سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای ڕەوتی سەدر دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای ڕەوتی سەدر دەكات

ڕۆژی سێشەممە ١ـی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتیی دكتۆر نەسار ئەلروبەیعی سەرۆكی دەستەی سیاسیی ڕەوتی سەدر كرد.

لە دیدارەكەدا ڕەوشی سیاسیی عێراق و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا تاوتوێ كران. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و، چاوەڕوانییەكانی شەقامی عێراقی و پێكهاتەكان بۆ قۆناغی داهاتوو.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە بوونی پێكهاتە و ڕەنگی جیاواز لە عێراقدا لە ئەنجامی بڕیاری سیاسی نەبووە بەڵكو ڕیشەی لە مێژوودا هەیە و لەسەر ئەوە بنەمایە ڕێزگرتن لە شەراكەت و بنیاتنانی متمانەی نێوان پێكهاتە و لایەنەكان و دەستپێكردنی قۆناغێكی جیاواز بۆ پڕۆسەی سیاسی بە پێویست زانرا.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا ئەوە دووپات كرایەوە كە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونەكانی ڕابردوو پێویستە لە قۆناغی داهاتوودا ماف و ئەركی هەموو لایەك ڕوون و هاوسەنگ بێت و پەرۆشی و بەرنامەی سەرەكیی لایەنەكان دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان بێت. لە درێژەی ئەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەكان و هەماهەنگیی نێوانیان لەپێناو ڕاستەڕێكردنی پڕۆسەی سیاسی هاوڕابوون.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو كۆبوونەوەیەدا فازل میرانی سكرتێر و هوشیار زێباری و جەعفەر ئیمینكی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و عەلی حوسێن بەرپرسی مەكتەبی ناوەندیی پەیوەندیی كوردستانی و نیشتیمانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادە بوون.

Top