زیندووکردنەوەی یونیڤێرسالیزم

زیندووکردنەوەی یونیڤێرسالیزم
رۆژئاوا پێیوایە کە داهێنەری»یونیڤێرسالیزمە»: یۆنانی کۆن عەقڵ، رۆما یاسا و مەسیحیەتی سەرەتاییش لەگەڵ سانت پۆلدا، بیری رزگاربوونی «یونیڤێرسال»ی ماڵیکراو لەلایەن هەمووانەوە بە مرۆڤایەتی پێشکەشکردووە. بەدیوێکی دیکەدا مۆدێرنیتێ و رۆشنگەریش بە گۆشت و ئێسقانەوە لە بەها «یونیڤێرسالەکان»دا تواونەتەوەو هەڵگری پرۆژەی کشانی هەمان ئەو بەهایانەن کە بەنێو جیهان و مێژووی بەشەریەتدا کشاون.
بەڵام هەموومان دەزانین کە یونیڤێرسالیزم هەرگیز رووبەری کۆدەنگی نەبووەو، ئەمڕۆش لە هەموو کاتێك زیاتر لە قەیرانی سەختدایە. لە دوێنێیەکی نزیکدا و لەنێو خودی کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا، چەندین رەخنەی توند ئاڕاستەی یونیڤێرسالیزم کراوە. بەشێك لەم رەخنانە بەناوی هەڕەشە لە ترادیسیۆن، هەڕەشە لە ئاسایش، هەڕەشە لە رێکخستنە کۆمەڵایەتیە مێژووییەکان، هەڕەشە لە دەسەڵاتە چەسپاوەکان، هەڕەشە لە تایبەتمەندی کۆمەڵگەکان، هەڕەشە لە شوناسە تاقانەکانەوە دەگیران و ئەو هێزانەی لە پشت ئەم جۆرە رەخنەیەوە بوون دەخرانە چوارچێوەی «کۆنەپەرستی»ەوە. بەشێکی دیکەی رەخنەکان، بەپێچەوانەوە لەژێر شەرعیەتی چەمکی «پێشکەوتن»دا دەگیران، بۆنموونە لای کەسێکی وەك کارل مارکس، کە کلیك دەکات لەسەر دیوە ناشیرینەکەی «یونیڤێرسالیزم»ی تەجریدی و دابڕاو لە ژیانی واقیعی مرۆڤەکان:ڕاستە وەك فیکرە شتێکی جوانە، بەڵام لەدەرەوەی ژیانی کۆنکرێتی مرۆڤەکاندا کاردەکات.
لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوودا و لەنێو هەمان کۆمەڵگە رۆژئاواییەکاندا، چەندین بزووتنەوەی دیکە دروستبوون و به ‌توندی هێڕشیان دەکردە سەر«یونیڤێرسالیزم»و وەك دەرفەتی سەپاندنی هەژموون، کۆنترۆڵ، زەبروزەنگ و تەنانەت بەربەڕیەتی مرۆڤەکان پێناسەیان دەکرد و دەیانوت: مەگەریونیڤێرسالیزم گوتاری سپی پێستە راسیستە رۆژئاواییەکان دژ بە مرۆڤایەتی نییە؟ مەگەر گوتاری بە ئەمەریکاییکردنی جیهان نییە؟ مەگەر گوتاری لەناوبردن و قەڵاچۆکردنی ئەوانی دیکە لەلایەن رۆژئاوای کۆلۆنیالیستەوە نییە؟
لە هەلومەرجێکی ئاواداو کاتێك رەوتی چوونەدەرەوە لە کۆلۆنیالیزم و پاشان بەجێهێشتنی پۆست-کۆلۆنیالیزمیش دەستی پێدەکات، ئیدی جارێکی دیکەو بەهێزتر لە رەخنەکانی رابردوو، بەها یونیڤێرسالەکان دەلەرزێن و گومان لەسەر ماناو بوونیان دروست دەکرێت. لە قۆناغی نوێدا کە هاوکێشەکانی هێز دەگۆڕێن و جیهان دەبێت بە چەندین رووبەری فرە جەمسەری، ئیدی نەك هەر بەتەنها هەژموونی سیاسی و ئابوری رۆژئاوا دەخرێتە ژێر گومانەوەو دەلەرزێت، بەڵکو بەها یونیڤێرسالەکانیشی کاڵ دەبنەوە و لە لەهۆش خۆچوون نزیک دەبنەوە.
بەڵام ئایا هەموو ئەمانە یەکسانن بەوەی کە پشت بکەینە بیری «یونیڤێرسالیزم»و پرۆژەکانی بە لەبیرچوونەوە بسپێرین؟ کەم نین ئەو ئەکتەرانەی کە لە پشت فیکری رێژەگەرایی، نەتەوەگەرایی، موحافیزگەرایی و ناوچەگەراییەوەن و دەیانەوێت بۆ ‌تا هەتایە فیکری یونیڤێرسالیزم بخەنە نێو تابووت و گۆڕەوە! کەم نین ئەوانەی کە بەناوی داخستنی کۆمەڵایەتی و تاقانەییەوە دەیانەوێت کۆتایی بەم چیرۆکە گەورەیەی یونیڤێرسالیزم بێنن! بەڵام خۆشبەختانە لە ئێستاو ئێرەدا دەنگێکی دیکە سەربەرزدەکاتەوەو لە سێ رێگای سەرەکییەوە بانگەشە بۆ زیندووکردنەوەی یونیڤێرسالیزمێکی مرۆیی دەکات. ئەم سێ رێگایەش بریتین لەمانەی خوارەوە.
رێگای یەکەم: بریتیە لە رووناکی خستنەسەر ئەو فیکرە یونیڤێرسالانەی کە لە کۆمەڵگە ناڕۆژئاواییەکاندا بەرهەم هاتوون. واتە گەڕان بەدوای یونیڤێرسالیزم لەنێو کۆمەڵگەکانی دیکەدا. لێرەوە، لە کتێبەکانی ئەمارتیا سێن، کە خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت، چەندین بەڵگەی بەهێزمان لەسەر یونیڤێرسالیزم دەستدەکەوێت کە دەتوانن فیکری رۆژئاوایی دەوڵەمەند بکەن و ببن بە پردی نێوان فیکری رۆژئاوایی و فیکرە گەورەکانی دیکە.
رێگای دووەم: بریتیە لەوەی کە مۆدێرنیتێ وەك یەكەیەکی دابەش نەبوو وێنا دەکات، بەڵام کردەی «بەمۆدێرنکردنی» کۆمەڵگە جیاوازەکان وەك چەندین چوارچێوەی فرەو جیاواز تەماشادەکات. واتە راستە مۆدێرنیتێ یەك چوارچێوەیە، بەڵام ئەوەش راستە کە هەموو کۆمەڵگە بەشەرییەکان یەك رێگای خۆمۆدێرنکردن ناگرنەبەر، بەڵکو چەندین رێگای جیاواز لە پێناوی ئەم ئامانجەدا دەدۆزنەوە. بێگومان ئەم تێزە سەدو هەشتا پلە جیاوازە لە تێزی پێشکەوتنخوازەکان کە دەیانەوێت یەك چوارچێوەی خۆمۆدێرنکردن بەسەر هەموو جیهاندا بسەپێنن و ئەوەی لەدەرەوەی ئەم چوارچێوەیەوە بێت راستەوخۆ وەك کۆنەپەرست پێناسەی دەکەن.
رێگای سێیەمیش تا ئێستا لە چوارچێوەی تیۆریدایە، بەڵام بایەخێکی زۆر فراوانی هەیە. ئەم چوارچێوەیە دوو جۆر تێگەشتن لە یونیڤێرسالیزم جیادەکاتەوە. جۆری یەکەم بریتیە لە یونیڤێرسالیزمی کشاو بەنێو کۆمەڵگەکانداو دەیەوێت کە هەموو لایەك عەقڵ و ماف وەك بنەما قبوڵ بکەن و پشت بکەنە ترادیسیۆن. کارکردنی ئەم جۆرە لە تێگەشتن نوخبەگەرایە:واتە لەسەرەوە دێت و خۆی بەسەر کۆمەڵگەکان، گەلان، گرووپەکان و تاکەکاندا دەسەپێنێت.
جۆری دووەمیش بریتیە لە قوتابخانەی خود که بەپێچەوانەی جۆری یەکەمەوە، لە خوارەوە کاردەکات و رووناکی دەخاتە سەر توانایی ئەکتەرە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان، رووناکی دەخاتە سەر چاوەڕوانیەکانیان، بەرژەوەندیەکانیان، ئارەزووەکانیان، خواستەکانیان و بایەخ دەدات بە مافەکانی مرۆڤ و دەرفەتەکانی بەدیهێنانی خود لای مرۆڤەکان. بەدیهێنان بەمانای دەرگاکردنەوە بەسەر ئازادی خوددا، واتە ئازادکردنی خود بە دەستی کەسی تاك، واتە دەرگاکردنەوە لەسەر تواناییەکانی داهێنان لای کەسی تاك، واتە کەسی تاك بەدەستی خۆی جیهانی وجودی خۆی بینادەکات و خۆی دەبێت بە یەکەم بەرپرسیار لە خودی خۆی و ئەزموونەکانی خۆی بەدەستی خۆی و لەلایەن خۆیەوە کۆنترۆڵ دەکات. ئەم یونیڤێرسالیزمە لە دەرەوە نەهاتووە بۆ ئەوەی خۆی بەسەر ناوەوەدا بسەپێنێت، بەڵکو لەنێو خودی هەریەکێك لە ئێمەدا کاردەکات.
من پێموایە ئەم سێ رێگایە تەواوکەری یەکترن نەك لێکدژو یەکتربڕ. پێموایە ئێمە دەتوانین لەیەك کاتدا هەرسێ رێگاکە بەکاربێنین بۆ زیندووکردنەوەی یونیڤێرسالیزمێك کە لەگەڵ هەلومەرجی مرۆیی ئێستا و ئێرەماندا بگونجێت.

* سۆسیۆلۆگ، سه‌رۆکی ده‌زگای زانسته‌ مرۆییه‌کان، پاریس. سه‌رۆکی ڕێکخراوی ئه‌نته‌رناسیۆنالی سۆسیۆلۆژی
Top