رێککەوتنی دهۆک و رۆژئاوای کوردستان سەرکەوتنی لۆژیکی بارزانی و یەكڕیزیی نەتەوەیی
October 28, 2014
وتار و بیروڕا
سێ رووداوی ستراتیژيی گرنگ
١. سەرکەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان لە قەناعەت پێهێنانی ئەمریکا و هاوپەیمانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و گەیاندنی چەک و تەقەمەنییەکانی هەرێمی کوردستان بە شەڕڤانە قارەمانەکانی کۆبانێ. لێرەدا وەک پێدراوێكی ستراتیژی، هێندەی ماناو مەدلولەکانی گرنگە، رەنگە هێندە خودی هاوکاریيەکان گرنگ نەبن. بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورد، چەک و تەقەمەنی پارچەیەکی کوردستان بۆ بەرگری و ئازادی پارچەیەکی دیکەی کوردستان، لە لایەن گەورەترین زلهێزی دنیاوە بە ئاسماندا بگوازرێتەوە بێ ئەوەی رەزامەندی دەسەڵاتدارانی سەردەستی ناوچەکە لەبەرچاو بگیرێت.
٢. سەرکەوتنی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی لە بانگهێشت کردن و سەرپەرشتی کردنی هێزەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد و تەڤدەم، بۆ گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنی پرسەکانی نێوانیان و یەکخستنی توانا و ریزەکانیان لە رووی سیاسی و ئیداری و سەربازیيەوە و بەردەواميی گفتوگۆکان تا بە ئیمزاکردنی رێککەوتنی هەردوولا گەيشت و لە ٢٢-١٠-٢014 بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، رێككەوتنی دهۆک ئیمزا کرا و لایەنەکان رێککەوتن، مەرجەعیيەتێکی سیاسيی هاوبەش لە نێوانیان دروست بكرێت، ئیدارەیەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی رۆژئاوای کوردستان هەبێت و پێکەوە سوپایەکی هاوبەشی کوردی بۆ رۆژئاوای کوردستان پێکبێنن و مافی بەرگريی هاوبەش بۆ هەموو لایەک فەراهەم بكرێت.
٣. سەرکەوتنی دیپلۆماسیەتی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی سیاسيی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمدارکردنی پێوەندیيەکان لەمەڕ رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ تورکیادا و وەرگرتنی بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک پشتیوانییەک بۆ رۆژئاوای کوردستان و بەشداريی لە شەڕی بەرگری لە کۆبانێ و رەزامەندی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٢-١٠-٢٠١٤ بە کۆی دەنگ بۆ پشتیوانی لە بڕیاری سەرۆک مسعود بارزانی بۆ ناردنی هێزی پێشمەرگەی باشووری کوردستان بۆ رۆژئاوای کوردستان بە ناو خاکی تورکیادا. لێرەش ئەوەندەی مەدلولە سیاسی و ستراتیژیيەکانی گرنگن، بەوەی یەکەم جارە هێزی پارچەیەکی کوردستان بە چەک و تفاقی قورسەوە، بۆ پاڵپشتی پارچەیەکی دیکەی کوردستان بە ناو خاکی تورکیادا بڕوات و بە هانای رۆڵەکانی نەتەوەکەمانەوە بێن!
ئەم سێ رووداوە، کە بە زمانی جیۆپۆلەتیک بە گۆڕینی رێساکانی گەمەکردن (Game Changer) قسەی لێ دەكرێت، کاردانەوەو لێكەوتەکانی بۆ پێشخستنی دۆزی کوردو بەهێزترکردنی پێگەکەی لە ململانێ هەرێمایەتيیەکان و مانەوەو بەردەواميی پێشكەوتنی دۆزی کورد، زیاتر و زیاتر دەردەكەوێت.
شاراوە نییە، کە ئەوەی لێرەداو لەم سێ رووداوە هەرە گرنگەدا رۆڵی یەکلاکەرەوەو میحوەری بینی، رۆڵی سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی و ئەو لۆژیکە سیاسی و نەتەوەییە بوو لەمەڕ رۆژائاوای کوردستان کە هەر لە سەرەتای پەرەسەندنەکانی سووریاوە، گرتوویەتەبەر، بۆ ئەمەش پانۆرامایەکی کورتی سیاسەت و هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی لەمەڕ رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ دەستپێکی گۆڕانکاریيەکانی سووريادا، پێویستە وەک فلاش باکێک بخرێتەڕوو.
پانۆرامای پارادیمی سیاسەتی سەرۆک بارزانی بۆ رۆژئاوای کوردستان
لە پاش ئاداری ٢٠١١، سووريا کەوتە دۆخێکی وەهاوە کە مەحاڵە جارێكی دیکە بتوانرێت ئەو وڵاتە بۆ دۆخی پێش ئەو بەروارە بگێڕدرێتەوە. بەو پێیەی بۆ ئێمە پێشكەوتنی دۆخی کورد، خاڵی جەوهەريی سیاسەتکردنی ئێمەیە، بەلای ئێمەوە ئەوە گرنگە کە لە گۆڕانکارییەکانی سووريادا بۆ کورد چی دێتە پێشەوە؟ دۆزی کورد لە رۆژائاوا چی بەسەر دێت؟ قازانج و زیانی کورد چی دەبێت؟ کام گەمەکەری ناو رووداوەکان لەگەڵ پێگەی کوردو خواست و داواکاریيەکانی و بەرژەوەندیەکانی دێتەوە؟ کام هاوپەیمانی، یان کام رووداو و گۆڕانكاری دەتوانرێت بۆ پێشخستنی دۆزی کورد لە سووريا تەوزیف بكرێت؟ چۆن کورد بە کەمترین زیان و زۆرترین قازانج لە ناو هاوکێشەکاندا سیاسەت بکات؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری دیکەی جەوهەری بۆ پرسی کورد، میحوەری هەڵوێست و سیاسەت و بۆچوونەکانی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان بوون. لۆژیکی بارزانی بۆ مامەڵە لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان، یەكڕیزيی نەتەوەیی و پێکەوەیی بوو. هەنگاوە پراکتیکیيەکانی سەرۆک بارزانی بە یەکخستنی پارتەکان و دانانی بەرنامەی هاوبەش دەستی پێکرد، لە ٢٨-١١-٢٠١١ سەرۆک بارزانی لەگەڵ نزیکەی ٢٨ پارتی کوردی رۆژئاوا لە هەولێر کۆبوویەوە. بە رێنمایی سەرۆک بارزانی و کارکردن و پاشان بەشداری شەخسی خۆی لە ٢٨-١-٢٠١٢ لە هەولێری پایتەخت کۆنگرەی هەولێر بۆ رەوەندی کوردی سووريا ساز کرا. لەو کۆنگرەیەدا سەرۆک بارزانی هێڵە گشتیيەکانی سیاسەت و هەڵوێستی خۆی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژئاوای کوردستان خستەڕوو:
بۆ ئێمە رەوشی سووريا زۆر گرنگە، لەبەر زیاتر لە دوو ملیۆن کورد. رەوشی سووريا لە گۆڕانێکی خێرادایە.
پێویستە گەلی کورد خۆی بۆ هەر ئەگەرێک باش ئامادە بکات. لە روودانی هەر ئەگەرێك، بۆ ئێمە گرنگە کە پرسی کورد لە سووريا چی بە سەر دێت و، چوارچێوەی ماف و پێگەی کورد لە سووريا بە كوێ دەگات.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەست ناخەینە ئیشوکارەکانتان و تەنيا هاوکارتان دەبین.
مەرجی ئێمە بۆ برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان تەنيا ئەوەیە كە ئێوە یەكڕیز بن. دۆخێکی یەکجار یەکجار هەستیارتان لە پێشە، دوور بکەونەوە لە حزبایەتی تەسک و خۆسەپاندن و کاری پێکەوەیی بکەن. تا دۆخی سووريا بەلایەکدا دەکەوێت، کوردایەتی بکەن.
سیاسەتکردنی کورد لە رۆژئاوا، هاریکاری، یان بەرەنگاری، دوور بوون، یان نزیک بوون لە هەر هێزیکی دیکەی گۆڕەپانی سووری، ئیدی رژێم، یان ئۆپۆزسیۆن، دەبێت لەسەر بنەمای دووری و نزیکی ئەوان بێت لە پرسە بنەڕەتیيەکانی کورد لە سووريا و چۆنیەتی چارەسەرکردنی.
هەر لە چوارچێوەی ئەو پارادایمەی کە سەرۆک بارزانی وەک بنەمایەک بۆ مامەڵەی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی رۆژئاوای کوردستان و هێزەکانیان داینا، بۆ یەكڕیزی ئەو هێزانە، پاش گفتوگۆی چڕوپڕ، لە ١١-٧-٢٠١٢ دەستەی باڵای کورد لە نێوان پەیەدەو ئەنجومەنی نیشتمانی کورد دروست کرا و بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی رێککەوتنی هەولێر ئیمزا کرا. بۆ چارەسەری ئاریشەکانی بەردەم رێككەوتنی هەولێر، جارێكی دیکە بە هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی لەیلا زانا و ئۆسمان بایدەمیر، لەمانگی ئایاری ٢٠١٣ رێكکەوتنی هەولێر ٢ ئیمزا کرا. دواتر ههوڵهكانی لهیلا زانا و عوسمان بایدهمیر بۆ پابهندبوونی ههردوولا بوو به رێككهوتنی ههولێر 2 ئهمهش به ئاگاداری جهنابی سهرۆك بارزانی بوو له مانگی 11ی 2013.
پاش گۆڕانكاریيە خودی و بابەتیيەکانی ئەم دواییانەش، سیاسەتی سەرۆک بارزانی درێژەپێدەری ئەو پارادیمە بوو، بەوەی کە بە هیچ شێوەیەک و لە پێناوی هیچ ئامانجێک نابێت شەڕی کورد بە کورد لە رۆژئاوای کوردستان بكرێت، نابێت کورد ببێتە تەرەف لە ریزبەنديیە جیۆپۆلۆتیکیيەکان و ریزبەندیيە هەرێمایەتی و مەزهەبیيەکان. بۆیە جارێكی دیکەش سەرۆک بارزانی لە ١٤-١٠-٢٠١٤ لە دهۆک سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی دیکەی سەرجەم هێزەکانی رۆژئاوای کرد و سەرئەنجام لە ٢٢-١٠-٢٠١٤ رێککەوتنی دهۆکی لێكەوتەوە.
رێكکەوتنی دهۆک چەند راستیيەکی سەلماند:
١. رۆڵی میحوەريی سەرۆک بارزانی نەک تەنيا وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڵكو وەک چەترێکی کۆکەرەوەی هێزەکوردیيەکان.
٢. بۆ هەموو لایەنەکانی رۆژئاوای سەلماند، کە یەکتری قبوڵ نەکردن و خۆسەپاندن و پێكەوەکارنەکردن، چەند زیانی بۆ دۆزی کورد هەبووە لە رۆژئاوای کوردستان و بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانكاريیەکانی ئەم دوایيانەو دوژمنی هاوبەش و هەڕەشەی هاوبەش، بۆیە چیدی بەردەوامی پێشێلكاریی رێككەوتنی هەولێر یەک و دوو ناچێتە سەر.
٣. دەرکەوت، کە هاشوهووشی میدیایی و گوتاری دیماگۆجی بۆ ئیستیهلاکی مەحەلی، کە بەداخەوە هەندێ هێزی باشوور بەکاریان دەهێنا بۆ ململانێی پارتی و کاڵکردنەوەی رۆڵی میحوەريی سەرۆک بارزانی، هەوڵێکی نەزۆک و سیاسەتێکی فاشیل بووە.
٤. دەرکەوت، کورد بە یەكڕیزی و یەکتری قبوڵکردن و کاری پێکەوەيی، توانی ئەمریکا بێنێتە سەر خەتێکی وەها، چەکی کورد لە پارچەیەکی کوردستانەوە بە ئاسماندا و بە فڕۆکەی سەربازی خۆی بۆ پارچەیەکی دیکەی کوردستان بگوازێتەوە، بە یەكڕیزی و پاڵپشتی و پشتگیری یەکتر توانیمان سیاسەتی تورکیا لەمەڕ پرسی کۆبانێ و رۆژئاوای کوردستان بگۆڕین و بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ناو خاکی تورکیا بۆ کۆبانێی لێ بکەوێتەوە.
٥. دەرکەوت کە سیاسەتی راست و دروست ئەوەیە، کورد خۆی نەکاتە تەرەف لەگەڵ ئەو ریزبەندییە ئایدیۆلۆژی و مەزهەبی و جیۆپۆلەتیکیيەی کە ئێستا لە گۆڕەپانی سووريادا هەیە. ئەوەی روونە، ئێستا سووريا وەک وڵات و وەك دەوڵەت، کارەکتەرێکی جیۆپۆلەتیکی نەماوە، بەڵكو بووەتە شانۆیەکی بەرین بۆ ململانێ جیۆپۆلەتیکييەکانی هێزە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و جیهانییەکان.
٦. بە بوونی هەرێمی کوردستان و مەرجەعيیەتی سەرۆک بارزانی، وەک چەتری کۆکەرەوەی هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان، دەرکەوت هەرێمی کوردستان، وەک پارچەیەکی ئازادکراوی نیشتمان، قووڵایی ستراتیژيی رۆژئاوایەو سەرکەوتنی قارەمانەکانی کۆبانێ لە بەرگری لە خاکی کوردستان و هەماهەنگيی مەیدانيی پێشمەرگەو شەڕڤانەکان و کاری زیاتری لەمەودوا دژ بە دوژمنانی نەتەوەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان، ئەویش دەبێتە قووڵاییەکی ستراتیژيی گرنگ کە بە هۆیەوە رۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەرێم و تورکیا و هەرێم و ئێران و هەرێم و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهێزتر دەکات.