ئیسلامی سیاسی لە فلیپین

ئیسلامی سیاسی  لە فلیپین
ئیسلام لە ساڵی (1310ز) لەسەر دەستی بازرگانانی موسڵمان گەیشتە فلیپین، ئەو بازرگانانەی كە گەشتیان بۆ چین دەكرد، هەروەها لەسەر دەستی موسڵمانانی مەلایۆ (مالیزیا) و ئەندەنوسیا لە باكوورەوە بۆ باشوور بڵاوبۆوە، ئەوانە سوڵتاننشینی سۆلۆیان دامەزراند، شەریف هاشمی ئەبوبەكر یەكەم سوڵتان بوو، دواتر سوڵتان شەریف محەمەد فبونسوان كە لە ولایەتی مەلكای مالیزییەوە هاتبوو، بوو بە سوڵتانی ماگنداناو، هێزەكانی ئیسپانیا لە ساڵی (1521ز) بە سەرۆكایەتیی گەریدە فریدیناند ماجەلان گەیشتنە دوورگەكانی فلیپین، ویستیان كۆنتڕۆڵی دوورگەی ماكتان بكەن، بەڵام حاكمی ئەو دوورگەیە لابۆلابۆ بە توندی رووبەڕوویان بۆوە تا لە هەمان ساڵدا ماجەلانی كوشت، خەڵكی دوورگەكە پەیكەرێكیان بۆ دروستكرد كە كریستیان و موسڵمانان شانازی پێوە دەكەن، چونكە سەركردەیەكی كۆلۆنیالیزمی كوشتووە، ئیسپانیا ئەو دوورگانەی دوای داگیركردنی ناوی زۆربەیانی بۆ دوورگەی فلیپین گۆڕی، وەك رەچەڵەكی شای ئیسپانیا فلیپی دووەم (1598 كۆچی كردووە)، ئیسپانییەكان پەلاماری باكووریشیان دا، رەجا سلێمانی حاكمی دوورگەكەیان راونا، خەڵكەكەشیان بە تۆبزی كردە كاسۆلیك، ئەوەی رەتی بكردایەتەوە، دەكوژرا، دواتر پایتەختەكەیان كە ناوی (ئەمانوڵا) بوو، گۆڕی بۆ (مانێلا) و بە تەواوی كاولیان كرد، بۆیە رۆدریگۆ دۆتیریتی سەرۆكی فلیپین رایگەیاند كە بە نیازە ناوی فلیپین بۆ مەهارلیكا Maharalica بگۆڕێت، بەپێچەوانەی ناوی ئێستا كە كۆلۆنیالیزمی ئیسپانی دایناوە، پێش ئەویش سەرۆكی پێشووی فلیپین فردیناند ماركۆس ئەم پێشنیارەی كردبوو، دواتر هێزەكانی ئیسپانیا روویان كردە دوورگەی مینداناوی باشوور كە زۆرینەی موسڵمان بوون، بەڵام نەیانتوانی بیگرن لەبەر بەرهەڵستیی موسڵمانان، بۆیە كشانەوەو شەڕیش لەنێوانیان و ئەمریكا بەرپا بوو، هێزەكانی ئیسپانیا لە ساڵی1898 زیانێكی زۆریان بەركەوت، كە ئەمەش وایكرد رێككەوتننامەیەك لەگەڵ ئەمریكادا بكەن بۆ ئەوەی فلیپین لەبەرامبەر 20 ملیۆن دۆلار رادەست بكەن، دواتر قۆناخی كۆلۆنیالیزمی ئەمریكا دێت لە 1898 تا 1941، پلانی ئەمریكا بریتی بوو لە هێنانەوەی دوورگەی مینداناو بۆسەر فلیپین، بەڵام موسڵمانان بەرهەڵستیان كرد، لە سەرەتای شەڕی یەكەمی جیهانی لە 1914 ژاپۆن ئەمریكییەكانی دەركرد و فلیپینی داگیركرد، بەڵام موسڵمانان بەرهەڵستیی ئەو هەوڵەشیان كرد كە دوورگەكەیان بخرێتە سەر فلیپین، بەهۆی ئەو بەرگرییەی موسڵمانان و گەڕانەوەی ئەمریكییەكان ژاپۆن شكستی هێنا، فلیپین لە ساڵی 1946 سەربەخۆیی وەرگرت، یەكەم سەرۆكیش لە سەردەمی سەربەخۆیی مانۆیل رۆكساس Manuel Roxas بوو كە بۆ ماوەی دوو ساڵ (1946 تا 1948) حوكمی كرد، حكومەتی فلیپین دەستی كرد بە تەواوكردنی پرۆژەكەی كۆلۆنیالیزم بە هێنانی شاری مینداناو بۆ سەر وڵاتەكەی، بۆیە چەندین بزووتنەوەی بەرگریی دژ بە حكومەت سەریانهەڵدا، یەكەمیان بزووتنەوەی سەربەخۆیی مینداناو بوو كە ئامانجی گەڕاندنەوەی سەربەخۆیی دوورگەكە بوو لە خاكی فلیپین، ئەو كاتە حاكمی پارێزگای ماجیندانۆ ناوی داتۆ ئۆتدۆگ ماتالم بوو، سەرۆكی فلیپین فرناند ماركۆس Ferdinand E.Marcos كە لە ساڵی 1965 تا 1986 حوكمی كردو بە دیكتاتۆری فلیپین ناسرابوو دەستی كرد بە پاكتاوی ئیتنی دەرحەق موسڵمانان كە بە گەلی مۆرۆ Moro ناسرابوون، ناوی مۆرۆ لە وشەی لاتینی Maur وەرگیراوە كە لەسەردەمی ئیمپراتۆرییەتی كۆنی رۆما بە مۆریتانیایان دەگوت، هەروەها بە زۆر كەمینەی موسڵمانان كە تێكەڵ ئەندەنوسییەكان بوون، بەڵام ئیسپانیا رایگواستن بۆ نیشتەجێیەكانی ئەو دیو دەریاكان.
بەهۆی سیاسەتی ناڕەوای حكومەتەكانی فلیپین دەرحەق موسڵمانان بەرگرییەكی توند دژیان سەری هەڵدا، لە ساڵی 1968 بەرەی نیشتمانیی مۆرۆ Moro NationalLiberation Front بە سەرۆكایەتیی نوری میسواری دامەزرا، بریتی بوو لە بەرەیەكی میللی سەرجەم توێژەكانی كۆمەڵگەی لەپێناو سەربەخۆیی باشوور لەخۆگرتبوو، وتووێژ لەنێوان بەرەو حكومەتی ماندیلا لەسەردەمی فرناند ماركۆس بە ناوبژیی ئەندەنوسیا لە ساڵی 1975 دەستی پێكرد، میسواری و سەلامات هاشم تێیدا بەشداربوون، بەڵام دیارە ناكۆكییەك لەنێوانیاندا هاتەئاراوە، میسواری پێی باش بوو وتوێژەكان بەردەوام بن، بەڵام سەلامات هاشم چارەسەری سەربازیی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئیسلامی لە باشووری وڵاتی پێ باش بوو، كاتێكیش میسواری رێككەوتننامەی ئاشتی، كە بە رێككەوتننامەی ساڵی 1976ی نێوان بەرەو حیكمەت مانیلا ناسراوە، واژۆكرد، كە بریتی بوو لەپێدانی ئۆتۆنۆمی بە باشوور، سەلامات هاشم پێی قایل نەبوو، ئەوەش وای كرد كە جیابێتەوە، لە ساڵی 1977بەرەیەكی ئیسلامیی بەناوی بەرەی ئیسلامیی مۆرۆ Moro Islamic Liberation Front ی دامەزراندو لەمەشدا هەڵەیەكی گەورەی كرد، چونكە ئامانجە ستراتیژی و نیشتمانییەكان بە یەكێتی و ئینتیمای نیشتمانی دێنەدی، نەك بە ئایدیۆلۆژیەتی ئایینی، بەڵام مایەی سەرسامی نییە كە بزانین ئەو پیاوە بە ئیخوان موسلمین كاریگەر بوو، بەتایبەتیش كتێبەكانی سەید قوتب و مودەوی، ئەو لە ئەزهەر خوێندبووی، كاریگەریی ئیخوانی بەسەرەوە بوو، بۆیە ناكرێ ئیسلامی سیاسی كار لەگەڵ رەوتە نیشتمانی و لیبڕاڵی و نەتەوەیی و مەدەنییەكاندا بكات، چونكە خۆی بە باشتر لە هەمووان و لەسەر هەمووانەوە دەبینێت. دوای رووخانی دیكتاتۆری فلیپین ماركۆس، خاتوو كۆرزان ئەكینۆ Corazon C.Aquino بوو بە سەرۆكی وڵات و لە ساڵی 1986 تا 1992 حوكمڕانیی كرد و هیچ پەرەسەندنێك لە رەوشی باشووردا نەهاتەدی، رێككەوتننامەكەش وەك مەرەكەبی سەر كاغەز مایەوە، دواتر میسواری و سەلامات ئاشت بوونەوە، ئەمەش وای لە رێكخراوی كۆنگرەی ئیسلامیی كرد كە دواتر بە (رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی) ناسرا، هەروەها هاوبەندی جیهانی ئیسلامی كە پشتیوانیی لێ بكەن، ئەمەش لەپێناو ئەوەی ئۆتۆنۆمی بۆ باشوور بەدەست بهێنن، ئاشتییەك لەنێوان حكومەت و بەرەی مۆرۆ دوای رێككەوتنێك هاتەئاراوە، لە ساڵی 1996 نوری میسواری بە حاكمی ناوچەی مینداناو بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵبژێردرا، بەڵام ئیدارەكەی كەوتە بەر رەخنەیەكی توندەوە و ناوچەكە لە دواكەوتن و گەندەڵیدا مایەوە، لە ساڵی 2000دا ئەندامانی بەرەی مۆرۆ میسوارییان وەك سەرۆكی بەرە لە كارەكەی لادا، دكتۆر بارۆك حوسێن وەك كاندید بۆ حاكمی مینداناوز دیاریكرا دوای رەزامەندیی چواردەمین سەرۆكی فلیپین خاتوو گلۆریا ماكاباگال ئەریۆ GloriaMacapagalArroyo كە لە 2001 تا 2010 حوكمی كرد، كاتێكیش میسواری زانی پۆستەكەی لەدەست دەدات، لە حكومەت یاخی بوو و شەڕی راگەیاند بۆ پەكخستنی هەڵبژاردنەكان لە ناوچەی مینداناو، بۆیە لەگەڵ گرووپەكەی هێرشیان كردە سەر فەرماندە سەربازییەكانی خۆلۆ، لە ئەنجامدا 170 كەس كوژران، بەڵام سوپا توانی كۆنتڕۆڵی بەرە بكات، میسواری بە رێگایەكی نایاسایی هەڵات بۆ ولایەتێكی مالیزیا، بەڵام دەسەڵاتدارانی مالیزیا رادەستی حكومەتی فلیپینیان كردەوە، چاوەڕوانكرا كە بۆ بیست ساڵ بە تۆمەتی جیاجیا زیندانی بكرێت.
لە ساڵی 2000 بەرەی ئیسلامیی مۆرۆ بە سەرۆكایەتیی سەلامات هاشم زۆر بەهێز بوو، توانی 46 سەربازگەی مەشقی لاوان دروست بكات، هەروەها ئەكادیمییەكی سەربازی دامەزراند، ژمارەی چەكدارانی گەیشتە 120 هەزار، لەساڵی 2003 سلامات هاشم كۆچی دوایی كرد و حاجی موراد ئیبراهیم كە جێگری بوو شوێنی گرتەوە، موراد لە سەربازگەكانی قاعیدەو تالیبان لە ئەفغانستان مەشق و راهێنانی كردبوو، چاوی بە ئوسامە بن لادن كەوتبوو، دواتر بوو بە فەرماندەی باڵی سەربازیی بەرەی ئیسلامیی مۆرۆ، ئەو بە ژەنەڕال شێخ ناسرابوو، ململانێی چەكداریی نێوان هەردوو لا بەردەوام بوو، بە هاتنی پازدەم سەرۆك بینكنۆ ئەكینۆی سێیەم Bengno S.Aquino كە لە ساڵی 2010 تا 2016 حوكمی كرد، هەردوولا وتووێژی جددییان دەستپێكرد لەپێناو كۆتاییهێنان بەم ململانێیە چەكدارییە كە چل و پێنج ساڵ بەردەوام بوو و تێیدا 120 هەزار كەس كوژران و بە ملیۆنان ئاوارەبوون، ئەمەش كاولكاری و دواكەوتوویی و پشێوییەكی زۆری بۆ وڵات بەدوای خۆیدا هێنا، لە ساڵی 2012 هەردوولا رێككەوتننامەیەكی ئاشتییان بە ناوبژیی مالیزیا لە مانیلای پایتەخت واژۆكرد، لەو رێوڕەسمەدا سەرۆكی فلیپین ئەكینۆی سێیەم و سەرۆكی بەرە حاجی موراد ئیبراهیم و سەرۆك وەزیرانی مالیزیا نەجیب عەبدولڕەزاق و سەرۆكی ئەنجومەنی هاریكاریی ئیسلامی ئەكمەلەدین ئۆغلۆ ئامادەی بوون. ئەم رێككەوتننامەیە دەبێتە بنەمای چەسپاندنی ئاشتییەكی هەمیشەیی لە ماوەی چوار ساڵ بۆ پێدانی ئۆتۆنۆمی بە باشووری فلیپین (مینداناو)، لە ساڵی 2016 ئەم ئۆتۆنۆمییەیان پێدەدرێت كە بە یاسای (بانجسامۆرۆ) Bangsamoro ناسراوە، شێخ موراد رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لە مۆركردنی رێككەوتننامەكەی نێوان حكومەت و بەرەدا لەپێناو بەخشینی ئۆتۆنۆمی بە باشووری فلیپین(ناوچەی مینداناو) لە سەردەمی سەرۆكی ئێستا كە شازدەمین سەرۆكە رۆدریگۆ دۆتیرتی Rodrigo Duterte كە لە ساڵی 2016 بوو بە سەرۆكی فلیپین، پرۆسەی ئاشتی چووە قۆناخگەلێكی زۆر پێشكەوتووەوە، كاتێ رەزامەندی دا بە دەركردنی یاسای بانجسامۆرۆ Bangsamoro تا شوێنی ئەو ئۆتۆنۆمییە بگرێتەوە كە هەردوو لا لە ساڵی 2012و لە سەردەمی سەرۆك ئەكینۆی سێیەمدا لەسەری رێككەوتبوون، ئەوە بوو باشووری فلیپین مینداناو دوای رەزامەندیی هەر یەك لە ئەنجومەنی پیرانی فلیپین و ئەنجومەنی نوێنەرانی فلیپین لەسەر یاسای بانجسامۆرۆ لە 2018دا بەپێی یاساكە كە بەدەق ئاماژە دەكات بۆ گۆڕینی ئۆتۆنۆمی دوای سێ ساڵ واتا لە 2022 بگۆڕدرێت بۆ هەرێمێك كە پەرلەمان و دەستوورو حكومەتێكی سەربەخۆی هەبێت لەنێو سنووری دەوڵەتی فلیپینیدا و بە هەرێمی بانجسامۆرۆ ناوببرێت، لە ساڵی 2019 سەرۆكی ئێستای وڵات دۆتیرتی رەزامەندی دا راپرسی بۆ چارەنووسی باشووری فلیپین بكرێت، 85% بە بەڵێ بۆ پێكێهنانی هەرێمی مینداناو دەنگیان دا، لە راستیدا چاكەكە بۆ سەرۆكی ئێستا دەگەڕێتەوە كە دانی بە مەزڵوومییەتی گەلی مۆرۆدا نا، كە سەرۆكەكانی پێشووتر پشتگوێیان خستبوو، بەڵام ئەم سەرۆكەی ئێستا ئاشتی بێ جیاوازی بۆ گەلەكەی هێنایەكایەوە، بۆیە سەرۆكی بەرە موراد هاشم ستایشی سەرۆكی ئێستای كرد.
گرووپی ئەبوسەیاف (بزووتنەوەی ئیسلامی)
گرووپی توندڕۆی رادیكال لە بەرە ی ئیسلامیی مۆرۆ جیابوونەوە، كە بە گرووپی ئەبوسەیاف ناسراون، ئەمانە نایانەوێت لەگەڵ حكومەت ئاشت ببنەوە، بەڵكو دەیانەوێت زوو دەوڵەتێكی ئیسلامی رابگەیەندرێت، ئەم جیابوونەوەیە لە ساڵی 1991 روویدا، ئەبوسەیاف دەربارەی دامەزراندنی گرووپەكەی دەڵێت: «سەرەتا بیرمان لەوە نەدەكردەوە هیچ بزووتنەوە، یان بەرەیەك دابمەزرێنین لە ترسی پەرتەوازەیی، چونكە سەرەتا دەمانەویست یان بێینە نێو بەرەی ئیسلامی، یان بەرەی نیشتمانی، بەڵام كاتێ لەگەڵ چەند برایەك یەكمان بینی لە بەرەی ئیسلامی بەدڵمان نەبوون، بینیمان كە ژمارەیەكی زۆرن، چەكێكی زۆریشیان هەیە، بەڵام خاو و خەمساردن، كاتێكیش چاومان بە بەرەی نیشتمانی كەوت بینیمان ئەوانیش بە فەرمانی ئیسلام ناجووڵێنەوە، زۆریان ئەركە ئایینییەكان جێبەجێ ناكەن، دەبینین یەكێكیان وەك سەرباز شەڕدەكات، بەڵام لە هەمان كاتدا ئایینەكەی دەڕووخێنێت، چونكە نوێژ ناكات، ئەوكاتە زانیمان كە بەرەی ئیسلامی، یان بەرەی نیشتمانی ناتوانن ئەركی پێویست جێبەجێ بكەن، لەنێوان خۆمان راوێژمان كردو ئەم بزووتنەوەیەمان دامەزراندو ناومان نا بزووتنەوەی ئیسلامی...» عەبدولڕەزاق ئەبوبەكر جەنجەلانی كە نازناوی ئەبوسەیافە لە دوورگەی مینداناو ئەو بزووتنەوەیەی دامەزراند، گرووپەكەش هەر بەو ناوە (ئەبوسەیاف) ناسرا..
ئەبوسەیاف باوكی موسڵمانەو دایكی كریستیانە، پێشتر لە سەربازگەكانی بەرەی مۆرۆ لە لیبیا لە سەردەمی قەزافی مەشقی كردووە، قەزافی چەند سەربازگەیەكی گەورەی بۆ موجاهیدەكان (بە گوتەی خۆیان) دامەزراندبوو تا بە جیهاندا بڵاویان بكاتەوە، پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ عەرەب و ئەفغانستان هەبوو، لە مەككەی پیرۆز چاوی بە سەركردەیەكی ئەفغانی كەوتبوو، دواتر چووە ئەوێ و مەشقی فیكری و رێكخستن و سەربازی كردبوو و گەڕایەوە فلیپین و ئەو گرووپە ئیسلامییەی لە دوورگەی باسیلا دامەزراند لە شێوەی گرووپە چەكدارەكانی جیهانی ئیسلامی و بەتایبەتیش وەك قاعیدە و داعش.
لە ساڵی 1991 محەمەد جەمال خەلیفە مێردی خوشكی ئوسامە بن لادن نووسینگەیەكی لاوەكیی سەر بە دەستەی فریاگوزاریی ئیسلامیی جیهانی لە فلیپین دامەزراند، ئەمەشی بۆ گواستنەوەی پارەو سامان بۆ گرووپەكەی ئەبوسەیاف بۆ كڕینی چەك و تەقەمەنی و كردنەوەی سەنتەری مەشق بۆ گەنجان تەرخانكرد، كە مەبەستی بنەڕەتییان پاككردنەوەی باشووری وڵات بوو لە كریستیانەكان كە مژدەبەخش بوون، چ لە دەرەوەی وڵات بن یان لە لە فلیپین، چونكە بڕوایان وابوو كە ئەم وڵاتە هی موسڵمانان بووە، بەڵام كۆلۆنیالیزمی ئیسپانیا بە زەبری چەك ئایینەكەیانی بۆ كاسۆلیك گۆڕیوە، بۆیە دەبێ بۆ خەڵكەكە بگەڕێننەوە، ئەوە بوو لە فلیپین دیاردەی (بالیك ئیسلام) واتا گەڕاوەكان بۆ ئیسلام بڵاوبۆوە، گرووپەكەی ئەبوسەیاف زۆر دڵڕەق بوون لەگەڵ كریستیانەكان، بەتایبەتیش لەگەڵ قەشەكان، رۆژێكیان قەشەیەك موحازەرەیەكی هەبوو لە شاری جامبۆنجای باشوور كە زۆرینەیان كریستیانن و رەخنەی لە موسڵمانان دەگرت، ئەبوسەیاف چاوەڕوانی كرد تا قەشەكە هاتەدەرەوە یەكسەر كوشتی و رایكرد، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆكی ئێستای فلیپین دۆتیرۆتی بانگی كرد تاكو گفتوگۆی ئاشتییانەی لەگەڵدا بكات بۆ سەرخستنی یاسای بانجسامۆرۆ، رووبەڕووبوونەوەی نێوان حكومەت و گرووپەكە بەردەوام بوو تا لە شەڕێكدا لەگەڵ هێزەكانی فلیپیندا لە ساڵی 1998 كوژرا، دوای كوشتنی ئەو، گرووپەكە لەنێو خۆیاندا بۆ سێ گرووپ دابەش بوون: یەكەمیان بە سەرۆكایەتیی رادۆلان ساهیرون كە گەورەترین گرووپە، دوومیان كە بچووكترینیانە بە سەرۆكایەتیی براكەی كە ناوی قەزافی جەنجەلانی بوو و بەدەستی هێزەكانی فلیپین كوژرا و دواتر بوون بە بەشێك لە گرووپەكەی رادۆلان، بەڵام برای سێیەمی هكتۆر بە تۆمەتی كوشتن و رفاندن زیندانی كرا، دوا گرووپ بریتی بوو لە گرووپی غالب ئەندانگ كە بە رۆبێت ناسراوەو گرووپەكە بە دروستكراوی هەواڵگریی فلیپین تۆمەتباری دەكات، زۆربەی سەركردەكانی ئەبوسەیاف لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەكان حكومەتدا كوژران، ئەبو سەبایا لە ساڵی 2002 كوژرا، سەراجی لە ساڵی2004 و ئەبو سەلمان لە ساڵی 2007 كوژران، تەنیا رادۆلان ساهیرون و هابیلون و ئەبو بۆلا ماون، دوای ئەوەی گرووپەكە بەیعەتیان بە داعش دا بە سەرۆكایەتیی ئەبوبەكر بەغدادی، بەغدادی ئەسنیلۆن هابیلۆنی كە بە (ئەبو عەبدوڵا فلیپینی) ناسراوە بە ئەمیری ولایەتی فلیپین دامەزراند.
ئەوەی مەبەستمە ئەوەیە كە جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان بەرەی ئیسلامیی مۆرۆو نێوان گرووپەكەی ئەبوسەیاف، لەگەڵ ئەوەی هەردووكیان لە چوارچێوەی ئیسلامی سیاسیی جیهانین، هەروەها سەركردەكانی بەرەی مۆرۆ لەژێر كاریگەریی ئیخوان موسلمین و هەندێك لە سەركردەكانی ئیسلامی سیاسیدان، بەڵام ئەو ئەزموونەیان بە تەواوی بۆ وڵاتەكەیان نەگواستۆتەوە، بەڵكو سوودیان لێ بینیوە بۆ پشتگیریی كێشە نیشتمانی و ئایینییەكانیان، چونكە وادەزانن كە واقیعی فلیپین بە تەواوی لەگەڵ واقیعی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی جودایە، بۆیە تەركیزیان كردۆتە سەر وتووێژكردن لەگەڵ حكومەتدا، لە سایەی رێككەوتنی ئاشتی كە مافە نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانیان لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمیدا وەدیبێنێت بۆ ئەوەی لە ئایندەدا ببێتە هەرێم و حكومەتێكی هەبێت وەك هەموو دەوڵەتان كە سیستەمی فیدڕاڵی پەیڕەودەكەن، بەڵام گرووپی ئەبوسەیاف بەپێچەوانەوە هەوڵیدا بە لۆژیكی توندوتیژی و چەك و هێز ئەزموونەكەی داعش بۆ فلیپین بگوێزنەوە، بۆیە بەیعەتیان بە بەغدادی داو ئەویش ئەبو عەبدوڵا فلیپینی كردە ئەمیر بەسەر ولایەتی فلیپین، ئەمەش لوتكەی نەزانینە بە مامەڵەكردن لەگەڵ واقیع و سیستەمی جیهانی، هەروەها لەگەڵ ژینگەی فلیپین كە زۆرینەیان كریستیانی كاسۆلیكن ناگونجێت، ناكرێ مێژوو بگێڕینەوە یان بیگۆڕین لە سایەی سیستەمی جیهانیدا، بەڵكو پێویستە واقعیانە و بە داناییەوە مامەڵە بكەین، لەبەر ئەوە ئەم گرووپە شكستی هێناوەو هەر گرووپێكیش ركابەریی قاعیدە و داعش بكات شكست دێنێت، چونكە گۆشەگیریی بنەچەخوازە، ئەوان بۆنی خوێنیان لە بۆنی گوڵ پێ خۆشترە، بەرەی ئیسلامیی مۆرۆش چاكیكرد كە كۆتایی بە خوێنڕشتن هێنا و دەستیكرد بە ژیانێكی ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئایینی و پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەو پەرەپێدانیش دەستپێكرد، هەرچەندە موسڵمانان باش دەزانن كە حكومەتی فلیپین مامەڵەیان وەكو كریستیانەكان لەگەڵدا ناكەن، بەڵام دیارە ئەوان پەندیان لە رابردوو وەرگرتووە كە ململانیێ چەكداری لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە، بەڵكو دیالۆگ باشترین رێگەیە بۆ ئایندەی سیاسی و ژیانی ئایینی و كۆمەڵایەتی و ئابووری.

Top