ئیسلامی سیاسی لە سریلانكا
June 20, 2019
وتار و بیروڕا
شێخ مەنسوور ئەبو ساڵح دامەزرێنەری كۆلیجی قورئانی پیرۆز لە سریلانكا كاریگەربوو بە بۆچوونەكانی حەسەن بەننا و سەید قوتب و غەزالی و قەرەزای و بۆ پێنج ساڵ لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی كاری كرد، دواتر لقێكی ئیخوان موسلمینی دامەزراندو بۆ پازدە ساڵ كاری تێدا كرد، دواجار كە زانی كاری بانگخوازی لەمیانی سیستەمی بزووتنەوەكە بۆ كەمینەی موسڵمان گونجاو نییە، دەستی لەكار كێشایەوە، لە ساڵی 1981 حزبێكی ئیسلامی بە ناوی كۆنگرەی ئیسلامیی سریلانكی لە شاری كۆڵۆمبۆ دامەزرا، لەو كۆمەڵانەی هەبوون كە بریتی بوون لە كۆمەڵی ئەنسارولسوننەو كۆمەڵەی تەبلیغ و كۆمەڵی لاوانی موسڵمان، كۆمەڵی نەدوی بوخاری، كۆمەڵی ئیسلامی و ئەمین، لە ساڵی 1981 موسڵمانانی سریلانكا بەناوی ئەو دەستەوە كۆمەڵانە كۆنگرەی ئیسلامیی جیهانییان سازكرد بۆ چارەسەركردنی كێشەی موسڵمانان، لەوانەش كێشەی جێ بەجێ كردنی شەریعەتی ئیسلام، چەندین شاند لە وڵاتانی ئیسلامییەوە بەشدارییان تێدا كرد، بەڵام زۆربەی ئەو كۆمەڵەو دەستانە لە یاساكانی دەوڵەت دەرناچن و بە تەواوی نیشتمانپەروەرن و رێگەنادەن هیچ فیكرێك بڵاوبێتەوە كە ببێتە هەڕەشە بۆ ئاشتیی كۆمەڵایەتی لە وڵات، ئەوانە دامەزراوەی پەروەردەیی و فیكری و بانگخوازین، نەك رێكخراوی سیاسی وەك ئەوەی لە وڵاتانی موسڵماندا هەیە، بۆیە حكومەت لاری نییە لە بوون و بڵاوبوونەوەی، بەڵكو هانی دەدات چونكە خزمەت بە پێكەوەژیانی ئاشتیانە دەكات، سەرەڕای ئەوەی كە رووبەڕووی دەستدرێژی و هێرش بوونەتەوە لەسەر دەستی تامیل و بوزییەكان، بەڵام لەترسی ئاژاوە بێ دەنگ بوونە، لە ساڵی 2006 چەن كەسێكی نەناسراو بۆمبێكی زۆریان هاویشتە نێو مزگەوتێك لە شاری ئەكاراباتۆو چل نوێژخوێن كوژران، لە ساڵی 2013 بوزییە توندڕەوەكان لە بزووتنەوەی BBS هێرشیان كردە سەر مزگەوتێك و لە ترسی ئەوان داخرا، دوای ئەو رووداوە و لە هەمان ساڵدا (رێكخراوی ئەڵمانی بۆ بەرگری لە گەلە هەڕەشەلێكراوەكان)بەرپرسیارێتیی تەشقەڵەكردن بە موسڵمانان بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە بوونیان لە وڵات خستە ئەستۆی بزووتنەوەی ناوبراو، لە ساڵی 2014 بوزییەكان دوو ناوچەی موسڵمانانیان كردە ئامانج و چوار موسڵمانیان كوشت و خانوو و كۆگاكانیان خاپووركرد، لە ساڵی 2017 بیست هێرش كرایە سەر موسڵمانان لە ناوچەی جینتۆناب باشووری پایتەخت، حكومەتیش باری نائاسایی لە ناوچەی كاندی بۆ كۆتاییهێنان بە توندوتیژی راگەیاند. بوزییە توندڕۆكان پێیان وایە بوونی موسڵمانان هەڕەشەیە بۆ بووزییەت، بەتایبەتیش موسڵمانان كۆنتڕۆڵی بازرگانییان كردووە، لە ساڵی 2018 حكومەت رایگەیاند كە بوزییەكانی سەر بە گرووپی BBS یان گرتووە كە تۆماری وێنەگیراویان بڵاوكردبۆوە و هانی خەڵكیان دەدا رقیان لە موسڵمانان بێتەوە، بەڵام خودی موسڵمانان دەركیان بەو هەڵوێستانەی بوزییەكان دەكرد كە نوێنەری بوزییەت نەبوون وەك ئایین، بەڵكو هەڵوێستی گرووپێكی پەڕگیری بوزییە، بۆیە كاتێ داوایان كرد وشەی (حەڵاڵ) لەسەر خۆراك لابەرن موسڵمانان رازی بوون بۆ دوورخستنەوەی دووبەرەكی و پارێزگاریكردن لە پێكەوەژیان، لە ساڵی 2018 راهبە میانڕەوەكانی بوزی خۆپیشاندانیان لە پایتەخت سازكرد بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر كاری توندوتیژی دەرحەق موسڵمانان، بەرەی نەتەوەیی بیكۆ رایگەیاند كە لە ترسی پێكدادانی تایفەگەری كە یەكێتیی وڵات دەشێوێنێت داوای ئەو خۆپیشاندانانەی كردووە، دواتر تایفەیەكی رەهبانەكان لە رۆژی هەینی وەك پشتیوانییەك لە مەینەتییەكانی موسڵمانان سەردانی مزگەوتی موسڵمانانیان كرد، ئەم چەوساندنەوە تەنیا دژی موسڵمانان نەیوو، لە ساڵی 2018 كریستیانی كاسۆلیكیش رووبەڕووی چەوساندنەوەیەكی بەرنامەبۆداڕێژراو بوونەوە لەلایەن پەڕگیرانی بوزییەوە، بۆیە دەڵێم پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ئایینەكان لە باشترین رەوشدا بوو، ئەمەش ئەزموونێكی سەركەوتووە لەگەڵ بوونی ئەو هەموو نالەبارییەی ناوبەناو سەرهەڵدەدەن، كە زۆرینەی پەیڕەوانی ئایینەكانی سریلانكا رەتی دەكەنەوە، دیارە لەنێو هەموو ئایینێكدا پەڕگیرو میانڕەو هەن، پەڕگیرەكان نوێنەرایەتیی ئایین ناكەن، بەڵكو تەنیا خۆیان و تێگەیشتنە سەقەتەكەیان بۆ ئایین، ئەوانەی نوێنەرایەتیی ئایینی راست دەكەن میانڕەوەكانن كە هەست بە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی دەكەن لەهەمبەر نیشتمان و گەل و مرۆڤایەتی، لە ساڵی 2013 عەبدولڕەزاق كە سەركردەیەكی ئیسلامی سیاسی بوو لە سریلانكا چەند تۆماركراوێكی وێنەداری بڵاوكردەوە كە سووكایەتیی بە بوزا دەكرد، دواتر داوای لێبووردنیان كرد دوای بەرزكردنەوەی سكاڵایەك دژی عەبدولڕەزاق و تاقمەكەی لە ساڵی 2017، عەبدولڕەزاق و تاقمەكەی بەشدارییان لە خۆپیشاندانێكدا كرد دژی یاسای هاوسەرگیریی حكومەت كە تەمەنی كچی بۆ 12 ساڵ بەرزكردەوە، حكومەتیش دەستگیری كرد دوای هەڕەشەكانی سەرۆكی بزووتنەوەی بوزی BBS، هەندێ كۆمەڵەی ئیسلامی دەستوەردانیان لە كاروباری دادگادا كرد لەپێناو سزادانی عەبدول رەزاق بە توندترین سزا بۆ پاراستنی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە وڵاتدا، لەساڵی 2018 چوار پەیكەری بوزی لەلایەن پەڕگیرانی موسڵمانەوە خاپووركران، عەبدولڕەزاق پێی تاوانباركراو دەستگیركرا، بەڵام حكومەتی سریلانكا نایەوێت رووبەڕووی موسڵمانان ببێتەوە، پەندێكی سەختی لە شەڕە درێژخایەنەكەی لەگەڵ پڵنگەكانی تامیل وەرگرت كە (26) ساڵ بەردەوام بوو، پاشان موسڵمانان جوداخواز نین، هاووڵاتی چاكن و شانازی بە نیشتمانەكەیان دەكەن، بەشداریشیان كردووە لە بنیاتنانی وڵات و پەرەپێدانی لە زۆر بواردا، بەڵام هەندێ كەس لەو بڕوادارانە پابەندن بە ئایدیۆلۆجییەتی ئیسلامی سیاسی و فیكرەكەیان لەنێو كۆمەڵگەیەكدا بڵاودەكەنەوە كە فرە رەگەزو ئایینە، لە ساڵی 2001دا لایەنگرانی ئیسلامی سیاسی لە كۆڵۆمبۆی پایتەختەوە خۆپیشاندانیان رێك خست دژی دامەزراندنی یەكەم باڵیۆزی ئیسڕائیل لە سریلانكاو داوای بڕینی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسڕائیل كرد، لە راستیدا ئەمەش بۆتە نەریتێك لە زۆربەی وڵاتانی دیكەی موسڵمان روودەدات، ئەگەرنا ئێوە چیتان بەسەر دەوڵەتێكی بوزییە كە خۆتان تێیدا كەمینەن، ئایا كەمینە سیاسەتی دەوڵەت دیاری دەكات، یان پرەنسیپەكانی دیموكراسیی ئەو دەوڵەتەو بەرژەوەندییە گشتییەكان، بە دڵنیاییەوە ئەوە پلانەكانی ئیسلامی سیساییە لە جیهاندا.
تەقینەوە خوێناوییەكانی سریلانكا
لەوەتەی ساڵی 2009 كە شەڕی نێوان حكومەتی سریلانكاو بزووتنەوەی پڵنگەكانی تامیل كۆتایی هاتووە، تەقینەونەكان بوونەتە دژوارترین كێشە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، ئەم تەقینەوانە كریستیانێكانیان كردە ئامانج كە كەمینەیەكی بچووكن بە بەراورد بە بوزییەكان و هینجۆس و موسڵمانان، دیارە ئەمە تۆڵەسەندنەوەی ئەوەیە كە لە نیوزیلاندا روویدا، كاتێ برنتۆن تارنت كە پەڕگیرێكی كریستیانی ئوسترالی بوو پەنجا نوێژخوێنی لە مزگەوتێكی نیوزلاندا كوشت، ئەمەش لەلایەن وەزارەتی بەرگریی سریلانكا بە ناوی وەزیرەكەی روان ویجواردین RuwanWijewardene راگەیاندرا كە وەزیری راگەیاندنیشە، ئەم شوێنانەی كریستیانەكان و پەرستگاكانیان كرابوونە ئامانج بەم شێوەیە:
1) كەنیسەی قدیس سباستیان لە شاری نیجۆمبۆ.
2) كەنیسەی قەدیس ئەنتۆنی لە شاری كۆچیكادی.
3) هۆتێلی سینامۆن گراند لە پایتەخت.
4) هۆتێلی شانگری لە پایتەخت.
5) هۆتێلی كینگسبیری لە پایتەخت.
6) باخچەی ئاژەڵانی دهیوالا شاخی لافینیا.
7) ماڵێك لە باخچەی ماهاویلا لە شاری دیماتاجۆدا.
ژمارەیەك بیانی لەو هۆتێل و شوێنانە نیشتەجێ بوون، لەم كردەوە تیرۆریستییەدا زیاتر لە (330) كەس كوژران كە لەناویاندا(45) منداڵ هەبوون، هەروەها زیاتر لە(500) بریندار، رۆژێكی خوێناوی بوو لە ژیانی سریلانكییەكان، قوربانییەكان فرەڕەگەز بوون، خاوەنی ماڵپەڕی Asosی بەریتانی ملیاردێری دانیماركی ئەندریس هۆلك AndresHolchPovlesn سێ كوڕی تێدا كوژران كە بۆ پشووی جەژنی كریستییانەكان ناردبوونیە سریلانكا، هەر لەناو قوربانییەكان 8 بەریتانی و 10 هیندی و توركی و ژاپۆنی و پورتوگالی و ئەمریكی هەبوون، دەسەڵاتدارانیش (6) كەسی بەم تاوانە دەستگیركرد، ژمارەی خۆكوژەكان نۆ كەس بوون و ئافرەتێكیشیان تێدا بوو، دەركەوت بە پێناسە هەموویان سریلانكی بوون، بێگومان هەواڵگریی هیندستان دەسەڵاتدارانی سریلانكای ئاگاداركردەوە كە هێرشێك روودەدات، بەڵام دیارە ناكۆكیی نێوان سەرۆكی سریلانكا مایسریبالا سیریسینا MaithripalaSirisena و سەرۆك وەزیران رانیل ویكریمیسنگی RanilWickeremesinghe ئەم كارەساتەی لێكەوتەوە.
پێشتر سەرۆكی سریلانكا سەرۆك وەزیرانی لە ساڵی 2018 لەكار لابردو دواتر گەڕاندیەوە، وەزیری تەندروستی راجیسا سیناراتنی RajthaSenaratne كە وتەبێژی حكومەتە رایگەیاند سەرۆك وەزیران ئاگای لە راپۆرتەكانی هەواڵگری نەبووە تایبەت بەو هێرشانە، بەڵكو لای سەرۆك كۆمار بوون، ئەمەو سەرۆكی پەرلەمانی سریلانكا كارو جایاسوریا KaruJayasuriya رایگەیاندبوو كە سەرۆك كۆمار لە 7ی نیساندا سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی ئاسایشی سریلانكای كردبوو، بەڵام لە نزیك و دوورەوە ئاماژەی بەو زانیارییانە نەكردووەو كە لە 4ی نیسان هەواڵگریی سریلانكا گەیاندبوونی، دیارە ئەمەش بۆ لێدانی سەرۆك وەزیران بووە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە، فەرماندەی پۆلیسی سریلانكاش روونی كردبۆوە كە لە 11ی مانگی نیسانی رابردوودا بەڵگەنامەیەكی بەدەستەوە بووە كە گرووپی تەوحید پیلان دادەڕێژن بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی خۆكوژی بەپێی زانیاریی هەواڵگریی بیانی، حكومەتیش رایگەیاند كە ئەم هێرشانە دەستكردی ناوخۆیین و گرووپی تەوحیدی نیشتمانیی سریلانكی NTJ، ئەنجامیداون، بەڵام بە پاڵپشتیی دەرەكی چونكە لەسەرووی توانای خۆیانەوە بووە. لە راستیدا زانیاری لەسەر ئەو گرووپە كەمە، بەڵام لە چەندین گەنجی پەڕگیری سریلانكی پێكدێن لە بزووتنەوەیەكی ئیسلامی لە شێوەی داعش، گرووپێكی تازەیە و لە ساڵی 2014 دامەزراوە و لە گرووپی تەوحیدی سریلانكی SLT جیابووەتەوە بە سەرۆكایەتیی عەبدولڕەزاق كە پێشتر باسمان كردووە، ئەو پیاوە پێش ئەوەش هەڵوێستی خۆی لەمەڕ داعش راگەیاندبوو كە گوتبووی: (داعش پەیوەندیی بە ئیسلامەوە نییە، لەسەر حكومەتیش پێویستە لە یاساغكردنی لە وڵات دوودڵ نەبێت، ئێمەش ئامادەین یارمەتی بدەین، ئەگەر حەزبكات)، ئەم گرووپە بەیاننامەیەكیان لە ماڵپەڕی خۆیاندا بڵاوكردەوەو پرۆتستۆی ئەم هێرشانەیان كرد و هاوسۆزیی تەواوی خۆشیان راگەیاند بۆ قوربانییان، لە بەیاننامەكەیاندا هاتووە:( بیركردنەوەو نوێژمان بۆ ئەو ماڵباتانەیە كە رۆڵەكانیان بوونەتە قوربانیی ئەم تراژیدیایە) داواشیان لە حكومەت كرد ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە دادگایی بكات، بەڵێنیشی دا خوێن بۆ برینداران ببەخشێت، دواتر رایگەیاند كە گرووپێكی خێرخوازی بانگخوازە بۆ یارمەتیدانی مرۆڤایەتی، هەروەها ئەنجومەنی ئیسلامی لە سریلانكا بەیاننامەیەكی دەركرد و پرۆتستۆی ئەو كردەو تیرۆریستییانەی كرد كە مەبەستی نانەوەی دووبەرەكییە لەنێوان گرووپە ئایینی و ئیتنییەكان، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئیسلامی ئەحمەد حیلمی رایگەیاند كە بەر لە سێ ساڵ دەسەڵاتدارانی لە گرووپی توحیدی نیشتمانی هۆشیاركردبۆوە، هەروەها گوتبووی كە ئەو گرووپە لایەنگری هاندەدا بە ناوی ئایینەوە كەسانی ناموسڵمانیش بكەنە ئامانج، هاوكات ئەنجومەنی زانایانی موسڵمان بە هەمان ئێوە لە بەیاننامەیەكدا زێڕای ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر ئەو تاوانە هاوخەمیی خۆی بۆ كریستیانان دەربڕی، بێ گومان گرووپی تەوحیدی نیشتمانی كە ئەم تاوانە قێزەوەنەی ئەنجام دا سەربە داعشە، عوقڵی تەگبیركاریشی محەمەد قاسم زەهران هاشمییە كە داوای لە گەنجان دەكرد بەیعەت بدەنە ئەمیری داعش ئەبوبەكر بەغدادی، بینیمان چۆن لە تۆمارێكدا لەگەڵ هاوپەیڕەوانی بەیعەتننامە دەخوێنێتەوە، هەر ئەو زەهران هاشمییەیە كە كردەوەیەكی خۆكوژی لە هوتێلی شانگری ئەنجام دا، پێشتریش پلانی داڕشتبوو بۆ هێرشكردنە سەر كۆمسیۆنی باڵای هیندی لە پایتەخت، بەڵام شكستی هێنا، لە ساڵی 2017 تۆماری وێنەیی بڵاوكردبۆوە و تێیدا داوای جیاكاریی ئاینیی و كوشتنی خەڵكانی ناموسڵمانی دەكرد، پێشتریش زەهران چەندین جار لەگەڵ سەركردەكانی ئیسلامی سیاسی لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی كۆببووەوە، دواجاریش لەگەڵ قەرەزاوی لە دەوحە، هەروەها گرووپێكی دیكەی ئیسلامیی سریلانكی هەیە بەڵام ناسراو نییە، رەنگە بەم دواییە دامەزرابێت بە ناوی گرووپی میللەتە ئیبراهیم كە ئەویش لەو تەقینەوانەی دوایی گلاوە، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە پەیوەندییەكانی گرووپی تەوحیدی نیشتمانیی سریلانكی ئەوا پەوەندیی بەهێزی لەگەڵ گرووپێكی توندڕەوی هیندی هەیە كە لە پاكستان كاردەكات و عەبدولڕەحمان نەدەوی هیندی دایمەزراندووە، كە بە سەلمان نەدەوی ناسراوە و تۆمارێكی وێنەیی بڵاوكردەوە و تێیدا گوتبووی: (ئەگەر لە جێگایەك بوویت، بۆت رێككەوت ئەمریكییەك، ئەوروپییەك، فەرەنسییەك، ئوسترالییەك، یان كەنەدییەك بكوژیت، دەست مەپارێزە، ئەوانە شەڕیان دژی دەوڵەتی ئیسلامی راگەیاندووە)، دواتر وتارەكەی تایبەت كرد بە هیندۆس و گوتی: (لە هەر شوێنێك بتپەرستانتان بینی، بیانكوژن). كۆمەڵەیەكی لاوانی ئیسلامیی دامەزراندبوو، كاتێكیش بەغدادی خۆی بە خەلیفە ناساند، پیرۆزبایی لێ كرد، ئەمەش وای كرد كە سوڵتاننشینی عومان دەری بكات، كاتێ خەریكی خوێندنەوەی وتاری ئایینی بوو، قەتەریش پێشوازی لێ كرد تا لە دەوحە لەگەڵ قەرەزاوی سەرۆكی پێشووی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان كۆببێتەوە، دواتر كەوتە دژایەتیكردنی سعودیەو ئیمارات چونكە دژی (دەوحەن) بە هۆكاری ئەوەی ئەندامانی بزووتنەوەی حەماس و ئیخوان موسلمین و قەرەزاوی حەواندۆتەوە.