لە رۆژی جیهانیی ئاودا پلانێك بۆ ئایندەی ئاوی كوردستان

لە رۆژی جیهانیی ئاودا  پلانێك بۆ ئایندەی ئاوی كوردستان

(22)ی ئاداری هەموو ساڵێك، بە بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان لەمانگی (دێسەمبەر)ی ساڵی (1992)ەوە كراوە بە رۆژی جیهانیی ئاو. بەم بڕیارەش (ئەنجومەنی جیهانیی ئاو) وەك رێكخراوێكی تایبەت بە باس و توێژینەوەكانی ئاو دامەزرا، ئەم ئەنجومەنەش راسپێردرا بۆ رێكخستنی (كۆڕبەندی جیهانیی ئاو)، كە هەر (3) ساڵ جارێك كۆنفڕانسێكی جیهانی بۆ ماوەی یەك هەفتە سازدەكات. لەئاستی عێراقیشدا لە بەرواری(19-6-2011) دا، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق داوای رەزامەندیی كرد بۆ پەسەندكردنی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ ئاو، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش لەدانیشتنی ژمارە (26)ی رۆژی (31-5-2011)دا، بە بڕیاری ژمارە (196)ی ساڵی (2011) رەزامەندی نیشاندا لەسەر پێكهێنانی ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ ئاو، بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامێتی لایەنە پەیوەندیدارەكان، بۆیە ئەنجومەنی شورای دەوڵەتیش وردەكارییەكانی خۆی لەسەر یاساكە تەواو كرد لە بەرواری (28-2-2012). ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش لەدانیشتنی ئاسایی ژمارە (24)ی بەرواری (5-6-2012)دا، رەزامەندیی نیشاندا لەسەر پڕۆژە یاسای ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ ئاو، فەرمانگەی یاساییشی راسپارد بۆ هەمواركردنی بەو جۆرەی كە سەربەخۆیی دارایی و كارگێڕیی ئەنجومەنەكە دابین بكات و پەرلەمانی عێراقیش پەسەندی بكات.
بەپێی لێدوانی حكومەتی عێراق (ئەم ئەنجومەنە كاردەكات بۆ دانانی سیاسەتێكی دوورمەوداو ستراتیژی بۆ دابینكردنی بەشە ئاوی عێراق لە ئاوە نێودەوڵەتییە هاوبەشەكان و پاراستنی دەرامەتە ئاوییەكان و باش بەكارهێنانی و دابەشكردنی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لەنێوان هەرێم و پارێزگاكان و بوارە بەكارهێنەرەكانیدا، چونكە ئاو بابەتێكی گرنگی پەیوەستە بە ئاسایشی نەتەوەیی عێراقەوە).
ئەم ئەنجومەنە – وەك ئاماژەی بۆ كراوە – بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەبێت و ئەندامێتی هەریەك لە جێگرەكانی سەرۆك وەزیران و هەر یەك لە وەزیرانی دەرەوەو سەرچاوە ئاوییەكان و كشتوكاڵ و پلاندانان و كارەباو پیشەسازی و شارەوانی و ژینگەو زانست و تەكنەلۆژیاو كاروباری پارێزگاكان و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و وەزیرانی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەخۆی دەگرێت. هەروەها ئەم ئەنجومەنە دوو لیژنەی دەبێت:
یەكەم: لیژنەیەكی باڵا بۆ دانوستان سەبارەت بە ئاوە نێودەوڵەتییە هاوبەشەكان، بە سەرۆكایەتی وەزیری دەرەوەو ئەندامێتی وەزیرانی سەرچاوە ئاوییەكان و كشتوكاڵ و ژینگە و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی.
دووەم: لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاوە نێو خۆییەكان بە سەرۆكایەتی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان و ئەندامێتی هەریەك لە وەزیرانی پلاندانان و كارەباو پیشەسازی و شارەوانی و ژینگەو زانست و تەكنەلۆژیاو كاروباری پارێزگاكان و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و وەزیرانی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
شایانی باسە وابڕیار دراوە كە ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ ئاو، فەرمانگەیەكی شارەزایانی ببێت كە پێكدێت لەو پسپۆڕانەی كە لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی نێو ئەنجومەنەكەن، كاری ئەم فەرمانگەیەش بریتی دەبێت لە ئامادەكردنی توێژینەوەی پەیوەست بە سیاسەتەكانی ئاو و كشتوكاڵ و ژینگە و راوێژكاریی لەسەر ئەو بابەتانەی كە لەلایەن لیژنە ناوبراوەكانی ئەنجومەنەوە ئاراستە دەكرێن و ئامادەكردنی راپۆرت لەبارەی بەدواداچوونی ئەو پلانە نیشتمانییە خاوەن رەهەندە ستراتیژییانەی كە ئەنجومەن بڕیاریان لەسەر دەدات.
هەروەها ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ ئاو هەوڵ دەدات بۆ زیادكردنی توانای گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەكانی عێراقداو هەوڵدان بۆ بنیادنانی بەنداوێكی نوێ لەبەردەم شەتتولعەرەبدا و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكانی ئاوی عێراق لەگەڵ دەوڵەتانی دەوروبەردا.
پێشنیارم بۆ پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە بە وردی ئاگاداری ئەو یاسایانە بن و خوێندنەوەی وردی لەبارەوە بكەن، چونكە زۆربەی رێڕەوی ئاو لە هەرێمەوە بۆ ئەو دوای عێراق دەڕوات، ئاویش هیچی كەمتر نییە لەنەوت و، وەك گوتراویشە شەڕی ئایندە شەڕی ئاو دەبێت.
لەلایەكی دیكەشەوەو لەدوای گۆڕانكارییەكانی شازدەی ئوكتۆبەر و پیادەكردنی دەستووری عێراق و ئەژماركردنی بەنداوەكانی هەرێم بە پرسێكی سیادی و سەر بە دەسەڵاتی فێدڕاڵی لە بەغدا و سەرفكردنی مووچەی 400 لە بەڕێوەبەر و فەرمانبەر و ئەندازیارانی بەنداوەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، بەڕێوەبردن و كارپێكردنی ئەو بەنداوانەش دەكەونە دەستی حكومەتی عێراقەوە، بۆیە پێویستە پەرلەمان و حكومەتی هەرێم خوێندنەوەو پلانێكی نوێیان بۆ ئایندەی ئاوی كوردستان هەبێت.

Top