتۆن بە پلانەکەی چین ، بەڵام هێشتا هیچ هەنگاوێکی کرداری بەئاڕاستەی راگرتنی ئەو وڵاتە نەناوە.
ئەو هەنگاوە ئیسرائیلیشی ترساندووە، بەوپێیەی تەلئەبیب وایدەبینێت کشانی چین بەرەو سوریا، لەچوارچێوەی بەرزەفڕییەکانی پەککیندایە بۆ گەیشتن بەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست.
پێگەکە باسی لەوەکردووە کە لەماوەی چەند ساڵی ململانێی سوریادا، چین بەتەواوەتی هاوڕای رووسیا بووە، ئەویش لەڕێگای ئەو هەوڵانەی لەنەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پارێزگاریکردن لە ڕژێمی سوریا و بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی خۆرئاوا داویانە، ئەوە جگە لە خواستی پەککین بۆ بەشداریکردن لە پرۆژەکانی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی سوریا و پێشکەشکردنی بڕێکی کەم لە هاوکاریی مرۆیی.
هاوکات ناوەندی سیاسەت و لێکۆڵینەوەی پرۆسەکانOPC) ) جەختی کردۆتەوە کە بەدووردەزانرێت لەم دۆخەی ئێستادا کە ئاسایش و سەقامگیری سوریا رووی لە باشی نییە، چین خۆ بخزینێتە ناو سوریاوە، هەرچەندە لەکاتێکدا چین ڕژێمی ئەسەد بە فاکتەری بەرەنگاربوونەوەی توندڕەویی ئاینی دەبینێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گرنگییەکی زۆر بە پێشکەشکردنی هاوکاری ئابووری بە ڕژێمی بەشار ئەسەد نادات.

Top