پارتی و کوردستان براوەیە بەرەو بەدیهێنانی ئامانجە گەورەکە

پارتی و کوردستان براوەیە بەرەو بەدیهێنانی ئامانجە گەورەکە
ئەمڕۆ ٢-٩-٢٠١٣ پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردن، بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات. خەڵکی کوردستان لە هەر چوار پارچە و وڵاتانی ئیقلیمی و چاودێران و ئەوانەی لە نزیکەوە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاودێريی رەوشی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن و پێگەی کورد وەک لایەنێکی گرنگ و سەرەکی هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیر دەکەن، بە بایەخەوە چاوەڕوانی ئەوەن، بزانن گوتاری سیاسيی پارتی، جیهانبینیی پارتی بۆ مەسەلەکانی رۆژ و ئاییندەی دۆزی کورد، بە چ ئاقارێکدا دەڕوات.
پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرکەوتنی خۆی لە سەرکەوتنی کۆی پرۆسەکەدا دەبینێتەوە. سەرکەوتنی دیموکراسی و پرۆسەی هەڵبژاردن، سەرکەوتنی پارتییە. سەرکەوتنی بەشداری زۆری جەماوەری کوردستان بە دەنگدانیان، سەرکەوتنی پارتيیە. ململانێیەکی نەرمی دیموکراسییانە و بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرجەم لایەنە بەڕیزەکانی بەشدار بوو، سەرکەوتنی پارتییە. پێمان وایە، زەماوەندی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان و بەردەوامی پرۆسەی دیموکراسی و فرەیی سیاسی و بەهێزتر بوونی کەلتوری دیموکراسی، هەموو ئەمانە سەرکەوتنی ئەو پرۆسە گەورەیەن، کە پارتی دیموکراتی کوردستان، بێ زیادە ڕۆیی، لە ٦٧ ساڵەی رابردوویدا، سەرمەشقی هێنانە دی و بەردەوامییەتی و چەسپاندنی بووە. پارتی، پێی وایە، سەرکەوتنی کۆی پرۆسەکە، هەموو لایانەکان سەرکەوتوو دەکات، بردنەوە و دۆڕاندن، لە پرۆسەیەکی دیموکراسییانەدا، بابەتێکی رێژەییە نەک رەها. بەڵام ئەوە خەڵکی کوردستان و پرۆسە مەدەنی و دیموکراسییەکەیەتی کە دەبنە براوەی رەها. بۆیە، پارتی کە خۆی لە خەڵکەوە هاتووە و بۆ خەڵک کار دەکات و لە پێناوی خەڵکدا قوربانی دەدات، سەرکەوتنی خۆی و سەربەرزيی خۆی لە سەرکەوتن و سەربەرزيی خەڵکی کوردستاندا دەبینیت. پارتی هەمیشە شانازی بەوە دەکات، کە پێرەوی رێبازی بارزانيی نەمرە، ئەو رێبازەش لە کورتترین پیناسەیدا، کوردایەتی و میللەت سەروەری و میللەتگەراییە. پارتی ئامانجی گەورەی هەیە، بەشێکی هاتوونەتە دی و بەشێکی گرنگی ماون بێنە دی. پارتی هێزێکی سیاسی ناوچەگەر و لۆکال نيیە، تا گۆشە نیگای تەسکی بۆ سیاسەت و کۆنسیپتی سەرکەوتن و سەرنەکەوتن هەبێت. پارتی یەکەم دەستکەوتی بۆ خەڵکی کوردستان ئەوە بووە کە ئیرادەی تاکی کوردستانی بەهیز بێت و سایکۆلۆژیای خۆ بە زەلیل زانين لە بەرامبەر دەسەڵاتی نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکە و حکومەتەکانیان، کۆتایی پێبێنێ و تۆوی ئومێدی گەورە لە ناخی تاک بە تاکی کوردستاندا بچێنیت. پارتی توانی، بە بەرپاکردنی شۆڕشی سەرتاسەری بە رابەرایەتيی بارزانيی نەمر، ئیرادەی نەتەوەیی دروست بکات، هەستی نەتەوەیی کورد بوون بگۆڕیت بە هۆشیاريی نەتەوەیی کورد بوون. نهێنيی سەرکەوتنی بەردەوامی پارتی و بە بەهێزی مانەوەی پارتی لە ٦٧ ساڵی رابردوودا لە ناو دنیاییەک تۆفانی سیاسی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا، ئەوە بووە کە پارتی هێزیکی سیاسی بووە کە خۆی بە ئامراز زانیوە بۆ ئامانجی گەورەتر. پارتی هیچ کات بە رق و گیانی تۆڵە سێن سیاسەتی نەکردووە. پرۆژەکانی پارتی پرۆژەی میللی بوون. پرۆژەی تاکەکەس و ناوچەیەک نەبوون. ئەوە مێژووە دەڵێت، هەرکات پارتی لە ٦٧ ساڵەی خۆیدا بەهێز بووبیت، پرسی کورد بەهێزتر بووە،و هەرکات پارتی وەک پێویست بەهێز نەبووبێت، پرسی کوردیش لە پاشەکشە بووە. پارتی سەرچاوەی بیرو باوەڕی، هەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵگای کوردی بووە. پارتی هیچ وەخت هێزێکی ئایدیۆلۆژی نەبووە. پرەنسیپی نیشتیمانی و کوردایەتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و لێبوردەیی سیاسی، ئایینی و ئیتنیکی و ئازادییە فەردییەکان و ئازاديی کۆمەل و خۆشگوزەرانيی هاووڵاتییان و سەروەريی نیشتیمانی و نەتەوەیی ، لەو کۆنسێپتانە بوون، کە پارتی وەک بنەمایەک بۆ سیاسەت کردنی خۆی کاری پێکردوون.
پارتی هێزێک نيیە، تەنها دەستکەوت و خەون و سەرکەوتنەکانی رابردووی بە نەوەی ئێستا بفرۆشێتەوە. پارتی، روانگە و ستراتیژی گەورەتری هەیە، پلان و تاکتیک و پرۆژەی گەورەی بۆ بە واقیع کردنی ئەو روانگانەی هەیە. پارتی ئاییندەیە. پارتی هێزێکی پراگماتی وەهایە کە بەرژەوەنديی کوردستان لە کوێ بێت لەوێیە، نەک ئەوەی کە بەرژەوەنديی حیزبییانەی خۆی لە کوێ بیت، یان بەرژەوەنديی ئەوانی دی لە کوێ بێت، ئینجا لەوی بێت.
هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە ناوکۆیی -سیاق ی نویدا بەڕێوە دەچێت. پارادایمی ستراتیژيی ناوچەیی و نێودەوڵەتی گۆڕدراوە و لە گۆڕانێکی بەردەوامدایە. دەرفەت و هەڕەشە لە سەر پێگەی کورد و ئاسۆی ئایندەی زۆرن. یەکخستنی گوتاری نەتەوەیی بۆ مامەڵەی یەکگرتووانەی کوردستانییانە بۆ ئەو دەرفەتانەی دێنە پێش و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، لە سەر هەموو لایەکی بەشداربوو دەکاتە ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەخلاقی، کە نابێت جگە لە سەرکەوتنی پرۆسەکە بە هیچ شتیکی دیکە رازی بین. لێرەوەیە، لەسەر هەموو بەرپرس و کادر و ئەندام و لایانەگرێکی پارتی و دۆستانی واجبە، بە ورەیەکی پۆڵایینی پێشمەرگانەوە، بەرەو سەرخستنی پرۆسەکە و سەرخستنی لیستی پارتی بۆ پێشەوە هەنگاو بنێێن. ئێمەی پارتییەکان ئەرکی زۆرمان ماوە بۆ نەتەوەکەمان بەجێیان بگەیەنین، کات و فکر و پرۆگرامان نابێت بە شتی لاوەکی و وەڵامی ناحەزانی پارتی و لۆکال خواز و گردنشین و داخ لەدڵ، بە خەسار بدەین. پارتی سەرکەوتنی خۆی لە سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان و زەماوەندی دیموکراسیی دەبینێتەوە و بە دڵنیایيشەوە، سەرکەوتنی پارتی مسۆگەرەو لە ئێستاوە پیرۆزە لە پارتی و رێبوارانی رێگای بارزانيی نەمر.
Top