ئیسلامی سیاسی لە پاكستان
July 23, 2019
وتار و بیروڕا
دوای لەكارلابردنی حكومەتی بەنازیر لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە، نەواز شەریف لە ساڵی 1996 تا ساڵی 1999 حوكمی كرد، دواتر ژەنەڕاڵ پەروێز موشەرەف لە ساڵی 1999 كودەتایەكی بەسەر نەوازدا كرد، پەروێزیش سەر بە گرووپی هاوبەندیی ئیسلامییە، پەروێز ساڵی 2001 بەڵێنیدا حزبێك بە ناوی هاوبەندیی ئیسلامی باڵی سەركردەی مەزن دابمەزرێنێت، مەبەستیشی دامەزرێنەری پاكستان محەمەد عەلی بوو، جا لەبەر ئەوەی نەواز سووكایەتی بە هاوبەندییەكە كردبوو بە دیدی پەروێز، بۆیە گرووپێك هەبوو بەناوی هاوبەندیی ئیسلامی باڵی نەواز شەریف، پەروێز بە پێكهێنانی حزبە تازەكەی هەڵوێستی نزاز شەریفی لاوازكردو لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2002 سەركەوت و بوو بە سەرۆكی شەرعی بۆ پێنج ساڵ، بیرۆكەی دامەزراندنی ئەو حزبەش بۆ چۆدری شەجاعەت حوسێن نزیك لە سوپا دەگەڕێتەوە، دواتر پەروێز بە فەرمی رایگەیاند، دوای شەڕی ئەمریكا دژی بزووتنەوەی تاڵیبان پەروێزموشەڕەف بوو بە هاوپەیمانی ئەمریكا لە شەڕی دژ بە تیرۆر، ئاسمانی پاكستانی واڵاكرد بۆ فڕۆكەكانی ئەمریكا تا لە چەكدارانی تاڵیبان و قاعیدە بدەن، لەبەر ئەو هاوپەیمانییە بێ سنوورەیدا لەگەڵ ئەمریكا، هێزی تایبەتی ئەمریكا لە ساڵی 2011 لە شاری ئەبوت ئاباد ئوسامە بن لادنیان كوشت، رۆژ دوای رۆژ گەلی پاكستان زیاتر لە سیاسەتی پەروێز تووڕەتر بوو، بە بووكەڵەی ئەمریكا ناویان دەبرد، چەند هۆكارێك هەبوون لەپشت لەناوبردنی پەروێز:
1- هاویەپمانیی بێ سنوور لەگەڵ ئەمریكا لە ساڵی 2011.
2- پەكخستنی دەستوور و راگەیاندنی باری نائاسایی.
3- دەركردنی دادوەران و سەرۆكی دادگای باڵا ئیفتیخار محەمەد چودری، لەبەر ناكۆكیی نێوانیان، كە لە دەسەڵاتی ئەویشدا نەبوو.
4- هێزەكانی هەڵیانكوتایە سەر مزگەوتی سوور (لال مەسجد) لە پایتەخت، كە گەورەترین مزگەوتە، بە پاساوی سەرپێچیی یاسا، كە لە ساڵی 2007 هەزاران قوتابیی تێدا كوژرا.
5- لەكارلادانی رزگاركەری پاكستان زانای ئەتۆم عەبدولقەدیر خان كە راوێژكاری زانستیی حكومەت بوو.
6- تۆمەتباركرا بە كوشتنی بەنازیر بۆتۆ لە ساڵی 2007.
7- تۆمەتباركرا بە كوشتنی سەرۆكی بلوچەكان نواب ئەكبەرخان لە ساڵی 2006 كە سەرۆكی هەڵمەتی وەرگرتنی ئۆتۆنۆمی بوو بۆ هەرێمی بلوچستان كە گەورەترین و دەوڵەمەندترین هەرێمی پاكستانە.
8- پێشێلكردنی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ حزبە ئیسلامییەكانی ئۆپۆزسیۆن واژووی كردبوو.
9- تۆقەكردنی لەگەڵ ئێرییل شارۆن سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل لە ساڵی 2005 لە پەراوێزی كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان.
ئەم فاكتەرانە پێكەوە بوونە هۆی سەرهەڵدانی تووڕەیی میللی و لەناوبردنی و دواجار هەڵاتنی بۆ تاراوگە لە بەریتانیا، پارتی گەل بە سەرۆكایەتیی ئاسف عەلی زەرداری سەركەوتنی بەدەستهێنا، لە ساڵی 2013 نواز شەریف سەركەوت، بەڵام لە ساڵی 2017 دوای دزەكردنی كاغەزەكانی پەنەما Panama Papers و تۆمەتباركردنی بە تاوانی دارایی لادرا، دادگاش رێگەی لێگرت تا مابێت هیچ پۆستێك وەرنەگرێت و دە ساڵیش زیندانیی بۆ دەركرد، هاوبەندیی ئیسلامی شەهید خاقان عەباسیی تا ساڵی 2018 كاندیدكرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، دواجار عومران خان سەرۆك وەزیرانی ئێستای پاكستان پێشكەوت و لە ساڵی 1995 بزووتنەوەیەكی نیشتمانی لە پێناو دادپەروەری لە پاكستان دامەزراند، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە وڵاتەكەی لە جامی جیهانیی یاریی كریكیت لە ساڵی 1992 سەركەوتن بەدەست بهێنێت، وازی لە وەرزش هێناو هاتە نێو سیاسەتەوە، لە دژی پەروێز كەوتە جووڵەو لە ساڵی 2008 لێدرا، بەڵام لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2013 بەشداریی كرد و دەنگی تەواوی نەهێنا، لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018 بەسەر كاندیدی سێ گەورە حزبدا سەركەوت كە شەهباز شەریف بوو برای نەواز شەریف.
ئەگەر هاوبەندیی ئیسلامی بزووتنەوەیەكی ئیسلامیی كۆنی بەهێز بووبێت و پێش سەربەخۆیی پاكستان دامەزرابێت، ئەوا كۆمەڵی ئیسلامی لەو بەهێزترە، بەڵام جیاوازییەكەیان ئەوەیە كە هاوبەندیی ئیسلامی بزووتنەوەیەكی ئیسلامیی پاكستانییە لە واقیعی پاكستانەوە سەرچاوە دەگرێت، هەرچی كۆمەڵی ئیسلامییە ئەزموونێكی دەرەكییە لە وڵاتانی عەرەبییەوەو بەتایبەتیش لە میسرەوە گواستراوەتەوە، لێكچوونێكی زۆر هەیە لەنێوان كۆمەڵی ئیسلامی و ئیخوان موسلمین، كۆمەڵ دژی جیابوونەوەی پاكستان بوو لە هیندستان بە پێچەوانەی هاوبەندیی ئیسلامی، دوای ئەوەی محەمەد عەلی جیناح سەربەخۆیی پاكستانی راگەیاند، شاندێكی كۆمەڵی ئیخوان موسلمینی میسری بە سەرۆكایەتیی ساڵح عەشماوی لە ساڵی 1947 سەردانی پاكستانی كردو نامەیەكی پیرۆزبایی لە حەسەن بەننای رابەری گشتیی گەیاندە محەمەد عەلی جیناح كە رایگەیاندبوو پاكستان دەوڵەتێكی ئیسلامیی سەربەخۆیە، هەروەها نامەیان ئالوگۆڕدەكرد، ئیخوان موسلمین لە سەرەتای سەربەخۆبوونیدا گەیشتە پاكستان، ئەوكات كۆمەڵی ئیسلامیشی لێ بوو، چونكە لە ساڵی 1941 لە لاهور دامەزرابوو كاتێ چەند زانایەكی پاكستانی لە سەرتاسەری وڵات كۆبوونەوەو كۆمەڵی ئیسلامییان لە نیمچە دورگەی هیندی راگەیاند، ئەبو ئەعلا مەودودی بە ئەمیر هەڵبژێردرا، دوای دامەزراندنی دەوڵەتی پاكستان مەودودی لە پاكستان مایەوە و كۆمەڵیش بوو بە دووبەشەوە، بەشی پاكستان بە سەرۆكایەتیی خۆی، بەشی هیندستان بە سەرۆكایەتیی ئەبو لەیس ئیسلاحی، هەردوو بەشیش لە رووی ئایدیۆلۆجییەوە یەك بوون لەگەڵ جیاوازیی نیشتمان، لقێكیشی ساڵی 1971لە بەنگلادیش هەبوو دوای جیابوونەوە لە پاكستان، لە ساڵی 1948دا دوای سەربەخۆیی پاكستان بە ساڵێك مەودودی داوای جێبەجێ كردنی شەریعەتی كرد، حكومەتیش دەستگیری كرد، بەڵام خەڵكەكە هاوسۆزبوو لەگەڵ مەودودی، دواجار حكومەت لە ساڵی 1949 بە داواكارییەكانی قایل بوو، لە ساڵی 1950 ئازادی كرد، لە ساڵی 1951 ژمارەیەكی زۆری زانایانی موسڵمان لە سەرجەم تایفەكان لە شاری كەراچی كۆبوونەوە بۆ نووسینەوەی پێشنیازگەلێك تایبەت بە داڕشتنەوەی دەستوورێكی ئیسلامی بۆ وڵات، بەڵام حكومەت لێی بێ دەنگ بوو، تا لە ساڵی 1953 حوكمی سەربازیی لە لاهور راگەیاند، مەودودی دەستگیركراو بڕیاری لە سێدارەدانی درا، بەڵام فشاری ناوخۆو دەرەوە وایان لە حكومەت كرد بۆ هەتاهەتایی زیندانیی بكات، فشارەكان زیاتر بوون تا حكومەت بڕیاریدا لە ساڵی 1955 ئازادی بكات، لە ساڵی 1956 حكومەت بە دەستوری ئیسلامی قایل بوو، بەڵام لە ساڵی 1958 كودەتای سەربازی بە سەرۆكایەتیی ئەیوب خان ئەنجام درا و ئەویش دەستوورێكی نوێی دیكەی لە ساڵی 1963 راگەیاند، كۆمەڵی ئیسلامی قەدەغەكرد و مەودودیشی دەستگیركرد، بەڵام دادگا لە ساڵی 1964 بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە و مەودودی و هاوڕێ زیندانیكراوەكانیشی ئازادكرد، لە ساڵی 1972 لەبەر نەخۆشی مەودودی دەستی لە كار كێشایەوە، دوای ئەو میان توفەیل بوو بە ئەمیر تا ساڵی 1987، دوای مردنی ئەو قازی حوسێن هات، ئەویش لە 2009 لەبەر باری تەندروستی وازی هێنا، سەید منەوەر حەسەن شوێنی گرتەوە، ئەویش دوای ئەوەی كۆمەڵ لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی كەمی هێنا دەستی لە كار كێشایەوە، لەئێستادا سیراج حەق سەرۆكی كۆمەڵەیە، كاریگەریی كۆمەڵی ئیسلامی لە پاكستان لاوازبوو، بەتایبەتیش دوای لێكترازانی نێو كۆمەڵ و پەیدابوونی كۆمەڵی دیكەی ئیسلامی لە پاكستان، لە ساڵی 1981 بزووتنەوەی جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلامیی لێ جیابۆوە كە مەلا سۆفی محەمەد دایمەزراندبوو، ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ تاڵیبان لە ئەفغانستان دژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەشداریی شەڕی كرد، دواتر مەلا سۆفی لەلایەن ئەمریكاوە لە دوورگەی گوانتانامۆ زیندانی كرا، دوای ئەوە ئەمریكا رادەستی پاكستانی كردەوە و جارێكی دیكە زیندانی كرایەوە، پاش ئەو مەلا فەزلوڵای كوڕی جێی گرتەوە و دژی سوپای پاكستان كەوتە شەڕ، لە ساڵی 2002 كۆمەڵەكە قەدەغەكرا، لە ساڵی 2008 حكومەتی پاكستان مەلا سۆفیی ئازادكرد، دوای رێككەوتن لەسەر جێبەجێ كردنی شەریعەت لە ناوچەی وادی سوات، بەڵام رێككەوتنەكە شكستی هێنا، لە ساڵی 2009 سەرلەنوێ رووبەڕووی یەكدی بوونەوە، بەڵام مەلا سۆفی هەڵاتە ئەفغانستان، لەو گرووپانەی دەركەوتن و كاریگەریی كۆمەڵی ئیسلامییان لاوازكرد كۆمەڵی دەعوەی ئیسلامی بوو كە لە ساڵی 1985 دامەزرا و پێشتر بە سەنتەری دەعوە و ئیرشاد دەناسرا، كە گرووپێكی سەلەفی بوو و دكتۆر حافز محەمەد سەعید وەك گرووپێكی بانگخوازی و خێرخوازی دایمەزراندبوو، چەندین نەخۆشخانە و پەیمانگە و زانكۆی لە لاهور هەیە، هیندستان ئەو گرووپەی بەوە تۆمەتباركرد كە لەپشت ئەو هێرشەوە بووە كە لە ساڵی 2001 كرایە سەر پەرلەمانی هیندستان لە نیودەلهی، دواتر پاكستان لە ساڵی 2002 گرووپەكەی قەدەغەكرد، لە ساڵی 2005 دەستگیری كرد و دواجار ئازادی كرد و ئیدی رووی كردە كاری خێرخوازی و بانگخوازی، رۆژئاواش ئەو گرووپەی خستە لیستی تیرۆرەوە و ئەمریكا لە ساڵی 2012 بڕی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ سەری حافز سەعید تەرخانكرد، دوای ئەو عەبدولواحید كشمیری سەركردایەتیی باڵی سەربازیی گرووپەكەی كرد دژی هیندستان لە كشمیر، لە ساڵی 2008 گرووپەكە چەند بارەگایەكی لە مۆمبای كردە ئامانج و (170) كەسی كوشت، بەڵام دیارە ئەم گرووپی باڵی سەربازیی چەكدارییە بە لەشكری تیبە ناسراوە و لە ساڵی 1987 دامەزراوە، كە گەورەترین باڵی سەربازییە لە باشووری ئاسیا، لە ساڵی 1987 تا ساڵی 1988 دژی هێزەكانی رووسیا لە ئەفغانستان دەجەنگا، دوای شكستی رووسیا، زیاتر تەركیزی كردەسەر بەرەنگاربوونەوەی هیندستان لە كشمیر حافز سەعید وازی لە گرووپەكە هێناو لە ساڵی 2001 رووی لە كاری خێرخوازی كرد، بەڵام عەبدولواحید كشمیری بەردەوام بوو لە سەركردایەتیكردنی باڵی سەربازی بۆ شەڕ دژی هیندستان لە كشمیر، هەروەها گرووپێكی دیكەش هەیە كە دژی هیندستان شەڕدەكات لە كشمیر كە بزووتنەوەی موجاهیدینی پاكستانییە، لە ساڵی 1997 لەلایەن فەزلوڵا رەحمان خەلیل دامەزراوەو لە موزەفەر ئابادی پایتەختی كشمیری پاكستانی نیشتەجێیە، ئەمریكا سەركردەكەی لە لیستی تیرۆر داناوە، چونكە لە ساڵی 1999 پەیوەندیی بە قاعیدەوە هەبووە، پاكستانیش لە ساڵی 2001 دەستگیری كرد، بەڵام لە ساڵی 2008 فتوایدا بەوەی كە بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەكانی رۆژئاوا و بەتایبەتیش ئەمریكا رەوایە، گرووپێكی دیكەش هەیە بە ناوی سوپای محەمەد كە لە ساڵی 2000 بە سەرۆكایەتیی مەسعود ئەزهەر دامەزرا و بەرامبەر سوپای هیندستان شەڕدەكات، ئەزهەر ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی ئەنسار بوو، لە ساڵی 1994 هیندستان دەستگیری كرد، بەڵام بە رێككەوتنێك ئازادكرا بەرامبەر رفێنەرانی فڕۆكەی هیندستانی كە لە نیپالەوە بەرەو قەندەهار بەڕێوەبوو، رفاندیان و داوایان لە هیندستان كرد دەستگیركراوان لەناویشیاندا مەسعود ئەزهەر ئازادبكرێت، ئەم گرووپە سوننەیەو سەر بە رەوتی دیوبەندییە و جیاوازە لە سوپای محەمەدی شیعی بە سەرۆكایەتیی مورید عەباس یەزدانی، بێگومان هەواڵگریی پاكستان دەستی هەبووە لە درووستكردنی ئەو گرووپانەو پشتگیریكردنیان دژی داگیركردنی هیندستان بۆ كشمیر دوای شكستی سەربازیی پاكستان لەبەرامبەر هیندستاندا، ئەو دوو وڵاتە سێ جار شەڕیان كردووە و خەریك بوو لە ساڵی 1999 بۆ چوارەم جاریش بەشەڕبێن، دوای سەربەخۆیی هیندستان لە ژێر حوكمی بەریتانیا لە ساڵی 1947 پاكستان و هیندستان رێككەوتن كە ویلایەتەكان بەپێی زۆرینەی ئایین دابەش بكەن، ئەمە پێشنیازێكی بەریتانی بوو، زۆرینەی موسڵمانی هەر شارێك سەر بە پاكستانە، زۆرینەی هیندۆسی هەر شارێكیش سەر بە هیندستانە، بەم شێوەیە دابەشكران، هەرێمی كشمیر كە هیندۆسەكان حوكمیان دەكرد بە سەرۆكایەتیی هاری سین وەك خۆی مایەوە، داوای كرد كە بێتە پاڵ هیندستانەوە، لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی كشمیر موسڵمانن، بەڵام لە پەرچەكرداری موسڵمانان ترسا، بۆیە داوای كرد بڕیارەكە رابگرێت، ئەمە بووەهۆی شەڕی نێوان موسڵمانان و ئیدارەی هیندۆس، پاكستان هاتە بەینەوە بۆ پشتگیریی موسڵمانانی كشمیر، هیندستانیش بۆ پشتیوانیكردنی ئیدارەی هیندۆس، بۆیە یەكەم شەڕ لەبارەی كشمیرەوە روویدا، تا نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی جێبەجێ كرد بۆ راگرتنی شەڕ و پێدانی مافی چارەی خۆنووسین بە خەڵكی كشمیر لەمیانی راپرسییەكی گشتیدا، بەڵام هیندستان رەتی كردەوە، چونكە ئەنجامەكەی دەزانی و بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایش جێبەجێ نەكرا، هێڵێكی جیاكەرەوە هەیە لەنێوان كشمیری پاكستان و كشمیری هیندستان، لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین رووبەرێكی گەورە بە رێژەی 43% لەژێر دەسەڵاتی هیندستانەو رێژەی 37% لەژێر دەسەڵاتی پاكستاندایە، بۆیە پاكستانییەكان دەستبەرداری ئەم هەرێمە نابن، بەڵكو بەردەوام داوای دەكەن، لەبەرئەوە دەبینین گرووپگەلی ئایینی و نەتەوەیی پەیدادەبن و داوای جیابوونەوە لە هیندستان دەكەن، حەفتا ساڵ بەسەر ئەم ململانێیێدا تێدەپەڕێت، لەو گرووپە ئیسلامییانەش، كۆمەڵەی زانایانی پاكستان بە سەرۆكایەتیی سەمیع ئەلحەق ئەبو تاڵیبان كە رابەری رۆحیی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاكستانییە، لە ساڵی تیرۆركرا، پاكستان بەوە ناسراوە كە (14) هەزار قوتابخانەی ئایینیی لەسەر مەزهەبی حەنەفی هەیەو (5) ملیۆن قوتابی تێیدا دەخوێنێت، ئەم قوتابخانانە بەردەوام چەكداری شەڕكەریان لێ دەردەچێت و بەشداریی كردەوەی جیهادی دەكەن، سەمیع ئەلحەق هاوپەیمان بوو لەگەڵ عومران خان سەرۆك وەزیرانی ئێستا، ئەویش لە كۆمەڵەی كۆنی زانایانی ئیسلامیی پاكستان جیابۆوە كە شێخ شبێر ئەحمەد عوسمانی دوای سەربەخۆیی پاكستان دایمەزراند، بەڵام تایبەت بە بزووتنەوەی تاڵیبانی پاكستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، سەرەتا دوای هێرشەكەی ئەمریكا دژی تاڵیبان لە ئەفغانستان سەری هەڵدا، لە ساڵی 2009 ناوی بزووتنەوەكەیان گۆڕی بۆ ئەنجومەنی شورای موجاهدین، پاكستان هەوڵیدا لە ساڵی 2003 و ساڵی 2004 لەناوی بەرێت بەڵام نەیتوانی، پاكستانیش لە ساڵی 2008 بە رێكخراوێكی تیرۆریستی هەژماركرد، دواتر ئەمریكاش لە ساڵی 2010 خستیە لیستی تیرۆرەوە، ئەو بزووتنەوەیە لە ساڵانی 2008و 2009 و 2011 چەندین كردەوەی تیرۆریستیی ئەنجامدا، لەوانە لە كەنیسە و هۆتێلی پایتەخت.
لە ساڵی 2014 سوپای پاكستان ئۆپەراسیۆنی گورزی تووڕەی ئەنجامدا و بزووتنەوەی تالیبانی لەناوبرد، ئەندامەكانی هەڵاتن و دوای سەرهەڵدانی داعش لێكترازا، ئەوە بوو بزووتنەوەكە وتەبێژەكەی و چەند ئەندامێكی دیكەی دوورخستەوە، كاتێ بەیعەتیان بە ئەمیری داعش ئەبوبەكر بەغدادی دا، هەروەها گرووپگەلێكی دیكەی ئیسلامی هەبوون لێرەدا باسیان ناكەین، وەك گرووپی ئەهلی حەدیس بە سەرۆكایەتیی ساجد میر، كە گرووپێكی سەلەفییە، هەروەها كۆمەڵەی بریلۆیی زانایانی پاكستان، كە گرووپێكی سۆفیزمە كە شا ئەحمەد نورانی دایمەزراند، ئەوەی پەیوەستیشە بە شیعەی پاكستان ئەوان كەمینەن، 20%ی دانیشتوانن و ئەنجومەنێكی یەكێتیی موسڵمانانیان هەیە بە سەرۆكایەتیی راجا ناسر عەباس، ئەنجومەنێكە چەند حزبێكی شیعی لەخۆدەگرێت كە لە ساڵی 2009 دامەزراوە.
هیندستان پێشكەوت و پاكستانیش دواكەوت لەبەر ئەو ململانێیە مێژووییە لەوەتەی سەربەخۆیی پاكستان لەنێوان گرووپە ئیسلامییەكان كە خوازیاری جێبەجێ كردنی شەریعەتی ئیسلامی بوون لەگەڵ گرووپە عەلمانییەكان كە پێچەوانەیان دەوێت، واتا بنیاتنانی دەوڵەتێكی مەدەنیی بەهێز لەگەڵ مانەوەی بە پێناسە ئیسلامییەكەی، بۆیە پاكستان بوو بە بنكەیەكی فراوانی پاكتاوكردنی سیاسی و ململانێی تیرەگەری و كوشتن و بەئامانجگرتنی دەوڵەتانی دیكە، گرووپە ئیسلامییە میانڕەوەكان كاریگەرییان لەدەستدا، تەنیا توندڕەوەكان مانەوە كە شەقام دەجووڵێنن، گرووپە مەدەنییەكانیش، یان بە كودەتای سەربازی هاتوون وەك زیا حەق و ئەیوب خان و پەروێز موشەرەف، ئەمەش لە شەقامی پاكستانی پەسند نییە، یانیش بە رێی شەرعی و بە هەڵبژاردن هاتوون بەڵام رۆچوونە نێو دۆسێی گەندەڵییەوە، وەك بەنازیر بۆتۆ و نەواز