ئیسلام لە گۆشەنیگای فەلسەفەی ئایینەوەلە كەلتووری خوداوە بەرەو ڕێژەگەری ئیسلام بەشی حەوتەم

ئیسلام لە گۆشەنیگای فەلسەفەی ئایینەوەلە كەلتووری خوداوە بەرەو ڕێژەگەری ئیسلام  بەشی حەوتەم

لە بەشەكانی پێشەوەدا پێناسەی چەمكی خودا خرانەڕوو، وەك دەركەوت كە ئەو پێناسانە گشتی بەستراوەتەوە بە پێناسەی مرۆڤ خۆیەوە، واتە مرۆڤ جۆرێك لە شكاندنەوەی سیفاتەكانی خۆی بە سەر خودایا شكاندۆتەوە. خۆی چۆن جیهانی بینیوە، هەرواش لە خودای ڕوانیوە. ئەگەر خودا وەك كائینێك كەسێنرابێت، ئاخۆ دەبێت خودا لەم فۆرمەدا كەلتووری تایبەت بە خۆی هەبێت، هەروەك مرۆڤ كە خودا دەكەسێنێ، هەڵبەتە كەلتووریشی بۆ دادەهێنێت. گومان لەوەدا نییە كە هەر ئایینێك كەلتووری خۆی وەك كەلتووری خودا ناساندووە، بەڵام دەشێت كە ئەگەر خودایەك هەبێت، خۆی لە كەلتووری ئایینی نەتەوەیەكدا، یان چەند نەتەوەیەكدا گیر بدات؟! بۆیە لێرەدا هەوڵ دەدەین لەوە بگەین كە ئەگەر خودا كەلتوورێكیشی هەبێت، دەبیت چۆن دەركەوێت.
ڕەنگە خوێنەر سەرسام بێت بەوەی ئاخۆ خودا كەلتووری تایبەت بە خۆی وەك مرۆڤ هەبێت؟ ئەگەر خودا خاوەنی كەلتووری خۆی بێت، دەبێ چۆن كەلتوورێك بێت؟ دەشێ كەلتووری خودا و كەلتووری مرۆڤ تێكەڵ بە یەكدی ببن، یاخود كەلتووری خودا هەروەك خۆی تاقانەیە و لە كەلتووری هیچ مرۆڤێك ناچێت؟ ئەگەر خودا بە زمانی جیاواز دوابێت، ئاخۆ كەلتوورەكەی ئەو خودایە سەر بە چ زمانێك بێت؟ بۆ نموونە ئەوكاتەی خودا بە زمانی عەرەبی پەیامی خۆی بۆ عەرەب نارد، دەكرێ بپرسین ئاخۆ ئەو خودایە كەلتووری عەرەبیشی لەگەڵ پەیامەكەیدا بۆ خۆی پەسەند كردبێت، یاخود عەرەبی لەسەر كەلتووری خۆی ڕاهێنابێت؟ ئەم پرسیارانە، پرسیاری تری زۆر و زەبەندە لەگەڵ خۆیدا دەهێننەئاراوە؛ بۆ نموونە: ئەگەر خودا كەلتووری عەرەبی وەك كەلتووری خۆی پەسەند كردبێت و بە كەلتووری خۆی ئەژماری كردبێت، دەشێت و دەگونجێت ئەو كەلتوورە بەسەر تێكڕای مرۆڤایەتیدا فەرز بكرێت؟ ئەگەر خودا خۆی عەرەبی لەسەر كەلتووری خۆی ڕام كردبێت، دەشێت هەندێ نەریتی كۆمەڵگەی عەرەبی بۆ خودا گونجاو بێت؟ ئەگەر پرسیاری لەم چەشنە بورووژێنین، ڕەنگە بێكۆتا پرسیار، پرسیاریتر بە دوای خۆیدا بهێنێت، بۆیە لەم جۆرە پرسیاركردنە دەوەستین و هەنگاوێكیتر بەرەو خودا خۆی دەنێین. وەلێ دیسانەوە پرسیاریتر دێتە گۆڕێ: ئاخۆ كەلتووری خودا چی و چۆن بێت؟
هەندێ فەیەلەسوف بۆچوونیان وایە، كە كەلتووری خودا بۆ مرۆڤ ناسراو نییە، سەرەڕای ئەوەی كە مرۆڤ هەرگیز ناتوانێ كەلتووری خودا ئاشكرا بكات، چونكە لە توانایدا نییە كە لتووری خودا بناسێت. ئەوانە باوەڕیان وایە ئەگەر ئێمە خودایەك نەتوانین نە بوونی و نە نەبوونی بسەلمێنین، ئیدی چۆن دەتوانین كەلتووری ئەو خودا شاراوەیە ببینین! ئەم بۆچوونە بە دیوێكدا ڕاستە، بەڵام بە دیوێكی تردا ئەگەر خودایەك خۆی قسە بكات، وەك هەندێ لە ئایینەكان ئەو بانگەشەیە دەكەن، ئەدی ئێمەش ناكرێ و ناشێ بەدواداچوونێك بكەین تا بزانین داخۆ خودا كەلتووری هەبێت، ئەگەر هەیبێت، دەبێت چۆن بێت؟ ئەگەر خودایەك خوڵقێنەری ئەم بوونەوەرە بێت و خاوەنی ئەم هەمكە یاسا گەردوونییە بێت و جۆراوجۆر مرۆڤی خوڵقاندبێت، كە خاوەنی بێئەنداز لە كەلتوور و نەریت بێت، ئاخۆ ئەم خودایە لەم تابلۆیەدا كە خۆی نەخشاندوویەتی، كەلتوورێكی جێنەهێشتبێت، یاخود نەریتێكی تایبەت بە خۆی دەرنەخستبێت؟
ئێمە وتمان كە خودا یەكسانە بە هیچ، خودا لە ناو جیهانی ژمارەدا یەكسانە بە سفر، ئاخۆ سفربوون، هەڵگری كەلتووری تایبەت بە خۆی نەبێت؟ ئەگەر ژمارە ئەوە كەلتوورەكەی بێت، بشێت بژمێردرێت، ئەوا سفربوونیش كەلتوورەكەی وایە كە نەشێت بژمێردرێت، واتە هیچ ئەژمێرێت، بەمانایەكیتر خاڵی لە جیاوازییەكان. واتە كەلتووری خودا ئەچێتە ناو كەلتووری هیچەوە و كەلتووری بوونەوەریش ئەچیتە ناو كەلتووری شتەوە.
ئەم بۆچوونەی سەرەوە بەرەو ئەوەمان دەبات كە بێژێت: مرۆڤ بەردەوام شتێكی هەیە لەویتری جیادەكاتەوە، بەڵام خودا لە دۆخێكی هیچبوونیی ئەوتۆدایە، كە لە هیچیتری جودا ناكاتەوە. واتە كەلتووری خودا كەلتوورێكی ڕەهایە كە جیاوازییەكان لە یەكتری وەك هیچ وایە، وەك یەك یەكەیە كە هیچ لە هیچ جیا ناكاتەوە. بەمانایەكیتر كەلتووری خودا ئەبێتەوە كۆی كەلتووری مرۆڤایەتی كە هەر لە ئەزەلەوە تاكو ئەبەد هەموو ئەو كەلتوورانە دەگرێتەوە؛ بە كورتییەكەی كەلتوورە جیاوازەكانی ناو ئێمەی مرۆڤ لە سەر ئەم گۆی زەوییەدا، بۆخودا لە یەك كەلتووردا دەبیندرێتەوە، كە مرۆڤایەتی بە گشتی خۆی تێدا دەبینێتەوە.
لێرەوە دەگەینە ئەوەی كە بڵێین: كەواتە كۆی دەركەوتنی مرۆڤ هەر لە ئەزەلەوە تاكو ئەبەد چ كەلتوورێكی دەرهاویشتووە، بە هۆی مرۆڤبوونی مرۆڤەوە ڕوویداوە، واتە كەلتووری مرۆڤبوونی مرۆڤ، كە دەكاتە مرۆڤدۆستی یاخود هیومانیسم، ئەوە دەبێتەوە بە كەلتووری خودا، چۆن؟ ئەی خودا وەدیهێنەری ئەم هەمكە مرۆڤە نییە لەسەر ئەم گۆی زەوییە؟ ئەدی خودا مرۆڤی بەو چۆنێتییەوە نەخوڵقاندووە كە بتوانێت ئەو جۆرە كەلتوورە جیاوازانە دەرهاوێژێت؟ ئەوە خودا خۆی بووە كە لە جیناتەكانی مرۆڤدا ڕەنگی پێست و قەد و باڵای مرۆڤی نەخشاندووە، كەسیتر نەبووە، ئیتر بۆچی ئەمانە هەمووی هینی خودا نەبن؟ ئەی هەر خودا خۆی نییە كە مرۆڤی وا خوڵقاندبێت، تا لەژێر كاریگەری كەلتووری خۆیدا، هەمان كەلتوور بۆ خۆی و نەوەكانی دووبارەكاتەوە؟ مرۆڤی وا خوڵقاندووە كە دەق بەو كەلتوورەوە بگرێت كە تیایدا دەرهاتووە. مرۆڤ چی بكات كە بە ناچاری لەو كۆمەڵگەیەی تیا دێتە دنیاوە، دەبێت ڕەنگ و ڕوخساری ئەو كۆمەڵگەیە بگرێت؟ ئەگەر وابێت ئیتر دەبێت مرۆڤ هەر مرۆڤێك بێت، لە هەر كوێیەك بێت، خاوەنی هەر بیروباوەڕێك بێت، بۆ دەبێت ئەمانە گشتیان هی ئەو خودایە نەبن؟ بۆ دەبێت بۆ خودا نازی هەندێكیان هەڵگرێت و هەندێكیتریان بێناز بكات؟ ئەگەر هەنوكە زیاد لە شەش ملیار مرۆڤ لەم گۆی زەوییەدا هەبن، بۆ دەبێ هەموویان لە بەشی خودایان بەرنەكەوتبێت، تەنها چەند ملیۆنێك نەبێت؟ ئەوان خۆیان وا دەبینن كە هەر خۆیانن كەلتووری ئەو خودایەیان هەڵگرتووە، ئەم هەستە وایلێكردوون كە هەرچی كەلتوورە، جگە لە كەلتووری خۆیان، بە پیس و ناشیرین ببینن.
كەواتە ئەگەر ئەو گریمانەیەمان بە هەند وەرگرت و پەسەندمان كرد كە كەلتووری خودا، هەر لەئەزەل تاكو ئەبەد كۆی كەلتووری مرۆڤایەتییە، ئەوا ئیتر دەبێت زۆر لە بیر و بۆچوون و باوەڕەكانمان گۆڕانی بەسەردا بهێنین. ئیتر ناشێت و ناگونجێت كەلتوورێك بە شیاو بزانین و كەلتوورێكیتر بە نەشیاو، مرۆڤێك بە جوان ببینین و یەكێتر بە ناشیرین، كۆمەڵگەیەك ڕیزدار و هێژا سەیركرێن و كۆمەڵگەیەكیتر بێڕێز و سووك دەرخرێن. چونكە مرۆڤ بە كەلتوورەوە خوڵقاوە، بە ناچاری تیایدا ڕواوە، چۆن دەبێت خودایەك ئەمیان بە چاوێك و ئەویتریان بە چاوێكیتر تەماشا بكات، ملیارێك بەندەی خۆی بن و پێنج ملیارەكەیتر بەندەی شەیتان؟!
لەم بۆچوونەی پێشەوە لەوە تێگەیشتین كە كەلتووری خودا، ئەو كەلتوورەیە كاتێ گشت مرۆڤ، بە گشت كەلتوورە جیاوازەكانەوە پێكەوە دەژین، بە یەكچاو سەیری یەكتر دەكەن، مرۆڤبوونی مرۆڤ دەبێتە پێوەری ڕاستەقینەی بە یەك گەشتنی مرۆڤەكان. ئەوكاتە خێڵ، نەتەوە، ئایین، مەزهەب و گروپی جیاواز نابنە پێوەر بۆ لێكنزیكبوونەوە، بەڵكو لەبەر ئەوەی تەنها ئەو كەسە مرۆڤە دەبێتە تاكە پێوەر تا هەقیقەتی پێهەڵبسەنگێنی. واتە كەلتووری خودایەك كە بە یەكچاو لە هەمووان دەڕوانێت، بە یەك پێوەر هەمووان دەپێوێت، لە یەك تای تەرازوو هەمووان دادەنێت و لە تاكەی تردا چاكە و خراپە ڕێكدەخات، ئەوە كەلتووری ڕاستەقینەی خودایە و هیومانیسمی خۆی تیایدا دەنوێنێت، ئەوەیە ئیمڕۆكە مرۆڤایەتی گەرەكیەتی تا لەگەڵ یەكدی بە ئارامی و ئاشتی بژین و لە سایەی یەكتریدا بحەوێنەوە. لە كەلتووری خودایا كۆمەڵگەیەكی مرۆڤپەروەری ئەوتۆ دادەمەزرێت، كە دەبێتە كۆمەڵگەیەكی تۆلێرانس. تۆلێرانس بەو مانایەی كە گشت ئایین و فەلسەفە و بیروباوەڕێك، گشت بۆچوونە جیاوازەكان، ڕەوایەتی خۆیان هەر یەكەو لە ویترەوە وەردەگرن. بە كورتی و پوختی كەلتووری خودا كەلتووری هیومانیسمی و كەلتووری تۆلێڕانسییە و چیتر نییە، هەر لەوێدایە جیاوازییەكان دەبنە یەك و شتەكان دەبنەوە سفر.
ئیدی بە ناچاری ئەم كۆپلە شیعرەی ئیبن عەرەبی دەبێتە دروشمی كەلتووری خودا كە دەڵێ:
سینەم بۆتە هەڵگری گشت وێنەیە
بۆ ئاسكان لەوەڕگایە، لای ڕاهیبان پەرستگایە
بۆ خۆی بۆتە بوتخانەیە، هەر ئاوهاشە ئەو كابەیە
بۆتە لەوحێكی تەورات و پەڕاوی قورئانی تێدایە
ملكەچی ڕێی خۆشەویستیم
لە هەركوێ بێ كاروانەكەی منیش لەوێم
هەر خۆشەویستی ئایینمە و باوەڕەكەم
بەشی داهاتوو، پایەی دووەمی ئیسلام كە پەیامبەرێتییە، دەخەینەڕوو.
Top