گفتوگۆ لەگەڵ جاک دێریدا ڕەهەندە مەحاڵەکەی لێبوردن

گفتوگۆ لەگەڵ جاک دێریدا ڕەهەندە مەحاڵەکەی لێبوردن
لێرەوە دەربارەی دوو بیرکردنەوەو تۆماری جیاواز دەنووسین کە جاک دێریدا جیایان دەکاتەوەو دژی ڤلادیمیر ژانکێلێڤیج قسەیان لەسەر دەکات، یەکەم دەربارەی مۆندیالیزاسیۆن، دووەم دەربارەی شێتی لە ناو خوددا، من ئەمە ناو دەنێم [Subjectivité] خودگەرایی، بەڵام دەشزانم کە دێریدا پێی خۆش نییە کە بەم شێوەیە ناوی بنێم، ئێستە وەک سۆسیۆلۆگێک قسە دەکەم، پێتان وا نەبێت کە لە جیاتی دێریدا دەدوێم، بەڵکە تەنها لە ڕێگەی خۆمەوە بۆچوونەکانی جاک دێریدا دووبارە دەکەمەوە، ئەمەش یارمەتیم دەدات کە بە هۆشیاری و هزری خۆم بیربکەمەوە، نەک کەسێکی دی.



ئەگەر بکرێت لە شتێک ببوورین، ئەوە دەبێت لەو شتە بێت، وەک جاك دێریدا دەڵێت،کە ناتوانین لێی ببوورین. بەڵام هەر لە سەرەتاوە جاک دێریدا دێت و لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی کردەی لێبوردن دەخاتە ژێر چاودێريیەوەو بە حەزەرەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات:
لەلایەکەوە کردەی لێبوردن بەو شێوەیەی کە بە جیهانيی کراوە،گشتێنراوەو وەک شانۆیەکی جیهانيی نمایشکراوە، دەخاتە ژێر چاودێریيەوە. لە چرکەساتی باسکردنی لێبوردندا، جاک دریدا پەنا بۆ چەمکی [جیهانگیری]دەبات، چونکە ئەو لێبوردنەی کە ئێستا لەسەر ئاستی جیهان دەخرێتە ژێر باس، بە جۆرێک لە جۆرەکان لەژێر کارایی کریستیانیسمی ڕۆمانیدایە، کە خۆی لە خۆیدا ئايینێکی جیهانییە. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە دێریدا، جودایسم لەسەرهەڵدانی دیاردەی لێبوردن دوور دەخاتەوە، بە پێچەوانەوە، ئەو پێیوایە کە جودایسمیش بەشدارە لە دروستکردنیدا. لەلایەکی دیکەشەوە، ڕەهەندە مەحاڵەکەی لێبوردن کە وەک دێریدا دەڵێت [تەنها کاتێک دەبێتە مومکین کە مەحاڵ وەربگێڕینە سەر واقیع] و قوربانییەک بە شێوەیەکی میهرەبانانە، بێ مەرج کراوەو دوور لە قازانج، بیبەخشێت بە جەلادێک وەک تاوانبار.
جاک دێریدا پێیوایە کە، لە نێو لێبوردن لەو شتانەی کە ناکرێت لێیان ببوورین شتێک هەمیشە ئامادەیە بە ناوی [من]: ئەوە [منم] وەک [خود]کە لە ئەوێکی دیکە [دەبوورم]. بەم شێوەیە لە کردەی لێبوردندا، جاک دێریدا دیاردەیەک دەبینێت کە ناوی دەنێت[خاوێنی ڕادیکاڵ]، کە خاوەنەکەی دەگەیەنێتە قۆناغی شێتی: گەڕانی شێتانە بە دوای موستەحیلدا.
ئەمەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کاتێک کە قوربانییەک هەڵدەستێت بە تاوانبارکردنی کەسی تاوانبار بە دڵ و گیان، بێ قەیدو شەرت، ناکۆتاو ئەبەدی تاوانباری دەکات. من لێرەدا وشەکانی جاک دێریدا وەک خۆی بەکار دەهێنم.
لە ناو کۆنتێکستی داوای لێبوردندا سەبارەت بە شتێک کە مەحاڵە لێی ببورین، منێک دەبینین کە دەیەوێت ببورێت، ئەگەر بکرێت ئەوە منم کە هەمیشە لێت دەبورم. لێرەدا وەک جاک دێریدا دەڵێت خۆڵاسەیەکی رادیکاڵ دەبینین سەبارەت بە لێبوردنێکی خاڵس و جەوهەری، ئەم تەساموحە جۆرە شێتیەکی نامومکین و مەحاڵە.
لێرەوە دەربارەی دوو بیرکردنەوەو تۆماری جیاواز دەنووسین کە جاک جیایان دەکاتەوەو دژی ڤلادیمیر ژانکێلێڤیج قسەیان لەسەر دەکات، یەکەم دەربارەی مۆندیالیزاسیۆن، دووەم دەربارەی شێتی لە ناو خوددا من ئەمە ناو دەنێم [Subjectivité] خودگەرایی، بەڵام دەشزانم کە دێریدا پێی خۆش نییە کە بەم شێوەیە ناوی بنێم، ئێستا وەک سۆسیۆلۆگێک قسە دەکەم پێتان وا نەبێت کە لە جیاتی دێریدا دەدوێم بەڵکە تەنها لە ڕێگەی خۆمەوە بۆچوونەکانی جاک دێریدا دووبارە دەکەمەوە، ئەمەش یارمەتیم دەدات کە بە هۆشیاری و هزری خۆم بیربکەمەوە نەک کەسێکی تر.
ئێستا با قسە دەربارەی [Mondialatinisation] بکەین، لێرەدا کۆمەڵێک لایەنی جیاوازی تێدایە کە دەبێت لە یەکیان جودا بکەینەوە، بەر لە هەرشتێک جیاکردنەوەی ئیدیی[mondialisation] بە جیهانیبوون، دەبێت باش ئەوە بزانن کە فەڕەنسیەکان مۆندیالیزاسیۆن بەکار دەهێنن لە کاتێکدا ئینگلیزەکان کۆنسێپتی[globalisation] بەکاردێنن، ئەمەش ئەو بیرکردنەوەیەمان لا دروست دەکات کە تێرمی مۆندیالیزاسیۆن دوو ڕێگەی جیاواز دەگرێت، ڕێگەی یەکەمیان جۆرێک لە هەستی بەرجەستەکردنی مۆندیالیزاسیۆنمان وەک ئیمپراتۆریەتێک نیشاندەدات، ئەم جۆرە مۆدێلە ئێکۆنۆمیستەکان پێشنیاریان کرد، بۆ ئەوەی سیستەمێکی جیهانی وەها دروست بکەن کە بتوانێت سنوورەکان تێکبشکێنێت، دەبێت ئەوەش ڕوون بێت کە ئەم سیستەمی بە جیهانیکردنە دەتوانێت تەنيا وەک دەسەڵاتی بازرگانی کردن و ئاڵوگۆڕی بازاڕ و خواستی کاپیتالیسم بەکاربهێنرێت و ئیشبکات، بەڵام بۆ پێوەندی و جموجوڵی مرۆڤەکان لەناو هەمان سیستەمدا ئەم مۆدێلە ناگونجێت و جووڵەی مرۆڤەکان بابەتێکی ترە، ئەمەش وادەکات کە بە ئاسانی ئەو نایەکسانیانە ببینین کە لە دامودەزگاکانی حکومەت و خوێندنگەکاندا بەرجەستەن.
لایەنی دووەم دەربارەی [globalisation] قسە دەکەین، کە ئەم مۆدێلە بە تەنيا هەڵگری واقیعێکی ئیمپراتۆری نییە کە تەنيا بیر لە ئیکۆنۆمی دەکاتەوەو دەیەوێت بە جیهانی بکات، بەڵکە دەیەوێت هەموو شتێک ببێت بە یەک و هەموو لایەن و جیاوازیيەکان لە خۆیدا قبوڵ دەکات، دەیەوێت هەموو شتێک وەک جیهانیبوون پێشنیار بکات، زانستە کۆمەڵایەتیەکان بەم مۆدێلەی گلۆبالیزاسیۆن دەڵێن، عەدالەت، جووڵەی کۆمەڵایەتی، تەندروستی، حوکمڕانی، سیاسەت و تاد..
ئایین زۆر لێمانەوە دوور نییە لێرەدا، بەڵکە لێرەدا دەتوانین بپرسین ئایا کریستیانیسم کۆنترین مۆدێلی بە جیهانی کردن نییە وەک مۆدیالیزاسیۆن و گلۆبالیزاسیۆن لە هەمانکاتدا؟
بەڵام دەتوانین دەربارەی هەندێک شتی دیکە بدوێین کە لە ناو بیرکردنەوەی گڵۆباڵدا خۆیان دەبیننەوە بۆ نموونە چەمکی[لێبوردن] کە دەتوانێت لە ئاست و رووبەری جیاوازدا خۆی بونیاد بنێت و خۆشی بگۆڕێت، لێرەوە لێبوردن دەچێتە ئاستێکی باڵای جیهانی و، نەتەوەیی و، ناوچەیی و لۆکاڵیەوە، دواجار دەبێت تەواوی ئەو بیرکردنەوەو ئیديا جیاوازانە قبوڵ بکەین کە لە ناو دیسیپیلی جیاوازدا بەرهەم هاتوون، بەڵام دەتوانن پێکەوە بگونجێن و کار بکەن. کەواتە دەبێت ئەوەش بزانین کە لەم جیهانەدا کە هەموو شت دەکرێت ڕاست و دروست دەربکەوێت، بەڵام زانین و زانست مەرج نییە هەمیشە لە سەنتەری بابەتەکاندا بێت.
من لە وڵاتێکەوە هاتووم کە بەرگری لە مۆدیالیزاسیۆن دەکات، بە هەمان ئەندازەش خزمەت دەکات بە بیرکردنەوەی گڵۆباڵ وەک پێشتر ئیشارەتم بە هەردوو مۆدێلەکە کرد. ئێستا لەبەردەم دیاردەیەکی گرنگدا وەستاوین. دەتوانین ئەم دیاردەیە وەها بخوێنینەوە کە فەڕەنسیەکان زۆر کەم و خراپ بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، ئەم کائینە نایەوێت بچێتە هیچ دێباو گفتوگۆیەوە کە دەیەوێت دەربارەی تواناو هێزی بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرە ئینگلیزەکان و ئەمریکیيەکان قسە بکات. ئەمەش جۆرێکە لە دژایەتیکردنی ئەو بۆچوونەی دێریدا کە لەسەر ئایينی لاتین پێشنیاری کردبوو، چونکە تیۆریيەکەی دێریدا دەربارەی بە جیهانیبوونێکی بەربڵاو دەدوێت کە تەواوی دەستکەوتەکانی نە لە کەلتوری لاتینەوە وەرگرتووەو نە لە کەلتووری کریستیانیسیشەوە. ئێمە دەبێت تەفسیرێکی لەوە ڕوونترو باڵاترمان هەبێت کە لە ژیانی ڕۆشنبیری و سیاسیمانەوە دەستمان کەوتووە، ئەویش ئەمەیە کە: فەڕەنسا لەناو دێباو گفتوگۆکانیەوە زیاتر خۆی پیشانی دنیا داوە، بەتایبەتی لە ساڵەکانی پەنجا تا حەفتایەكانی سەدەی پێشوو، فەڕەنسا بەشێوەیەکی کاریگەر توانی ببێت بە سەنتەری تەواوی جیهان سەبارەت بە گفتوگۆو نووسین دەربارەی مارکسیزم و دژە مارکیسیزم لەهەمان کاتدا، بە شێوەی جيدی و ئەکتیڤ دەربارەی شۆڕش قسەی هەبوو، ناوەندی ڕۆشنبیری فەڕەنسا بە جۆرێک بەسەر سارتەر و ئارۆندا دابەش بوون کە دەبوو ڕاستەخۆ لایەنگریان بۆ یەک لەم دوو بیرمەندە ئاشکرابکەن، بە هەمان شێوەی سەرهەڵدانی شەڕی ساردکە دەبوو لایەنگری لایەنێک لە لایەنەکانی شەڕی سارد بکەن، فەڕەنسا وڵاتێک بوو کە بەلایەوە گرنگ بوو دەربارەی چینی خوارەوەی هەژاری کۆمەڵگەکان بدوێت، هەروەها قسەکردنی بەردەوام دەربارەی کۆتایی داگیرکاری و ئیستیعمار لە دیارترین بابەتەکانی گفتوگۆی ڕۆشنبیری و سیاسی فەڕەنسا بوون.
بەڵام کاتێک قۆناغێک سووڕی خۆی تەواو دەکات و لاپەڕەی نوێ هەڵدرانەوە، فەیلەسوفە تازەکان هاتن و دەربارەی ئەو قۆناغە قسەیان دەکردو دەیاننووسی کە مارکسیزم لە شکست و خاوبوونەوەدایە. بە جۆرێک کە مێژوونووسی فەڕەنسی فرانسوا فویرێ بە ئاسانی و بێ کێشە دەیوت کە شۆڕشی فەڕەنسی کۆتايی پێهات و مرد، وەکو چۆن کەوتنی دیواری بەرلین ڕێگەی بە فرانسیس فۆکۆیاما دەدا کە هەمان بیرکردنەوەی کۆنی ئیگێل و کۆژێل دووبارە بکاتەوە کە بە شێوەیەکی لە خۆبايی و بێ ئەدەبانە باسی کۆتايی مێژوویان دەکرد، بە هەمان شێوە فۆکۆیاما لە دوای کەوتنی دیواری بەرلین کۆتايی مێژووی ڕاگەیاند، تەواو سەخت بوو بۆ ڕۆشنبیرە فەڕەنسیيەکان کە بە شێوەی فراوان بێنە نێو دێباو گفتوگۆ تازەکانەوە، لەبەر ئەوەی ئەم گفتوگۆو دێبا نوێیانە هیچ هاوبەشیەکیان لەگەڵ ئەو قۆناغە فەڕەنسیەدا نەبووکە فەڕەنسیەکان دایان هێنابوو.



* سۆسیۆلۆگ، سهرۆکی دهزگای زانسته مرۆییهکان، پاریس. سهرۆکی ڕێکخراوی ئهنتهرناسیۆنالی سۆسیۆلۆژی
Top