داعش لە گۆشەنیگای سایكۆپۆلیتیكەوە

داعش لە گۆشەنیگای سایكۆپۆلیتیكەوە
دوو گرووپی جیاواز سەرهەڵدەدەن کە نەخشەی مێژووی جیهانی ئیسلامی دوولەت دەکەن و تائێستەش جیهانی ئیسلامی پێیەوە دەناڵێنێ. بێگومان هەر گرووپە و ئایدیۆلۆژیای خۆی بە ئایەت و حەدیس پشت ئەستوور دەکاو هەندێجارێش لێکدانەوەی ئەقڵی و ئەزموونی خۆشیانی تێکەڵ دەکەن. پاش مردنی عەلی و خۆشبوونی تەختی دەسەڵات بۆ موعاوییە و پاشانیش بۆ وەچەکانی بەنی ئوممەیە، دیسانەوە گروپێکی تر سەرهەڵدەدات بە ناوی مورجیئە تا بەرەنگاری بۆچونەکانی خەوارج بێتەوە و دەسەڵاتی بەنی ئوممەیە لەبەرامبەر ناشیرینکردنی لێکدانەوەکانی خەوارج، بپارێزێت. نامەوێت لێرەوە بەدرێژی باسی شیعە و مەرجەعیەت بکەم مەگەر لە شوێنێکدا کە بۆ روونکردنەوەی فکری خەوارج پێویست بێت، ئەگینا هەوڵدەدەم هەندێ فراوانتر لەسەر فکری خەوارج بڕۆم کە هەندێ پێوەندی لە نێوان ئەوان و داعشی ئیمڕۆکە دەبینرێتەوە، کە ئەوان لەم بابەتەدا جێگە مەبەستی ئێمەن.

(3)
بنەچەی خەوارج
لە بەشەکانی پێشوودا لەڕێگەی کۆمەڵێك پرسیارەوە دیاردەی داعش خرایە بەرچاو تابتوانین هەندێك زانستیانە و دوور لە قسەی ڕۆژانە، تێگەشتنمان لە داعش نزیك بکەینەوە. بە شرۆڤەیەکی کورت چەمکی سایکۆپۆلیتیکمان تا ڕادەیەك ڕوون کردەوە. ئەوەشمان ڕاگەیاند کە لەم بەشەدا تیشکێك دەخەینە سەر خەوارج لەبەرئەوەی پێوەندییەکی مێژوویی و عەقیدەیی لەنێوان خەواریج و داعشدا بەدیدەکرێ، ئەگەرچی جیاوازییەکی تایبەتیش لە نێوانیاندا دەبینرێ. بەڵام بۆ ئەوەی مەبەستەکەمان جوانتر خۆی بدات بەدەستەوە، هەندێکیش بەرەو مێژووی رابردوو دەگەڕێینەوە. واتە لە ساڵانی ٦٥٦ زایینیەوە دەست پێدەکەین کە دیاردەیەکی وەک خەوارج بنەچەی خۆی تێدا داناوە.
لە داعشەوە بەرەو خەوارج
لێرەدا بۆ ماوەیەک داعش جێدەهێڵین کە ساڵی ٢٠١٤ ە و هەندێك دەگەڕێینەوە و بە مێژوودا سەردەکەوین تا دەگەینە ساڵی ٦٥٦ زایینی. لەو ساڵەدا پاش کوژرانی خەلیفەی سێیەم عوسمانی کوڕی عەففان، عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب بە خەلیفەی چوارەم دادەنرێت. بەڵام مردنی عوسمان و دەسگیر نەکردنی بکوژەکانی گێژاوێ دەخوڵقێنێ، بە جۆرێ جیهانی ئیسلام دابەش دەکات، ئیدی لەوکاتەوە خۆی پێنەگیراوەتەوە. لەسەردەمی فەرمانڕەوایی عوسماندا، موعاوییەی کوڕی ئەبوسوفیان کە خزمایەتیان لەگەڵ عوسماندا بووە، کراوەتە والی شام. موعاوییە بە بیانووی ئەوەی کە عەلی بکوژەکانی عوسمان بەدەستەوە نادات، لە عەلی یاخی دەبێت و ملکەچی فەرمانەکانی نابێت. بۆ ئێمە لێرەدا گرینگ نییە کە بۆ عەلی بکوژەکان ڕادەستی دادگا ناکا و بۆ موعاوییە داوای دەکات، بێگومان پاڵنەری سیاسی تایبەتی خۆیانی لە پشتەوە بووە، ئیتر کامیان خاوەن هەق بوونە یان نا، بابەتی ئێمە نییە، لێرەدا دادگایی کەسیان بکەین. بۆ ئێمە ئەوەی گرینگ بێت، گەیشتنە بەو زەمینە خۆشکەرەی کە بۆتە هۆی دەرکەوتنی خەوارج. چونکە لە دەرەنجامی مشتومڕی عەلی و موعاوییە و ئەو ململانێ و تەنگژەیەی ئەوان هێنایانە ئاراوە، زەمینەیەك ساز بوو تا خەوارج تیایدا دەربکەوێت. واتە داوای خوێنی عوسمان لە لایەن موعاوییەو فەرامۆشکردنی لەلایەن عەلییەوە ئاگری جەنگی لە نێوان هەردوو بەرەدا خۆشکرد. ئیدی بیرۆکەی خەوارج و شیعەش لەو زەمینەیەدا چەکەرەیان کرد و ڕیشەیان لەو زەمینەیەوە خۆراک دەدران، نەک تەنها گرووپێک بەڵکو بە درێژایی مێژووی ئیسلام، دەیان گرووپی تر لە جۆری خەوارج و شیعە سەریان دەرهێنا.
پاش جەنگێکی خوێناوی، کە هەردوو بەرەی عەلی و موعاوییە تیایدا پەرێشان ببوون، بەرەی موعاوییە لە بێ هیواییدا دەژیان و لە شکستهێناندا بوون، بۆیە بیریان لەوە کردەوە بە هەر نرخێك بووە دەبێت ئەم جەنگە بوەستێنن، ئەگینا دەشکێن، ئیدی هەرگیز بە ئامانجەکەیان ناگەن. دواجار بەرەی موعاوییە گەیشتنە ئەو بڕیارەی کە چەند پیاوێکی خۆیان لەگەڵ چەند موسحەفێکی قورئان کە کردبوویان بەسەر ڕمەکانیانەوە، بەناوی خواستی ئاشتەوایی، خۆیان کرد بە ناو ئۆردوگای عەلی دا، تا جاڕی ڕاگرتنی جەنگ بدەن. ئەم ڕەفتارە سیاسییەی بەرەی موعاوییە، لای گرووپێکی ناو بەرەی عەلی، کاردانەوەیەکی سایکۆلۆژیانەی خرۆشاند کە پێوەندی بە جۆری باوەڕی ئەوانەوە هەبوو. خرۆشانی ئەو گرووپە لەوەدا بوو کە پەڕاوی قوڕئانیان بەسەر ڕمی ئەو کەسانەوە بینی کە هاتبوون داوای ئاشتی بکەن. ئەم دیمەنە بۆ ئەوان واتای ئەوەبوو کە بۆتە ئەرك لەسەریان دەبێت ملکەچی کەلامی خودا ببن، ملکەچی ئەوان بۆ کەلامی خودا لە تێگەشتنێکی زاهیرانەوە بووە. واتە هیچ مەرامێکی سیاسی نابێت فەرمانی خودا بگۆڕێت. ئیتر بێئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە ڕەنگە ئەمەی موعاوییە فێڵێکی سیاسی بێت، ڕاستەوخۆ خۆیان بەو ئایەتەوە بەستەوە کە داوا دەکات «ئەگەر دوو کۆمەڵ لە باوەڕداران دژ بەیەك جەنگین، ئاشتی لە نێوانیاندا ساز بکەن، خۆ ئەگەر یەکێکیان هەر ملهوڕی کرد، ئەوا دەبێت بەردەوام بجەنگن تا ئەو گرووپە ملکەچی فەرمانی خودا دەبێتەوە»1. پێوەندی ئەم کاردانەوەیە بە لایەنی دەروونی و جیهانبینی گرووپی خەوارجەوە، لە بەشەکانی داهاتوودا بە درێژیی شرۆڤەی دەکەین، کە ئەوەمان بۆ دەردەخات چۆن سیاسەت و سایکۆلۆژیا واتە ناخی مرۆڤ و ڕەفتاری سیاسی وابەستەی یەکتر دەبن.
ئەو کۆمەڵە کەسانەی ناو بەرەی عەلی کە ئەو ئایەتەیان لەو کاتەدا بە حوکمی خودا دەزانی لە نێوان خۆیان و بەرەی موعاوییە، بۆیە عەلییان هاندەداو بگرە زۆریشیان لێدەکرد کە دەبێت بەو سوڵحەی موعاوییە داوای دەکات ڕازی ببێت، ئەگینا چارەنووسی ئەویش وەک چارەنووسی عوسمان دەبێت. کاتێ کە ڕێککەوتنەکەی نێوانیان سازکرا، جارێکی تر ئەو کۆمەڵە کەسەی پێشتر عەلییان ناچارکرد بەو ڕێککەوتنە ڕازی بێت، پەشیمان دەبنەوەو ئەو ڕێککەوتنە بە لادان دەزانن لە فەرمانی خودا. ئەو باوەڕەیان لە لا دروست دەبێت کە حوکمی خودا لەم ڕێککەوتنەدا جێبەجێ نەکراوە و تەنها مرۆڤەکان بە ڕاوبۆچوونی خۆیان ڕێککەوتنیان ئەنجامداوە. ئیدی لێرەوە ئەوان دروشمی «لا حکم إلا لله- تەنها حوکم هەر بۆ خودایە» بەرز دەکەنەوەو لە بەرەی عەلی دەردەچن و هەرچی لەگەڵ خۆیان نەبێت بە کافری دەزانن. عەلی و موعاوییەو هاوەڵەکانیان لە پێش هەمووانەوە کافر دەکەن.
لە هەمان کات و لە بەرامبەر ئەوان گرووپێکی تر خۆی ئاشکرا دەکات، کە دەبنە پشتیوانی عەلی و بەرامبەر بەم کۆمەڵە دەوەستنەوە. ئەمەشیان دیسانەوە پێوەندییەکی پتەوی ناخ و دەروونی ئەم گرووپە و کاردانەوەیان لە بەرامبەر خەوارج و ڕووداوەکە، نیشان دەدات. دەبینی دوو نەستی پڕ لە دوو ئەزموونی جیاواز، کە دەبێتە هۆی خوڵقاندنی دوو ڕۆحی جیاواز، دوو کاردانەوەی سیاسی جیاواز، جەدەلێکی پڕ لە گێژاو لەبەرەی عەلیدا لەنێوان ئەو دوو کۆمەڵەدا دەهێنێتە ئاراوە و هەریەکەیان ئەویتر تاوانبار دەکات. ئەوانەی دژ بە سوڵحەکەی عەلی و موعاوییە بوون و پاشان وەک خەوارج دەرکەوتن، بەو کۆمەڵەی تر کە پشتیوانی عەلییان دەکرد و پاشان وەک شیعە دەرکەوتن، دەیانوت: «ئێوە دژ بە قورئان وەستاونەتەوە،چونکی لە بری حوکمی خودا، حوکمی مرۆڤتان جێبەجێکردووە، بۆیە ئێوە تاوانتان ئەنجامداوە». کۆمەڵەکەی تریش کە بوونە شیعە بەوانیان دەوت: «ئێوەش دژیی ئیمام جووڵاونەتەوە، ئەو ئیمامەی جێگە متمانەی هەمووان بوو، ئێوەش لە فەرمانی ئیمام دەرچوون».
هەر لەم جێگەیەدا دوو گرووپی جیاواز سەرهەڵدەدەن کە نەخشەی مێژووی جیهانی ئیسلامی دوولەت دەکەن و تائێستەش جیهانی ئیسلامی پێیەوە دەناڵێنێ. بێگومان هەر گرووپە و ئایدیۆلۆژیای خۆی بە ئایەت و حەدیس پشت ئەستوور دەکاو هەندێجارێش لێکدانەوەی ئەقڵی و ئەزموونی خۆشیانی تێکەڵ دەکەن. پاش مردنی عەلی و خۆشبوونی تەختی دەسەڵات بۆ موعاوییە و پاشانیش بۆ وەچەکانی بەنی ئوممەیە، دیسانەوە گروپێکی تر سەرهەڵدەدات بە ناوی مورجیئە تا بەرەنگاری بۆچونەکانی خەوارج بێتەوە و دەسەڵاتی بەنی ئوممەیە لەبەرامبەر ناشیرینکردنی لێکدانەوەکانی خەوارج، بپارێزێت. نامەوێت لێرەوە بەدرێژی باسی شیعە و مەرجەعیەت بکەم مەگەر لە شوێنێکدا کە بۆ روونکردنەوەی فکری خەوارج پێویست بێت، ئەگینا هەوڵدەدەم هەندێ فراوانتر لەسەر فکری خەوارج بڕۆم کە هەندێ پێوەندی لە نێوان ئەوان و داعشی ئیمڕۆکە دەبینرێتەوە، کە ئەوان لەم بابەتەدا جێگە مەبەستی ئێمەن.
ئەوەی گرینگە لەسەرەتادا بیڵێم ئەوەیە کە پێکهاتەی دەروونی خەوارج و دەرکەوتنی لەو ساتەدا پێوەندیان تا رادەیەکی زۆر پێکەوە هەیە. دوو خەسڵەتی سەرەکی لە گرووپی خەوارجدا دەبینرێتەوە کە بەو شێوەیە لە مێژوودا بۆتە هۆی دەرکەوتنیان. خەسڵەتێکیان پێوەندی بە پێش مێژووی ئیسلامەوە هەیە و ئەویتریان لە ناو ئیسلامدا بۆیان پەیدا بووە. سەرەتا ئەو دوو خەسڵەتە دەخەمە ڕوو و شیکارییان بۆ دەکەین، کە یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گرووپە عەرەبانەی سەر بە ناوچەیەکی تایبەت بوون لە دوورگەی عەرەبیدا و دووەمیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو گرووپە زاهیرناس بوون، واتە بە بێ تەئویل و لێکدانەوە لە زاهیری دەقەوە حوکمیان داوە. لەم دۆخە دەروونییەی کە هەڵیانگرتووە، سێ سیفات لەواندا دەردەکەون، ئەوانیش: تەکفیرکردنی غەیری خۆیان، هیجرەت کردنی کۆمەڵگەی کافر و حاکمییەت تەنها بۆ خوادیە. پاشا ئەم ڕوونکردنەوانە عەقیدە و ئایدیۆلۆژیای خەوارج بە کورتی باس دەکەین. ئیدی دەگەڕێینەوە لای داعشی ئیمڕۆکە و بە قەد ئەوەنەی تێگەیشتوم و پێیگەیشتوم، قسە لەسەر ئایدیۆلۆژیا و سایکۆلۆژیای ئەوانیش دەکەین و پاشان هێندەی بۆمان بلوێت پێوەندییان بە خەوارج و جیاوازییان لەوان، ئاشکرا دەکەین. چاوەڕێ بن بۆ بەشی چوارەم.
Top