ڕووبه ره نوێیه کانی حیقد

ڕووبه ره نوێیه کانی حیقد
هەروەک چۆن ڕەگەزپەرستی و ڕەوتی دژە جوولەکە لە گۆڕاندان، فەزاکانی ئەم دوو فۆرمە لە ڕق و کینەش گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. ڕاستە، ئەزموونی فەرەنسا تایبەتمەندی خۆی هەیە، وەلێ گۆڕانکاری هاوشێوە لە وڵاتانی دی ئەوروپاش بەدی دەکرێن.
بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر، ڕەگەزپەرستی بە دەوری پرسی عەرەب، و کوڕ و کچی کۆچبەرەکان-ـەوە دەخولایەوە، ئەوانەی لە گەڕەکە میللی و پەراوێزخراوەکاندا نیشتەجێن.
ڕەگەزپەرەستی دژە عەرب پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ڕابردووی کۆلۆنیالی فەرەنسا و هەروەها ئەو گۆڕانکارییانەوە هەبوو کە بەسەر ئابووری و پیشەسازیدا هاتبوون. فەرەنسا پێویستی بە <کرێکارانی کۆچەر> نەمابوو، چونکە کۆچی ئەم کرێکارانە ئیتر چیدیتر بۆ کار نییە، بەڵکو بۆ مانەوە و ئاکنجیبوونە لە فەرەنسا، هەروەک ڕاپۆرتی هێسێل ئاماژەی پێدەدا. ئینجا لەگەڵ نیشتەجێبوونی ئەم خەڵکە لە ناو گەڕەکە میللی و هەژارەکاندا، ڕق و کین و پێشداوەریە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیش لە دژیان لە بەرەو هەڵکشاندابوون. شیاوی باسە، ڕەگەزپەرستی نەیدەتوانی ئیتر پشت بەو بیرۆکەیە ببەستێت کە گوایە عەرەب گەلێکە شیاوی بە کەم سەیرکردن و ئیستیغلالکردنە، بەڵکو پەنا بۆ بیرۆکەیەکی نوێ دەبات کە بەپێی ئەوە عەرەبەکان کاری فەرەنسیەکان دەدزن، ئەو فەرەنسیانەی دووچاری بێکاری و بێکاری پەردەپۆشهاتوون. جگە لەمە، شتێکی دیش هاتە سەر ئەم بارە و دەیانووت «ئەمانە(کرێکارە کۆچکردووەکان)لێرەن بە جیاوازیەکانیانەوە، هەرگیز ئەمانە تێکەڵی نەتەوە و کەلتووری فەرەنسا نابن. ئا ئیتر بەم شێوەیە، ڕەگەزپەرستی، هەروەک ئەوەی لە زمانی ئەو کاتەدا باوبوو، بەرگی ڕەگەزپەرستیەکی کەلتووری، جوداخواست-ی بە خۆیەوە گرت، واتە لێرەوە ڕەگەزپەرستیەکی میانڕەو سەردەردێنێت، کە دەشێت ناوی بنێن، ڕەگەزپەرستی نوێ.
لەم سۆنگەیەشەوە، کەلتووریش بەکاردەهێنرا بۆ دەستنیشانکردنی ئەوی دی وەک «ئەوی دییەکی ڕەتکراوە»، هەروەک چۆن لەم سەردەمەدا، زاراوەی بۆغ (بۆ نێر)، بۆغێت (بۆ مێ) یان بۆ ئەو منداڵ و گەنجانە بەکاردەهێنا کە باوانیان بەشێک بوون لە کرێکارە کۆچکردووەکان .
شیاوی باسە، لەو سەردەمەوە سێ گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەر پرسی ڕەگەزپەرستیدا هاتوون. گۆڕانی یەکەم بریتییە لە خلیسکانی مژاری «جیاکاری» بۆ نێو گفتوگۆ و مشتومڕە گشتییەکان. هاتنە ناوەوەی ئەم بابەتە کۆنکریتییە نەک هەر بۆ عەرەبەکان، بەڵکو بۆ سەرجەم کۆچبەرەکانی دیش گرنگی خۆی هەیە. بۆیە لێرەوە ئیتر هەر گرنگی بەو جیاکاریانە نەدەدرا کە لە دابەشکردنی خانووبەرە، یان چوونە نێو نادیەکی شەوانە، یان گرتنی کەسانێک بە هۆی ڕەنگی پێست و ڕووخساریانەوە هەست پێدەکرا، بەڵکو هەروەها لە بەدەستهێنانی هەلی کار و شوێنی کاریشدا. بەم چەشنە، ئەم بابەتە کۆمەڵێ گفتوگۆی نوێی خوڵقاند، بە تایبەتی سەبارەت بەو ئامارانەی لە بارەی نەتەوەکان (ئەتنیک)ـەوە کرابوون. لەم گۆشەنیگایەوە، پرسی ئەوە دەکرا کە ئایا بۆ قەڵاچۆکردنی جیاکاری پێویستە ئامار بۆ نەتەوەکان بکرێت؟ لە ڕاستیدا، ئەم پرسیارە پرسیارێکی بونیادی و بنەڕەتی تری بە ناخیدا هەڵگرتبوو، ئەو پرسیارەی لە چوارچێوەیدا ڕۆشنبیران و بەرپرسە سیاسییەکان گفتوگۆیان لەسەر ئەوە دەکرد کە ئایا لە دۆخێکی وادا پێویستە «کۆماریخواز»، یان «دیموکراتخواز» بن.
دووەم گۆڕانکاری گرنگ بریتییە لە هاتنە پێشەوەی ئیسلام، هاوتا ئایین. واتە، لێرەوە، ڕگەزپەرستی «عەرەببوونی» منداڵی کۆچبەرەکان ناکا بە ئامانج، بەڵکو موسوڵمانێتیان. لەم سۆنگەیەشەوە، باس لە ئیسلامۆفۆبی [دژەئیسلامییەتی] دەکرا. بەڵام، ناکرێ ئایین تەنیا وەکو دیاردەیەکی کولتووری پێناسە بکرێ، چونکە ئایین و کەلتوور ئاوێتەی یەکترن. هەڵبەتە، ترس و نیگەرانی لە ئایین جێگای ڕەگەزپەرستی نەگرتەوە، بەڵکو بەرگێکی نوێی پێ بەخشی.
گۆڕانی سێیەم کە زۆر گرنگ و ڕیشەییە، بریتییە لە سەرهەڵدانی پرسی ڕەشپێستەکان، بە تایبەتیش لە سەروبەندی پشێوییەکانی ساڵی ٢٠٠٥ـەوە. جا لەم کۆنتێکستە مێژووییەدا، کە هاوکات «ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ڕەشپێستەکان (CRAN)» و ڕێکخراوی «خەڵکە ڕەسەنەکانی کۆمار»شی تێدا لە دایکبوو، فەرەنسیەکان لە ئامادەیی ژمارەیەکی لە ڕادەبەدەری فەرەنسی بە بنچینە ئەفریقی کە لە فەرەنسادا دەژین ئاشنابوون، ئەمە جگە لە ڕەشپێستەکانی گەرووی ئانتی. هەر لەوکاتەوە دیسان ڕەگەزپەرستی دەگەڕێتەوە سەر بنەما کلاسیکیەکەی و واتە، بۆ سەر پێوەرە فیزیکی و بیۆلۆژییەکان.
ئیتر، بارودۆخەکە دەگاتە ئاستێک منداڵێک ڕێگە بە خۆی دەدات وەزیری داد، خاتوو تۆبیرا، بە مەیموونێک کە خەریکی مۆز خواردنە بچووێنێت.
تۆ بڵێی ئەم ڕەگەزپەرستیە لەسەر بچمە کۆلۆنیالیەکەی دووبارە بووژاندنەوەی دیاردەیەک نەبێت کە تاوەکو ئێستا لە پانتاییە تایبەتیەکەیدا تاسێنراوبوو، پاشان دەکرێت دەستی تاوان بۆ ئینتەرنێت کە کەلتوورێکی نوێ و پانتاییەکی گشتی نوێی هێناوەتە کایەوە ڕابکێشین؟ شیاوی باسە، دەشێت بڵێین، ڕەگەزپەرستی شاراوە کەوتۆتە سەر ڕێچکەیەکی نوێ. دۆخی ئێستا بە دۆخی بیست ساڵ لەمەوپێش تەواو جیاوازە، یان دروستتر ڕەهەندێکی نوێی بەخۆیەوە گرتووە، ئەوەتا ئیتر لەمەودوا بەشێک لە ڕەگەزپەرستی تەرخانکراوە بۆ لێدانی ڕۆمەکان(لە زمانی باودا پێیان دەوترێت قەرەج)، هەندێکی تریان بۆ پەنجەخستنە سەر پەرتەوازەبوونی کۆمەڵگایە، بە شێوەیەک هەر یەک لەو لایەنانەی کە کەوتوونەتە بەر هێرشی ڕەگەزپەرستی هەم وەک قوربانی و هەم وەک تاوانبار پێناسەدەکرێن: جوولەکەکان وەک دژە موسوڵمان، یان وەک دژە ڕەشپێستەکان، ڕەشەکانیش وەک دژە جوولەکە، تاد.
هەڵبەتە، دژەجوولەکەگەراییش گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە، یان دروست ئەو گۆڕانکاریەی پێش شەش حەوت ساڵ لەمەوبەر لە بارەیەوە تێبینی دەکرا، ئەمڕۆ بە تەواوەتی ئاشکراو زەقبۆتەوە. دیارە، دژەجوولەکەگەرایی لەلای ڕاستڕەوە کلاسیکیەکان بە جۆرێک هێوربۆتەوە، کە ئەمەش دەشێت پێوەندەی بە داکشانی هەستی دژ بە ئایینی جوولەکە لەلای مەسیحیەکان، کە دەستباڵان لەناو ڕاستڕەوەکاندا هەبێت، ئەوانەی هەمیشە جوولەکەیان وەک گەلێکی خواکوژ و گەلێک کە چوونە نێو مەسیحیەت ڕەتدەکاتەوە، تاوانبار دەکرد. هەمان دیاردە لەلای ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، کە هەڵبەتە لێرە مەبەستم مارین لۆپێن-ـە، بەدی دەکرێت، ئەم خاتوونە دەیەوێت بە شێوەیەکی ستراتیژی لە بەهریمەنکردنی جوولەکان دوور بکەوێتەوە. بەڵام لەلایەکیتر دژەجوولەکەگەرایی لە سێ بەشی کۆمەڵگای فەرەنسیدا مەیدانێکی نوێ بۆخۆی دەبینێتەوە. لەسەرەتادا، لەناو ئەو جەماوەرە کۆچبەرە جەزائیری، مەغریبی و تونس-یەکانن کە لە مەغریبەوە هاتوون. ئەو گرووپە بە دوو ڕەهەند چاو لە جوولەکە دەکەن. لەلایەک جوولەکە وەک ستەمکار لەبەرامبەر گەلی فەلەستین وەسف دەکەن، کە بێگومان ئەم کۆچبەرانە وەک بەشێک لە گەلی فەلەستین خۆیان هەژماردەکەن. جا لێرەشەوە، ئامانجەکە بریتییە لەوەی جوولەکە و ئیسرائیل وەک دوو ڕووی یەک دراو نیشان بدەن، هاوتا بۆ ئەو گرووپە، جوولەکە وەک ئەمریکای خۆرئاوا کە لەگەڵ ئیسلامدا لە جەنگدایە. لە دووەم شوێندا، لەلای دانیشتووانە ڕەشپێستەکانیش، ئەوانەی لە ئەفریقای سەحەری و ئەنتی-ـەوە هاتوون، جوولەکە بەوە تاوانبار دەکرێن کە گوایە ڕۆڵێکی گرنگیان لە بازرگانیکردن بە ڕەشپێستەکانەوە و سیستەمی کۆیلەکردنیانەوە بینیووە، ئەمە جگە لەوەی بەوەش تاوانباریان دەکەن کە گوایە بە قسەکردن بە چڕوپڕی لە ئێش و ئازارەکانیان دەیانەوێت مۆنۆپۆلی کۆی نەهامەتی و کوێرەوەریەکانی مێژوو بکەن و بەمەش ئازاری گەلانی دی لە بیرببەنەوە.
لە سێیەم شوێنیشدا، دەشێت باسی بەشێکی تری کۆمەڵگاکە بکەین، کە هەڵبەتە پێناسەکردنی ئەمەیان ئاسان نییە. ئەم بەشە وەک دژە سیستم خۆی نمایش دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش جاڕی ئازادی ڕادەربڕین دەدات.
هەر بەم بۆنەیەوە دەشێت ئاماژە بە تێڕوانینەکانی ئالان فینکەیلکراوت بدەین، لە نووسینەکانیدا دەیەوێت پەردە لەسەر ڕەوتی «ئیسلامی-پێشکەوتووگەرا» هەڵبداتەوە، بەوەی ئەم ڕەوتە تێکەڵێکە لە چەپگەرایی جیهانی سێ کە تابڵێی دوژمنی ئیسرائیلە، لەگەڵ ئیسلامگەرایەک کە بەرەو توندوتیژی دەچێت. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بیرۆکەیە لە واقیعەوە دوورە. گەر تێکەڵیەک هەبێت، ئەوا تەنها لە نێوان ڕاستڕەوە توندڕەوە دژە جوولەکەکان و هەندێ لەو گرووپە ئیسلامگەراییانەدا هەیە کە تا چاوبڕبکات کۆنەوارخوازن (ترادیسیۆنخواز). بۆ پشت ڕاستکردنەوەی ئەمەش دەشێت ئەو مشتومڕانە بێننینەوە یادمان کە بەم نزیکانە لەهەمبەر «تیۆری جەندەر» لە فەرەنسا ڕوویاندا کە تێدا ئیسلامگەرا کۆنەوارخوازەکان و ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە تەک یەکدا دژایەتی تیۆری جەندەریان دەکرد.
بە هەرحاڵ، گەر تا دە ساڵ پێش ئێستا وا دەزانرا کە ڕەوتی دژەجوولەکە دەرهاویشتەی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە، ئەوا ئێستا ڕوون بۆتەوە کە، پێوەندەی بە کۆمەڵگای فەرەنسا و پەرتەوازەبوونی سیستمە سیاسییەکەیەوە هەیە.
تێبینی:
زاراوەی بوغ و بوغێت لە ڕاستیدا لە وشەی «عەرەب»ـەوە داتاشراوە. لە فەرەنسا گەنجان زۆرجار وشە و زاراوەکان بە هەڵاوگێڕی دەردەبڕین. بەم شێوەیەش وشەی «عرب» دەبێت بە «برع» دواتر بە لابردنی پیتی «ر» و زیادکردنی «ۆ» دەبێت بە «بۆغ». واتە لە جیاتی ئەوەی پێیان بڵێن عرب، دەڵێن بۆغ، کەئەمەش وەک سووکایەتی و کەم سەیرکردن.
Top