لە بارەی پارتی و(لیستی رەشی ئەمریکاوە)!!

لە بارەی پارتی و(لیستی رەشی ئەمریکاوە)!!
لە میانەی پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، لە سەر بانگهێشتی کۆشکی سپی، بڕیار بوو سەرۆک بارزانی لە رۆژی 31/1/2014 لەگەڵ هەریەک لە باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکاو جۆزێف بایدنی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کۆببێتەوە. بڕیاری سەرۆک بارزانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سەردانە، دەنگدانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا. وەک راگەیەندرا، بڕیاری سەرۆک بارزانی لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە بە داخەوە، ئیدارەی ئەمریکا نەیتوانیبوو، وەک ئەوەی پێشتر بەڵێن بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان درابوو، پرسی بوونی ناوی پارتی و یەکێتی، لە (لیستی رەشی ئەمریکا)!! دەربهێنرێت. ئەو بڕیارەی سەرۆک بارزانی پەیامێک بوو بۆ ئیدارەو کۆنگرێسی ئەمریکا، کە چیدی ئەو مامەڵەکردنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان قبوڵ ناکرێت. دواتر خوێندنەوەی جیاواز جیاواز بۆ ئەوە کرا کە (لیستی رەشی ئەمریکا)!! چییە؟ بۆچی پارتی و یەکێتی تێدایە؟ هۆکار چییەو پێوەندی بە چییەوە هەیە؟
لێرەدا هەوڵدەدەین بە کورتی ئاماژە بەو(لیستی رەشی ئەمریکا)یە بدەین و زانیاری پێویست بخەینە بەردەستی خوێنەرانی بەڕێز.


USA PATRIOT ACT
لە دوای رووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر، ئەمریکا بە زۆرێک لە یاسا و رێسا و رێوشوێنە ئەمنییەکانی خۆيدا چووەوە. ئامانجيان بەرگرتن بوو لە دووبارە بوونەوەی ١١ی سێپتەمبەر، لە شوێن و فۆرمی دیکەو کاتی دیکەدا. لەو سۆنگەیەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ٢٦-١٠-٢٠٠١ دا، بە کۆی دەنگی ٣٥٧ ئەندام بەرامبەر بە دەنگی ٦٦ ئەندام، رەشنووسی یاسای USA PATRIOT ACT تێپەڕاند. دواتر لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، بە کۆی دەنگی ٩٨ ئەندام بەرامبەر بە ١ ئەندام، ئەو یاسایە پەسەند کرا و بەو پێیەش، ئیدارەی جۆرج بۆش، دەستی بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە کرد.
یاسای USA PATRIOT ACT/2001 کورتکراوەی Uniting and Strengthening America by Providing Appropriate Tools Required to Intercept and Obstruct Terrorists واتە، یاسای یەکخستنەوەو بەهێزکردنی ئەمریکا بە دەستەبەرکردنی ئەو ئامڕازانەی کە پێویستە بۆ بەرگرتن و رێگرتن لە تیرۆریستان.
بەهۆی ئەو یاسایەوە، ژمارەیەک دامەزراوەو یاسای دیکەی ئەمریکا گۆڕانکارییان بە سەردا هاتووە. لەوانەش، یاسای نیشتمانيی کۆچبەران.
ئیدارەی ئەمریکا لە ٢٠٠١ـەوە لە هەوڵی ئەوەدا بووە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووداوی ١١ی سێپتەمبەر، زۆرترین سوود لە یاسای Patrio Act وەربگرێت. لەم رووەشەوە، وەزارەتێکی نوێیان دروستکرد بەناوی وەزارەتی ئاسایشی وڵات Homeland Security Department. ئامانجیان ئەوە بوو، بە هۆی ئەو یاسایەوە، هەماهەنگی زیاتر لە نێوان هەر ١٦ دامەزراوە هەواڵگریيەکەی ئەمریکا دروست بکەن، چونکە گەيشتبوونە ئەو بڕوایەی، کە قاعيدە توانیبووی سوود لە نەبوونی هەماهەنگی نێوان ئەو دامەزراوانە وەربگرێت، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگريی نیشتمانيی DNIیان دروست کرد. جگە لەوەش هەر بەهۆی یاسای Patriot Act، رێوشوێنەکانی ئاسایشی سنوورەکان، ئاڵوگۆڕی زانیاری توندوتۆڵتر کرا. بە هەموو رێوشوێنەکانی هاتنە ناوەوەی خەڵکانی دیکەی غەیرە ئەمریکی و پرۆسەی وەرگرتنی ڤیزا کرایەوە. هەموو رێوشوێنەکانی لێکۆڵینەوە لە کەیسە جیاجیاکان، پێداچوونەوەی زیاتری بۆکرا. لە بواری یارمەتییە داراییەکان و گواستنەوە و حەواڵەکردن و کۆکردنەوەی، پێداچوونەوەی توندتر کرا. تەنانەت بەهۆی یاسای Patriot Act، رێوشوێنەکانی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی پەلامارە تیرۆریستییەکان ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات.
دواتر، بۆ وردکردنەوەی زیاتر و جێبەجێکردنی ناوەڕۆک و رۆحی یاسای Patriot Act، وەزارەتی ئاسایشی وڵات، گرێبەستێکی لەگەڵ ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نیشتمانی لە زانکۆی میریلاند کرد کە ناسراوە بە Center for Excellence of Home Land Security. ئامانجیان ئەوە بوو ئەو ناوەندە، داتابەیسێک دروست بکات، بۆ زانینی ئەو دامەزراوە و رێکخراوە چەکداری و تیرۆریستیانەی کە لە سەرتاسەری جیهاندا هەن. هۆکاری ئەوەش، ئەوە بوو کە لە ناو خودی یاسای Patriot Act تەنها ئاماژە بە رێکخراوە تیرۆریستیەکان و گرووپە چەکدارەکان کرابوو، بەبێ ناوهێنانی هیچ لایەنێک. بۆ زانیاری خوێنەرانی بەڕێز، ناوی پارتی و یەکێتی ئەسڵەن لە Patriot Act نەهاتووە. دواتر، ئەو ناوەندە زانکۆی میریلاند، گرێبەستێک لەگەڵ دامەزراوەیەکی دیکە دەکات کە ناسراوە بە START و کورتکراوەی National Consortium For Studying Terrorism and Responses for Terrorism دواتر لە سەر بنەمای ئەو داتا بەیسەی کە START دروستی دەکات، وەزارەت و ئاسایشی وڵات و دامەزراوەکانی پەیوەست بە کۆچبەران و پرۆسەی هاتنە ناوەوە بۆ ئەمریکا و ئاسایشی سنوورەکان و وەرگرتنی ڤیزا رێک دەخرێتەوە. لە سەر ئەو بنەمایە، لە فۆرمی وەرگرتنی ڤیزا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گۆڕانکاری دەکات و چەندین خاڵی دیکە بۆ وەرگرتنی زانیاری و زانینی باکگراوەندی هەرکەسێک دانا کە داوای وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکا بکات، لەوانەش پێش ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ ئەو پرسیارە لە سەر فۆرمی ڤیزا وەرگرتن نەبووە کە ئایا، پێشتر ئەندامی هیچ گرووپێکی چەکدار بوویت؟ ئایا پێوەندیت بە هیچ گرووپێکی تیرۆریستی هەبووە؟ ئایا بەشداری هیچ مەشقێکی سەربازیت کردووە؟ بەڵام بەهۆی Patriot Act و رێنماییەکانی وەزارەتی ئاسایشی وڵات، ئەو پرسیارانە بۆ سەر فۆرمی ڤیزای ئەمریکا زیاد کران.
دواتر START، لە سەر ئاستی جیهان لیستێک ئامادە دەکات لە سەر تێکڕای گرووپە تیرۆریستییەکان، کردەوە تیرۆریستییە فەردییەکان، لەگەڵ ئەو هێز و پارت و گرووپە چەکدارانەی کە کارو خەباتی چەکدارییان دژی حکومەتەکانی وڵاتەکانیان کردووە و قوربانی لێکەوتووەتەوە. کاتێک لە سەرچاوەی زانیاری START ورد دەبیتەوە کە چ پێوەرێک هەبووە بۆ وەرگرتنی زانیاریيەکان، نەیانشاردۆتەوە پشتیان بە زانیاریەکیش بەستووە کە ئەگەر تەنانەت لە یەک سەرچاوەش هاتبێت و تەنانەت بەشێکی زۆری سەرچاوەی زانیاریيەکانیان ئەرشیفی رۆژنامەکانی خودی ئەو وڵاتانە بووە.
START لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ تا ٢٠٠٧ یان کردووەتە پێوەر بۆ هەر رێکخراو و دامەزراوەیەک. لە دوای ٢٠٠١، ئەوەی پێوەندی بە عێراقەوە هەبێت، لە ١٩٧٦ تا ٢٠٠١ و ٢٠٠٢ یان وەرگرتووە و دواتریش چەند زانیاریەکی دیکەی هەڵەیان خستووەتە داتابەیسەکەوە. بەو پێیە، START داتابەیسێک دروست دەکات کە ٨٠٠٠٠ رووداوی تیرۆریستی لەسەر ئاستی جیهان ئەنجامدەرە زانراو و نەزانراوەکان تۆمار دەکەن. لەگەڵ ئەوەش ناوی ٨٠٠ رێکخراو و پارت و گرووپی جیاجیا دەخەنە داتا بەیسەکەوە. بەم پێودانگەی START ، ئەم رێکخراوانە بە نموونە خراونەتە لیستە رەشەکەی ئەمریکاوە(رێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستینی، سوپای کۆماریخوازی ئیرلەندی IRA، پۆلیساریۆ، پارتی کۆمۆنیستی نیپال، هەردوو بزاوتی FRETILIN، FALINTILی تەیموری رۆژهەڵات، کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقا - پارتەکەی ماندێلا..........). لە سەر ئاستی عێراق، بەپێوەری ئەوان، پارتی و یەکێتی و کۆنگرەی نیشتمانی عێراقی INCی بە سەرۆکایەتی ئەحمەد چەلەبی دەکەونە ناو لیستی رەشەوە بەو پێیەی گوایە ئەم هێزانە لە دژی حکومەتی عێراقی خەباتی چەکدارییان کردووە. ئەوەی پێوەندی بە پارتی هەبێت، ١٠ رووداویان وەک نموونە وەرگرتووە کە بە هۆیەوە پارتی خراوەتە(لیستی رەشی ئەمریکاوە)!!. ئەو رووداوانەش لە داتابەیسی START بۆ ساڵانی ١٩٧٦، ١٩٨٤، ١٩٨٨، ١٩٨٩، ١٩٩٥، ١٩٩٧ و ٢٠٠٧!! کە لە وردەکاری ئەو رووداوانە دەکۆڵینەوە، ئینجا دەردەکەوێت کە زانیارییەکان چەندە بێ بنەمان. بۆ نموونە لە ١٢/٦/٢٠٠٧ باس لەوە دەکەن کە هێزێکی(چەکداری)!! پارتی لە قەرەتەپە پەلاماری یەکەیەکی سەربازی عێراقی داوەو ٧ سەربازی کوردی عێراقیيان کوشتووە!! ئەم رووداوەش ئەگەر وەک نموونەیەک بۆ رووداوەکانی دیکە وەربگرین، دەردەکەوێت کە ئەو بیرۆکراسیەت و پشت بەستن بە زانیاری ناڕاست، ئیدارەی ئەمریکا دەخاتە بەردەم چ هەڵوێستێک. هەموو خەڵکی کوردستان ئاگادارن کە ٧ پێشمەرگەی کوردستان لە قەرەتەپە بە دەستی تیرۆریستان شەهید کراون، بەڵام START ئەو رووداوە دەخاتە ئەستۆی پارتی. لە باسی ساڵەکانی رابردوو داستانەکانی پێشمەرگە بۆ بەرگری لە میللەتەکەمان و رووبەڕووبوونەوەی بەعس و تەعریب و ئەنفال و کیمیاباران، بە ڕووداوی (تیرۆریستی دژ بە حکومەتێکی خاوەن سیادە) دادەنێت و بە هۆیەوە دەمانخەنە ناو لیستەکەیانەوە.
بۆ یەکەم جار ئەم بابەتە لە ساڵی ٢٠٠٤ و دواتر لە ٢٠٠٥ دەرکەوت کە پارتی و یەکێتی لەو لیستەدان. ئەوکات هاووڵاتیەکی هەرێمی کوردستان کە لە ١٩٩٦ چوو بووە ئەمریکا و کارتی سەوزی هەبوو وەک وەرگێڕ لەگەڵ یەکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە رەماددی کاری دەکرد، بۆ تازەکردنەوەی کارتە سەوزەکەی و پرۆسەی هاوسەرگیری لێیان پرسیبوو لە رووی سیاسی لەگەڵ کام پارتی کوردیت، ئەویش بە شانازیيەوە وتبووی ئەندامی پارتیم. ئەم بابەتە دەنگیدایەوەو لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، راپۆرتێکی گرنگی لەسەر بڵاوکرایەوە بۆ رەخنەلێگرتنی ئەو سیستمەو ئەو جۆرە مامەڵەیە.
لە دوای ٢٠٠٤ سەرکردایەتی سیاسی و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵی جددیدا بوون بۆ دەرهێنانی ناوی پارتی و یەکێتی لەو لیستەدا. ئەم بابەتە چەندین جار لەگەڵ ئیدارەی جۆرج بوش و باراک ئۆباما خراوەتە روو. چەندین جار بەڵێنی ئەوەیان دابوو ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ چارەکردنی، چونکە بۆ ئەوانیش ئیحراجییەکی گەورەیە. بەڵێنی ئەوەیان دابوو بە کردنەوەی کونسوڵگەری لە هەولێر جۆرە چارەسەریيەک بدۆزنەوە، بەڵام بەداخەوە تا بەر لە ٣١/١/٢٠١٤ واتە ئەو رۆژەی کە ئۆباما لەگەڵ جەنابی سەرۆک کۆدەبوویەوە، ئەم بابەتەیان چارە نەکردبوو، بۆیە جەنابی سەرۆک بارزانی ئەو بڕیارەی دا کە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا هەڵوەشێنێتەوە تا ئەو کاتەی ئەم پرسە بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت.


* بەرپرسی مەکتەبی پێوەندییەکانی دەرەوەی پ. د. ک
Top