ئەو شوێنانەی بەدەست هاتوون چۆن بیانپارێزین؟
June 26, 2014
وتار و بیروڕا
ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم لەو چەند رۆژەی رابردوودا لەئەنجامی بۆشایی ئاسایشی و سەربازی کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە، دەکاتە سنووری چوار پارێزگای عیراق (موسڵ، کەرکوک، تکریت، دیالە).
زۆرجار قسە لەسەر ئەوە دەکرێ کورد لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق، نەیتوانیوە سەرنجی عەرەب و تورکمان بۆ لای خۆی رابکێشێ، لە ئەنجامی وەکۆبوونی ئەزموونی سلبی و ئیجابی رابردوومان ئێستا ئاسانترە بتوانین ئەو کارە ئەنجام بدەین، ئەوەش بەکردار و گفتار و رەفتاری جوان و مرۆڤ دۆستانە و برایانەمان لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان بەدیدێت، بۆ ئەومەبەستەش ئەو پێشنیارانەی خوارەوە دەخەینەڕوو:-
* خاک بۆ ئێمە، کە مافی مێژوویی و سیاسی خۆمانە، پۆست و پلە و پایەش لە فەرمانگەکانی دەوڵەتدا بۆ ئەوان، بەشێوەیەک کە هاوسەنگی لەدەست نەدات.
* لە ئەگەری بڕینی بودجە و بەشەخۆراک و مووچەی فەرمانبەرانی ئەو ناوچانە، کە ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە لەلایەن دەوڵەتی ئێستای بەغدادەوە، بۆیە حکومەتی هەرێم پێویستە پلانی تۆکمەی بۆ ئەو ئەگەرە هەبێت.
* پاراستنی شکۆ و حورمەتی تاک و کۆی ئەو هاووڵاتی و هاونیشتمانیانەی لە هەردوو نەتەوەی عەرەب و تورکمان کە ناوچەکانیان تازە کەوتۆتە دەست پێشمەرگە، بەدوور لەگیانی خۆ بە زلزانین و خۆسەپاندن هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێت.
* رێگا نەدرێت لە پەنای نەهێشتنی تیرۆر و گەڕان بەدوای تیرۆرستاندا هاووڵاتیان ئازار بدرێن و لە هەمان کاتیشدا پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان مسۆگەر بکرێت.
* دروستکردنی پێوەندیەکی بەهێز و توند و تۆڵ بەبێ جیاوازی رەگەزی و ئایینی و مەزهەبی بەدوور لە گیانی خۆ بەزلزانین لەنێوان هەموو پێكهاتەکاندا.
(پێشمەرگە)
مادام باس لە بەرەکانی شەڕکردن و سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە دەکەین، رۆژانەش میدیاکانی هەرێم و عەرەبی و جیهانی رووماڵی رووداوەکان دەکەن، پێداچوونەوەیەکی خێرای زانستیانەی سەربازی، پێداویستی هەنووکەیی و ژیاری واقعی ئێستای بەرەکانی پێشەوەن.
لە ئێستادا شەڕی چڕوپڕی نزیک چاوەڕوان ناکرێت، بۆیە فەرماندەیی پێشمەرگەی کوردستان، فریا دەکەوێت هێزەکانی باشتریش لە ئێستا رێکبخاتەوە.
لە ئەنجامی ئەزموونی کەڵەکە بووی چەندساڵەی پێشمەرگایەتیمان پێشنیاری بەهێزکردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگە، کەڵک وەرگرتن لە فەرماندە سەرکەوتووەکان، دابینکردنی کەل و پەلی سەربازیی و ئامێری پێوەندی سلکی و لاسلکی، لە ئەگەری بڕینی تۆڕەکانی ئینتەرنێت و فۆکس خستنەسەر هێزی کەم و پوخت، بۆئەوەی زۆرترین هێزی یەدەگی حەساوە لەبەردەستدابێت، دەخەینەڕوو.
(رۆڵی میدیاکان)
ئەوان تا ئێستا بەرپرسیارانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ روداوەکاندا کردووە، خۆبەدوور گرتنیان لەهەر کارێک بۆنی درز خستنە ناو ریزی یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکانی لێبێت لە هەموو شتێک گرنگ ترە.
وێڕای ئەوەش بە هەستیاری کارکردن لەکاتی شەڕ و گرژی و ئاڵۆزیەکاندا، بەتایبەتی لەسەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە هاوکاری سەرخستنی پلان و پیلانەکانی شێوازی شەڕی پێشمەرگە دەبێت.
چونکە گواستنەوەی هەموو رووداوێک بە قازانجی گشتی ناشکێتەوە، چ جای ئەوەی لە ناوچە هەستیارە کێشە لەسەرەکان بێت.
ئاسایی نییە رووماڵکردنی گرتەی ڤیدۆیی شەڕی پێشـمەرگە لەگەڵ تیرۆرستاندا، چونکە خاڵە لاواز و بەهێزەکان و شێوازی شەڕی پێشمەرگایەتی ئاشکرادەبێت و دوژمن بە ئاسانی دەتوانێ کاری پێچەوانەی لەسەر بکات، رەنگە بۆ رێگرتن لەو بابەتە ئەرکێکی زۆر بکەوێتە سەر ئەنجامدەرانی دیسپلینە سەربازییەکان.
(جوگرافیا)
وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا، سنووری هەرێمی کوردستان بەسەر خاکی چوار پارێزگاوەیە، کە زۆربەی دانیشتووەکانیان عەرەبی سوننە مەزهەبن.
لە هەمان کاتدا عەرەب و تورکمانی شیعە و مەسیحی و کلد و ئاشوور و کوردی شەبەک و ئێزیدی و کاکەیی هەیە، راگرتنی پارسەنگی هێز، لەنێوان هەموواندا بەهەمان شێوازی حوکمڕانێتی لەهەرێمی کوردستاندا، سەرکەوتن مسۆگەر دەکات.
راستە هێز بڕیار لەسەر زۆرشت دەدات، بەڵام هێزێک لە ئەنجامی یەکڕیزی نیشتمانی هەموو لایەنە سیاسییەکان سەرچاوە بگرێت، تێکشکانی بۆ نییە.
بۆیە بەردەوام بوونی ئەو سیاسەتەی هەمووان لەدەوری جەنابی سەرۆک بارزانی، نەک هەر لە مەترسی دوورمان دەخاتەوە، بەڵکو زۆریش پێشماندەخات.