سەرۆک بارزانی و هزری ئایدیالیستی ریالیست لە جووڵانەوەی دیپلۆماسی و هەڵوێستی سیاسیدا

سەرۆک بارزانی و هزری ئایدیالیستی ریالیست لە جووڵانەوەی دیپلۆماسی و هەڵوێستی سیاسیدا
بە وردبوونەوە لە هەڵوێست و جووڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک بارزانی و مامەڵەكردن لەگەڵ هاوكێشەکانی ناوچەکەو نوێنەرایەتیکردنی کورد لە ناو کێشمەکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا، ئەوە دەردەكەوێت کە سەرۆک بارزانی توانیویەتی سەرکەوتووانە میتۆدی ئایدیالیستی ریالیست بکاتە بنەمایەک و بەهۆیەوە پێگەی کورد لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکات و کار بۆ ئاسۆو ئاییندەیەکی گەشاوەتر بکات.
ئەگەر تیۆرەکانی پێوەندیی نێودەوڵەتی International Relations لەسەر تیۆری ئایدیالیست لە لایەک و ریالیست لەلایەک ریزبەند کرابن، بە وردبوونەوەیەکی زانستیانە لە دووتوێی هەڵوێست و بۆچوون و سیاسەت و تێڕوانینەکانی سەرۆک بارزانی، بۆمان دەردەكەوێت کە هەم جووڵەی دیپلۆماسی کوردی و سیاسەتکردن لەناو پێوەندییە ئاڵۆزەکانی گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، سەرۆک بارزانی توانیویەتی میتۆدێکی هەم ریالیست و هەم ئایدیالیست تەوزیف بکات و بە هۆیەوە سیماکانی پێگەو جووڵەو هەڵوێستەکانی کورد لەم قۆناغەدا، ئایدیالیستیەکی ریالیست بێت.
بە فلاشباکێک بۆ لێوردبوونەوە لە هەڵوێست و بۆچوونەکانی سەرۆک بارزانی لە دەیەکانی رابردووەوە تا ئێستا، روونتر ئەو سیمایانە بە دەردەکەون.
لێکدانەوەو پێشبینییەکانی سەرۆک بارزانی لە کاتی داستانی خواکوڕک بۆ ئایندەی عێراق و ئەو گۆڕانکارییانەی کە روو دەدەن و ئامادەکاری کورد بۆ ئەو قۆناغە، راپەڕین و هەڵوێستی سەرۆک لە مانەوە لە کوردستان و داستانی کۆڕێ و پێشتریش راگەیاندنی تێڕوانینی خۆی بۆ سیستمی حوکمڕانی و ئازادی و هەڵبژاردنی دیموکراسیانەو بە مەرجەع بوونی خەڵك و پێداگیری لەسەر بەهێزترکردنی پایەکانی دامەزراوەکانی هەرێم، هەوڵەکان بۆ یەکگرتوویی سیاسیی کورد، مامەڵە لەگەڵ دەروجیرانەکانی کوردستان و پاراستنی هاوسەنگی، پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی کورد لە هەموو قۆناغەکاندا، پێداگیری لە پاراستنی ئیرادەی نەتەوەیی کورد، پاراستنی کەرامەتی تاکی کوردو هەیبەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغە جیاجیاکان، نەکەوتنە داوی دروشمبازی و پێداگیریی لەسەر فراوانکردنی دەستکەوتە نەتەوەییەکانی کورد هەنگاو بە هەنگاو، رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ناوەوەو دەرەوە، جەختکردنەوە لە قۆستنەوەی دەرفەتی زیاتر لە رۆژئاوای کوردستان و بە یەکڕیزی مانەوەی هێزەکان و یەکخستنیان، پشتگیری پرۆسەی ئاشتی لە باکوور و پێداگیری لەسەر چارەسەری ئاشتیانە، پرسی ئاڵا، پێشمەرگە، کەرکوک و چەندین پرسی دیکە، لەو بنەما سەرەکیانەن، کە پێکهاتەی ئایدیالیستی هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانییان نەخشاندووە و سەرچاوە فکریەکەشی لە رێبازی بارزانیی نەمرو کوردایەتی هەڵقوڵاوە.
مامەڵەی هاوسەنگ لەگەڵ هاوكێشەکانی ناوچەکەدا، گرتنە بەرچاوی مەوداکانی نێوان ویست و تواناکانی بە دەستهێنانی ویست و خواستەکان، زانینی سەرچاوەی هێزی نەتەوەو هێزەکانی دیکەی ناوچەکە، چاودێرییەکی وردی دۆخی ناوچەیی و جیهانیی و زانینی ریزبەندی هێز و هاوپەیمانێتییەکان، وردبوونەوە لە مەوداکانی کۆکی و ناکۆکی نێوان ناوهاوپەیمانییەکانی ناوچەکە و جیهان، زانینی پێوەرەکانی قازانج و زیان بۆ ئێستاو ئایندەی کوردستان و کردنیان بە بنەمای سەرەکی مامەڵە لەگەڵ رووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە، گرتنەبەری سیاسەتی بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، گۆڕینی فاکتەری یاری پێکردن بە دۆزی کورد بۆ بە یاریچی بوونی خودی کورد لە ناوچەکەدا، خۆنەدانە دەست قەدەر و جووڵەی دەسپێشخەر لە دیاریکردنی شوێن و بڕو ئاستی گەمەکانی ناوچەکەدا، هەموو ئەمانەش پێكەوە بنەماکانی ریالیست بوونی سیاسەتەکانی سەرۆک بارزانی دەردەخات.
بە وردبوونەوەی زیاتر دەگەینە ئەو بەرئەنجامەی کە سیمای سیاسەت و تێڕوانینەکانی سەرۆک بارزانی بەوجۆرە بووە کە هیچ وەخت لەسەر حسابی ریالیتەی دەوروبەر قوربانی بە بنەما ئایدیالەکانی کورد نەداوە، هیچ کاتێکیش نەهاتووە تەنیا بە گرتنە بەرچاوی بنەما ئایدیالیەکانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی واقیع و ریالیتی، جووڵەی سیاسی بکات.
ئەوەندەی دەرفەتێکی کورت هەبێت لە وتارێکی رۆژنامەوانی، تەنیا چەند نموونەیەک لە هەڵوێست و بۆچوون و جووڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک بارزانی دەخەینەڕوو بۆ سەلماندنی ئەو پێشەکییە تیۆرییەی کە خستمانەڕوو..
بزاوتە دیپلۆماسییەکان
سەردانەکانی ئەم دواییەی سەرۆک بارزانی بۆ فەرەنسا، ئوردن، ئیتاڵیاو ڤاتیکان بەردەوامی ئەو بزاوتە هاوسەنگەیە کە سەرۆک بارزانی دەیگرێتەبەر. دانانی ئاڵای کوردستان و مامەڵەی پرۆتۆکۆلی سەرۆک دەوڵەت بە هەموو وردەکارییەکانی پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، دەتوانرێت بە بەرهەمی سەرکەوتووانەی ئەو سیاسەتە بدرێتە قەڵەم.
لەسەر ئاستی هەرێمایەتی سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای هاوسەنگی دامەزراوە، بە جۆرێک کە هیچ وەخت هەرێمی کوردستان پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتێك لەسەر حسابی وڵاتێكی دیکە پەرەپێنادات و بە هەمان شێوە لەبەرخاتری هیچ وڵاتێك، پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هیچ وڵاتێكی دیکە تێک نادات. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەوڵدراوە، کە هاوسەنگی بپارێزرێت و ریالیتەی نێودەوڵەتی لەبەرچاو بگیرێت. بە جۆرێک لە نێوان زلهێزەکانی جیهانیشدا کورد توانیویەتی جۆرێک لەهاوسەنگی بپارێزێت و لە درێژبوونەوەی هەژموونی ئەو زلهێزانە بۆ ناوچەکە، دیسان کورد نەبێتە بەشێک لە هاوکێشەیەک، کە لایەنی دیکە وەها لێکی بداتەوە کە لەسەر حسابی ئەوانی دیکە بووە.
لەسەر پرسی سوریا، پێگەو هەڵوێستی هەرێمی کوردستان چ بەرامبەر ئۆپۆزسیۆنی سوری و چ بەرامبەر رژێمی سوریا بە هەمان شێوە لەسەر بنەمای ئایدیالیستی ریالیست بونیاد نراوە. هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی لەمەڕ سوریا بەو جۆرە بووە، کە دەبێت کورد بە مافەکانی خۆی بگات، شێوازی سیستەمی حوکمڕانی و ئایندەی سوریا دەبێت گەلانی سوریا خۆیان بڕیاری لێ بدەن، لەگەڵ ئەوەش نە رژێمی سوریا دەتوانێ دۆخەکە بگەڕێنێتەوە پێش مانگی ئاداری ٢٠١١ و نە ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەتوانێت دۆخەکە بە لایەکدا بخات، بۆیە لەگەڵ چارەی سیاسی بووین. سەرکەوتوویی خوێندنەوەکانی سەرۆک بارزانی بۆ هاوكێشەکانی ناوچەکە و سوریا لەوەدا بە تەواوەتی دەرکەوت، کە لە سەروبەندی مونتەدای داڤۆس کە گفتوگۆکانی جنیڤ٢ بەڕێوە دەچوو، سەرۆک بارزانی رایگەیاند ئەم گفتوگۆیانە بە ئەنجامێک ناگەن، ئەوە بوو پاش نزیکەی مانگێک دەرکەوت کە گفتوگۆکان شکستیان هێناو بەم دواییانەش ئەخزەر ئیبراهیمی نێردراوی نێودەوڵەتی دەست لەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند بەهۆی شکستی گفتوگۆکانی جنێڤ ٢.
دۆخی عێراق و هەڵوێستی کورد
ئەگەر هەندێک لە هەڵوێست و لێکدانەوەکانی سەرۆک بارزانی لەمەڕ دۆخی عێراق و پێگەی کوردو ئایندەی کورد وەرگرین، بە هەمان شێوە بنەماکانی ئایدیالیستی ریالیستمان بۆ دەردەكەوێت لە دوای ٢٠٠٣وە سیاسەتی فەرمی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە نەبێت بە بەشێک لە ململانێی مەزهەبی نێوان شیعەو سوننە لە عێراق و لەسەر حسابی هیچ لایەکیان سیاسەت و جووڵە بەرامبەر لایەکەی دیکە نەکات لەگەڵ ئەوەش سروشتی هاوپەیمانێتییەکانی بەغدا هەرچۆن بووبن و لە هەرلایەک پێکهاتبن، هەڵوێستەکانی هەرێمی کوردستان کە سەرۆک بارزانی وەک سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێم گرتوونیەتە بەر، دەرخەری ئایدیاکان و زانینی ریالیتەی دۆخەکە بوون، رەنگە لێرە پێویست بە دووبارەکردنەوەی یەک بە یەکی قۆناغەکانی پاش ٢٠٠٣ نەکات و خەڵك و مێژوو شاهیدن کە چۆن سەرۆک بارزانی مامەڵەی لەگەڵ بەغداو حوکمڕانانی کردووە، هەر لە بریمەرەوە تا مالیکی ئێستا لە دوایین هەڵوێست و لێدوانەکانی سەرۆک بارزانی و گرتنەبەری هەنگاوی دیکە بۆ رەنگڕێژکردنی جووڵەکانی کورد لە ئایندەیەکی نزیکدا، سوود لە بەشێک لە لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆک بارزانی وەردەگرین و بنەماکانی ئایدیالیستی ریالیستیان لێهەڵدەهێنجێنین.
لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی الحیاة ژمارە ١٨٦٢٨ لە ٥/٤/٢٠١٤ دا سەرۆک بارزانی بە راشکاوی رایدەگەیەنێت کە((چۆک دانادەین و رێگا بەکەس نادەین هەیبەتی هەرێم بشكێنێت یان لە کەرامەتی دانیشتووانی کەم بکاتەوە، نابینە پاشکۆ، هاوبەشی و هاوپەیمانی بەسەرچاو، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نابینە پاشکۆ. جیهان گۆڕدراوە، گەلان لە هەستانەوەدان، کەسێک ناتوانێت هیچ کەسێک بۆ هیچ شتێک ناچاربکات، هەڵسوکەوتی تاکەکەسی، بڕوا نەبوون بە دیموکراسییەت، قبوڵنەکردنی لایەنی بەرامبەر، کەلتوری حوکمی شمولی رەتکردنەوەی بەرامبهر لە بەغدا هەیە)) بە هەمان شێوە سەرۆک بارزانی لە دیمانەیەکی لەگەڵ سکای نیوزی عەرەبی کە لە ١٣/٤/٢٠١٤ دا پەخشکرا رایگەیاند: ئەگەر هاوبەشی راستەقینە نەبین لە کۆنفیدرالی کەمتر رازی نابین و ئەم بابەتەش دەبێتە بابەتێکی جددی و دەخرێتە بەردەم پەرلەمان و لەوانەشە بخرێتە بەردەم گەلی کوردستان بۆ ریفراندۆم، پێویستە ناوچەکە لەسەر بنەمای یەكێتیی ئارەزوومەندانە دابڕێژرێتەوە. بارودۆخی ئێستا بارودۆخێكی تازەیەو لە رابردوو جیاوازەو دەرفەتێکی گەورەیە بۆ کورد. ئێستا بارودۆخەکە وەک دەرفەتێکی باش بۆ دووبارە رێکخستنەوەی ناوچەکە لە ئارادایە، ساڵانی داهاتوو، زیاترو زیاتر سیستمەکان رەنگدانەوەی فرەیی دەبن و رێزی لێدەگرن و دانپێدانان دەبێت بە گرووپە جیاوازەکاندا لەتێڕوانینی سەرۆک بارزانی بۆ دۆخی ئێستای عێراق و چۆنیەتی مامەڵەی کورد لەگەڵ ئاڕاستەکانی لەمەودوا، لەهەردوو دیمانەکەی لەگەڵ الحیاة و سکای نیوزی عەرەبی و ئاژانسی رۆیتەرز، سەرۆک بارزانی پێی وایە کە:
- عێراق بەرەو ترازانە، ناسەقامگیری زۆر هاتووەتە ئارا.
- پرۆسەی سیاسی لەسەر لێواری شکستهێنانە، ئەو شێوازە فیدرالییەی لەسەری رێککەوتین ئێستا بوونی نییە، ئەوەی هەیە فیدرالی نییە، دەستبەسەرداگرتنی دامودەزگای حکومەت و قۆرخکردنی دەسەڵاتەو فیدرالیزم وەلانراوە و پشتگوێخراوە.
- دەیانەوێت حوکمی مەرکەزی جارێکی دیکە بەسەرهەرێمدا بسەپێنن، فیدرالیزم لە ناوەڕۆکی خۆی بەتاڵ بکەنەوەو هەرێم وەک پارێزگایەک مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
- زۆر ئاراممان گرت، بەرگەی زۆر شتمان گرت، هەوڵی چارەسەری گرفتەکانماندا، لیژنەمان پێکهێنا، رێککەوتنمان ئیمزا کرد، هەمووی بێسوود بوو.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانە، پاش دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو قۆناغە نوێیە، لەهەر کات زیاتر کورد پێویستی بە یەکڕیزی هەیە، ئەمەش هەم وەک بنەمایەکی سەرەکی ئایدیالیستی بۆ یەکێتیی کوردو توانای کورد، هەم بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی یەکگرتووانەی ئەو دۆخەی ئێستای عێراق. بۆیە بە دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی، خۆشبەختانە سەرجەم هێزە کوردییەکان، پێكەوە کۆبوونەتەوە، شاندی هاوبەش بۆ گفتوگۆ پێکهێنراوە. ئەم شاندەش لە بەردەم ئەرکێکی گەورەیە، ئایا دەتوانرێت بنەمایەک بدۆزنەوە بۆئەوەی ئەزموونی شکست خواردووی ١٠ ساڵی رابردووی نێوان هەولێر- بەغدا کۆتایی پێبێنن؟ ئایا دەتوانن شێوازی هاوبەشی کورد لە عێراق و مافە دەستووریەکانی مسۆگەر بکەن؟ کەی و چۆن و لەگەڵ کێ؟ بە چ گەرانتییەک؟
خۆ ئەگەر نەتوانرا لانی کەمی بەشی هەرەزۆری ویست و خواستەکانی کورد بهێنرێتە دی، ئایا ئەو کات هەموو هێزە کوردییەکان دەتوانین هەموومان پێكەوە بۆ پەرلەمان و گەلی کوردستان بگەڕێینەوەو رێگاکانی کۆتایی هێنان بە ئەزموونی شکستخواردووی ١٠ ساڵی رابردوو بهێنین؟
لەناو ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکدا هەن، ئەو جووڵەیەی کە لەسەر ئاستی ستراتیژی گەمە گەورەکانی ناوچەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچێت، ئەو گۆڕانکاریانەی کە بە سەرزەمینە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەی ناوچەکەدا هاتووە، کۆمەڵێک دەرفەت بۆ کورد دێنێتە پێش. لە بارەی ئەوەی کە ئەم گۆڕانکاریانەی ناوچەکە کەی سەربەخۆیی بۆ کوردستان دێنێتە دی؟ سەرۆک بارزانی لە دیمانەکەی سکای نیوزی عەرەبیدا لە ١٣/٤/٢٠١٤دا رایگەیاند:((دڵنیام لە نێوان ئایندەیەکی نزیک و ئایندەیەکی دوور، سەربەخۆیی کوردستان دێتە دی، بێگومانم لەوەی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوەیە)).
Top