حكومەت و بنەماكانی حوكمڕانیی چاك
October 3, 2013
وتار و بیروڕا
(پەیمانگای كەنەدا بۆ حوكمڕانیی چاك) لەبڵاوكراوەیەكیدا، (5) بنەمای دیاریكردووە بۆ حوكمڕانیی چاك:
یەكەم: شەرعییەتی هەڵبژاردن، واتە ئەوانە لەحكومەتدان كە حزبەكانیان لە رێگەی هەڵبژاردنەوە هاتوون.
دووەم: پێویستە بەرنامەی حكومەت وەك نەخشەڕێگەیەكی تەبا بێت لەگەڵ ئەوەی رای گشتیی داوای دەكات.
سێیەم: پێویستە ئەندامانی نێو كابینەی حكومەت ئەدایەكی باش و میكانیزمی خێراو سەركەوتوویان هەبێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی كابینە.
چوارەم: پێویستە گشت لایەنە بەشداربووەكانی نێو كابینە بەرپرسیارێتی وەك یەك لەئەستۆ بگرن و بەگیانی یەك تیم كار بكەن.
پێنجەم: پێویستە ئامانجی سەرەكیی كابینە بریتی بێت لە بەرقەراركردنی دادپەروەریی لە رێگەی:
1- دابینكردنی خۆشگوزەرانیی كۆمەڵایەتیی بۆ تاك و كۆمەڵگە.
2- پەیڕەوكردنی سەروەریی یاساو دابەزاندنی هەمووان بۆ ژێر چەتری یاسا.
بۆ جێبەجێكردنی ئەم بنەمایانە، رەنگە بژاردەی گونجاو ئەوە بێت كە حكومەتی زۆرینە بكەینە زۆرینەی حكومەت و، زۆرینەی حكومەتیش، بەمانای بەشداری كردنی لایەنە براوەكان دێت بەپێی رێژەی كورسییەكانیان لەڕێگەی گفتوگۆكانی داهاتووی نێوان حزبە براوەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بەڕەچاوكردنی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە:
یەكەم: ئاراستەیەكی دیار جەخت لەسەر زۆرێك لەئەركەكانی قۆناغی رزگاریی نەتەوەیی ونیشتمانیی دەكات و، بەردەوام كاریان بۆ دەكات.
دووەم: ئاراستەیەكی دیكە جەخت لەسەر چەمكەكانی ئازادییە گشتییەكان و مافەكانی مرۆڤ و هاووڵاتییبوون دەكات.
سێیەم: ئاراستەی یەكەم ئەو قەناعەتەی هەیە كە هەرچەندە بەشێكی باشی چاكسازیی بەخۆی دەكرێت و لەتواناشیدایە ئەنجامی بدات، بەڵام دەشزانێت كە چاكسازیی پرۆسەیەكی هەمەلایەنەیەو بۆ هەموو لایەنەكانیشە، بۆیە دەیەوێت هەمووان تێیدا بەشداربن.
چوارەم: ئاراستەی دووەمیش- ئەگەر هەمووشیان نەبن- گەیشتۆتە ئەو ڕایەی كە ئۆپۆزیسیۆنبوون هۆكارەو، كاری كەمینەی پەرلەمانییەو، كاتییەو حزب بڕیاری لەسەر دەدات، بەڵام پەرەپێدان بە كەلتووری دەوڵەت و، بونیادنانی پایەكانی، ئامانجە و هەمووانی دەوێت و، هەمیشەییەو دەنگدەر لەسەر ئاستی نیشتمانییدا بڕیاری لەسەر دەدات و داوای دەكات.
پێنجەم: وەك دەرئەنجامێك بۆ گشت ئەوانەی كە لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێكردن، لەوانەیە باشترین ڕێگە چارەیەك بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان، پێكهێنانی حكومەتێك بێت لەگشت لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن لە رێگەی ( لێكدان ) ی گشت بەرنامەو پرۆژەكان و( كۆكردنەوە )ی خاڵە هاوبەشەكان و،( لێدەركردن )ی خاڵە جیاوازەكان و،( دابەشكردن )ی دەسەڵاتەكانیش لەنێوان گشت شەریك و بەشداربوواندا.
لەهەمان كاتیشدا زۆر گرنگە ئاگامان لە ڕێگرەكانی بەردەم حوكمڕانیی چاك بێت كەبەلای كەمەوە بریتین لە:
1- قۆستنەوەی دەرامەتە گشتییەكان بۆ بەرژەوەندیی كەمینە.
2- كۆكردنەوەی وەزیفەی گشتیی و كاری بازرگانیی لای یەك كەس یان یەك گرووپ.
3- نەبوونی شەفافییەت و دەستنەكەوتنی زانیاریی گشتیی.
4- دەست بڵاویی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتیی لەڕێگەی پڕۆژەی بێ پلان و كەم سوود و بێ بەرهەم.
5- لاوازیی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی كاراو هۆشیار كە بۆ بەرژەوەندیی گشتیی كار بكات.
6- بیرۆكراسییەت و قورسبوونی پەیكەری ئیدارەو، ماندووكردن و زەحمەتدانی هاووڵاتییان لەڕاییكردنی كارەكانی رۆژانەیاندا.
7- تێگەیشتنی هەڵە لای جەماوەر لەچەمكی دابەشكردنی سامانی نیشتمانیی.
8- لاوازیی یاسا لەبەرامبەر پێشێلكارانی یاسادا.