ئایندەی کوردستانلە قەراغ ستراتیژیی ئەمریکا، ئێراندا!

ئایندەی کوردستانلە قەراغ ستراتیژیی ئەمریکا، ئێراندا!
کوردستان لە بارێکی ئاڵۆزدا دەژیت. ئەو تاوێرە تیرۆریستییەی (داعش)، هەموو جیهان بە هەڕەشەی سەرخۆیانی دەزانن، دەستەویەخە شەڕی کوردستان دەکات. باڵانسی چەک لەنێوان داعش و پێشمەرگە، ڕاستنەکراوەتەوە. عێراق نەک هەر چەک بە کوردستان نادات، ناشهێڵێت لە دەرەوەڕا چەک بە ئاسانی بگاتە پێشمەرگە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پابەندی یاساکانی خۆیەتی؛ بە ئیزنی عێراق نەبێت چەک بۆ کوردستان نانێرێت. عێراق قەت بە ڕوانگای دەوڵەتێکی مەدەنی بەڕێوەنەچووە، تائیفییەتی سوننە و شیعە، بۆ نەهێشتنی یەکتر بەڕێوەی دەبەن. هەردووکیشیان نەمانی کوردیان دەوێت. ئابڵۆقەی ئابووری، داخڵی ساڵی دووەم بوو، عێراق بودجەی کوردستان نادات، دەیەوێ بیخنکێنێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ئێستا نایەڵێت کوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت. حکوومەت و پەرلەمانی عێراق، وەک داعش لە دژی کوردستان خەریکی پیلان و هەڵداشتنن. ئەم دواییە وێدەچێ هەندێک بەرەی جەنگ لەسەر داعشەوە بگوێزێتەوە سەرکوردستان. حەشدی شەعبی بە ئاشکرا هەڕەشە دەکات. جیهانی ڕۆژاوا بە قسە و بە ڕاگەیاندن، تێر پشتیوانی کوردیان کرد و لێشی بەردەوامن، بەڵام لە چەکی پێویست و شکاندنی ئابڵۆقەی ئابووری بە تەنیا بەجێیان هێشتووین. عێراقیيەکان پێماندەڵێن بۆ جیانابنەوە، وەک بڵێی دەزانن ڕۆژاوا، بۆ سەربەخۆیی نەک هاوکاریمان ناکات، بەڵکو ڕێگەشمان لێدەگرێت. عێراقییەکان و دۆستە ستراتیژییەکەیان(ئێران)، بیردەکەنەوە؛ لە کوێندەر کرا لەوێ هەڵماندێرن.
ئێمە پێویستە بەدوای گرفتەکاندا بگەڕێین. کوردستان بۆخۆی خاوەنی ستراتیژییەکی دیاریکراو نيیە. هێزە سەرەکییەکان لە بەرژەوەندیی حزبییەوە، دەڕواننە کێشە چارەنووسسازەکان. هەبوونی حەز و مەیل بۆ سەربەخۆیی، نابێتە ستراتیژی و هیچ لایەنێکی جیهانی و عێراقی حسابی لەسەر ناکات. کوردستان بە پەرت و بڵاوی ناتوانێت بەرەنگاری نەخشە ستراتیژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتەوە. ئەو نەخشانە بۆ هێنانەدی ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆیان، مامەڵە لەگەڵ هێزەکانی کوردستان دەکەن. هەموو میللەتێک، پێویستی بە هێزی یەکلاکەرەوە هەیە، ئەو هێزەش لە لێکتێگەیشتن و هاوکاریی لاباڵە گەورەکان دروست دەبێت. هەبوونی سەرکردەی کاریزماتیک، لەم دۆخەدا شان بە شانی دیالۆگ و لێکدی نزیک کردنەوەی ڕوانگەکان، ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت. ئیستا لە کوردستاندا، هەر لایەنەو بە یاری خۆیدا هەڵدەڵێت. ئەو شێوازە، دەرهاویشتەی قەیرانی سیاسییە. بەوە میللەت و کۆمەڵگە لەت بووە. ناوەندی بڕیاری سیاسی کوردستان کە بە یاسا لەلای سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، میکانیزمی تایبەتی خۆی بۆ دادەندرێت، لەژێر کاریگەری خراپی ئەم قەیرانەدایە.
دانیشتووانی عێراق، بە کردەوە بەسەر سێ ناوچەی ئیتنیکیدا بەش بوون: شیعە، سوننە، کورد. هەڵبەت گشت پێکهاتەکانی دیکەی عێراق، ناوەندی بوون و بڕیاری خۆیان داوەتە پاڵ کوردستان. لە سێ ناوچە ناوبراوەکەدا، هەر بەشەیان سوپای تایبەتی خۆی هەیە، ناوچەی نفوزی خۆی دیاریکردووە. ناوچە بەرفراوانەکەی شیعە، نیوەی کوردستان، لەناو جوغزی ستراتیژیی ئێراندایە. ناوچەی سوننە، پەیوەندییەکی پتەوی بە ناوەندی کەنداوی عەرەبییەوە(سعودیە) هەیە. ئەوە جیا لە پەیوەندییەکی شل لەگەڵ ئەمریکا. کوردستان(نیوەکەی هەولێر) بەدواى ڕوانگەیەکی نیوە سەربەخۆدا دەگەڕێ، ئەویش تا ئێستا دروست نەبووە. پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا هەیە. جیا لە تورکیا، جۆرێک لە دۆستایەتی لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی کەنداو هەیە.
ستراتیژیی ئێران لەسەر عێراق، بەندە بە ئامانجە سەرەکییەکانی، ستراتیژیی ئەو دەوڵەتە بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێران زلهێزی دووەمی ڕکابەری ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە سی و پێنج ساڵە، بەرژەوەندیی ژیاری بۆ خۆی داناوە، دەیانپارێزێت. لە سێ دەیەی ڕابردوودا، هیچ کاتێک ئێران هێندەی ئێستا بەهێز ودەستڕۆیشتوو نەبووە. وەک خۆیان دەڵێن؛ دەستیان بەسەر چوار پایتەختی عەرەبیدا دەڕوات کە بریتین لە : بەیروت، دیمەشق، بەغدا، سەنعا. لە بەحرەین و فەلەستیندا، پێگەی ئێران زۆر بەهێزە. هەمیشە دەتوانێت کیشە بۆ سعودیە بنێتەوە. هەرێمی کوردستانی کردووەتە دوو لەت. لەتی سلێمانی دابین کردووە، گوشاری لەسەر هەولێرە تا یەکلایی بکاتەوە. ئەگەر ئێران بتوانێت بەسەر هەولێردا زاڵ بێت، لە ڕووی جوگڕافیای سیاسی و لۆجستیکییەوە، سوننەی عێراق و سعوودیە پاڵ پێوەدەنێت، تورکیا بەرەو باکوور پاشەکشە پێدەکات، ڕێگەی سوپایی ڕاستەوخۆ، لە نێوان تاران، دیمەشق دەبێتەوە. لە ئەگەرێکی ئاوهادا، ئێران سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستدێنێت کە بە هۆیەوە دەتوانێت گوشار بخاتە سەر بەرەکانی دیکەی کێشەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە حاڵەتێکی وادا، تورکیا دادەبڕێندرێت، سعودیەش گوشاری ڕاستەوخۆی ئێرانی(شیعە) دەکەوێتە سەری. ئەوەیە کە هەولێر لەسەر زەوی، لە شەڕی ستراتیژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گرنگییەکی زۆری هەیە.
ستراتیژیی ئێران، دیرۆکێکی درێژی هەیە، دیاردەیەکی تازە نیيە. ئێران قووڵایی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە دەست بەسەرداگرتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینێتەوە. دوای ڕووخانی سیستەمی شاهەنشاهی و سەرکەوتنی سیستەمی کۆماری ئیسلامی، ڕەگەزی مەزهەبی(تائیفی) شیعە، بووە لایەنێکی سەرەکی لە جموجۆڵی ستراتیژییانەی ئێران. دابەشبوونی پەیڕەوانی شیعە، بەسەر ناوچە جیا جیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاندەر و بەڵگەیەکی ئیتنیکی کاریگەرە بە دەست ئەو دەوڵەتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرمایە و وزەیەکی زۆر بۆ پەیوەندیکردن بە هەموو پەیڕەوانی عەلەوی سەرف دەکات. دوای سێ دەیە، ئێران توانیویەتی جێ پێی خۆی لە هەموو ناوچە عەلەوی نشینەکان قایم بکات. لە ناو عەلەویەکانیشدا شیعەکانی دابین کردووە. بەو سیاسەتە سووریای خستۆتە جوغزی خۆیەوە، لە جوغزی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دەریهێنا. ئێستا بە هەمان شێوە، یەمەنیشی داگیر کرد. لە داهاتوودا، ئەگەر سەرکەوتن بەدەستبێنیت، لە رێی عەلەویەکانەوە، دەست دەخاتە ناو تورکیا، هەروەها لە ڕێی شیعەکانی سعودیەوە، دەست دەخاتە ناو سعوودیەش. هەڵبەت ئەگەر ڕووسیا نەبوایە، کۆماری ئازەربایجانی شیعە، نەیدەتوانی ئەم سەربەخۆییەی هەیەتی بیپارێزێت.
هەرێمی کوردستان زۆرینەی سوننەیە، بەڵام شیعە و مەسیحی، کاکەیی، ئێزیدی، شەبەک، تورکمان، سریان، کلد، ئاشوور، عەرەبی تێدایە. ئەم ئیتنیکیە فراوانە، مۆرکێکی تایبەتی بە کوردستان داوە. ئێران لەلای خۆیەوە، پێکهاتەی کورد بە بەشێک لە درێژبوونەوەی نەژادی ئێرانی کۆن دادەنێت، خۆيشی بە خاوەنی دەزانێت. ئەو دەوڵەتە دان بە ناسیۆنالیزمی کورد نانێت. لە ڕاستیدا ناسیۆنالیزمی کورد و شۆڤێنییەتی ئێرانی، بووەتە دۆڵێکی جیاکەرەوە کە هیچ پاساوێکی بۆ باوەڕە کۆنەکەی ناو ستراتیژییەتی ئێران نەهێشتۆتەوە. لە ڕووی جوگرافیای سیاسییەوە، کوردستان تاکە پردێکە، ئێران دەگەیەنێتە ناو قووڵایی جوگڕافیای سیاسيی عەرەب. لەم لاشەوە هەر بە کوردستاندا دەتوانێت تورکیا تەنگاو بکات. بۆیە ئێران ناوچەی ئێمە بە هەرێمی ژیاریی خۆی دادەنێت. ئێران شەڕ لەسەر ئەم ناوچەیە دەکات و بە ناوچەی تەواوکاری شیعەنشینی عەرەبی عێراقی دادەنێت. بۆیە هیچ پڕۆژەیەکی بۆ داهاتووی کوردستان لەلا نیيە تەنیا تواندنەوەی زۆرەملێ نەبێت.
ستراتیژیی ڕاگەیەندراوی ئەمریکا، ئەوروپا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بریتییە لە پاراستنی سەرچاوەکانی وزە، پێشگرتن لە دەوڵەتە توندڕۆکان، قەلاچۆکردنی تیرۆڕ. لەو سیاسەتەیاندا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، جموجۆڵ دەکەن و دەیپارێزن. تا پێش بەهاری عەرەبی(کە توندڕۆیی لێ کەوتەوە)، ئەو ستراتیژییە گفتی پشتیوانیکردنی لە بزووتنەوە میللییە دیموکراتخوازەکان دەدا. لێ ئێستا پاشەکشەیەکی تەواویان لەو گفتەدا کردووە. لە بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا چەندین جار سوپاکانی ئەمریکا و ئەوروپا، هاتوونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام هیچ نەخشەیەکی سیاسییان نەگۆڕیوە و هیچ سیستەمێکی دیموکراتی لێوە دروست نەبووە.
ئەمریکا و ئەوروپا، بە ڕاستەوخۆ بەرەنگاری ئێرانن. هەڵبەت بەرەنگاری توندڕۆیی سوننەشن. بۆیە گۆڕانی زوو زوو بەسەر سیاسەتیاندا دێت. لە هەر وڵاتێک توندڕۆکانی سوننە، یان شیعە بێنە دەسەڵات، بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئەوروپا دەخەنە مەترسییەوە. ئەو هۆکارە زەمینەی، جار جار لەسەر ئەرزی واقیع، دان و ستاندنی لەنێوان وڵاتانی پشتیوانی توندڕۆیی سوننە و ئیرانی شیعە، دروست کردووە. لەو دان و ستانە وردانەدایە، هەندێک جار ناوچەی جیاجیا دەکەونە بەر پەلامار، یان دەکرێنە قوربانی. نموونەی یەمەن لە پەلاماری حوسییەکان، کوردستان لە پەلاماری داعش، لەو جۆرەن. هەڵبەت نزیکایەتی سیاسی و سوپایی ئێستا لە نێوان ئێران و ئەمریکا، هەر لەو ئاڵۆزییە سیاسییەوە دێت.
جوگرافیای سیاسی و سەربازیی کوردستان، لە شەڕی نێوان ئێران(شیعە)، سوننە(سعودیە، تورکیا)، ئەمریکا ـ ئەوروپا، بووەتە ناوچەیەکی گرنگ بۆ سەرکەوتنی ستراتیژیی ئەمریکاـ ئەوروپا. لە ڕاستیدا لەم ڕۆژگارەدا، ئەوە گرنگیی ستراتیژییە کوردستان دەپارێزێت نەک سامانی نەوت. لە ساڵی ڕابردوودا، لە جەنگی نەوت لە نێوان کوردستان و عێراق، جیهانی ڕۆژاوا پشتی عێراقیان گرت. بەمەش سیاسەتی پشتبەستن بە داهاتی نەوت، لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا. دوای چەند مانگێک کە داعش هێرشی کردە سەر کوردستان، هەڕەشە لە هەولێر نزیک کەوتەوە، ئەمریکا و ئەوروپا ڕاستەوخۆ دیفاعیان لێی کرد، چونکە بە ناوچەیەکی ژیاریی بۆ ستراتیژیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلای خۆیان حسابی دەکەن. وێدەچێ ئەو ناوچە ستراتیژییە، کوردستانی ڕۆژاڤاش بگرێتەوە. بەشداريی ئەمریکا لە پاراستنی کۆبانێ کە هەرێمی کوردستان پێی هەڵسا، ئێران و تورکیا و سعودیەی تووشی شۆک کرد. لە شەڕی نێوان ستراتیژییەکاندا، زمانێکی سەربازیی تایبەتی هەیە کە یەکتری پێ حاڵی دەکەن. ئەمریکا ئەو زمانەی بەکارهێنا. بۆیە ئێستا ئێران و تورکیا دەزانن کوردستان، بە باشوور و ڕۆژاڤایەوە، ناوچەی ستراتیژیی ئەمریکا و ئەوروپایە. بۆیە داگیرکردنی کارێکی ئاسان نيیە. هەڵبەت ئەو قسەیەم دەستێوەردان و کارکردن لەسەر حزبە دەستڕۆیشتووەکان، ڕەت ناکاتەوە. بۆیە کوردستان دەرفەتێکی بە نرخ و ژیانبەخشی لەدەستدایە، دەتوانێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی، بەکاری بهێنێت. کوردستان دەستی کراوەیە تا ستراتیژیی خۆی داڕێژێت و کاری لەسەر بکات. تا ئەو کاتەی بەغدا لەبن فەرمانی تاراندایە، داشی کورد سوارە و پێگەی بەهێزە، دەتوانێت کار بۆ ئامانجەکانی بکات. هەر کاتێک بەغدا بگەڕێتەوە ژێر فەرمانی واشنتۆن، ئەو کات لە گرنگيی سیاسی کوردستان کەمدەبێتەوە و دەکەوێتەوە ژێر گوشار.
تورکیا لە دەوڵەتێکی ڕووەو دیموکراسی و کێشەدامرکێنەوە، بووە دەوڵەتێکی توندڕۆ و ڕیسککار. ئێستا لە گۆشەگیریدا دەژیت. ستراتیژیی ئەو وڵاتە شکستی هێنا. هەروەک ماوەیەک لەمەوبەر ئۆردوغان گوتی؛ ئەگەر گۆشەگیری ئێمە لەبەر ئیمانی ئێمە بێت، شانازی پێوە دەکەم. ئەمە قسەیەکە هەمیشە توندڕۆکان دەیکەن، پاساوی شکست بە ئایدیۆلۆژیا دێننەوە. هەڵبەت پاراستنی پەیوەنديی نێوان تورکیا و کوردستان، بۆ ئاسانکاری و مانەوەی کوردستان، ژیارییە و ناشێ بە کەم حساب بکرێت.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە مەیدانی شەڕی نێوان چوار هێز کە بریتین لە ئەمریکا، ئێران، سعودیە، تورکیا. هەرسێک هێزە رۆژهەڵاتییەکە، بە بەرژەوەندی جیاجیا، توندڕۆن و دژی دیموکراسین. ئەمریکاش بە شێوەی جیاجیا بەرەنگاری هەرسێکیان دەبێتەوە. لەو ناوەدا شەڕی سەرەکی لەگەڵ ئێرانە. بە پلەی دووەم شەڕی لەگەڵ توندڕۆیی سوننەیە. داعش لەو ناوچەیەدا لەسەر زەمینەیەکی کەلتووری، دینی، مەزهەبی، سیاسی، جیهانی، سەریهەڵداوە و هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و دۆستەکانی دەکات. دۆستی سەرەکيی ئەمریکا و ئەوروپا لەو شەڕەدا تەنیا کوردن. ئەم دۆستایەتییە هەمووی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە و هیچ نیازێکی دیکەی تێدا نيیە. بۆیە پێویستە کوردستان، وەک هەلێک بیقۆزێتەوە و بۆ سەربەخۆیی بەکاریبێنێت. ئەو هۆکارەی هێزی کورد دەپارێزێت، یەکدەنگی و یەک ڕوانگەییە بۆ داهاتوو. پێویستە بەرژەوەندی حزبی و ئایدیۆلۆژی و ناوچەیی، لە توێی یەکگرتنی کوردستاندا دابین بکرێت، ئەگینا دەبێتە خۆراکی دەستێوەردانی ستراتیژییە ناحەزەکانی کوردستان و سەرنجام قووت دەدرێن. لێرەوە پابەندبوون بە دامودەزگا قانوونییەکانی کوردستان، یەکخستنی هێزی پیشمەرگە تا ئاستی سوپای کوردستان، دروستکردنی ڕوانگەی هاوبەش لە نێوان حزب و پێکهاتەکان، لێکدی حاڵیبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پ ک ک گرنگییەکی ژیاریی هەیە.
Top