تەحەددییەكانی بەردەم كوردستان
May 19, 2015
وتار و بیروڕا
جۆ بایدنی جێگیری سەرۆكی ئەمەریكا، بە وردی ڕووداوەكانی چڕو پوخت كردەوە، بەڵام زۆر بە وریاییەوە خۆی لادا لەو باسەی ئاخۆ لە كۆتاییدا بەرپرسیارێتی ئێش و ئازاری پڕ لە تراژیدیی هەزاران كەس دەكەوێتەوە ئەستۆی كێ، كاتێك ڕایگەیاند «ئەوە ڕاستە كە هاوینی ڕابردوو داعش بەرەو نەینەوا پێشڕەوی كردو دەستی بەسەر سەنتەری شاری موسڵدا گرت، دواتر هەرەسهێنانی سوپای عێراقمان بینی- بینیمان كە چۆن دادەڕووخێت -، هەروەها ئەوەشمان بینی كە خەڵكی سڤیلی بێتاوان بە شێوەیەكی مەترسیدار دەكوژرێن، لەگەڵ بە كۆیلەكردنی ئافرەتان و پاكتاوكردنی ڕەگەزیی گرووپە ئیتنییەكان، لە نێویاندا مەسیحیەكان كە بۆ پتر لە هەزار ساڵە لە موسڵدا ژیابوون».
ئەمەش بەرجەستەبوونێكی دیكەی هەرەسهێنانی درێژخایەنی ئەو ڕێوشوێنە ڕاگوزەریانە بوو كە لە ساڵی 2003ەوە پیادە دەكران. بەڵام لەكوردستان ئەمە یەكەمین جاربوو كە لە پاش ساڵی 1991ەوە، بەهەزاران كەس لە خەڵكی سڤیل لەدەستی دڕندەیی تیرۆریستانی داعش هەڵاتن، بەمەش جارێكی دیكە كوردستان تاڵاوی ئێش و ئازارەكانی دەربەدەری و هەڵهاتنی چەشتەوە. هاوكات ڕووداوەكان پەردەیان لەسەر چەند پرسێكی بنەڕەتیانەی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ لادا، لە هەموویان سەرەكیتر بریتی بوون لە:هاوبەشی لە دەسەڵات، هاوبەشی لە داهات، ناوچەكانی ناكۆكی لەسەر و ڕێوشوێنە ئەمنیەكان.
كاتێك هەڕەشەی داعش لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان بوو بە هەواڵێكی جیهانی، حكومەتی فیدڕاڵی بەغدا بە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەسەر سزادانی كوردستان بەردەوام بوو، هاوكات شەپۆڵێكی گەورەی ئاوارەو هەڵهاتووەكانی ناوخۆیی عیراق ڕوویان لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان كردو بارگرانیەكی زیاتریان لەسەر هەرێمی كوردستان و دانیشتووانەكەی دروست كرد.
تەنانەت ئەمەریكاش وەك هێزێك بەشداری هەبوو بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان لە ساتەوەختەكانی قەیران و هەڕەشە تیرۆریستیەكاندا. پشتیوانی ئەمەریكا بۆ بنیاتنانەوەی هێزە ئەمنیەكانی عێراق، لە نێویاندا هێزەكانی پێشمەرگە لە نێوان ساڵانی 2003 و 2011دا، ئاماژەیەكی بەهێزە بۆ ئەو ناوهاسەنگیەی لە گرتنەبەری ڕێ و شوێنە ڕاگوزەریەكاندا لە ئارادا بوو: ئەمەریكا لە عێراقی فیدڕاڵدا بە تێچووی زیاتر لە 25 ملیار دۆلار 109بەتالیۆنی پێكهێنا، لە كاتێكدا تەنیا نۆ بەتالیۆنی بە تێچووی 92 ملیۆن دۆلار لە كوردستان پێكهێنا. بەراوردەكە جێی سەرسوڕمان دەبێت ئەگەر لە تێچووی هەر بەتالیۆنێك بڕوانین: ئەمەریكا تەنیا 11.5 ملیۆن دۆلاری بۆ بەتالیۆنێكی پێشمەرگە خەرج كردووە، لە كاتێكدا بۆ هەر بەتالیۆنێكی سوپای عێراقی فیدڕاڵی 229.3 ملیۆن دۆلاری خەرج كردووە.
هەروەك مایكل نایت بە دەرئەنجامێكی ڕاست و دروست گەیشتووە كاتێك دەڵێت: ئەو هەشت یەكە كوردیەی ئەمەریكا هاوكاری كردن وەك خۆیان ماونەتەوە، لە كاتێكدا نزیكەی یەك لەسەر چواری هێزە فیدڕاڵیەكان لەبەریەك هەڵوەشاونەتەوە. پشتیوانی كردن لە گرێدانی پەیوەندی سەربازی نزیكتر لە نێوان حكومەتی ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان پاساوی بەهێزی هەیە، لەبەر ئەوەی هاوكاری ئەمنی لەگەڵ كوردستانی عێراقدا بەرهەمێكی زیاتری لێ دەچنرێتەوە بە بەراورد بە ئۆپەراسیۆنی هاوشێوە لەگەڵ عێراقی فیدڕاڵداو ڕەنگە ببێته هۆی ئەوەی دەستڕۆیشتوییەكی زیاترمان هەبێت لە ئاست بەغدا لە ئایندەدا. بەراوردكاریەكی رێژەیی ئەوە دەردەخات كە پتر لە 6 ملیار دۆلاری پارەی باجدەرانی ئەمەریكا لە یەكە عێراقیە داڕوخاوەكاندا بەفیڕۆ دراوە. تاوەكو ئێستاش ئەو چەك و تەقەمەنیە پێشكەوتووانەی ئەمەریكا كە دراونەتە سوپای عێراق و سۆراغیان نەبوو، لە كۆتاییدا كەوتنە دەستی داعش. كە دواتر لە دژی هەرێمی كوردستان و باقی بەشەكانی دیكەی عێراق و شار و شارۆچكەكانی سوریا بەكار هێنران لە هەموویان دیارتر كۆبانێ بوو.
ئەوەندەی پێوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەبێت، ئەوا بەهۆی هێرشە تیرۆریستیەكان و نەمانی متمانە بە پرۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق لە پێش داعش و لە كاتی داعش و هەروەها لە دواتریشدا ڕووبەڕووی تەحەددی دژوار بۆوە، هەروەها پرسە پێوەندیدارەكانی دیكە بە هەرێمی كوردستانەوە(وەك ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، دابەش كردنی داهات، دابەشكردنی مانادار و كارای دەسەڵات لەسەر ئاستی فیدڕاڵی).
لە حوزەیرانی ساڵی 2005دا گرووپێك لە ڕاوێژكارە نێودەوڵەتیەكان هاوكاری پەرلەمانی كوردستانیان كرد بۆ ئامادەكردنی پرۆژە دەستوورێك بۆ هەرێمی كوردستان بەر لە ئەنجامدانی گفتوگۆكان بۆ داڕشتنی دەستووری هەمیشەیی عیراق. ئەوە ساتەوەختێك بوو كە ڕەنگڕێژی پێوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی نوێی كرد. لە كاتێكدا باقی بەشەكانی دیكە عێراق هەرەسیان هێنابوو، دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان وەك خۆیان مابوونەوە. هەرێمی كوردستان دەیتوانی كار بۆ دەستووری خۆی بكات پێش ئەوەی ئەم كارە لە عێراقدا بكرێت. لەو ساتەوەختە مێژووییەدا، چەند پرسێك یەكلا دەكرانەوە، سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستان، سنوورەكان، پێوەندی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی و بژاردەكانی ئایندە.
وێنای ئەوە بكەن ئەگەر هەرێمی كوردستان و پەرلەمانەكەی لەسەر ئەوە ڕێككەوتنایە كە چ دەسەڵاتێك بە حكومەتی فیدڕاڵی بدرێت، نەك بە پێچەوانەوە. وێنای ئەوە بكەن ئەگەر ئێمە ڕێككەوتنێكی ڕوونمان هەبووایە لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەكان و ئەو حكومەتەی دەبووە حكومەتێكی فیدڕاڵی لەسەرگرتنەبەری چەند میكانیزمێك ئەگەر هاتوو حكومەتەكانی ئایندە لە عێراقدا ڕێككەوتنە دەستووریەكەیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا پێشێل بكردایە؟!
هەرگیز درەنگ نییەو ئێستاش دەرفەتێكی مەزن دروست بووە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ئەو ڕێو شوێنانە ڕوون بكاتەوە كە ناتوانرێت بەدەست بهێنرێن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی عێراقدا. هیچ حكومەتێكی عێراقی بە تەواوەتی ئەركەكانی خۆی لە ئاست ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئەنجام نەداوە، كە دوا وادەی بریتی بوو لە كۆتایی ساڵی 2007. هەرێمی كوردستان دەتوانێت پێشنیارێكی كردەنیی بخاتەڕوو كە دەرفەت بدات بەوەی هەرێم یەكلایەنە بە جێبەجێكردنی ماددەی 140 هەڵبستێت. هیچ شتێك لە دەستووری عێراقیدا ڕێگری ناكات لەوەی هەرێمی كوردستان ئەم پێشنیازە بخاتەڕوو،هەروەها دەست بە جێبەجێ كردنی بكات ئەگەر هاتوو چەند هەلومەرجێك هاتنەدی.
هەروەها هەرێمی كوردستان دەتوانێت چارەسەرێكی نوێ بخاتەڕوو بۆ ئەوەی عێراق وەك دەوڵەتێك هەڵسوڕێت. پێویستە ئەوە بە بیر خۆمان بهێنینەوە كە پارتە سیاسیەكانی كوردستان بۆ چەندین دەیە كاریان كرد تاوەكو قەناعەت بە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و ئیدارەی ئەمەریكاو دەوڵەتە دراوسێكان بكەن بۆ ئەوەی سەرەتا فیدڕاڵی لە عێراقدا قبوڵ بكەن و دواتر پشتیوانی لێ بكەن. لە ماوەی سێزدە ساڵی ڕابردودا، تەنیا لە ئاستێكی دیاریكراودا فیدڕاڵی سەركەوتوو بووە. پارتە شیعەكان كە ئەوەیان بۆ دەركەوتووه،باش دەتوانن گەمەی زۆرینە بكەن كەمتر و كەمتر ئامادەن بۆ جێبەجێكردنی ڕێوشوێنە فیدڕاڵیەكان كە لە نێوان ساڵانی 2004 و 2005دا ڕازی بوون پێی. تەحەددیەكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەرێمی كوردستان بەرەو ئەوە دەبەن كار بۆ ڕێككەوتنێكی نوێ بكات: فۆرمێكی كۆنفیدڕاڵی نوێ كە بوار بە هەرێمە جیاوازەكانی عێراق بدات بۆ ئەوەی لە سایەی هەلومەرجی جیاوازدا بژین و بە شێوەیەكی جیاواز پەرە بە تواناكانی خۆیان بدەن. عێراقێكی كۆنفیدڕاڵی سەركەوتووتر دەبێت لە فیدڕاڵیەتێكی مەركەزی و ناكارا.
حاڵی حازر هەرێمی كوردستان بە كردەنی سەلماندویەتی كە دەتوانێت ئەم پێشنیارە بخاتەڕوو. ئەگەرچی پرۆسەیەكی دوورودرێژ بووەو هەوڵ و قوربانیەكی زۆری بۆ دراوە، بەڵام ستراتیژیەتی نەوتی هەرێمی كوردستان نموونەیەكی پرشنگدارە. كاتێك داعش خاكێكی زۆری لە عێراق داگیر كرد، بۆریە نەوتیە بەدیلەكانی هەرێمی كوردستان هاوكار بوون لەوەی عێراق لە ئاست پابەندبوونە نێودەوڵەتیەكانیدا بێت لە ڕێی هەناردەكردنی نەوتەوە لە كێڵگەكانی كەركوك و ئەویش لە ڕێی بۆریەكانی كوردستانەوە. هەروەها هەرێمی كوردستان بارگرانی سەر بودجەی عێراقی كەم كردەوە بە هەناردەكردنی نەوتەكەی خۆی بۆ بازاڕەكانی جیهان لە كاتێكدا كە نرخی نزمی نەوت بودجەی عێراقی لاواز كرد.
بۆ ئەوەی كۆنفیدڕاڵیەت بە شێوەیەكی كارا جێبەجێ بكرێت، ئەوا دەبێت خشتەیەكی زەمەنی ڕوون هەبێت. بۆ نموونە، ئەگەر عێراق نەتوانێت لە ماوەی سێ، پێنج بۆ شەش ساڵدا ئیلتیزاماتەكانی خۆی جێبەجێ بكات، ئەوا هەرێمی كوردستان مافی سەربەخۆبوونی دەبێت دوای ئەنجامدانی ڕاپرسی. مۆنتینیگرۆ(2006)و باشووری سودان(2011) بەم مۆدێلەوە سەربەخۆییان ڕاگەیاند. لە هەردوو حاڵەتەكەدا فیدڕاڵیەتە ناكاراكان ددانیان بە دەوڵەتە نوێیەكاندا نا. لە هەردوو حاڵەتەكەدا توانییان خۆیان لە خوێنڕێژی لابدەن. كاتی ئەوە هاتووە لە عێراقی ناكارادا خۆمان لە ڕژانی خوێنی زیاتر لابدەین.