جینۆسایدی كورد و ناسنامەی نەتەوایەتی

جینۆسایدی كورد و ناسنامەی نەتەوایەتی
لەنێوان جینۆسایدو ناسنامەی نەتەوایەتی پێوەندییەكی راستەوخۆو قووڵ هەیە، بەشێوەیەكی گشتی، بۆ ناسنامەی نەتەوایەتی چەندین بنەما باو و گرنگن، لەوانە: زمان، خاك، مێژوو، كەلتوور، نەژاد، ئایین كە بەدرێژایی كات پێكەوە لای تاكەكانی كۆمەڵێكی دیاریكراو دەبنە ناسنامەو هەست و ئامانجی هاوبەش و پێناسەیەك بۆ خۆپاراستن و پەرەسەندن لای ئەو كۆمەڵە نەتەوەییە پەیدا دەكەن و دەبن بەهێزێك و، بۆ ئامانج و بەرژەوەندییە گشتییەكانی ئەو نەتەوەیە، بەو پێیەی خۆی تێی دەگات و دەبێتە هەست و گیانێكی هاوبەش، دەبزوێت یا دەبزوێنرێت.
هەر كاتێك كە هەڕەشە لەسەر تەواوی یان بەشێكی بنەما نەتەوایەتییەكان دروست دەبێت ئەوە هەستی ناسنامەی نەتەوایەتی لای تاكەكانی ئەو نەتەوە یان رەگەزە هەڕەشەلێكراوەكە بەهێزتر دەبێت، جینۆساید كە بەمەبەستی لەناوبردنی نەتەوەیەك یا رەگەزو گرووپێكی جیاواز ئەنجام دەدرێت، ئەمەش گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر مانی ناسنامەی نەتەوایەتی، بۆیە جینۆسایدو ناسنامەی نەتەوایەتی پێوەندی راستەوخۆیان هەیە وەك لەخوارەوە بە پوختی باسی لێدەكرێت.
سەبارەت بە كورد یان كوردستان، لەو كاتەوەی وشیاری نەتەوایەتی پەیدا بووە لە بوونی هەڕەشە لەسەر ناسنامەی نەتەوایەتی كورد، ئەوە كوردایەتی بۆتە باوەڕو بزووتنەوەو مایەی هاندانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردزمان، بۆ بەرگریكردن لە ناسنامەی كوردو خاكی كوردستان بەرامبەر بەو هەڕەشەو پەلامارو تاوانانەی لەلایەن داگیركارانەوە دەستیان پێكرد، بۆیە وشەی كوردایەتی، كوردایەتیكردن، بوونە ناسنامەیەكی گرنگ و جار هەیە چارەنووسساز و شانازیكردنی تاكی كورد بە كوردایەتیكردن، تەنانەت مانایەكی پیشەیشی وەرگرت، خەڵكانێكی زۆر، دەڵێن: خەریكی كوردایەتین، كوردایەتی زۆرم كردوە، واتە بەجۆرێك لە جۆرەكان بەشداری و چالاكی كردووە لەبەرگریكردن لە ناسنامەی كورد دا، ئیتر خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی بێت، بەچالاكی هونەری و ئەدەبی بێت، یان بە هەر جۆرێك بۆ پاراستنی بنەماكانی نەتەوەیی لە خاك، گیان، زمان، كەلتوور، مێژوو، جلوبەرگ، ئایین. . . تاد. بەڵام دوای رزگاربوون، بەكردەوە یان بەبڕوا، لە هەڕەشەی لەناوبردنی ناسنامەی نەتەوە بۆ سەر رەگەزێكی تایبەت، ئیتر ناسنامەی نیشتیمانی زیاتر برەو پەیدا دەكات و دەبێتە بنەمایەكی سەرەكی و هەموو ئەو هاووڵاتیانەی كە لەوڵاتێكدا دەژین و پاراستنی بەرژەوەندیی گشت پێكهاتەكانیان لەپاراستنی نیشتیمانەكەدا یەك دەگرێتەوەو ناوی وڵاتەكەیان دەبێتە دەربڕین لە ناسنامەیاندا، بۆ نموونە بۆ ئێمە، وشەو و چەمكی كوردستان، كوردستانی، كوردستانچێتی و نیشتیمان زیاتر برەو وەردەگرێت و گشت هاووڵاتیەك دەگرێتەوە كە بەنیشتیمانی خۆی بزانێت.
هەندێ لە بنەماكانی ناسنامەی نەتەوە یان نیشتیمان، تا ئەندازەیەك جێگیرن و مێژوویین، لەوانە(خاك، زمان، مێژوو، پێكهاتەی فسیۆلۆژی، ئایین، . . . تاد)، بنەمای واش هەن، پەیدا دەبن یان گۆڕانكارییان بەسەردادێت، بۆ نموونە: جینۆساید، كەلتوور، بەڵام لەم زەمانی جیهانگیریشدا، لەهەندێ شوێن و لای هەندێ تاك، گشت بنەماو ناسنامەكان جێگەی گۆڕانكاریین و ئەمەش گفتوگۆی زۆر هەڵدەگرێت.
جینۆساید، كە وەكو باوەڕو بەرنامە ئەوە رێوشوێنی توندوتیژییە، مەبەستێكە بۆ لەناوبردنی كۆمەڵێك بە ئەنجامدانی تاوانی جیا جیا لەسەر بنچینەی نەتەوەیی، رەگەزیی، نەژادیی یان ئایینی، هەندێ لەو جینۆسایدانەی روویان داوەو كاریگەری زۆریان لەسەر كۆمەڵێك هەبووە و ئەنجامەكانی تاوانەكە وا شكاوەتەوە كە هەستی هاوبەش، مێژووی هاوبەش و كاریگەری هاوبەش و كەلتوورێكی تایبەتی هاوبەشی بۆ ئەو كۆمەڵە دروست كردووە و بۆتە بنەمایەكی ناسنامەی ئەو كۆمەڵە لە پاڵ بنەماكانی ترو بۆ ئینتیمای تاكەكانی ئەو كۆمەڵە گرنگ دەبێت، هەروەها ئەو گەلانەی جینۆسایدی زۆر و جۆراوجۆریان بەسەردا هاتووە، ئەوە هەم تێكڕا ئینتیمای گشتی پەیدا دەكەن و هەم تایبەت، جینۆسایدی كورد یان گەلی كوردستان تا ئەندازەیەك بۆتە سەرچاوەی بنەمایەكی نەتەوەیی بۆ كورد یان نیشتمانی بۆ كوردستانیان، بەڵام جینۆسایدە جیا جیاكانیش لەكات و شوێن و بەشێوەی جیا جۆرە ئینتیما و هەستێكی تایبەتی ناوچەیی یان پێكهاتەیی دروست كردووە.
جینۆسایدە سەرەكییەكانی كە دەرهەق بە گەلی كورد و كوردستان كراوە وەكو ئەنفال، كیمیابارانی هەڵەبجە، جینۆسایدی بارزانیەكان و فەیلییەكان، خەریكە كەم و زۆر رەهەندی نیشتیمانی وەردەگرن، گشت گرووپەكانی ناو كۆمەڵەكەمان جۆرە ئینتیماییەكیان بۆیان هەیە، لەكاتی یادەكاندا دەبنە خاڵی كۆكەرەوە و نیشاندانی هەستی هاوبەش لەناوچەو شوێن و پارچە جیاجیاكانی كوردستان و لە وڵاتانی دەرەوە لەناو رەوەندی كورد، جۆش و خرۆش و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و لێك نزیكبوونەوە دروست دەبێت بەتایبەتی لەمانگەكانی سێ و چواردا ئاستی ئەو هەستە هاوبەشانە گەرم و گوڕیی زیاتر دەبێت.
ناساندنە نێودەوڵەتیەكانی جینۆسایدی كورد لە چەندین وڵاتی دەرەوە، هەستی زۆرێك لە كورد لە پێوەندی و تێكەڵبوون لەگەڵ تاك و ئۆرگانەكانی ژیانی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین یا ئەوانەی ئێستا پێوەندی سیاسی یان ئابوورییان لەگەڵ كوردستان دروست بووە یان سەردانی كوردستان دەكەن یان بنكەیان هەیە، كە ئەمانەش ویستێكی دەربڕین و خۆناساندنە بەباسی بەسەرهاتەكانی چەوسانەوەی كوردو ئەو جینۆسایدو تاوانانەی كە داگیركاران بەسەری داهێناوە و هەوڵێكە بۆ راكێشانی هاوسۆزی و پشتیوانی، لایەنەكانی دەرەوەش دركیان بەو سایكۆلۆژییەتەی كورد كردوە بۆیە هەندێكیان لە پێوەندییەكانیاندا بەگوێگرتن یا بە بەشداریكردن لە یادەكاندا بێت یان بەسەردانی مۆنۆمێنتەكان بێت ئەوە پێیانەوە دیارە كە وەك ئامڕازێك بۆ پێوەندی بەستن یا گەشەپێدانی پێوەندییەكان باس و پرسی جینۆسایدی كورد بەهەند وەردەگرن، كوردیش كە لەسەردەمەكانی پێشوو نكۆڵی لە ماف و ئازادی و جینۆسایدەكانیشی كراوە، هەر بۆیە ئەو ئاوڕدانەوە دەرەكییەو چالاكی و بڕیارەكانی ناساندنی لە رووی نێودەوڵەتییەوە لای بۆتە فاكتەرێكی بزووێنەری هەستی نەتەوەیی و، ئێستا داخوازە پرۆژەی فراوانتری ناساندنی جینۆسایدەكانی هەبێت.
ناساندنی نێودەوڵەتی جینۆساید، چونكە هیوای لێدەكرێت كە هەوڵێكە بۆ رێگەگرتن لەدووبارە بوونەوەی جینۆسایدی تر، بۆ سزادانی تاوانبارانی دژ بە كورد، بۆ تێگەیشتن و ئاشنایەتی و بۆ پەیداكردنی هاوسۆزی و پشتیوانی، بۆ نزیكبوونەوە لە مافەكانی قوربانییان و زەرەرلێكەوتوانی دەستی تاوانەكان كە زۆرن، هەروەها بۆ پەیداكردنی جۆرە دڵنیاییەك، بۆیە جینۆساید ئەگەرچی لەرابردوودا سەرچاوەی هەڕەشەی لەناوبردن و مەینەتی نەتەوەو نیشتمانەكەمان بووە، بەڵام بەناساندنی وەكو لە تاقیكردنەوەی چەند میللەتێك دەركەوتووە ئەوە جۆرە پاراستن و بووژاندنەوەیەك بۆ نەتەوەو نیشتمانەكە پەیدا دەكات، لەبەر ئەوەی دەكرێت جینۆساید ببێتە سەرچاوەیەك بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی و تاكێكی زۆری كۆمەڵگا بەتایبەتی بۆ قوربانییان، جینۆساید وەكو رابردوو دەبێتە مێژوو، وەكو ئێستاو داهاتوو دەبێتە سەرچاوەی پێكەوەگرێدان و هاوهەستی نەتەوەیی و دەبێتە فاكتەرێكی ئەرێنی ئەگەر باش بەگەڕ بخرێت ئەوە دەبێتە مایەی بزوواندن و هاودەنگی و خزمەت بەخشی نەتەوەیی، بۆیە لە پەیام و دەربڕینەكاندا و زۆر لەو وتارانەی دەوترێت و پەسند دەكرێن: لەسایەی خوێنی شەهیداندا ئێمە گەیشتوینەتە ئەم دەستكەوتانە، هەڵەبجەو ئەنفاڵ كوردیان بە دنیا و خەڵك ناساند، بەرامبەر بەوە وتاری پێچەوانە، بەلادان لە رێبازی نەتەوەیی و بەزاندنی پیرۆزیی و سەروەرییەكان دەزانرێت.
جینۆساید بۆ لایەنی تاوانبار، زیاتر لەلایەن نەتەوەپەرستە دەسەڵاتدارە زاڵخوازەكان بەكاردەهێنرێت وەكو توندترین ئامڕاز بۆ چەسپاندنی باڵادەستی نەتەوەیی بەسەر كەمایەتیە نەتەوەیی و رەگەزەكانی تر ئەویش بەلەناوبردنیان یان كەم كردنەوەیان، بۆ لایەنی قوربانیش كە زیاتر نەتەوەو كەمینە ژێردەستەكان دەگرێتەوە، دەبێتە ناسنامەیەك و بنەمایەكی هاوبەش بۆ خۆپاراستن و بەدەستهێنانەوەی مافەكان، بۆیە لەنێوان جینۆساید و نەتەوایەتی، پێوەندی كاریگەری ناسنامە هەیە، بەتایبەت لەسەدەی رابردوو كە سەردەمی دروست بوونی دەوڵەتی نەتەوەیی و ململانێی نەتەوەكان بۆ باڵادەستی و داڕشتنی نەخشەی نەتەوەیی و دەوڵەت لەسەر بنچینەی هێزو سەپاندن و لەناوبردن یان لاوازكردنی نەتەوەو رەگەزی تری زۆری بەخۆوە بینی كە چەندین تاوانی جینۆسایدو پاكتاوی رەگەزیی لێكەوتەوە و پێوەندی نێوان جینۆساید و نەتەوایەتی روونتر دەركەوت، لەم سەدەیەشدا هێشتا درێژەی هەیە.
بۆ كوردو كوردستانیش، جینۆسایدی گەلی كوردستان، بۆتە بنەمایەكی ناسنامەی نەتەوایەتی و رەهەندی نیشتمانی و نەتەوەیی وەرگرتووە و بایەخێكی زۆری هەیە لە پرسە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەكانداو، لە گرێدانی هەستی هاوبەشی تاك و گرووپەكان و، دەكرێت گەشە بەو بنەمایە بدرێت بۆ پتەوكردنی هەست و ئاڕاستە و ئامانجی نیشتیمانی و نەتەوەیی، ئەوەش رەنگە باشتر بێت بە پرۆژەیەكی زانستی و نیشتیمانی و ستراتیژی گەشەی پێ بدرێت و ئەنجام بدرێت.



*وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان
Top