حەتمیەتی دابەشكردنی عێراق
April 2, 2015
وتار و بیروڕا
لەم روانگەیەوە ئەم شەڕەی ئێستا تەنها شەڕی دژی تیرۆریستان نییە، بەڵكو شەڕێكە بۆ رێگرتن لە هەژموون و باڵادەستیی گرووپێك لەو ناوچانەی كە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش و لەسەر عەرەبی سوننە حیساب كراون، بەڵام ئەو ناوچانە لە راستیدا ناوچەگەلێكی تێكەڵاون و هەموو پێكهاتەكانی عێراق تێیدا دەژین.
هۆكارەكانی پاكتاوی رەگەزی لە عێراقدا
شێوازی حوكمڕانی لە عێراقدا هەموو كات بەو شێوەیە بووە كە پێكهاتەیەكی عەرەب (سوننە، یان شیعە) باڵادەست بووە و ئەوانی دیكەی بەراورد كردووە، ئەمە ئەگەر بۆ سەردەمی حوكمڕانیی عێراق تا 2003 دژی شیعە بەشێوەیەك لە شێوەكان راست بووبێت، ئەوا لە دوای 2003 ـەوە لە ئاكامی سیاسەتەكانی حكومەتەكانی عێراق كە شیعە تێدا باڵادەست بووە هەمان سیاسەتی پێشووتر دژی پێكهاتەكانی دیكە پیادەكراوە و هەوڵدراوە پێكهاتەكانی دیكە پەراوێز بخرێن، دیارترین كاردانەوەی شیعەش پەراوێزخستنی پێكهاتەی عەرەبی سوننە بووە، بەوەی هەوڵیانداوە هەموو عەرەبی سوننە لەسەر رژێمی پێشووی بەعس لە قەڵەمبدەن، بەرامبەر بە كوردیش هەوڵیانداوە پەراوێزخستنەكە بەوە پاكانەی بۆ بكەن، كە كوردیش هەموو مافێكی خۆی وەرگرتووە و پێویستە سنوورێك بۆخۆی دابنێت و سەقفی داواكارییەكانی بەرز نەكاتەوە. هەربۆیە دوای داگیركردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە و پاراستنی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، وایكرد سەرۆك مسعود بارزانی رایبگەیەنێت كێشەی ئەو ناوچانە چارەسەركراوە و بەشی زۆری ئەو ناوچانە گەڕاونەتەوە سەر هەرێمی كوردستان، ئەمەش كاردانەوەی ئەو سیاسەتی پشتگوێخستنەی حكومەتی بەغدا بووە كە چەندین ساڵە بە بیانووی جۆراوجۆر و بێ بنەما مەسەلەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 و گەڕانەوەی ئەو ناوچانەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دواخستووە.
هەر لەم راستەوە دەكرێت هۆكاری سەرەكیی خۆبەدەستەوەدانی سوپای عێراق لە ناوچە سوننەكانی عێراق و كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ناوچانە لەلایەن داعشەوە، بەجۆرێك لە تۆڵەسەندنەوەی عەرەبی سوننە لە سیاسەتی حكومەتی عێراق وەك حكومەتێكی شیعە لە قەڵەم بدرێت، ئەمەش دوای ئەوەی كە جێبەجێكردنی یاسای ریشەكێشكردنی بەعس شێوازێكی تۆڵەسەندنەوەی شیعەی لە دژی سوننەی لە خۆەوە گرت. هەربۆیە ئەگەر سەیری هێرشەكانی تیرۆریستانی داعشیش بكەین، هەست دەكەین ئامانجی هەموو هێرشەكانی داعش بۆ ئەو ناوچانە بۆ پاكتاوی رەگەزی هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبێك بووە بێجگە لە عەرەبی سوننە، ئەمەش ئەو راستییە ئاشكرا دەكات كە لەگەڵ ئەوەی سیاسەتمەدار و هەندێك لە سەرۆك خێڵەكانی عەرەبی سوننە ئەوە رەتدەكەنەوە كە داعش نوێنەرایەتی عەرەبی سوننە بكات، بەڵام لە واقیعدا ئەوەی داعش دەیكات تۆڵەسەندنەوەیە و سەرەنجامیش هەموو كارەكانی بۆتە هۆكاری ئەوەی ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی داعشن بێجگە لە عەرەبی سوننە ئەوانی دیكە هەموویان پاكتاو كراون.
بۆیە لەم بارودۆخەدا كارێكی هێجگار قورس و مەحاڵە باس لە ناسنامەی نیشتمانی و پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق بكرێتەوە، بەتایبەتی كە حكومەتی عێراق نەیتوانیوە ئەو دەستوورە جێبەجێ بكات كە عێراقییەكان دەنگیان بۆ داوە، ئەمەش وایكردووە بارودۆخێك بێتە ئاراوە كە هاوكار بێت بۆ تەقینەوەی بارودۆخەكە و لەدەست دەرچوونی كێشەكان، تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی هەتا گۆڕینی حكومەت و كەسایەتییە سیاسییەكانیش نەتوانن كاریگەریان لەسەر بارودۆخەكە هەبێت، واتە بە تەواوەتی پرۆسەی لیكتێگەیشتن و پێكەوەژیان بووەتە كارێكی مەحاڵ. هەربۆیە كاتێك ئەو زەمینەیە لە بارچوو كە ناسنامەیەكی نیشتمانی پێكهاتەكانی دەوڵەتێك كۆبكاتەوە ئەوا ئەمە دەبێتە هۆكاری سەرەكی و یەكەم بۆ لەبەریەكهەڵوەشان و دابەشبوونی ئەو وڵاتە، هەروەها ناشكرێت و قبووڵیش ناكرێت نەتەوەكانی دیكە بتوێندرێنەوە و هەموویان ببنە یەك نەتەوە، بۆیە لەم حاڵەتە دەوڵەتەكە بەرەو پارچەپارچە بوون دەچێت.
كەواتە لێرەدا كێشەی دەوڵەتان هەمەڕەنگیی ئایین و نەتەوە نییە، بەڵكو كێشەكە شێوازی بەڕێوەبردن و رێكخستنی ئەو فرەیی و هەمەڕەنگیەیە، حكومەت بە چ میكانزمێكی دەستووری و یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەم هەمەڕەنگییە دەكات، بەبێ ئەوەی ناسنامەی پێكهاتەیەك ببێتە مەترسی بۆ سەر ناسنامەی پێكهاتەیەكی دیكە.
حكومەتەكانی دوای 2003 لە عێراقدا كە تیایدا شیعە باڵادەستە، گرەوی سەركەوتنی حوكمڕانییەكەی لەسەر ئەوە كردووە كە پۆستە سەروەرییەكان دابەش بكرێت، ئەمەش بەو مانایەی كاتێك پۆستێك دەداتە پێكهاتەیەكی جیاواز لە عەرەبی شیعە بە تەواوەتی هەست و سۆزی پێكهاتەیەك دابمركێنێتەوە و نەتوانێت داوای مافەكانی خۆی بكات، ئەمەش بە حیساب لە چوارچێوەی حكومەتێكی دیموكراتی ژیان بەسەر دەبەن دوای چەندین دەیە لە حوكمڕانی دیكتاتۆری.
هەرە ئەمەش وایكردووە ئێستا لە عێراقدا بێجگە لە هەرێمی كوردستان كە هەموو پێكهاتەكان بە ئازادی پێكەوە دەژین، ئەوا ئەو پارێزگایانەی كە زۆرینەیان شیعەن لە سوننە پاككراونەتەوە و ئەو پارێزگایانەشی كە زۆرینەیان سوننەن لە پێكهاتەی شیعە پاككراونەوتەوە، ئەمەش خەریكە دەبێتە واقیعی نێوان عەرەبی شیعە و سوننە لە عێراقدا.
كاریگەیی سیاسەتەكانی حكومەتی عێراق لەسەر پێكهاتە جیاوازەكان. كریستیان وەك نموونە
گرفتی گەورە لە بەردەم ئەوەی كە كاروبارەكان لە عێراقدا نەگەڕێنەوە سەر راستەڕێی خۆی، كۆچی ئەو پێكهاتە ئایینییە غەیرە ئیسلامییانەی وەك سابیئە و ئێزیدی و كریستیانەكان لە شوێنی خۆیانە، گرنگترین پێكهاتەش لای جیهان لە ئێستادا كە دووچاری ئەم گرفتەبوون، پێكهاتەی كریستیانە، كە جیهانی كریستیان هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە مافی كریستیانەكان لە دەوڵەتە ئیسلامییەكاندا پارێزراو بێت. ئەمەش لە سیاسەتی ئەمڕۆی جیهان بۆ بەدەنگەوەهاتن لە سەر كریستیانەكان شتێكی بەرچاوە و دەكرێت پشتگیری و دەستێوەردانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پرسی باشووری سودان و تەیموری رۆژهەڵات و دەوڵەتانی بەلكان و پشتگیریكردنیان بۆ جیابوونەوە لەو روانگەیەوە سەیر بكرێت كە ئەمڕۆ رۆژئاوا پشتگیری لە كریستیان دەكات. هەربۆیە لە كاتێكدا هەموو كریستیانەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا لەبەردەم مەترسی و هەڕەشەی پاكتاوی رەگەزیدان و ناچارن كۆچ بكەن، ئەوا تێگەیشتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتە هەنگاوهەڵگرتن بۆ ئەوەی زیاتر بێنە ناو گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و سنوورێك بۆ سەركوتكردنی زۆرینە دژی پێكهاتە كەمینەكانی دیكە دادەنێن.
شەڕی مەزهەبگەرایی، یان شەڕی دژی داعش
لە ئێستادا پرسی دابەشبوونی عێراق لە چوارچێوەی مەزهەبی شیعە و سوننە واقیعێكە و بوونی هەیە، بەڵام پرسی سەرەكی ئەوەیە ئەم ناوچانە سەرەنجام بۆ كێ دەبن؟ ئەگەر سەیری ئێستا بكەین، دەبینین هێزەكانی شیعە هەوڵدەدەن بە هاوكاری ئێران ئەو ناوچانەی رزگاری دەكەن، بیكەنە ناوچەیەك سەر بە مەزهەبی خۆیان، بۆیە كاتێك حەشدی شەعبی ناوچەیەكی سوننە لە دەستی داعش رزگار دەكات، واتە كۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر پێكهاتەی سوننە مسۆگەر كردووە، بۆیە عەرەبی سوننەش داوا دەكەن هۆزە سوننەكان چەكدار بكرێن، بۆ ئەوەی بە هۆی شیعەوە ناوچەكانیان ئازاد نەكرێت و پاشان ببنە ژێردەستەی شیعە.
لە نێوان ئەم هاوكێشەیەی سوننە و شیعەدا، كورد زۆر جار بە تەنها شەڕی داعش دەكات و هەندێك جار بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق، هەندێك جار لەناو خاكی كوردستانی باشوور و هەندێك جاریش لە كوردستانی رۆژئاوا، بەڵام هەموو چاوەكان لەسەر كوردن لەبەر ئەوەی بەو جۆرە سەیری ئەم شەڕەی كورد دژی داعش دەكەن، كە دوای ئەوەی كورد هەموو ناوچەكانی خۆی ئازاد دەكات، دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان رادەگەیەنێت.
* قوتابی دكتۆرا لە یاسای نێودەوڵەتی زانكۆی بەیروت