سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکاوە پێگەیشت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکاوە پێگەیشت

ئەمڕۆ دووشەممە 2021/5/10 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سۆفی ویڵمز، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکاوە پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، پرسە و سەرەخۆشی خۆی بە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم گەیاند بۆ شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگە لە هێرشی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە. سەرۆکی حکومەت سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی حکومەتی بەلجیکای کرد لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر هەولێر .
هەروەها گفتوگۆ دەربارەی گرفت و ئاستەنگە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان وعێراق و ناوچەکە کرا . هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگیی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان.

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا ، هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و هەڵمەتی کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا تاووتوێ کرا. سەرۆکی حکومەت داوای لە جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا کرد کە لە ڕێگەی یەکێتی ئەوروپاوە هاوکاری پەنابەر و ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بکەن بە تایبەتی کە تواناکانی هەرێم لەمبارەیەوە سنووردارن.
Top