داعش لە گۆشەنیگای سایكۆپۆلیتیكەوە مێژووی خەوارج

داعش لە گۆشەنیگای سایكۆپۆلیتیكەوە مێژووی خەوارج
داعش (دەوڵەتی ئیسلام لە عێراق و شام) لە مانگی چواری ساڵی ٢٠١٣ دامەزرا و ڕووی خۆی نیشانی ئێمەدا. بەڵام پێشتر ئەم ڕێکخراوە لە ڕیکخراوێکیترەوە بەناوی (دەوڵەتی ئیسلام لە عێراق) سەری دەرهێناوە. مۆرکی ڕاستەقینەی ئەم ڕێکخراوە، مۆرکێکی سەلەفی جیهادییە، کە داوای گیڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامی و لەناوبردنی گشت دیاردە و ڕەفتارێکی نائیسلامی دەکات و گۆڕەپانی کارەکانی لە سنووری عێراق و سوریادا دیاریکردووە. واتە ڕیشەی ئەم ڕێکخراوە لەو ساڵەی (٢٠١٣) کە خۆی تیادا ئاشکرا دەکات کۆنترە، ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٤، ئەو ساڵەی کە ئەبو موسعەبی زەرقاوی رێکخراوی (کۆمەڵەی جیهاد و تەوحید) ی تێدا دامەزراند. ئەم ڕێکخراوەی زەرقاوی موبایەعەی ئوسامە بن لادنی ڕابەری ڕێکخراوی ئەلقاعیدەشی کردووە، هەر لەبەرئەوەشە کە ناوەکەی لە کۆمەڵەی جیهاد و تەوحیدەوە بۆ ڕێکخراوی (القاعدة فی بلاد الرافدین) دەگۆڕێت.

(6)
لە سەدەی حەوتی زایینییەوە بەرەو سەدەی بیست و یەک واتە لەو سەردەمەوە کە خەوارج تیایدا دەرکەوت، بۆ ئەو سەردەمەی کە داعش تیایدا دەردەکەوێت، دەگەڕێینەوە. داعش وشەیەکە دەیبینین، وشەیەك کە توێژێکی سەرەوەیە، بەڵام ناوەڕۆکێکی قووڵی لە خۆیدا هەڵگرتووە. داعش ئێمە ئیمڕۆ دەیبینین، وەلێ دەمێکە بەڕێوەیە، داعش وەک ئەو ئەستێرەیە دێتە پێش چاوم کە تیشکەکەی تازە دەگاتە لای ئێمە، وەلێ هەزاران ساڵی تیشکی بەڕێوەبووە تا گەشتۆتە ئێرە، کە رەنگە ئەستێرەکە خۆی مردبێت، وەلێ تیشکەکەی وای بە ئێمە نیشاندەدات، یان ئێمە وایدەبینین کە ئەوە هەر ئەستێرەکە خۆی بێت، نەک تیشکەکەی بێت. نزیکەی سەدەیەکە جارێکیتر بانگەشەکردن بۆ ئیسلام وەک چۆن لەدەمی سەرهەڵدانی یەکەمییەوە کرا، هەڵەیەکی مەنهەجی مەزن بوو لەلایەن بیرمەند و بانگخواز و بزافە ئیسلامییەکانەوە ڕوویدا. ئەو بانگەشە کردنە بۆ ئیسلام لە نیوەی ڕێگەدا دوو ئاڕاستەی لێكجیا بوویەوە، ئەوانیش ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی جیهادی بوون. پرۆژەی هەردووکیان ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەرەسهێناندایە، کە ڕەنگە پاش هەرەسی تەواو، پاش بە خۆداچوونەوەی قووڵ، ئیتر جیهانی ئیسلامی هۆشیاربوونەوەیەکی قووڵی تێدا بەدیبێت.
کەواتە هەندێک بەو مێژووەدا دەچینەوە، تا لەوە تێبگەین کە چۆن فکری جیهادی و فکری سیاسی ئیسلامی لە سەرچاوەیەکەوە هاتوون، کە ئەویش ئیسلام خۆیەتی وەک ئەوەی کە لەبەردەسماندایە هەم وەک تێکست و هەمیش وەک مێژوو، لەگەڵ ئەو خوێندنەوەیەی کە دەرەنجامی شۆکی سەردەمی مۆدێرنە، لە جیهانی ئیسلامی ڕوویدا، کاریگەری هەبووە لەسەر ئەوەی کە ئیمڕۆکە لە جیهانی ئیسلام ڕوودەدا. دەمەوێ خوێنەری بەڕێز لەوە ئاگادار بکەمەوە کە مەبەستی من لێرەدا گەڕانەوە بۆ مێژووی ١٤٠٠ ساڵی ئیسلام و موسڵمانان نییە، هەرچەندە ئەو مێژووەش پێوەندی بە داعشی هەنووکەوە هەیە، وەلێ مەبەستمە بگەڕێمەوە بۆ مێژوویەکی سەد ساڵە کە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیەو مێژوویەکی تایبەتە، کە داعشی ئیمڕۆکەی گەڵاڵە پێکردووە. واتە سەدەیەک لەمەوبەر ئەوکاتەی جیهانی ئیسلامی بەرەوڕووی کۆڵۆنیالیسم دەبێتەوە، لە هەمان کات خەلافەتی ئیسلامی کە لە سوڵتانەکانی عوسمانیدا خۆی دەبینییەوە، کۆتایی پێدەهێنرێ. خەلافەتی ئیسلامی کە وەک ئایدیۆلۆژیایەك گوزارشت بوو لە یەکێتی جیهانی ئیسلامی و هاتنی بێگانەیەكی وەک ڕۆژئاوا بە هەموو قورسایی خۆی و گشت نوێکارییە فکری، زانستی، فەلسەفی، سیاسی و ئەخلاقیەکانییەوە، جیهانی ئیسلامی هەژاند. بێگومان ئەم هەژاندنە حەپەسانیشی لەگەڵدا بووە، پرسیار و گومانیشی لێکەوتۆتەوە، کاردانەوەیەکی تایبەتی و جیاوازیشی بە شوێن خۆیدا هێناوەتەوە. جیهانێکی ئیسلامی کە نزیکەی دە سەدە وەک ژیارێک بە هەموو جوانی و ناشرینییەکانییەوە باڵا دەست بووبێت، نزیکەی چەند سەدەیەکیش لە کۆتاییەکەیدا لە چاو گەل و نەتەوە و ژیارییە نوێکانی تردا دواکەوتبێت، بێگومان ئەم دۆخە هەم بارێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هەمیش دەروونی لە جیهانی ئیسلامدا دەخوڵقێنێت. ئەوەی کە دەیبینم لە کاردانەوەی ئەو شکستە گەورەی ژیاری ئیسلامیدا، چەن ئاڕاستەیەك بۆ بەرەوڕوبوونەوەی ئەو هەژان و شکستانە خۆیان ئاشکراکرد، ئەوانیش ئاڕاستەی نەتەوەگەری، ئایینگەری و چەپگەری بوون. یەکێک لەو ئاڕاستە سەرەکییانە بۆ هەڵسانەوە و بەرەوڕووبوونەوەی تەوژمی فکری و ئەخلاقی و زانستی ڕۆژئاوا، ئاڕاستەیەکی ئایینگەری (ئیسلامی) بووە و کاریگەرییەکی مەزنی لە وروژاندنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئابووری کۆمەڵگەی ئیسلامیدا بووە و تا ئێستەش ئەو کاریگەرییە هەر بەردەوامە. هەرچی وردە ئاڕاستە و باڵ و گرووپە دەتوانین لەو چەند ئاڕاستەیەدا جێگەیان بۆ بکەینەوە، بۆیە لێرەدا بە گرنگی نازانم تا ئاماژەیان بۆ بکەین. بۆ ئێمە ئەوەی لێرەدا گرنگ بێت، تەنها ئەوەیە کە بیری خۆمان لە سەر ئاڕاستەی ئایینی چڕ بکەینەوە، چونکە دەبێتە ئەو ڕیشەیەی ئیمڕۆکە داعش خۆراکی خۆی لێوەردەگرێت، ئەگەر چی ئەو ئاڕاستانەی تریش بە بارێکیتردا و شکستهێنانیان لە چارەسەرکردنی قەیرانی جیهانی ئیسلامیدا، بۆ دەرکەوتنی داعشی ئیمڕۆکە دەبنە بیانوویەک. لێرەوە هەندێک بە ناخی داعشدا دەچینە خوارێ کە مێژوویەکی پێش دەرکەوتنی ئەم داعشە، ئەزموونێکی تایبەت و خەیاڵدانێکی مەترسیداری تێدا ناشتووە. ئێستە با لە داعشەوە هێدی هێدی بەو پاشخانەدا سەربکەوین کە ئەو کاردانەوە ئایینەی سەدەیەک لەمەوبەری بەرهەمهێناوە و داعش لەسەر ڕیشەکەیدا ڕوواوە. ئەوەش بە گرنگ دەزانم بیڵێم کە ئەم بۆچوونە مانای ئەوە نییە ئێمە ئەو بیرمەند و بزاڤە ئیسلامیانە تاوانبار دەکەین، نا مەبەستم ئەوەیە کە پێوەندییەکی مێژوویی بدۆزینەوە، چۆن مرۆڤ بە پرۆسەیەکی سایکۆلۆژی، خوێندنەوەیەکی تایبەت دەکات و بەرەو ئاڕاستەیەک دەڕوات کە رەنگە خاوەن فکرەکە خۆی ئەوەی مەبەست نەبووبێت. دەڵێن جارێك کارڵ مارکس خۆی لە کۆنفراسێکی حیزبی شیوعی ئەڵمانی ئامادە دەبێت، لە کۆتاییدا بەخۆی دەڵێت ئێستە دەزانم کە منی مارکس خۆم مارکسی نیم. ڕەنگە ئێستە پەیامبەر موحەمەد و حەسەن بەننا و سەعید نورسی و ئەبوعەلای مەودودی و زۆرێک لەو بیرمەندانەی پێش ئەمان و پاش ئەمانیش، سەیرێکی ئیمڕۆی جیهانی ئیسلامی بکەن و لە ڕەفتاری ئیسلامی سیاسی، سەلەفی و جیهادی ئیمڕۆکە بڕوانن، حاشایان لێبکەن و هەمان وتەکەی مارکس بەخۆیان بڵێنەوە.
ئێمە وتمان لەم بابەتەدا تەنها خۆمان بە داعشەوە خەریک دەکەین. بەڵام چوونەوە بە مێژووی پێش داعشدا، دیاردەی داعش بە ئێمە باشتر دەناسێنێت. داعش (دەوڵەتی ئیسلام لە عێراق و شام) لە مانگی چواری ساڵی ٢٠١٣ دامەزرا و ڕووی خۆی نیشانی ئێمەدا. بەڵام پێشتر ئەم ڕێکخراوە لە ڕیکخراوێکیترەوە بەناوی (دەوڵەتی ئیسلام لە عێراق) سەری دەرهێناوە. مۆرکی ڕاستەقینەی ئەم ڕێکخراوە، مۆرکێکی سەلەفی جیهادییە، کە داوای گیڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامی و لەناوبردنی گشت دیاردە و ڕەفتارێکی نائیسلامی دەکات و گۆڕەپانی کارەکانی لە سنووری عێراق و سوریادا دیاریکردووە. واتە ڕیشەی ئەم ڕێکخراوە لەو ساڵەی (٢٠١٣) کە خۆی تیادا ئاشکرا دەکات کۆنترە، ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٤، ئەو ساڵەی کە ئەبو موسعەبی زەرقاوی رێکخراوی (کۆمەڵەی جیهاد و تەوحید) ی تێدا دامەزراند. ئەم ڕێکخراوەی زەرقاوی موبایەعەی ئوسامە بن لادنی ڕابەری ڕێکخراوی ئەلقاعیدەشی کردووە، هەر لەبەرئەوەشە کە ناوەکەی لە کۆمەڵەی جیهاد و تەوحیدەوە بۆ ڕێکخراوی (القاعدة فی بلاد الرافدین) دەگۆڕێت. ئەم رێکخراوە بەتایبەتی بۆ بە گژاچوونەوەی ئەمەریکییەکان لە عێراقدا، دامەزرابوو. ئەم ناونانەو ئەم بەرەنگاربوونەوەیەی ئەم ڕێکخراوە، بووە هۆی سەرنجراکێشانی لاوانی جیهانی ئیسلامی. پاش لە ناوچوونی زەرقاوی ساڵی ٢٠٠٦، ئەم ڕێکخراوە ناوی گۆڕا بۆ دەوڵەتی ئیسلام لە عێراق، بە ڕابەرایەتی ئەبو عومەری بەغدادی. ساڵی ٢٠١٠ ئەبوعومەر دەکوژرێت، ئەبو بەکری بەغدادی دەبێتە ڕابەری ڕێکخراوەکەو هەر بە ڕابەری دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی خەلافەتیش ڕادەگەیەنێت. واتە لە ئەمیری کۆمەڵێکەوە خۆی دەکات بە خەلیفەی هەموو موسڵمانان و بەمەش سەرنجی گشت جیهانی ئیسلامی بۆلای خۆی ڕادەکێشێت و زۆرێک لە گرووپە سەلەفی و جیهادییەکانی دنیا بەیعەتی دەدەنێ. گرینگە پێوەندییەکی دەروونی و کەلتووری ئەم گرووپە و بەغدادی بدۆزینەوە و بزانین چۆن ئەم کەسە گەیشتە هەم ئەم باوەڕە و هەمیش خۆی گەیاندە ئەم پایەیە و لەهەمانکات ئایدیۆلۆژیایەکی لەو چەشنەی خوڵقاند. زۆر بە کورتی لە کەسێتی بەغدادی خۆیەوە دەستپێدەکەین و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو مێژووی بەر لەم گرووپە توندڕەوانە دەگەڕێینەوە و سەردانێکی کورتی ئەو بزاڤە ئیسلامیانەش دەکەین و لە پاشخانی فکری ئەوانیش دەڕوانین کە دەکرێ وەک هۆکارێ بیخوێنینەوە بۆ گەشەکردنی فکری جیهادی و گێڕانەوە خەلافەت.
ئەبوبەکری بەغدادی کێێە؟
سالێ ١٩٧١ لە سامەڕا هاتۆتە دنیاوە، دەرچووی زانکۆی ئیسلامیی بەغدایە و بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرای هەر لەو زانکۆیەدا بەدەستهێناوە. ماوەیەکی باش وەک مامۆستا و بانگخواز کاری کردووە. لە خێزانێکەوە هاتووە کە هەڵگری عەقیدەی سەلەفی تەکفیری بووە و باوکی و مامەکانیشی هەر لەسەر ئەو عەقیدەیە کاریان کردووە. بەغدادی لە هەردوو پارێزگای دیالە و سامەرا، کەسێکی سەلەفی جیهادی دیار و کاریگەر بووە. پێش ئەوەی بگاتە ئەوەی ببێتە ڕابەی داعش، ئەو لەو ناوچەیەی خۆیدا چەند شانەیەکی جیهادی و قتالی دامەزراندووە، چەندین عەمەلیاتی عەسکەری ئەنجام داوەو دوایەمینیان دامەزراندنی ڕێکخراوێک بووە بەناوی (لەشکری ئەهلی سوننە و جەماعە). پاش ئەوەی بەغدادی دەبێتە ڕابەری داعش، ئەوە ڕادەگەیەنێت کە سنوور لە نێوان سوریا و عێراق نەمێنێت و موسڵمانانی بۆ دەوڵەتی خەلافەت بانگهێشت کرد. بەغدادی دەبێتە هەڵگری ناخێک و گرتنی ئەزموونێک کە لە پێناو گێڕانەوەی خەلافەت و ڕازیکردنی خودا وەک خۆی باوەڕی پێیەتی، دەست لە هیچ شتێک نەپارێزێت. ئەم ئەزموون و پێکهاتە دەروونییە، زەمینەیەک بە ئاسانی توندڕەوی و خوێن ڕشتن و جیهادی تا ئەو پەڕی ڕەقی و پڕ لە ڕق تیایدا بڕوێت. ئەگەر ئەمە زەمینەکەی بێت، ئەی توندڕەوی و خوێن ڕشتن و سەربڕین لە لایەن کێوە تیایدا نێژراوە؟
ئێمە وتمان بەغدادی و زەرقاوی پێوەندییان پێکەوە هەبووە. زەرقاوی جگە لەوەی کە لە ڕووی جیهادییەوە خۆی بە شوێنکەوتووی بن لادن زانیوە، بەڵام کەوتۆتە ژێر کاریگەری شێخێکی ترەوە بەناوی ئەبی عەبدوڵڵای موهاجری میسرییەوە. ئەم شێخە فیقهێکی خوێناوی لە بەرامبەر نەیارەکانیدا هەڵبژاردووە. کتێبێکی بەناوی (مسائل فی فقه الجهاد) کە بە فیقهی خوێن ناسراوە، نووسیوە. ئەم کەسایەتییە یەکێک بووە لە گرنگترین شێخەکانی زەرقاوی و هەر لای ئەویش زەرقاوی خوێندویەتی. زەرقاوی ڕێبازی جیهادی خۆی لەسەر ئەو فیقهە خوێناوییە دامەزراندووە و پاشانیش داعش بەردەوامی بەو ڕێبازە داوە. ئەو کتێبەی کە بە فیقهی خوێناوی ناسراوە، فکری خۆی لەسەر ئەوە دامەزراندووە کە هەموو جیهان و لە پێش هەموویانەوە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان، بوونەتە دارولحەرب و هەڵگەڕاوە و کافرن و جیهادکردن دژیان واجبە. هەر لەو کتێبەدا شەرعیەت بە سەربڕینی کافر دەدات، نەك هەر بە زیندوویی بەڵکو بە مردوویش سەربڕینیان شەرعییەت پێدەدا و بۆ ترساندنی کافرەکان بە کارێکی واجبی دەزانێت. بە بۆچوونی ئەوان خودا هەر نەیوتووە کافر بکوژن، بەڵکو ئەمریشی کردووە کە ملیان بپەڕێندرێت. لەو فیقهەی ئەودا سەربڕین لای خودا زۆر پەسەندکراوە و زۆریشی پێخۆشە. بۆ گەشتن بەم ئامانجە بە پێویستی دەزانێت کە کوشندەترین چەکی کۆمەڵکوژ و کیماوی و بایەلۆژی بە دەستبهێنن. بێگومان داعش بەشێوەیەکی کردەکی و زۆر بە جدی ئەوەی کردۆتە پرۆژەیەک و جێبەجێی دەکات.
ئەم پاشخانە فکری و پەروەردەیی و کەلتوورییەی بەغدادی بۆ ئێمە گرینگە، تا لەوە تێبگەین، چۆن ئەم مرۆڤە دەگاتە ئەم ئاستە تێگەشتنەی ئێستەی کە داعشی تێدایە. جگە لەو ناخەی کە ئەو بیروباوەڕەی تێدا چێنراوە و لەم ساتە وەختەدا گەرموگوڕی خۆی بەوو بە زۆر کەسانیتریش دەبەخشێت، مێژوویەکی نزیکی سەدەی بیست و مێژوویەکی دووری ئیسلامیش، خۆراکی ئەوجۆرە بیرکردنەوەیەی داوە. بۆیە بەغدادی هەر بەتەنها ئەو ستراتیژەی کە لەدەرنجامی ئەزموونی ژیانی خۆی بۆی هاتووە، نەبۆتە پاڵنەر و پاڵپشت، بەڵکو سوود لەو مێژووەش وەردەگرێ کە دەتوانێ هەموو جیهانی ئیسلامی بۆ خۆی کێش بکات. لەبەشی داهاتوودا بە مێژووی فکری ئیسلامی سەدەی بیستدا دەچینەوە کە بۆتە ڕێخۆشکارێ بۆ گەشەی لەم جۆرە توندڕەوییەی وەک داعش. تا تێبگەین هەڵگری ئەم جۆرە ناخ و دەروونە، چ سیاسەتێک بەرهەمدەهێنێت.
Top