چاودێریی «گلۆبال»

چاودێریی «گلۆبال»
درکاندنەکانی ئەم دواییەی ئیدوارد سنۆدن، دەمانخەنە بەردەم تازەبوونەوەی کردەی «چاودێریی» لە سەدەی بیست و یەکدا: لەدەرەوەی سیخوڕیە کلاسیکیەکان کە رێگایان دەدا بە وڵاتێك هەڵسەنگاندن بۆ توانایی و لاوازی سەربازی وڵاتێکی دیکە بکات، لەدەرەوەی سیخوڕییە ئابووریەکان کە مێژوویەکی درێژی هەیە، چاودێریی لەسەدەی بیست و یەکدا دەبێت بە کردەیەکی «گلۆبال».
هەر لەسەرەتاوە ئەم چاودێرییه گشتێنراوەو بەجیهانیکراوە، بەتایبەتی لەڕێگای دەستێوەردانی رێکخراوە گەورەکانی وەك گۆگل، فەیسبوك، تویتەرەوە. ئەم چاودێرییە، هەر لە شتە زەبەلاحەکانەوە، هەر لە شتە گشتیەکانەوە تا دەگاتە قووڵایی شتە هەرە تایبەتەکانی هەر کەسێك لە ئێمە دەکات بە نیشانەو لە هەر چرکەساتێکدا دەتوانێت دەستیان لێگیربکات.‌
لەڕابردوودا کردەی چاودێری یان لەسەر ئاستی ئەنتەرناسیۆنال و لەڕێگای سیخوڕییەوە خۆی بەدیهێناوە، یان ناسیۆنال بووەو لەڕێگای کۆنترۆڵکردنی هاووڵاتیانەوە پرۆژەکانی خۆی جێبەجێ کردووە. بۆنموونە رژێمێکی دیموکرات، سوڵتەوی یان دیکتاتۆری هاتووە و لەڕێگای تۆڕەکانی چاودێرییەوە هەژموونی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندووە.
بەڵام لە ئێستاو ئێرەدا هەموو شتەکان تێکەڵ بەیەکتری دەبن. پرسیارە ناوخۆییەکان و پرسیارە دەرەکیەکان ئاوێزانی یەکتری دەبن. کۆنترۆڵ کردنیش چ لەسەر ئاستی جیهان و چ لەسەر ئاستی دەوڵەتی نەتەوە، لەنێو یەك پرۆژەو پرۆسێسدا خۆیان بەدی دەهێنن.
ڕەهەندێکی دیکەی ئەم دیاردە نوێیە ئەوەیە کە «گلۆبالیزاسیۆن»ی کردەی چاودێری کردن یەکسان نییە بە کۆتایی هەژموونی جیۆپۆلیتیك. درکاندنەکانی سنۆدن روونیدەکەنەوە کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تائێستاش خاوەنی هەمان خواستی کۆنترۆڵکردنی جیهان و بەڕێوەبردنی هاوکێشە ئاڵۆزەکانی هێزن. ئەمە ئەو تۆڕە ئاڵۆزە نوێیەیە کە وا لە ئیدارەی ئەمریکی دەکات لەیەککاتدا چەندین سەرەداوی دروست بوو لە شێوەی تەونی جاڵجاڵۆکەییدا بەڕێوە ببات و لە جیهانێکی «گلۆبالیزە»کراودا هەموو شتەکان لە ئاستی «گلۆبال»دا ببینێت. واتە چیتر شتەکان، هەموو شتەکان بە عەقڵ و لۆژیکی پەراوێزەوە ناخوێنرێنەوە، بەڵکو ئەوەی کە لە لەندەندا روودەدات کارایی دادەنێت بەسەر ئەوەی کە لە گوندێکی سەنیگالدا بەڕێوەیە.
درکاندنەکان پێیان وتین کە چیتر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو دەوڵەتە «هاوڕێیە» نییە کە دڵنیایی بە هاوپەیمانەکانی دەبەخشێت، بەڵکو ئەو براگەورەیەیە کە دەیەوێت لەسەر ئاستی جیهان شتەکان کۆنترۆڵ بکات. لەپەنای وێنەی ئەم براگەورەیەدا دوو وێنەی دیکەمان هەیە: وێنەی بەریتانیایەکی «دوو روو» کە راستەوخۆ لکێنراوە بە وێنەی ئەمریکاوە، هەروەها وێنەی یەکێتی ئەوروپایەکی «بێ توانا» کە گرەوی کاردانەوەی بەهێزی لەسەر ناکرێت.
لەڕێگای کۆنترۆڵکردنی ئیمەیلەکانەوە، گفتوگۆکانەوە، نووسینەکانەوە، گۆڕینەوەکانەوە، ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکی، دەتوانێت مومارەسەری کۆنترۆڵێکی بەردەوام لەسەر هەر یەکێك لە ئێمە بکات، ئەو مەلەفانەمان بۆ دروست بکات کە هەرگیز ناسڕێنەوەو دوای مردنیش بەدوامانەوەن، ئەو مەلەفانەی کە باس لەوەدەکەن چۆن بیردەکەینەوە، چۆن بۆچوونەکانمان دەگۆڕین، چۆن دەژین و دەمرین. لێرەوە ئەم ئاژانسە هەموو شتێك لەسەر ئێمە دەزانێت: هەر لە جووڵانەوەکانمانەوە تا دەگاتە هەستەکانمان!
ئەم چاودێریە گلۆبالە دەبێت بە هەمیشەیی و پێدەنێتە بچووکترین رووبەری ژیانی گشتی و شەخسیمانەوە. چیدی جومگەیەك لە ژیان نامێنێت بەبێ چاودێری بەردەوام، ئیدی ئێمە وا رەفتاردەکەین وەك ئەوەی کە لە هەر چرکەیەکدا چەند کامێرایەك وێنەمان بگرێت.
ئەمە ئەو سەرپۆشەیە کە درابوو بەسەر پەڕینەوەی ئێمە بۆ نێو گەردوونی تەکنەلۆژیای نوێی پەیوەندی کە دەستکاری کەلتور، هەڵسوکەوت، گرێدانە شەخسیەکانی کردبوین و چوارچێوەی نوێی «تەعبیئەکردن» و خۆ رێکخستنی پێبەخشی بووین. بایەخی چرکەساتی سنۆدن لەوەدایە کە دێت و ئەم سەرپۆشە لادەبات و ئیدی ئێمە شتەکان بەڕووتوقوتی دەبینین. خۆمان بەروتوقوتی دەبینین، ئەوانی دیکە بەڕوتوقوتی دەبینین و پێکەوە تووشی شۆك دەبین.
سنۆدن تێیگەیاندین لەوەی کە ئێمە چەند بنووسین، چەند قسەبکەین و ئیمەیل بگۆڕینەوە، ئەوەندە داتا بەرهەم دەهێنین وچەند داتا بەرهەم بهێنین ئەوەندەش چاودێری دەخەینە سەر خۆمان و مەلەفمان بۆ دروست دەکرێت.
کۆمەڵگەی زانیاری یان تۆڕ چیدی بەتەنیا ئەو پانتاییە «گونجاوانە»ی گۆڕینەوەی دەوڵەمەند و بەختەوەرانە نییە کە پێمان وابوو بە ئازادی ئەنجامیان دەدەین، بەڵکو لەهەمان کاتیشدا رووبەری هەژموون و کۆنترۆڵ و نامۆبوونیشە.
* سۆسیۆلۆگ، سه‌رۆکی ده‌زگای زانسته‌ مرۆییه‌کان، پاریس. سه‌رۆکی ڕێکخراوی ئه‌نته‌رناسیۆنالی سۆسیۆلۆژی
Top