لە جەنگێكی بەرفراواندا بارزانی شەڕەكانی بردەوە

لە جەنگێكی بەرفراواندا بارزانی شەڕەكانی بردەوە
باشووری كوردستان لە جەنگێكی بەردەوامدایە بۆ بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسینی خۆی. ستراتیژیی بەرەو دەوڵەت بردنی كوردستان و پیادەكردنی ئەو مافە سروشتییە بە شێوازیكی ئاشتییانەی دوور لە توندوتیژی، ئامانجە Objective نەك خەون Dream . وتەیەكی ئینگلیزی هەیە: To Win the War، you Should not lose the Battles واتە بۆ ئەوەی جەنگ ببەیتەوە، دەبێت شەڕەكان نەدۆڕێنی.
قۆناغە هاوتەریبەكان
ئەگەر جەنگ، سیاسەت بێت بە ئامرازێكی دیكە، كەواتە میللەتی ئێمە بەردەوام لە جەنگێكدایە بۆ ئەوەی مافی سروشتی دروستكردنی دەوڵەتی خۆی بەدەست بهێنێت. ئەم جەنگەش لە كۆمەڵێك شەڕی بەردەوام پێكهاتووە و بەرەكانی جیاوازن. سەرخستنی راپەڕینی پیرۆزی گەلی كوردستان لە ئاداری ١٩٩١ و دەستپێكردنی پرۆسەی نیشتمانسازی Nation Building و هەنگاو بە هەنگاو سەرخستنی قۆناغەكانی پرۆسەی گواستنەوە بەرەو دیموكراسیەت Transition in To Democracy و چوونە ناو پرۆسەی چەسپاندن و بەهێزتركردنی پێكهاتە و دامەزراوەكانی دیموكراسییەكانی كوردستان Consolidating Democracy پرۆسەیەكی بەردەوامە. هەموو ئەم قۆناغانەش هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەیی و نیشتمانیدایە، چونكە رزگاركردنی بست بە بستی باشووری كوردستان و چەسپاندنی دەسەڵاتی دەستووری و یاسایی هەرێمی كوردستان و راگەیاندن و پاراستن و وەرگرتنی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە كیانی سەربەخۆی باشووری كوردستان، ئینجا كۆتایی بەو قۆناغە دەهێنێت. لێرەوەیە كە كەیسی هەرێمی كوردستان، وەك كەیسێكی ناوازە لە ناو زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لێی دەڕواندرێت، چونكە تاكە شوێنی دنیایە، لە یەك كاتدا لە سێ پرۆسەی هاوتەریبدا بێت (نیشتمانسازی Nation Building، - گواستنەوەو بەرەو دەیموكراسیەت و چەسپاندنی دامەزراوەو كەلتوور و میكانیزمەكانی دیموكراسی – خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتمانی). سیاسەتی سەرۆك بارزانی، وەك سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەم گەلە، لە سەر بنەمای (مانەوەی كوردستان و پەرەپێدان و پێشخستنی Survival and Development و بەرەو بەدیهێنانی مافی چارەنووس بووە. بە وردبوونەوەیەكی ورد لە پانۆرامای لێدوان و هەڵوێست و پراكتیكی سیاسی و دیپلۆماسی سەرۆك بارزانی، دەگەینە ئەو بەرئەنجامەی كە سەرۆك بارزانی بۆ بردنەوەی جەنگە گەورەكە، پێویستی بە بردنەوەی شەڕە جیاجیاكان و بەرە جیاجیاكان بووە.
گەورەترین هەڕەشە
لە دوای ئەنفال و كیمیابارانەوە، شەڕی تیرۆریستانی داعش، گەورەترین مەترسی بووە لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی كوردستان و هەڕەشەیەكی گەورەش بووە لە سەر مانەوەو گەشەپێدانی هەرێمی كوردستان. جارێ زووە قسە لەسەر ئەوە بكرێ كە كێ و چۆن داعشی هاندا لە ئۆگۆستی ٢٠١٤ پەلاماری كوردستان بدات، بەڵام وەڵامی ئەوەی كە بۆچی پەلاماری كوردستانیدا زۆر ئاسانە. كۆنتێكست و كاتی پەلامارەكانی داعش بۆ كوردستان رێك لەو كاتانەدا بوو كە سەرۆك بارزانی پرۆسەی سازدانی ریفراندۆمی بۆ جێبەجێكردنی مافی چارەنووسی كوردستانی بردە پەرلەمان و داوای دامەرزاندنی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كرد. هەموو ئەوانەی كە نایانەوێت كورد بەو مافەی خۆی بگات، سوودمەندی پەلامارەكانی داعش بوون بۆ سەر كوردستان. پێیانوابوو كورد تووشی شەڕێكی زۆر زۆر درێژخایەن دەكەن، تووشی شەڕی داچۆڕینی تواناكان و هەڵتەكاندنی دەكەن War Of Attrition، تەركیز و توانای بۆ پیادەكردنی ئەو ئامانجەی لاواز دەكەن، ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە بندەستی كورد دەردەهێننەوەو قووڵایی ستراتیژیی باشووری كوردستان كەم دەكەنەوە!
ئیرادەی پۆڵایین
بەڵام حیساباتی ئەوان بۆ ئیرادەی پۆڵایینی سەرۆك بارزانی و رۆحی بەرگریی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و توانای دیپلۆماسیی سەركردایەتی سیاسیی هەرێمی كوردستان، راست دەرنەچوو، سەرۆك بارزانی بە حوكمی پێگەی كاریزماتیكی خۆی، وەك درێژەپێدەری رابەرایەتی بارزانی نەمر بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستان لەم شەڕەشدا سەركەوتووانە لێی هاتەدەرەوە. ئەگەر بە تەنها شەڕی تیرۆریستانی داعش بە نموونە وەربگرین، لە ماوەیەكی زەمەنی دیاریكراو، واتە لەمانگی ٦/٢٠١٤ تا ئەمرۆ ٢٩/١٢/٢٠١٤ سەركەوتنەكانی بارزانی لە بەرە جیاجیاكانی شەڕەكانی جەنگە گەورەكەدا دیار و بەرچاون.
سێ ستراتیژ
لە سەرەتای پەلامارەكانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، سەرۆك بارزانی توانی بە ورەیەیكی پۆڵایینی گەورەوە شانبەشانی هەموو هێزە سیاسییە تیكۆشەرەكانی گەلەكەمان و پێشمەرگە قارەمانەكان ستراتیژێكی سێ خاڵی جەوهەری دابڕێژێت و وردە وردە دەست بە جێبەجێكردنیان بكات:
ستراتیژی وەستاندنی پێشڕەوییەكانی داعش.
ستراتیژی دەركردنی داعش لەو شوێنانەی كوردستان كە داگیریان كردبوون.
پشتیوانیكردن لەهەر هێز و لایەك كە شەڕی داعش بكات و سوپاسكردنی هەر لایەك لە شەڕی داعشدا هاوكاری كوردستان بكات.
بۆ جێبەجێكردنی ئەو سێ ستراتیژە، سەرۆك بارزانی وەك بەشێك لە هێزی ستراتیژیی نەتەوە، پێگە و توانا و رەهەندە دیپلۆماسییەكانی بەكارهێنا و بەرهەمی ئەو سیاسەتە دروستەی دوورییەوە كە هەرێمی كوردستان لە سەری رۆیشتبوو. لە كەمتر لە ٢٤ كاتژمێر ئەمریكا و ئێران پێكەوە هاتنە سەر خەت و بە كردەوە بەشداربوون لە هاوكاری خەڵكی كوردستان لە راوەستاندنی پێشڕەوییەكانی داعش. - ئێران بە ناردنی تەقەمەنی پێویست و ئەمریكا بە دابینكردنی هێزی ئاسمانی- . پاش ئازادكردنەوەی زۆربەری هەرە زۆری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، سەرۆك بارزانی لە سەر چیای شنگال وەك ترۆپكی سەركەوتنەكان موژدەی كۆتایی هێنان بە قۆناغی دووەمیشی راگەیاند.
ترافیكی دیپلۆماسی
ئەو ترافیكە سیاسی و دیپپلۆماسیەی كە لەم ماوەیدا رووی لە هەرێمی كوردستان كرد، سەركەوتنێكی دیكەو گەورەی سەرۆك بارزانی بوو لە بواری دیپلۆماسی و قەناعەت پێهێنانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە خەڵكی كوردستان بە نوێنەرایەتی جیهانی ئازاد، سەربەرزانە شەڕی زلهێزترین رێكخراوی تیرۆریستیی نێودەوڵەتی دەكات. دروستبوونی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی كە لە ٦١ وڵات پێكهاتووە بۆ شەڕی تیرۆریستانی داعش و هەموویان هێزی پیشمەرگە بە گرینگترین هێز دادەنێن كە لە سەر زەوی تیرۆریستان تێكدەشكێنێ. هاتنی سەرۆك كۆماری فەرەنسا وەك یەكەم سەرۆك دەوڵەتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، شان بە شانی ئەو سەرۆك وەزیر و وەزیرانی دەرەوە و بەرپرسانی سەربازیی وڵاتان و پەیوەندی بەردەوامی كۆشكی سپی و ناردنی چەك و تەقەمەنی بۆ كوردستان و مەشقی سەربازی بە پێشمەرگە لە وڵاتان لە سەر چەكی مۆدێڕن و هەڵبژاردنی سەرۆك بارزانی لە لایەن گۆڤاری TIME وەك كەسایەتی ساڵی ٢٠١٤ لە سەر ئاستی هەموو دنیا، هەموو ئەمانە ئەو سەركەوتنانەن كە بارزانی توانی سەركردایەتییان بكات و بۆ گەلەكەمانی بەدەستبهێنێت.
بەدەمەوەچوونی رۆژئاوا
لە سەر ئاستی نەتەوەیی، سەركەوتنی بارزانی لە بەرەیەكی دیكەی شەڕ بەوەی باوەڕ بە هێزە نێودەوڵەتییەكان بهێنێت باشووری كوردستان چەك و تەقەمەنی بنێرێتە كۆبانێ و پاشان سەركەوتوو بێت لەوەی باوەڕ بە ئەمریكا و توركیا بهێنێت بۆ رەوانەكردنی پێشمەرگە بە ناو خاكی توركیادا بۆ هاوكاریی شەڕڤانەكان لە كۆبانێ و ئەو پێشوازییە میللییەی كە لە باكووری كوردستان لە پێشمەرگە كرا و ئەو دەنگدانەوەی ئەم پرۆسەیە لە سەر هەستی نەتەوەیی و یەكڕیزی نەتەوەیی هێنایەئارا، دیسان بۆ سەرۆك بارزانی سەركەوتنێكی یەكجار گەورە بوو.
رێككەوتنی هەرێم و بەغدا
گرتنەبەری سیاسەتی چانس پێدان بە پرۆسەی سیاسیی عێراق وەك دوایین چانس، بێ ئەوەی هیچ گۆڕانێكی بنەڕەتی لە هەڵوێست و پێگەی كوردستان لە سەر فایلە جیاجیاكان هەبێت و بە پێچەوانەوە بوونی گۆڕانێكی پۆزەتیڤ لە هەندێ لە كارەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراق و یەكهەڵویستیی سەرجەم لایەنەكانی كوردستان بۆ ئەم پرسە و رێككەوتنی هەرێمی كوردستان و بەغدا لە ٢-١٢-٢٠١٤، سەركەوتنێكی دیكەی گەورە بوو.
پارتی و یەكێتی و لیستی رەشی ئەمریكا
پاش ١١ی سیپتەمبەری ٢٠٠١ ئەمریكا یاسای پاتریۆت ئاكتی دەركرد و وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی دامەزراند و بە یاسای كۆچ و كۆچبەران و رێكارەكانی ڤیزادا چووەوە. وەزراەتی ئاسایشی ناوخۆ، لە رێگەی رێكخراوی STARTلە زانكۆی میریلاند، داتا بەیسێكیان دروستكردبوو بۆ هەموو ئەو رێكخراوە تیرۆریستییانەی كە لە ١٩٧٠ تا ١١-٩-٢٠٠١ كردەوەی تیرۆریستییان ئەنجامدابوو، لەگەڵ ئەو ئەفرادانەی كە بە تەنیا كردەوەی تیرۆریستییان ئەنجامدابوو، هەروەها ئەو پارت و رێكخراوانەی كە لە وڵاتانی جیاجیا خەباتی چەكدارییان بەرامبەر بە حكومەتە خاوەن سەروەرییەكان كردبوو كە بە Tier3 ناسرا بوو. ٨٠٠ پارت و لایەن لە سەرتاسەری دنیا و لە عێراق پارتی و یەكێتی خرابوونە ئەو لیستە رەشەوە. لە ٣١-١-٢٠١٤ بڕیاربوو سەرۆك بارزانی لە كۆشكی سپی ئۆباما ببینێ، بەڵام بە هۆی ئەوەی كە تا ئەو كات بەڵێنەكەی ئەمریكا نەچووبووە سەر و پارتی و یەكێتی لەو لیستە رەشە دەرنەهێنابوو، بۆیە سەرۆك بارزانی سەردانەكەی بۆ ئەمریكا هەڵوەشاندەوە و بە روونی بە ئیدارەی ئەمریكا وترا: تا ئەو بابەتە چارەسەر نەكەن و ئەو غەدرە گەورە لەم دوو هێزە كوردستانییە لانەدەن، سەرۆك بارزانی ناچێتەوە ئەمریكا. خۆشبەختانە لە دیسەمبەری ٢٠١٤ كۆنگریسی ئەمریكا لە رێگەی یاسایەكی تایبەت لە كۆی ئەو ٨٠٠ رێكخراوە، تەنها پارتی و یەكێتی لەو لیستە دەرهێنا، كۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقا كە ماندیلا دایمەزراند و بزووتنەوەی فەتحی فەلەستینی، هێشتا لە لیستەكەدان. ئەمەش سەركەوتنێكی دیكە بوو بۆ پێگە و ناوبانگ و گرینگیی رۆڵی سەرۆك بارزانی.
كێ خۆشحاڵە و كێ نیگەرانە؟
ئەم سەركەوتنانە دڵی هەموو كوردێكی دڵسۆز و ئاشتیخواز و دیموكراتیكخواز خۆش دەكات، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی هێشتا بە كینەی سیاسی كار دەكەن و هەموو سەركەوتنێكی كورد و بارزانی بە شكستی خۆیان دەزانن، وەك چۆن دوای پرۆسەی ئازادكردنی شنگال بینیمان، باڵە توندڕەوەكەی ناو پەكەكە و هەدەپە، دەمیرتاش و جومعە و قەرەسو و سینان جودی و ئەوانەی باسیان لە جیاكردنەوەی شنگال و خانەقین و كەركووك لە باشووری كوردستان دەكرد، بە بیانووی ئیدارەی خۆسەری بۆ ئەو ناوچانە، خەنجەریان لە پشتی ئەو یەكڕیزییە نەتەوەییە دا كە پاش چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی و رێككەوتنی لایەنەكانی رۆژئاوا لە دهۆك هاتەئارا.
ئێستا كورد لە هەر كاتێكی دیكە لە مێژووی خۆیدا، لە جەنگی بەرەو سەربەخۆیی زیاتر شەڕەكانی بردۆتەوە و بەردەوامیی ئەم یەكڕیزی و سەركەوتنانەش مسۆگەری بردنەوەی جەنگە گەورەكەیە.

*ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان
Top