ناسنامەی دەوڵەت لە نێوان شیعەی وەلائی و شیعەی عێراقییدا

ناسنامەی دەوڵەت لە نێوان شیعەی وەلائی و شیعەی عێراقییدا


دوای دەستگیر كردنی قاسم موسلیح فەرماندەی لیوای حەشدی شەعبی لەلایەن هێزە عێراقیەكانەوە ، هیزەكانی حەشدی شەعبی چوار دەوری ناوچەی سەوزیان كۆنترۆڵ كردوو ، زۆر لە چاودیران ئەم مانۆرە سەربازییەی حەشدیان وەك كودەتایەكی سەربازی وەسف كرد ، بەڵام دوای چەند كاتژمێریك وەك ئەوەی بەیاننامە فەرمیەكانی حكومەتی عێراق ئاماژەیان پێكردووە ، بەبێ ئەوەی قاسم موسلیح ئازاد بكرێت ، هێزەكانی حەشدی شەعبی پاشە كشەیان كردووە، ئەم سیناریۆیەش وەك سەركەوتنیكی گەورە بۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و ئەو لایەنە شیعیانە حساب دەكرێت كە بانگیشە بۆ سەروەریی دەوڵەت و عێراقیبوونی خۆیان دەكەن.
سەبارەت بە پرسی مانەوەی قاسم موسلیم وەك بەندكراوێك لای هێزەكانی عێراق ، چاودێران باس لەوە دەكەن، ئەگەر بەكردەیی قاسم موسلیح وەك تاوانبارێك لەلایەن هیزەكانی عێراقەوە بە بەندكراوی مابێتەوە، ئەوا مەزندە نەدەكرا هیزەكانی حەشدی شەعبی بەو ئاسانیە بكشانایەوە ، بۆیە مەزندەی ئەوە دەكەن كە سیناریۆیەك لە كۆبوونەوەی هادی عامری و مستەفا كازمی بۆ ئەم پرسە دارێژرابیت و قاسم موسلیح وەك دەستبەسەر لە ماڵی یەكێك لە بەپرسەكانی شیعە دانرابێت.
ئەوەی لای چاودێران جیگەی سەرنج و تێرامانە ئەوەیە كە هەموو هەوڵەكانی تەیاری شیعەی وەلائی – سەر بە ئێران- بۆ ئەوەیە كە بەزەبری چەك و پارە كارێك بكەن كە زۆرترین لایەنی سیاسی بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری داهاتوو بكەن و پاشان بەریگەی بەدەستهێنانی زۆرینەیەكی ساختە كودەتایەكی سیاسی بەسەر پرۆسەی سیاسی عێراقدا بكەن و سیستمێكی سیاسی هاوشیوەی كۆماری ئیسلامی لە عێراقدا بێنە كایەوە، ئەم حاڵەتە كە هەندێك ناویان لێناوە جەولەی رووبەرووبوونەوەی سێهەمی نێوان حەشدی شەعبی و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ، چاوەرێی كۆتایهاتنی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئێران دەكەن ، تا بزانن سەرۆك كۆماری داهاتووی ئێران چۆن نەخشە بۆ ئەم جەولەیەی نێوان حەشد و حكومەت دادەرێژێت .

Top