زامێك له‌نێوان من و ڕاپه‌ڕێندا

زامێك له‌نێوان من و ڕاپه‌ڕێندا
ڕاپه‌ڕين ته‌نها ئازادبوونى جه‌سته‌مان نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ئازادى رۆحمان بوو، رۆشنايى ژيان بوو، ده‌رگايه‌ك بوو بۆ به‌هه‌شتى ئازادى .راپه‌ڕين له‌دايك بونێكى نوێ بوو بۆ تاك و كۆمان، ڕاپه‌ڕين ڕاپه‌ڕين بوو.به‌ڵام له‌ناو هه‌موو ئه‌و گوڵ و بۆنى به‌هار و ئازاديه‌ى كه‌ پێشكه‌شى كردم و هێشتا پێيان ده‌ژيم، زامێكى قوڵى پڕ ئازارى نه‌بڕاوه‌شى تێكردم.ساڵى 1988 ئه‌و كاته‌ى له‌ زانكۆى به‌سرا وه‌رگيرام، به‌ دونيايه‌ك خه‌مى غه‌ريبى و دووريه‌وه‌، له‌ليستى قوتابيانى وه‌رگيراوى قوتابيانى كۆلێژه‌كه‌مدا، به‌دواى ناوێكى كورديدا ده‌گه‌ڕام، تا له‌و بيابانى دووريه‌دا تۆزێك سێبوريم به‌هاوڕێيه‌تى بێت، بەڵام هيچ ناوێكم به‌رچاو نه‌كه‌وت.رۆژێك كوڕێك هاته‌ لام و به‌كوردى ووتى : تۆ كوردى؟!به‌سه‌رسوڕمان و شاگه‌شكه‌ييه‌وه‌ ووتم: به‌ڵێ!!ئيتر پێوويست نه‌بوو پرسيارى لێ بكه‌م تۆش كوردى؟ چونكه‌ پرسياره‌كه‌ى خۆی بۆمن وه‌ڵام بوو.ديار بوو ئه‌ويش، ده‌رده‌كه‌ى منى هه‌بوو، له‌ليستى ناوه‌كاندا ناوى منى دۆزيبۆوه‌ زانيبوى كه‌ كوردم، بۆيه‌ به‌دوامدا گه‌ڕابوو ‌.به‌ستنى برايه‌تى له‌گه‌ڵ قوتابيه‌كى كورددا، له‌و غوربه‌تى و دووريه‌ى كوردستان و له‌و ته‌مه‌نه‌ كه‌مه‌دا، زۆر سانا بوو. جا گه‌ر ئه‌و كورده‌ (حسن)يش بوايه‌ ئه‌وا هه‌زار ئه‌وه‌نده‌ ئاسان بوو، چونكه‌ حسن :دونيايه‌ك خۆشه‌ويستى مرۆڤ و كورد و زانستى له‌دڵدا بوو.دونيايه‌ك لێبورده‌يى و ساده‌يى و دڵسۆزيى لێ دەڕژا.دونيايه‌ك ئه‌مه‌ك و وه‌فا و هاوڕێيه‌تى ڕاسته‌قينه‌ى فێردەکردی.هه‌ميشه‌ به‌م شێوه‌يه‌ وه‌سفى حسن م ده‌كرد (ئه‌گه‌ر كێوێك زێرت هه‌بوو، به‌حه‌سه‌نى بسپێره‌، له‌دواييدا بێ كه‌مكردن و وه‌ك خۆى وه‌رى ده‌گريته‌وه‌)هه‌رواش بوو، هه‌ر به‌م سيفه‌ته‌ به‌رزه‌شى ڕۆيشت.ئه‌وێ رۆژێ له‌كاتى ڕاپه‌ڕيندا چومه‌ سلێمانى، يه‌كه‌و ڕاست به‌ره‌و ماڵى حسن كه‌وتمه‌ڕێ، پلانم دانابوو كه‌ تا رۆژى دواتر له‌لاى بمێنمه‌وه‌ و تێر تێر وه‌ك جاران قسه‌ بكه‌ين و به‌ناو ئازادى سلێمانيدا بگه‌ڕێين و وه‌ك هه‌ميشه‌ پێبكه‌نين و بتريقێينه‌وه‌،به‌ڵام له‌به‌ر ده‌رگاى ماڵيان، به‌ هه‌واڵى ئه‌وه‌ى حسن له‌ (كه‌ركوك)ه‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ركوكيش داگيركراوه‌ته‌وه‌ بۆيه‌ دابڕاوه‌ و چاره‌نووسى ديار نيه‌، هه‌موو خه‌ونه‌كانم بوونه‌ بڵقى سه‌ر ئاو.له‌و كاته‌وه‌ هه‌موو ساڵێك چه‌ند جارێك خه‌ون به‌گه‌ڕانه‌وه‌ى حسن ده‌بينم و هه‌موو جارێكيش وا هه‌ست ده‌كه‌م ‌ ئه‌مجاره‌يان وه‌ك ئه‌وانى پێشوو خه‌ون نيه،‌ به‌ڵكو گه‌ڕانه‌وه‌يه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌، به‌ڵام كاتێك خه‌به‌رم ده‌بێته‌وه‌، جارێكى تر زامى له‌ده‌ستدانى نوێ ده‌بێته‌وه‌ و چاوه‌ڕوانى خه‌ونێكى تر ده‌كه‌مه‌وه‌.ساڵى 2003 ، كاتێك ڕژێمى ديكتاتۆرى له‌ گۆڕنرا، يه‌كه‌م هه‌واڵێك كه‌ به‌دوايدا وێڵ بووم ، ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ى حسن و سۆراخ كردنى بوو، به‌ڵام دياره‌ ئەو بۆ هه‌ميشه‌ جێى هێشتووم بۆيه‌ سۆراخى نه‌بوو.كاتێك حسن له‌ معسكر خالد له‌گه‌ڵ چه‌ند پێشمه‌رگه‌يه‌كى خزميدا به‌رگرى له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ديكتاتۆر ده‌كات، چه‌ند پێشمه‌رگه‌يه‌كى پۆله‌كه‌ى بريندار ده‌بن، ئه‌و رۆژه‌ سه‌ياره‌ك له‌سلێمانيه‌وه‌ دێته‌ كه‌ركوك تا برينداره‌كان و پێشمه‌رگه‌كان به‌رێته‌وه‌ بۆ سلێمانى، يه‌كێك له‌برينداره‌كان له‌به‌ر سه‌ختى برينه‌كه‌ى سه‌رناكه‌وێت و ده‌ڵێت ئێوه‌ بڕۆن و دوايى به‌سه‌ياره‌يه‌كى تايبه‌تى وه‌رنه‌وه‌ به‌شوێنمدا، له‌ناو ئه‌و مه‌ترسيه‌ گه‌وره‌ى هێرشى ڕژێمدا، حسن بڕيار ده‌دات كه‌ له‌گه‌ڵى بمێنێته‌وه‌ تا دێنه‌وه‌ به‌شوێنياندا، بڕيار ده‌دات ئه‌و هاوڕێيه‌يان به‌جێ نه‌هێڵێت. به‌داخه‌وه‌ تا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ به‌شوێنياندا ڕژێم ده‌گاته‌ قه‌ره‌ هه‌نجير و بۆ هه‌تا هه‌تايه‌ حسن و هاوڕێكه‌ى داده‌بڕێن و قه‌تاو قه‌ت هه‌واڵێكمان له‌باره‌يانه‌وه‌ نه‌بيسته‌وه‌.حسن ئه‌و كوردستانه‌ى نه‌بينى كه‌ له‌پێناويدا گيانى خۆى به‌خشى، منيش هه‌ميشه‌ چاوه‌ڕوانم له‌ خه‌ونه‌كانمدا بگه‌ڕێته‌وه‌ و پياسه‌يه‌كى پڕ پێكه‌نين و تريقانه‌وه‌ى ناوشارى له‌گه‌ڵدا بكه‌مه‌وه‌.
Top