رێساكانی دانوستانی سەركەوتوو بۆ رێككەوتن
October 24, 2013
وتار و بیروڕا
ئەم ریسا پێنج تەوەرەییە لەدانوستانەكانی ئاشتیی نێوان میسر و ئیسرائیل لە (كامپ دێڤید) لە ساڵی (1978)دا سەركەوتووانە بەئەنجام گەیشت.
هەروەها سەركەوتنی بەدەستهێنا لەدانوستانی ئازادكردنی بارمتە گیراوەكانی ئەمریكا لە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیاندا لە(تاران)ی پایتەختی ئێران لەسەرەتای شۆڕشی ئێراندا.
هەروەها لەدانوستانەكانی نێوان (ئێكوادۆر) و(پیڕۆ)و، هەندێك لەوڵاتەكانی باشووری ئەمریكاشدا سەركەوتوو بووە، هەروەكو سەرۆكی (ئیكوادۆر) لە زانكۆی (هارڤارد) لە سیمینارێكدا ئاماژەی بۆ كردووە لەبارەی هونەری دانوستان و رازیكردندا.
كورتەی كتێبەكە پێمان دەڵێت: لەئەنجامی بەریەككەوتنی زیاتری نێوان مرۆڤەكان، كۆمەڵگەكان، دەوڵەتەكان، ئێستا ژمارەی كێشەكان لەزیادبووندان، بۆیە پێویستە بەقەد ژمارەی كێشەكان رێگەچارە بدۆزینەوە.
پێمان دەڵێت: ئەگەر چی رووداوەكان ئازار بەخش بن، نابێت ئێمە بەخەم و خۆئازاردان و خۆوابەستەكردن بەڕابردووەوە پێشوازییان لێ بكەین، بەڵكو پێویستە بەگیانی دۆزینەوەی چارەسەرو كاری ئیجابیی و ئایندە بینییەوە رووبەڕوویان ببینەوە.
ئەم پێنج تەوەرەی دانوستانی سەركەوتووی دكتۆر (رۆجەر فیشەر) بریتین لە:
تەوەری یەكەم:
پێویستە جیاوازیی بكرێت لەنێوان (كەسەكان) و(كەیسەكان)دا واتە: ئەوەی پێویستە لەدانوستاندا رەچاو بكرێت ئەوەیە كە ئێمە بمانەوێت كەیسەكە یان كێشەكە چارەسەر بكەین، با كەسەكە هەر كەسێك بێت و، هەڵوێستیشمان بەرامبەری هەر چۆنێك بێت لە ئێستاو لە رابردوودا.
بەمانایەكی دی پێویستە لەگەڵ كەسەكان نەرم بین لەگەڵ كێشەكان توند بین، نەك بەپێچەوانەوە لەگەڵ كەسەكان توند بین و، لەگەڵ كێشەكان نەرم بین.
تەوەری دووەم:
چڕكردنەوەی بیركردنەوەمان لەسەر بازنەی بایەخپێدانە هاوبەشەكانمان، نەك لەسەر هەڵوێستی ئێستاو ئەم ساتەمان لەسەر كەیسەكەو لەسەر یەكدی.
هەروەها نابێت خۆمان بەخاڵێكی لاوەكی كێشەكەوە ببەستینەوەو بیكەینە كێشە سەرەكییەكە، چونكە لە هەموو كێشەیەكی سەرەكیدا كۆمەڵێك كێشەی لاوەكی هەن، ئەگەر هاتوو هەر لایەك لەدەووری كێشە لاوەكییەكەدا بخولێتەوە، ئەوسا چارەسەر بۆ كێشە لاوەكییەكان دەدۆزرێتەوە نەك بۆ كێشە سەرەكییەكە.
هەر ئەم تەوەرەش فێرمان دەكات كە كار لەسەر ئەوە بكەین لەنێوان وێنە جیاوازەكاندا خاڵی هاوبەش و لەیەكچوو بدۆزینەوە، نەك لە نێوان وێنە لەیەكچووەكاندا خاڵی جیاواز و دژ بە یەكتر بدۆزینەوە.
تەوەرەی سێیەم:
پێویستە رێگەچارەی وا بۆ یەكدی پێشنیاز بكەین كە سوودی هاوبەشی تێدا بێت، نەك كاردانەوەمان بەرامبەر كاری ئەو بە چارەسەر بزانین، چونكە زۆرێك لە كێشەكانی ئەمڕۆ بریتین لە كەڵەكەبوونی كاردانەوەكانی دوێنێ بەرامبەر بەڕووداوەكانی دوێنێ، بۆیە ئێمە لەدانوستاندا دەبێت رێگەچارە بخەینەڕوو، نەك بەكاردانەوەمان رووبەڕووی كاری بەرامبەر ببینەوە.
تەوەری چوارەم:
گرنگیی بەكارهێنانی پێوەرە بابەتییەكان و، نزیكبوونەوە لە ئەسڵی (كەیسەكان)و، دووركەوتنەوە لەمیزاجی (كەسەكان) لەپێناوی پاراستنی پێگەی كەسایەتییەكان.
تەوەری پێنجەم:
هەوڵدان بۆ ئامادەكردنی زیاد لە پلانێك نەك خۆبەستنەوە بەیەك ئەگەر، واتە پێویستە لەنێو هەر دانوستانێكدا ئەڵتەرناتیڤەكانمان ئامادە كردبێت، واتە بزانین لای كەمی ئەوەی پێی رازیی دەبین چین؟ ئەوەش بزانین كەلای زۆری ئەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەین چین؟