گفتوگۆ لەگەڵ ژاک دێریداڕەهەندە مەحاڵەکەی لێبوردن

گفتوگۆ لەگەڵ ژاک دێریداڕەهەندە مەحاڵەکەی لێبوردن
ئەم جیاکارییە گەورەیە لە ناوەندی زانستە کۆمەڵایەتی هاوچەرخدا بە ڕای من بووە بە حاڵەتێکی زەڕووریی ڕۆشنبیری کە ڕووبەڕووی پرسیارێكی گرنگمان دەکاتەوە.
ئایا پێوەندییەک لە نێوان ئەم دوو ڕوانینەدا هەیە، ئایا دەبێت ڕاستەوخۆ بیرکردنەوەکەمان گڵۆباڵ و گشتی بێت سەبارەت بە خودێتی تاکەکەس؟ ئایا بە ڕێکەوت ئەم دوو بوارە جیاوازە بە یەکەوە خۆیان بونیاد ناوە لە هەمان کاتدا؟ من پێم وانییە بەم شێوەیە بێت. لەبەرئەوەی مۆدیالیزاسیۆن سنوورەکان تێکدەشکێنێت، هەروەها کار دەکات بۆ بەهێزکردنی حکومەتەکان و ناوەندەکانی خوێندن و فێرکاری، کەواتە چی ماوەتەوە بۆ ئەوەی دژی مۆدیالیزاسیۆم بوەستێتەوە؟ تاکەکەس، ئاندیڤیدیو، خودی تاک و تەنیا.
ڕەنگە پێم بڵێن کە جۆرە فۆرمێکی دیکەی جووڵانەوەی کۆلۆکتیڤ هەیە نەک بە تەنیا جووڵەی تاکەکەسی و ئاندیڤیدوێل. پێش هەموو شتێک دەبێت ڕاستەوخۆ لەوە تێبگەین کە جووڵانەوەی دەستەجەمعیەکان بریتی نییە لە ڕازی بوون و سازانی کۆمەڵە کەسێک پێکەوە، بەڵکو جووڵانەوەی دەستە جەمعیەکان جۆرێک لە ئیختیاری تاکەکەسی بوون لە سەرەتاوە کە ویستیان بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ، ئەمە بڕیارو ئامانجی خودی تاکەکان بوو، لە دواجاردا بڕیارو ئیختیاری خۆیان بوو ئەگەرچی رەنگە ئێمە پێمان وابێت کە ئەوان لەژێر کاریگەری ئەوانی دیکەی وەک، ئایین و پێدراوە کەلتوری و لایەنەکانی دیکەی نزیک لەوان ئەم بڕیارەیان دابێت.
سەرەڕای هەموو ئەمانەش جووڵانەوە هاوبەش و دەستە جەمعیەکان، کە دروست کراوی خواستی تاکە کەسەکانە، دەتوانێت وەک جۆرێک لە بەرگری کردن دەرکەوێت لە پرۆژەی مۆندیالیزاسیۆن، زۆر بە باشی دەتوانین ئەم جۆرە لە بەرگری کردن لە مۆدیالیزاسیۆن ببینین لە کاتی سەر هەڵدانی ناسیۆنالیزمی ئەوروپی، ڕەنگە جووڵانەوەی دەستە جەمعیەکان بە شێوەی لۆکاڵی دەرکەوتبێت، بەڵام لە هەناوی خەیاڵدانێکی گەورەدا خۆی پەروەردە دەکرد، ڕەنگە بکرێت لە ناو بچێت بە هۆی قسەکردن و لێدوانی گڵۆباڵەوە، ئەم جۆرەش لە لێدوان و گفتوگۆ بەرچاو دەکەوێت لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و [ONG] ناوەندەکانی حوکمڕانی و کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن. ئەمەش دەتوانێت ڕاستەخۆ ببێتە هێڕشێک لەسەر مۆدیالیزاسیۆن سەبارەت بە گۆڕانکاری جیهان و گۆڕانکاری بە جیهانیکردن کە ئەمەش جۆرێکە بۆ بە دەستهێنانی مۆدیالیزاسیۆنێکی نوێ. بە هەرحاڵ دەکرێت پێمان وابێت کە پێوەندییەک هەیە لە نێوان بەرزبوونەوەی بابەتگەلێک لەسەر [خود] و بیرکردنەوەی بە جیهانیکردن [penser global].
لەبەر ئەوەی ئێستا باسی چەمکی [لێبوردن] دەکەین، ئەمەش جۆرێک قسەکردنە لەسەر دادگا لە هەمان کاتدا، دادگایەک کا ناکرێت بە ئاسانی لە بەین ببرێت، لە ژێرگوشاری لۆژیکی نموونەیی و یان زەبری هەڵوەشاندنەوە یان فشاری خودو تاکەکەس، لێرەدا دەتوانین بڵێین کە دادگا دەکەوێتە مەترسییەکی سەختەوە کاتێک کە ناتوانێت ببێت بە قاعیدەی حکومەت بەڵکو دەبێتە شتێکی گشتی و گڵۆباڵ. ئەگەر سەبارەت بە دادگا تەنیا بیر لە کاروباری دادوەری سیاسی بکەینەوە بە شێوەیەکی مۆدیال نەک بە تەنیا بە شێوەیەکی ناسیۆنال و نەتەوەیی، یان ئەگەر تەنیا بیر لە دادگایەکی جیهانی و گڵۆبال دەکەینەوە لێرەوە دەبینین کە بیرکردنەوەکانمان بە شێوەیەکی بەرچاو پێشکەوتووەو گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە.
لێرەوە دەمەوێت جۆرێکی دیکەی بیرکردنەوە بەرهەم بهێنم، سەبارەت بە چەمکی لێبوردن کە ژاک دێریدا دەربارەی نووسیبویت، هەر ئەوەی کە ژاک دێریدا ناوی لێ نابوو لێبوردنی پاک و پوخت، ئەویش لێبوردنی شتێک کە ناکرێت لێی ببوری، لێبوردنێکی هەمەلایەنەو ساف و سۆڵ، وەک دێریدا دەڵێت لێبوردنێک کە دەچێتە نێو قووڵایی تاریکیەکەوە کا ناتوانین مانای بدەینێ و لێی تێبگەین. ئەم لێبوردنە خۆی دوور دەخاتەوە لە هەموو جۆرێکی ئاشت بوونەوە، دەتوانم بڵێم کە دەیەوێت خۆی لە هەموو تۆمارێکی لۆژیكی سیاسیش دوور دەخاتەوە، لە هەمان کاتدا ئەو فشارەش دەبینم لە نێوان ڕوانینێکی ئەخلاقی دەربارەی کردەی لێبوردن و هەروەها روانینی واقیعی سیاسی کە بە جیهانی کراوە، لەگەڵ هەزاران جۆری پەشیمانی و دانپێدانان، سکاڵا کردن و، داوای بەخشین، هەروەها کارکردن لەپێناو بە یەک گەیشتن و ئاشت بوونەوە، بە هۆی میدیاکانەوە دەتوانین تەواوی ئەم شتانەمان بە ئاسانی بۆ دەربکەوێت، کە ئەمەش دەچێتە نێو لۆژیکی کۆنکرێت و ڕاستەقینە، ئەمەش جۆرێکە لە تێکەڵ بوونی چەندین بابەتی وەک، بیرەوەری و، قوربانی و، دادگا. ئێستا دوو تۆمارمان هەیە کە لە کێبڕکێدان، یەکەمیان بریتییە لە ئەخلاق و دووەمیان بریتییە لە مانا کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان لەسەر کردەو بزووتنەوەکان، هەروەها لێرەش دوو لۆژیکمان هەیە یەکەمیان بریتییە لە لێبوردنێکی پوخت و دووەمیان لێبوردنێک کە مەرج و سنووری هەیە. ئەگەر ئەم دوو تۆمارە بگشتێنین، ئایا دەکرێت ئەخلاق لە سیاسەت و لە جووڵانەوە گشتیەکان جودا بکەینەوە؟
با ئێستا هەنگاو بنێین بۆ ناو دووکێشە کە مایەی بیر لێکردنەوەیە. یەکەمیان دەربارەی پلەکانی ئەخلاقی ئەمڕۆیی کە نابێت تێکەڵی بکەین لەگەڵ ئەخلاقی پوخت و زانستی ئەخلاق. من پێم وایە لە ناو کۆمەڵگاکانماندا ئاڕاستەیەکی قووڵ هەیە کە گرنگی ئەخلاقمان بۆ دەست نیشان دەکات کە بە تەنیا زانستی ئەخلاقمان فێرناکات کە لەسەرەوە نەخشەکانی داڕێژراون، لەسەرەوە مەبەستمان لە هەندێک بیرمەند و بەرپرسی سیاسی و ئاینییە، هەروەها ئەخلاق داڕێژراوێکی قانونی نییە کە یاساناسەکانی حکومەت نووسیبێتیانەوە، ئەو جۆرەش لە ئەخلاق باس ناکەم کە نرخ و بەهاکانی یاساکان بۆ خۆی قۆرخ دەکات، مەبەستمان لە ئەخلاقێکە کە تاکەکەس خاوەنێتی، کە لە خوارەوەو لەو ناوەندانەدا دروست دەبن کە تاکەکان تێیدا دەرگیری یەک دەبن. ئەتوانم ئەوەی کە دەیڵێم بیسەلمێنم لە ڕێگای ئەخلاقی کۆمیتەی نەخۆشخانەکانەوە کە خەریکن بوونی خۆیان دەسەلمێنن لە ناو جەرگەی نەخۆشخانەکاندا، بە تایبەتی لە نەخۆشخانەی [cochin] لە پاریسی فەرەنسا. کە لێرە کۆمیتی بڕیار نادات. لێرە بەهرەو کەفائات و تاوانیی جیاواز هەیە، بۆ نموونە بەشی پزیشکی، یاسایی، سۆسیۆلۆژیک، فیلۆزۆفیک تاد..، ئەمانە کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بکەن لە دانە دانەی تاکی نەخۆش کە گرفتی نەخۆشەکان تا ڕادەیەکی بەرچاو ئاڵۆزو سەختە کە لەگەڵ ژیان و مەرگدا ڕووبەڕوون. ژمارەی کۆمیتیکانی بەشداربوو کە ڕووبەڕووی ئەم گرفتانە دەبنەوە هەڵدەستن بە توێژینەوەکردن، زانیاری تەواو کۆدەکەنەوە، دەکەونە گۆڕینەوەی بیروڕا، دوای هەموو ئەمە، ئەوان بڕیار نادەن بەڵکو هەڵدەستن بە ئانالیزێ و شرۆڤەکردنی بارودۆخ بە شێوەیەکی گشتی و تایبەتی. زۆربەی کات ئەم جۆرە لە شرۆڤەکاری جۆرە روانینێکی دیکەمان دەداتێ بۆ سەیرکردنی دۆخی کەسیی نەخۆش: نەخۆشێک کە بێهێزو پەککەوتەیە، هەروەها ئەو تاکەکەسەی کە لێرە نییەو لە قەیراندایە، یان منداڵێکی تازە پیتێنراو، بە هەمان شێوە دۆخی خانەوادەو دایک و باوک. تاد. ئەوەی لای من جێگەی گرنگیە لێرەدا ئەوەیە کە ئەخلاق وەک بابەتێکی پوختی سۆسیۆلۆژی و نەناسراوە، هەروەها بابەتێکی مێژوویش نییە، بەڵکو لە کۆنتێکستێکی دیکەوە وەرگیراوە، بڕیارێکە کە دەبێت بیدەین، ئەگەر ئەم بڕیارە لە ڕێگای خەڵکی دیکەشەوە بدرێت دەبێت لە ناو پانتاییەکی رووناک و بێ گرفتدا بێت. ئەخلاقی لێبوردنی پوخت، ئەخلاقێکی پوختی وەها کە پێم وایە پێوەندی دارە بە کۆمەڵێک لایەنی دیکەوە، دەمەوێت کەمێک لەم باسە دوور بکەوینەوە پاشان بە وردی دێمەوە سەری، کەمێک دوور دەکەوینەوە بۆ ئەوەی زیاتر قووڵ ببینەوە لە ناو گرفتێکی قووڵدا کە تێیدا چەقیوین کە یان دەبێت باز بدەین بەسەریدا یان دەبێت لەگەڵی دەرگیر ببین. ئەمە کارێکی ئاسان و خۆش نییە.
ئەم پلە بەرزە، کە پێم وایە ژاک دێریدا بەدەستی نەهێناوە، زیاتر متمانەی بە سیاسەت هەیە نەک بە خۆی، زیاتر متمانەی بەتوانایی ئەکتەرە سیاسیەکان هەیە کە هەموو کێشەکان بە خۆیانەوە دەبەستنەوە بە تایبەتی گرفتی ئەخلاق.
ئەمەش وا دەکات پێ بخەمە ناو گرفتی دووەم کە لەسەرەوە باسمان کرد، بە پێی ڕوانینی ژاک دێریدا بیردۆزێک هەیە کە سیاسەت و دادوەری ناتوانن هەموو گرفتەکان چارەسەر بکەن، تەنانەت لێشیان نزیک ببنەوە. ئەوەی کە لە دەستی سیاسەت دەچێتە دەرەوە، توانایی تاکەکەسەکانە کە خاوەنی بڕیاری خۆیانن، بە نموونە سەبارەت بە لێبوردن یان لێنەبوردنی شتێک کە ناکرێت لێی ببورین ئەمە تەواو بڕیارێکی تاکەکەسیەکە لەژێر دەستەی سیاسی و یاساییدا نامێنێتەوە. بەڵام ئەمڕۆ لەناو کۆمەڵگاکانماندا چیمان بۆ دەردەکەوێت، سەبارەت بە کەموزۆری گیروگرفتەکان؟ بێگومان ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە سیاسەت بەرامبەر زۆربەی کێشەکان ناتەواون و بێ هێزە کە خۆشی نازانێت ئەم جۆرە لە بێهێزی بەرامبەر بەو گرفتانە لە کوێوە دێت، ئەگەر چەند نموونەیەک وەربگرین تایبەت بە ئیدارە کردنی بواری ئابوری، نایەکسانی کۆمەڵایەتی و، بێکاری و، نەبوونی ئاسایش و ئەمان. هەموو ئەمە بۆ سیاسەت سەختە تەنانەت بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی جیاوازییە کەلتوریەکانیش بە هاتنی ئایینە جیاوازەکانیشە بۆ وڵاتەکەمان بۆ نموونە ئاینی ئیسلام.
بە هەرحاڵ تەنیا چەمکی ئەخلاق نییە کە سیاسەت بێ هێز دەکات، بەڵکو ئەمڕۆ بوارەکانی دیکەی وەک ئابوری و ڕۆشنبیریش بە هەمان شیوە سیاسەت پەک دەخەن. ئەگەر ئەمڕۆ بمانەوێت سیاسەت بونیاد بنێینەوەو توانایی خۆی بۆ بگێڕینەوە، لەسەر ئەوەی کە بتوانێت بڕیار لەسەر گیروگرفتەکان بدات، ئەگەر بیر لەو شتانە بکەینەوە کە پڕۆسەی دیموکراسیەت نوێ دەکەنەوە، یاخود بەمۆدێلێکی تازە دیموکراسیەت بونیاد بنێینەوە کە هەموو لایەنەکاندا بەشداری تێدا بکەن و ڕێک بکەون، هەروەها ئەگەر بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن بتوانین وا بکەین کە تەنیا چەپەکان یان ڕاستەکان یان هەردوولایان پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی سەرلەنوێ مانا ببەخشنەوە بە کردەی سیاسەت کردن کە لە ئێستایان متمانەی خۆی لە دەست داوە، لە دوای هەموو ئەمەی کە باسمان کرد ئاخۆ دەکرێت روانین و پرسیاری کۆمەڵگا لەسەر ئەخلاق و ئەخلاقیات لە ناو بچێت و نەمێنێت؟
ئایا دەکرێت بە خۆمان بڵێین کە ئیتر رووبەرێکمان هەیە نا ئاشناو غەریب لە دەرەوەی سیاسەت خۆی بونیاد ناوە ئەو ڕووبەرەش رووبەری ئەخلاقە؟ کەواتە ئایا ئەوە مەحاڵە بە شێوەیەکی یاسایی و سیاسی چارەسەرەکان بدۆزینەوە بۆ خراپترین هەڵەو گرفتەکان، بۆ ئەو شتانەی کە ناکرێت لێیان ببورین؟ لە ناو بیردۆزی لێبوردنی پوخت لەسەر شتێک بکات، ناکرێت لێی ببورین ئیدێ یەک هەیە کە دەتوانین بیگشتێنین، چەندین جۆری کردارمان هەیە لای مرۆڤەکان کە لە خراپەی پوختەوە دێنە دەرەوە کە نامرۆڤ بوونی ئەو کەسانەمان پێدەڵێت کە هەستاون بە خراپەکاری. بەڵام بۆ سۆسیۆلۆگێک، ئەم بیردۆزە لە کاتی قبوڵ کردنیدا سەخت دەکەوێتەوە، لەبەر ئەوەی سۆسیۆلۆگ دەتوانێت هەموو ئەو لایەنانە ببینێت کە تاک پاڵ پێوەدەنێن بۆ ئەوەی هەستێت بە کردەی خراپەکاری، وەک سیاسەت، ڕۆشنبیری و، لایەنی ئابوری. خراپە کردەیەک نییە لە دەرەوەی کایەکانی سیاسەت و کۆمەڵگادا خۆی مانیفێست بکات و بونیاد بنێت، ئەم کائینە دەکەوێتە نێو لۆژیکی ناخودێتیەوە، واتە چیتر وەک خودێکی پوخت دەرناکەوێت بەڵکو هاندەرو فاکتەری دیکە هەن کە جووڵەکانی ئاڕاستە دەکەن. ئەگەر بتوانم لە خراپە تێبگەم، ئەگەر خراپە سەر بەکاتێگۆری [méta-sociale] یان [métapolitique] نییە، کەواتە ئەتوانم بە سیاسەت و ئەخلاق ڕووبەڕووی ببمەوە.
هەموو ئەمە وام لێدەکەن بکەومە سەر هێڵی بیرکردنەوە لە بابەتێک کە هەمیشە بۆ من مایەی ئازایەتی و، بەهێزی و، قودرەتمەندێتی بووە، ئەوەش جوانی بیرکردنەوەکانی دێریدا بوو لەگەڵ کارەکتەرە بەهێزو قاسی و جەوهەریەکەی جەوهەرێک کە لە کاتی قسەکردن و پرسیار دەربارەی ئەخلاق جێگیردەبێت لای دێریدا، بە تەنیا ئەخلاق نا بەڵکو لێبوردن و، دادوەری و، خزمەتگوزاری.
ژاک دێریدا دەربارەی [ لێبوردنی] پوخت پێماندەڵێت بۆ ئەوەی مانا ڕاستەقینەکەی خۆی وەربگرێت لە ڕاستیدا نابێت هیچ مانایەکی هەبێت، دەبێت نا کۆتابێت مایەی تێگەشتن بێت. دێریدا ئەمە ناو دەنێت [شێتی مەحاڵ] .ئەم پێوەندییە لە نێوان بیردۆزی مەفهومی خاڵس و پوخت و شێتیدا وام لێدەکەن کە بیر لەو هەموو هەوڵ و تەقەڵایەك بکەمەوە کە ئەنجامم داوە بۆ بە ئەندیشەکردنی ئەو دیاردانەی کە دیراسەم کردوون وەک سۆسیۆلۆگێکی مەیدانی: دیاردەکانی وەک، زەبروزەنگ و تیرۆریزم .
کۆنسێپتێکی پوخت لەسەر تیرۆریزم دەبێت چی بێت؟ من دەتوانم وێنەی دوو زۆن ببینم کە ژاک دێریدا تێیدا پێی هەستیار و دڵتەنگ بوو، پێم وایە کە تیرۆریزمی پوخت دوو لۆژیکمان پیشاندەدات، بە لایەک ئاشت نابێتەوەو بە لایەکی دیکە لە کۆمەڵگاش دانابڕێت. بەشێکی ئەم تیرۆریزمە لە سیاسەتدا خۆی دەبینێتەوەو بەشێکی دیکەی سەر بە دنیای مۆدیرنە، دەتوانین بە دیاری کراوی بڵێین هەم ئامڕازو هەمیش عەقڵانی. ئەوانەی کە لە یانزەی سێپتەمبەری ساڵی 2001 دا بە هۆی توندوتیژیەکانیانەوە دەرکەوتن عەقڵانیتر بوون وەک لە دەزگای دژە تیرۆری ئەمریکی کە لە ناوەڕاستەکانی ساڵی هەشتاکاندا هەموو لایەنەکانیم دیراسەم کردبوون. لە کاتێکدا هێزەکانی دژە تیرۆر لە ئەمریکا خەریکی وێنەکێشانی نەخشەی سیناریۆکان بوون لەسەر تیرۆریزمی ئەتۆمی و بیۆلۆژیک، تیرۆریستەکان سواری فڕۆکە دەبن لەگەڵ کەتەر و چەقۆکانی گیرفانیان، ئەوان لە ڕیزی پێشەوەی فڕۆکەکاندا دادەنیشتن بۆ ئەوەی وەک خەڵکانی دیپلۆمات و موشەرەف خۆیان نیشانبدەن. لە لایەکی ترەوە تیرۆریزم وردە وردە ماناکانی خۆی لە دەست دەدات و هەموو شتێک تێکدەدات، هەروەها جۆرێک لە گەندەڵی دەبینین لەسەر مانا ڕاستەقینەکانی کردارەکانیان، تیرۆریزم مانای راستەقینەی خۆی زیاتر لە دەست دەدات و وەک شتێکی نامومکین و نائاسایی دەکەوێتەوە بۆ کەسی تیرۆریست زیاتریش لەمە وەک شتێکی پیرۆزو مەزن تەماشای کردەی تیرۆر دەکەن، وەک ژاک دێریدا دەڵێت: ڕەنگە ئەمە جۆرێک لە پوچێتی و شێتی بێت. ئیتاڵیای ساڵەکانی 70 و 80 کان دەکرێت نمونەیەکی ڕوون بێت دەربارەی ئەم بۆچوونەی ئێمە لەسەر تیرۆریزم: جوهدو تێکۆشانی سوپا، ماناکانی خۆی زیاتر لە دەست دەدا لەبەر چاوی چینی کرێکاران لە کاتێکدا ئەوان لە چاوەروانی ئەوەدا بوون سوپا بە ئەرکی خۆی هەستێت و رزگاریان بکات، سوپا بە ئەرکی خۆی هەڵنەستا بۆ ئەوەی کارمەندەکان ڕزگار بکات، لێرەدا سوپا تاوانبارە بەرامبەر بەوەی بە ئەرکی راستەقینەی خۆی هەڵنەدەستا سەبارەت بە ئازادی کرێکاران کە لە قەیراندا بوون، سوپا لەبری ئەوەی هەوڵ بدات بۆ بەدیهێنانی ئازادی کرێکاران، دەجووڵێت بۆ ئەوەی بیانکوژێت لە ناویان بەرێت و زۆربەی کاتیش بیانفڕێنێت، لەگەڵ هەموو ئەم خراپەکاریەشدا کە دژی کرێکاران دەیان کرد، گوتاریان دەنووسی و دەخوێندەوە سەبارەت بە ئازادی و جوانی و خەون و خەیاڵی قەشەنگ بۆ ژیان، بە شێوەیەکی عاقڵانی فیکرو تێگەیشتنی درۆینەی بەرهەم دەهێنا. کەوایە تیرۆریزمی پوخت ئەو شتەیە کە هیچ کەس ناتوانێت دەربارەی هیچ شتێک ببیستێت و بزانێت، ئەو کەسانە نەبێت کە لە پێناوی هزری تیرۆریزمیدا کاردەکات، ئەوانەش بریتین لە نەتەوە، هاووڵاتی، چینە کۆمەڵایەتیەکان. تیرۆریزم تەنیا هۆکاری لە ناو چوونی خودی خۆی بوو بە مانا پوختەکەی.
بەڵام ئەمڕۆ با لە تیرۆریستی ڕاستەقینە بڕوانین: لەسەرانسەری دنیادا تیررۆریزم ناسراوە، بۆ زۆربەی کەس کە خۆشیان لە نێو ئەم بابەتەدا دەبیننەوە، بە تایبەت لە بەدیهێنانی خراپەکاریدا، ئەم مۆدێلە لە تیرۆریزم لە دەرەوەی ئەو خەیاڵە پوختەوەیە کە من لێیدوام. دەتوانین بڵێین ئەزموونێکی تیرۆریزمی کاتێک تەواو دەبێت کە هێزەکانی پۆلیس و سوپا لە کۆتایەمین جووڵەدا سەرکوتی بکەن، بەو شێوەش ژەنەراڵ dalla chiesa کۆتایی بە جووڵەیەکی تیرۆریزمی هێنا کە خەریک بوو دنیا بگرێت. دژواریەکە لەوەدایە کە کۆنسێپتی تیرۆریزم، هەرچەندە پێویستە، بەڵام ناتوانرێت دروست شی بکرێتەوە، ئەگەر بەتەواوەتی ئەزموونی تیرۆریزم بکەین، جووڵەو گوفتاری ئەکتەرەکانیان لێک نزیک و تەبابن کەوابێت دەبێ وای دابنێین کە ئەم تیرۆریزمە وردە وردە شکست بخوات و خشت خشت بکەوێتە خوارەوە بە جۆرێکی ڕاستەوخۆ و تا هەتایە یان بۆ ماوەیەکی کاتیی لەبەین دەچێت.
ئەمە چەندە بۆ تیرۆریزم ڕاستە، بە هەمان شێوەش بۆ توندوتیژیش دروستە،کە بەشێوازێکی گشتی و فراوانتر کاردەکات. ئەم توندوتیژییە کاتێک دەگاتە پوخت ترین هەوێنی خۆی ئەو کاتەیە کە ئێمە لە ناو دەبات و کۆتاییمان پێدەهێنێت، دەتوانین بەمە بڵێین توندوتیژی لەسەر توندوتیژی. دیارترین دەموچاوی ئەم جۆرە لە توندوتیژی پوخت [sadisme]ە کەسێکە کە چێژ لە ئازاردانی بەرامبەر دەبینێت، بەڵام کاتیگۆری سادیسم تەواو ئاڵۆزو نا ڕوونە، بەتایبەتی کە پێوەندی بە مازۆشیستەوە هەیە. لێرەش هەندێ جار دەکرێت زوڵم و ستەم، توندوتیژی بێت بۆ توندوتیژی، توندوتیژی بێت بۆ چێژ وەرگرتن بەهۆی ئەزموونێکەوە دەردەکەوێت کە دەتوانرێت بۆ هۆی توندوتیژی کەسێکی ترەوە بێت، بەهۆی سیاسەتەوە، بە هۆی جەنگەوە، یان بە هۆی باری دەروونییەوە، یان بە هۆی چەندین شتیتر یان بە هۆکاری عەقڵانی یان ئامڕازە تەکنیکیەکان، زۆر کتێبی و ئەدەبی مێژوویی هەیە کە نیشانمان دەدەن کە ئایا ئەو سەربازانەی کە دڵێکی ناسکیان هەیە دەتوانن بکەونە ناو توندوتیژییەکی پوختەوە یان ناتوانن، بەپێی ئەوە دەردەکەوێت کە ئاخۆ خۆیان لەدەست داوە یاخود نا، لەبەرچاوی شاهیدو ڕۆژنامەنووسەکاندا دیار دەبن یان نادیار، لە ژێر کاریگەریی مادە هۆشبەرەکاندا هەڵدەستن بە کردەی زەبروزەنگ و ئەمەش وایان لێ دەکات خۆیان بدەنە دەستی کارگەلێکی پوچ و خراپ.
بەڵام وەک لێبوردنێکی پوخت، توندوتیژیەکی پوختیش تایبەتیە. بەڵام بەرلەوەی لەم کارانە بدوێین وەک وەحشەتگەری و شێتی، دەبێ پێش ئەمە وەک سۆسیۆلۆگێک و مێژوونووسێک شیبکەینەوە ئەنالیزێی بکەین، ئەم کارانە شیبکەینەوە کە پەیوەستن بەم بابەتەوە. بەڵام کە ئەم شیکاریەمان تەواوکرد، ئەگەر تێگەیشتنەکەی زەحمەت بوو کەواتە دەتوانین لەسەر شیکاری زیاتر بەدواداچوونی تر بکەین، ئەگەر ئەوەمان کرد ئەوا لە دەرەوەی چارەسەری سیاسی و ماف و مۆراڵەوەین، کەواتە دەتوانین بیر لەوە بکەینەوە کە تاوانباران بەرپرسیار نین لە تاوانەکانیان لەبەردەم دادگادا. لێرەدا ناتوانین خۆمان لە توندوتیژیەکی پوخت لابدەین و نەکەوینە ناویەوە، لە کاتێکدا کەئەم جۆرە لە توندوتیژیش هیچ سوودێک لە پراکتیزە کردنی وەرناگرین، بەڵام ئەوەش دەزانین کە توندوتیژی لەسەر توندوتیژی بە شێوەگشتیەکەی بە قەد ئامڕازە تەکنیكیەکان سەخت نییە.
بەڵام من هێشتا لێرەدا باسی دەوڵەمەندی بیرکردنەوەکانی ژاک دێریدام نەکردووە لەسەر [لێبوردن]، لە ناو تێکستەی ژاک دێریدا کە من ئێستا لەسەری کار دەکەم ئێمە دەباتەوە سەر چەندین ڕێگای تر لەو ڕێگایانەی کەمن هەڵمبژاردووە، بۆنموونە من لێرەدا زۆر بەکەمی باسی سەرکردایەتی سیاسی و دەسەڵاتی حوکمڕانم کردووە، یان مافی بەخشندەییم کردووە. من لەگەڵ قسەکانی ژاک دێریدا توانیم بیرکردنەوەیەکی تر دابێنم بە شێوازی خۆم. توانیم لە چەندین لای ترەوە تیشک بخەمەسەری، بەجۆرێکی تر گفتوگۆکەم لەگەڵ ژاک دێریدادا درێژە پێبدەم. من هیچ هۆکارێکم نییە تا بیرکردنەوەکەی ئەو سەخت و دژوار بکەم بۆ تێگەیشتن، بەڵکو تەنیا دەمویست ئیشی لەسەر بکەم، ڕەنگە چەندین لام وێران کردبێت، بەڵام هەوڵم داوە باشتر دروستی بکەمەوە.

* سۆسیۆلۆگ، سهرۆکی دهزگای زانسته مرۆییهکان، پاریس. سهرۆکی ڕێکخراوی ئهنتهرناسیۆنالی سۆسیۆلۆژی
Top