سەرکەوتنی موسڵمانان بەسەر ئیسلامیەکان
September 29, 2013
وتار و بیروڕا
ئەم جارە لەم ھەڵبژادنەدا کوردستان نموونەیەکی جوانی دیموکراسی پێشانی جیھان دا، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ کە گەلی کورد بەرەو شارستانیەت ودیموکراسیەت وپلورالیزم دەروات، بەردەوام بوون لەسەر ئەم پرۆسەیە بەم شێوازە ھەنگاوێکی پرەکتیکیە بەرەو دەوڵەت بوون، بەڵام من ترسی ئەوەم ھەیە بزاڤە ئیسلامیەکان ئەم پرۆسەیە تێکبدەن نەک بە کردار بەڵکو بە ئەیدۆلۆژیا، چونکە ئەوان بەبێ ئەوەی ھەست پێ بکەن، ئیسلامی سیاسی لە خودی خۆیدا سیستەمێکە دژی دیموکراسیەت وپلورالیزمە، ئەم ڕاستیە تەنھا لە کاتی بوون بە خاوەن دەسەڵات دیاردەکەوێ، بۆ نموونە لە ئیران و سودان وسعودیە ومیسر وتونس وسوریاش بەرێوەیە، چونکە ئیسلامی سیاسی لە ھەر شوێنیک لەسەر بنەمای ئەیدۆلوژیەت دامەزراوە، و ھەر کاتێ ئەیدۆلۆژیەت ھەبوو، دیموکراسی وپلورالیزم نابێ، بۆ ئەوەی خوێنەری بەرێز بە ھەڵە لێم حالی نەبێ، دەڵێم: ئەوەی کە باسی لێوە دەکەم ئیسلامی سیاسی یە، نەک ئیسلامی قورئان وسونەت، چونکە ئیسلامی ڕاستەقینە واتە دین ودونیا، نەک دین ودەوڵەت، ئیسلامی ڕاستەقینە واتە عەدالەت و رەوشت و پێکەوە ژیان، پەیوەندی موکم لە نێوان تۆ و خودا، کەواتە سیاسەت لە ئیسلامدا واتە عەدالەت و رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی خەڵک، با ئەم سیاسەتە لە دەقەکان نەھاتبێت، بەڵام لە ئیسلامی سیاسی واتە ھەموو شتێک ئەبێ لە دەقەکان وەربگیریت، ئەمەش مەحاڵە، بۆیە زۆربەی زانایانی ئیسلامی وەکو ئیبن عەقیل وئیبن قەییم پشتگیری لە رای یەکەم دەکەن، و رای دووەم ڕەت دەکەنەوە، چونکە ئیسلام تەنھا بنەما سەرەکیەکانی داناوە بۆ سیاسەت، ھەموو ووردەکاری باسی نەکردووە، ھەندێکی بۆ مروڤ بەجێھێشتووە، چونکە ژیان بەردەوام لە گوِڕانکاریدایە.
ئیسلامی سیاسی وەکو ئەیدوِلوِژیایەک کۆتایی ھاتووە، باشترین نموونە ئیخوان موسلمین لە میسر، بۆیە پێویستە ئیسلامیەکانی کوردستان بیر لەوە بکەنەوە کە کاتی ئەوە ھاتووە ئەوانیش کۆتایی بێنن و بە یەکجاری لە پرۆسەی سیاسی بکشێنەوە، چونکە ئەم ئەیدۆلوژیایە دژی پرۆسەی نەتەوەیی ونیشتمانی یە، بەڵام زۆر زەحمەتە ئەم بڕیارە بدەن لەبەر چەند فاکتەرێک، یەکەم: نەبوونی خەڵکی شارەزا وھزرڤان لە ناو ئیسلامی سیاسی بۆ ئەوەی بەم شێوە ھزر بکەنەوە، ھەر بۆیە لەسەر ئاستی تاکەکان زۆر کەس لە ناو ئیسلامی سیاسی دوای خەباتێکی دوور و درێژ کوتایی بە خەباتی خۆیانی ھێناوە، ئێستا لە بواری ھزرو ومەعریفە کاردەکات، ھەر موسڵمانیشە بەڵام ئیسلامی نیە، دووەم: بەرژەوەندی تاکەکانی ب تایبەتی بەرپرسەکان، چونکە ئەوانە ھیچ شوێنیان نابێت لە ھیچ بزاڤێک، ئەوانیش ناتوانن وەکو کەسێکی نۆرماڵ بژین لەناو خەڵک، ئەوانەی کۆتایی بە خەباتیان ھێناوە زۆربەیان زانا وھزرڤانن، ئەوان دەتوانن بە نۆرماڵی بژین، چونکە ھزر وزانست ومەعریفەیان پێیە، زۆربەی ئەوانەی لە ناو ئیسلامی سیاسیین ئاستی زانسیتان لە قورئان وسونەت لاوازە، ھەرکاتێ ئاستی زانستیان بەرز بوو واز لە ئیسلامی سیاسی دێنن، چونکە زانست ومەعریفە وھزر لەگەڵ بەندایەتی حزبی وسیاسی وئەیدولوژی ناگونجێت، چەند مروڤ ئاستی زانستی ومەعریفی وھزری بەرز بێتەوە، زیاتر قەناعەتی دێت کە حزبایەتی لە ئیسلام رێگرە لە ھزرکردن وئازادی.
من تەنھا خەفەتی گەنجی کوردی دڵسۆز دەخۆم کە دەبینم بە چەند نامیلکەیەک و چەند کوراسەیەکی ئاست نزم لە رووی ھزر ومەعریفەت وئاین قەناعەت بۆی دروست بووە، کە ئیسلامیەکان نموونەی ڕاستەقینەی ئیسلامن، ئەم ئازیزە نازانێت ئێمەی کورد ھەر موسڵمان بووین پێش دروست بوونی ئەم ئیسلامیانە، ئەمە نموونەیەکی شکستخۆازی دەرەکیە گواستراوەتەوە بۆ جڤاکی کوردی، زۆر تەشبیھی دەکەم بە خواردنی قوتوبەند (الڕگعمە المعلبە) پێم بڵێن لە چ وڵاتێک ئەم مۆدیلە سەرکەوتنی ھێناوە، بەڵکو ئەم مودێلە سیاسی یە ئەیدۆلۆژیایە بۆتە ھۆی دروست کردنی ئاژاوە ونەخۆشی وخوێن ڕشتن وناکۆکی، مەبەستم لێرە ئەم ھزرە ئەیدۆلۆژیایە، نەک تاکەکان، چونکە ئەگەر بەیانی ئیسلامیەکان وەکو ھەموو موسڵمانێک بن بەبێ ئەوەی پەیڤی(ئیسلامی) بەکاربھێنن، ھاتنە پێشەوە بە پرۆژەیەکی مەدەنی وخزمەتگوزاری ونیشتمانی، ئەو کات ھیچ گرفتمان نابێت، نابێت لەم سەردەمە کەس ب ناوی ئیسلام قەسە بکات، و پرۆژە بە ناوی ئیسلام پێشکەش بکات، چونکە گەلی کوردستان موسڵمانە، تۆ ئەم جۆرە پرۆژەیە لە ولاتێک پێشکەش دەکەی کە خۆت کەمینە بیت، دەتەوەی گەورەیی ئیسلام پێشان بدەیت، بەڵام پرۆژەی ئیسلامی سیاسی وئەیدولوژی لە ناو جەرگی موسڵمانان بە ڕاستی ئەمە کارەساتە، و ئیھانەیە بۆ ھەموو گەلی کوردی موسلمان.
لەم ھەڵبژاردنەدا زۆر شەرمزاری یە بۆ ئیسلامی سیاسی بە سێ لیست بێنە مەیدانی ھەڵبژاردن، ئەگەر ئێوە نەتوانن بە یەک لیست دابەزن، چۆن دەتوانن خزمەتی گەلی کوردستان بکەن، ئەگەر بپرسین بۆ ئێوە سێ لیستن، نەک یەک لیست، وەڵامێکی زۆر نا مەنتیقییان ھەیە، دەلێن: ئێمە یەکین، بەڵام شێوازی کارکردنمان جیاوازە، ئەمە ڕاست نی یە، بەڵکو: ئێوە یەک نین، شێوازی کارکردنتان یەکە، چونکە ھەمووتان مەبەستان دەسەڵاتە، دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی حزب، نەک بۆ بەرژەوەندی خەڵک، ئەگەر مەبەستان خەڵکی کوردستانە، بۆ کارێک ناکەن بەیەکەوە بۆ بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان، ھەتا ئێستا نەمان بیستووە بەیەکەوە کونفراسێک بکەن، ئەوەندەی لەگەڵ لایەنی نا ئیسلامی دانیشتنتان ھەبووە لەگەڵ لایەنی ئیسلامیتان نەبووە، من ھەرگیز باسی لایەنی تر ناکەم وەکو (یەکێتی زانایانی کوردستان) (ئەوقاف)(کۆڕبەندی ھزری ئیسلامی) چونکە ئەمانە ھەمووی جێگای گۆمانن لە ھزری ئیسلامی سیاسی، لە ھەمووی سەیر تر بانگەشەکانی ئیسلامی سیاسی بۆ ھەڵبژاردن، ھەبوو بەھەشتی حیجز کردبوو بۆ حزبەکەی، ھەبوو خەڵکی رەوانەی دۆزەخ کردبوو، چونکە دەنگیان پێنەدابوو، ھەبووە ێکوکی غفران دابەش کردبوو، ھەبوو ناوی لیستی ئیمان بووە، واتە ئەوانی تر لیستی کوفرن، زۆر کەس بە تایبەتی قوتابیانی خۆشەویست لە زانکۆ پرسیاریان لێ دەکردم، دەیان گوت: من دەترسم دەنگ بدەم، گوتم بۆ؟ گوتیان بەمنیان گووتوە ئەگەر دەنگ بدەی بەم حزبە خوا لێپرسینەوەت لەگەڵ دەکات، گوتم نەخێر وا نی یە، دەنگ بدە بەو حزبەی کە خزمەت دەکات وبە عەدالەت کاردەکات، ئێمە بەختەوەر دەکات، تەماشای ئەو کەسە ناکەم چ ئایینێکی ھەیە، بەڵکو تەماشا دەکەم چ ئەخلاقێکی ھەیە بەرامبەر بە کۆمەڵگا بۆ خزمەت کردنی گەڵ ونیشتمان، چونکە ئاین بۆ خۆتە، بەلام رەوشت بۆ خەلکە، ئیبن تەیمیەی حەڕانی دەڵێت:" دادپەروەری بنەمای ھەموو شتێکە، ئەگەر دونیا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەرێوە بچێت، ئەوا ئەو دەسەڵاتە سەر دەگرێ، با خاوەنەکەشی بێ باوەر بێت، ھەر کاتێ دونیا بەبێ دادپەروەری بەرێوە بچێت، ئەوا ئەو دەسەڵاتە بۆی ناچێتە سەر، با خاوەنەکەشی باوەردار بێت".چونکە عەدالەت بۆ بەندەکانە لە دونیا، بەڵام ئاین و دینداری بۆ خۆتە لە قیامەت، لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ کە ئەوەی گرنگە لە ئیسلامدا فەراھەم کردنی بەختەوەریە بۆمروڤ، بەختەوەری مرۆڤیش لەوەدایە دادپەروەری ھەبێت لەکۆمەڵگادا، من چ پێویستم بە دەوڵەتێکە پڕ بێت لە دروشمی ئاینی و ھەموو خەمی ھەر ئەوەبێت چۆن خەڵک سزا بدات و، چۆن ڕووبەڕووی خەڵکی تر بێتەوە کە خاوەنی باوەرێکی ترن، تا لەکۆمەڵگادا بیانسرێتەوە، ھیچ پروژەیەکی مەدەنی وسیاسی وخزمەتگوزاری نەبێت؟
کاتی ئەوە ھاتووە ئیسلامیەکان خوحافیزی لە پرۆسەی سیاسی بکەن، لە ولاتێک زۆرینەی زۆری موسڵمانن بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئیسلامیەکان ناتوانن دەنگێکی باش بێنن، ئەمە بەڵگەیەکی ترە کە ئیسلامی سیاسی ئیفلاسی خۆی ڕاگەیاند، ئێمە خەڵکی کوردستان پێوستیمان بە پرۆژەیەکە بەرەو سەربەخۆیمان ببات، وڵاتمان ئاوەدان بکات، ئاشتی وئارامی بەرقرار بکات، باوەری بە ئاسایشی نیشتمانی ھەبێت، باوەری بە پێکەوە ژیانی ئاینیی ومەزھەبی ونەتەوەیی ھەبێت، ئەم کارە تەنھا بە بزاڤێک دەکرێ کە باوەری تەواو ھەبێت بە سیستەمی دیموکراسی وپلورالیزمی.
ئیسلامی سیاسی تەحەمولی ڕەخنە نی یە، چۆن دەتوانێت تەحەمولی ئۆپۆزسیون بێت، ھەتا ئێستا تەحەمولی ئەوانە ناکات کە پێشان ئەندام بوون، و ئێستا لە دەرەوەی حزبن، من قەناعەتم وایە ئەگەر ئیسلامی سیاسی دەسەڵات وەرگیرێت بەو پروژەی کە ئێستا ھەیەتی، کوردستان تۆشی قەیرانێکی گەورە دەبێت لە زۆر رووەوە.
من بەڵگەی زۆرم پێ یە، دەلیڤە نی یە باسی بکەم، بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەکو میسر ئیخوان موسلمین ئەوە ھەشتا ساڵە خەبات دەکەن، کەسی شارەزا وھزرڤان و زانا لە بواری زانستە ئیسلامیەکان تیایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش نەیان توانی کە بوونە خاوەن دەسەڵات پرۆسەی دیموکراسی ومەدەنی بپارێزن، بزانە چ ھەلوێستێکی توندیان ھەبوو بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆن، یان چ ھەڵویستێکیان ھەبوو کاتێ مورسی لە دەسەڵات دورخرایەوە لەلایەن ئەنجوومەنی عەسکەری، بۆ نموونە، ھەلوێستی ئیخوان بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆن، (شێخ ھاشم ئیسلام) خۆپێشاندەرانی دژی مورسی بە خەورایج لە قەڵەمدا، ھەروەھا (شێخ ئیھاب عەدلی) کۆشتنی جەماوەر بە حەڵال لە قەلەمدا، ھەروەھا(شێخ ئەحمەد مەحلاوی) کە لەمیسر زۆر ناسراوە، لە وتاری ھەینیدا فەتوایدا کە ڕەخنە لەسەرۆک (مورسی) حەرامە، تاعەتی فەرزە وەکو نوێژ، وەکو ئیتاعەی خوداو پێغەمبەر، حوکمی ئیخوان حوکمی خودایە، ھەروەھا بزانە ھەڵویستان دوای لادانی مورسی، بە چ شێوازێک کۆتایی ھات، ئەوەندە نموونەم زۆرە کات رێ نادات ھەمووی بڵێم بەڵام ھەوڵ دەدەم یەک ھەلوێستیان بڵێم لێرەدا، مورشیدی ئیخوان موسلمین (د.محمد بدیع) دەڵێت: لادانی مورسی لە تێکدانی کەعبە گەورە تر بوو". بەڵام لە لای خودای گەورە تەنھا یەک شت لە تێکدانی کەعبە گەورەترە ئەویش کۆشتنی کەسێکی بێ تاوانە.
ئەوەی مەبەستمە بلێم، حزبێک تەمەنی ھەشتا ساڵ بێت، پڕ بێت لە زانا وھزرڤان وفەیلەسوف وشارەزا ئەوە ھەڵوێستی بێت بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆن، باشە ئیسلامیەکانی کوردستان کە دوێنێ دروست بووینە، وکەسی شارەزا وزانا وھزرڤانی ئاستەمە، ھەڵوێستی ئەوان دەبێت چۆن بێت ئەگەر بەیانی بوون بە خاوەن دەسەڵات، ئیسلامیەکان یەکتر قبول کردنیان ئاستەمە، چما ئەوانی تر قبول بکەن، لێرەدا کێشەکە کێشەیەکی ئەیدۆلۆژی یە، ھیچ پەیوەندی بە تاکەکان نی یە، ئیسلامی سیاسی وەک سیستەمێکە ئەگەر کەسێک بچێتە ناوی ئەم جۆرە ھزرە وبیرکردنەوە بۆی دروست دەبێت، سید قوتب باشترین نووسەر بوو، وکەسێکی کراوە وھزرڤان وشارەزا، دوو ساڵ لە ئەمریکا بووە بۆ خوێندن، ئەندامێکی کارا لە حزبی وەفد بوو، دوای ئەوەی کە ھاتە ناو سیستەمی ئیخوان موسلمین، بوو بە سەید قوتبێکی تر، بەڵکو بووە دامەزرێنەری ھزری توند وتیژ لە ناو ئیخوان موسلمین، زۆر نمووونەی تر ھەن لە جیھانی ئیسلامی ولە کوردستان، ھەروەھا بە پێچەوانەوە ھەبووە زۆر توند وتیژ لە ناو ئیسلامی سیاسی بەڵام دوای ئەوە کە کۆتایی بە خەباتی ھێناوە لە ناو ئیسلامی سیاسی بوو بە کەسێکی کراوە ومودێرن، بەڵام ئەوەیان دەگەرێتەوە بۆ خودی کەسەکە، وا دیارە ھیچ سنوورێک بۆ ھزری خۆی نەداناوە، وەکو سەرکردەی پێشووی ناوداری ئیخوان (سەروەت خرباوی، عبد المعتال ێعیدی)...ھـتد.
ئێستا زەمانی ئەیدۆلۆژیەت نەماوە، پێویستە بیر لە پرۆژە بکەینەوە، سەرکەوتنی ھەر لایەنێک لە ھەڵبژاردندا بەھۆی زۆری خزمەتگوزاری وبەختەوەری گەڵە، لە بەرقەرار کردنی ئەمن ئاسایشدایە، لە خەباتکردنە بۆ سەربەخۆیی کوردستاندایە، لە پاراستنی نیشتمانە لە پلانی دوژمنان، بۆیە ھەر لایەنێک بایەخ بەم چەمکانە نەدات شکست دێنێ، ھەروەک چۆن زۆر لایەن تۆشی ئەم شکستە بوون، ئیسلامی سیاسی وەکو ئایدۆلۆژیا تاقی کراوە، ناتوانێت بە ھیچ شێوەیەک ولاتێکی وەکو کوردستان (فرە ئاینی ونەتەویی ومەزھەبی وئەیدولوژی) بەرێوە ببات، بەڵکو تووشی بارۆدوخێکی سەخت دەکات، خرابتر لە میسرو وڵاتانی تر.