لە پەراوێزی دیداری سەرۆک بارزانی و جۆزێف بایدن لە شوباتی ٢٠١٥

لە پەراوێزی دیداری سەرۆک بارزانی و جۆزێف بایدن لە شوباتی ٢٠١٥
سەرۆک بارزانی و شاندێکی یاوەری بانگھێشتی کۆنفرانسی ئاسایشی میونیخ کرابوون لە شوباتی ٢٠١٥. لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، سەرۆک بارزانی لە ماوەی دوو رۆژدا، ٢٤ کۆبوونەوەی دیپلۆماسی ھەبوو لەگەل سەرۆک و سەرۆک وەزیران و وەزیرانی دەرەوەو بەرگری و شاندی جیا جیا.

یەکێک لەو دیدارانە لەگەل جۆزێف بایدن جێگری سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا بوو کە ئێستا بە سەرۆک کۆماری ٤٦ ەمینی ئەمریکا ھەلبژێردراوە. شاندی یاوەری جەنابی سەرۆک لە دیداری لەگەڵ جۆزێف بایدن پێکھاتبوون لە مستەفای سەید قادر و د. فواد حوسێن و ھێمن ھەورامی و فەلاح مستەفا.

کاتێک جەنابیان و شاندەکە گەشتنە شوێنی کۆبوونەوەکە، بایدن بە گەرموگوڕیەکی زۆری دۆستانەوە لە دوورەوە ئامێزی بۆ جەنابی سەرۆک کردەوە و جەنابیان بە بایدنی وت سوپاستان دەکەم و بایدن پێی وت سوپاس بۆ چی ، دەبێت ئێمە سوپاسێکی زۆری تۆ بکەین.

کاتێک بایدن تەوقەی لەگەل کاک مستەفای سەید قادر کرد پێی وت من بایدنم ھاوڕێ و دۆستە باشەکەی سەرۆک بارزانیم . بە پێی کاتی دانراو بۆ دیدارەکە، دەبوو تەنھا نیو کاتژمێر کۆبوونەوەکە بکرێ، بەلام چڕ و پڕی بابەتەکان و بایەخ و پێگەی گەورە و دیار و بەرچاوی جەنابی سەرۆک لە ناو ھاوکێشەکانی ناوچەکە و سەرکردایەتی شەڕی تێکشکاندنی داعش و خستنە رووی بابەتەکانی پەیوەست بە ئەو کات و ئایندەی پرسی کورد و چاوەروانیەکانی کورد لە ئەمریکا و ئەمریکا لە کورد بەپێی سیاسەت و بەرژەوەندی و دۆز و ئەولەویەتەکانی ھەردوولا، کۆبوونەوەکە بۆ کاتژمێرێک و نیو درێژ بوویەوە.

لە بەرە بەری کۆتایی ھاتنی دیدارەکە، بایدن داوایەکی لە جەنابی سەرۆک کرد کە ئەگەر وەختی ھەبێت، نەوەیەکی لەگەڵیەتی و کچی ھانتەری کوڕیەتی و پێی خۆشە وێنەیەک لەگەل جەنابی سەرۆک بگرێ چونکە بایدن پێشتر پێی وتبوو ئێستا دەچم کۆبوونەوەم لەگەل پیاوێک ھەیە کە نموونەی لە ھەموو ناوچەکە کەمە. بایدن باسی کرد کە خۆی و جەنابی سەرۆک جگە لەوەی ھەردولا خاوەن دۆز و باوەری قوڵن بە میللەتەکەیان و خاوەن گفت و قسەی خۆیانن، ھەردووکیان نەوەکانیان خۆش دەوێن.

لەوێش ھەواڵی دارەوانی کوڕی کاک مەنصور بارزانی پرسیەوە کە پێش ماوەیەک تووشی رووداوی ئۆتۆمبیل بوو بوو و بایدن لە رێگای باڵێۆزخانەکەیانەوە بۆ ھەوال پرسین چەپکە گوڵی لە نەخۆشخانە بۆ ناردبوو. دوای ئەوەی جەنابی سەرۆک بە خۆشحاڵیەوە داواکەی بایدنی پەسەند کرد، بایدن داوای لە یەکێک لە ستافەکانی خۆی کرد نەوەکەی بۆ بانگ بکەن.

کاتێک نەوەکەی ھاتە ژووری کۆبوونەوە، بایدن وتی جەنابی سەرۆک ئەمە فێنیگنی کچی ھانتەری کوڕمە و تەمەنی ١٥ ساڵە و یەکترمان زۆر خۆش دەوێت. بایدن رووی کردە نەوەکەی و پێی وت ئەمە ئەو سەرۆکەیە کە بۆم باس کردی و چەندین سالە لە مەلەفی عێراق و ناوچەکە پەیوەندیمان ھەیە و نموونەی لە ناوچەکە کەمە، چونکە سەرۆکێکە باوەرێکی قوڵی بە دۆزی گەلەکەیەتی و خاوەن گفت و بەڵێنی خۆیەتی و کردەوەو قسەکانی یەک بوون، شتێکی نەکردوە نەیوتبێ و شتێکی نەوتووە
نەیکردبێ.

بۆ گرتنی وێنەکە تەنھا وێنە گرێکی کۆشکی سپی لەوێ بوو، بۆیە وەک یەکێک لە ئەندامانی شاندی یاوەری جەنابی سەرۆک ھەر با ئایفۆنەکەی خۆم ئەو وێنەیەم گرت.







هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
Share
Top