زامەكانی ئەنفال قووڵن و بە ئاسانی ساڕێژ نابن
August 21, 2013
وتار و بیروڕا
بەپێی پەیماننامەی کۆمهڵهی گشتی نهتهوه یهکگرتووهکان كە لەساڵی 1948 دهرچووه و تیایدا هاتووە، پێناسەی جینۆساید بریتییە لە مەبەستی لەناوبردنی، گشت یان بهشێکی، نەتەوەیەک یان ئایینێك یان رهگهزێک، بۆ ئەمەش چەند پێوەرێك دانراوە وەك كۆمەڵكوژی،خستنەوەی ئازاری گیانی یان جهستهیی قورس،، لە ژینگهیهکی خراپی وادابنرێن که تیایدا بمرن یان تووشی نهخۆشیی قورس یان کهم ئهندامیی ببن، یان تووشی نهزۆکی و وهستانی زاوزێ بکرێن، یان منداڵهکانیان به زۆرداری بگوازرێنهوه بۆ ناو خهڵکێکی دیكە. بەو پێیه، رێوشوێنی دیكەش هەیە كە رژێمە فاشییەكانی هاوشێوەی بەعس دەیگرنە بەر بۆ نەمان یان سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیەك، وەك دوورخستنەوەی ئەندامانی بەكۆمەڵی نەتەوەیەكە بۆ ناو ژینگەیەك بۆ ئەوەی ناسنامەی نەتەوەییان بسڕێتەوە، یان رێگەی دیكە پیادەكراوە بۆ جیاكردنەوەی رەگەزی نێر و مێ لە یەكتری بۆ ئەوەی زاوزێ نەمێنێ نموونەش لەمبارەوە زیندانەكانی نوگرەسەلمانە تا تۆپزاوە كە ئەم رەفتارە دژە مرڤایەتییەی لێ پیادەكراوە، یان بەكارهێنانی چەكی ژەهراوییە وەك كیمابارانكردنی كوردستان بۆ ئەوەی كۆمەڵكوژیی نەتەوەیەك بكەن و ئەوانەشی كە لەو كۆمەڵكوژییە دەردەچن، كەمئەندام بن یان دووچاری نەزۆكی بن. رەفتارێكی دیكەی نامۆی جینۆساید، ئەو رەفتارە دڕندانەیەی رژێمی پێشووی بەعسە كە دژ بە ژنان و كچانی هەرزەكاری كورد ئەنجامیداوە، ئەم تاوانە زۆر لایەنی یاسایی و كۆمەڵایەتی لەخۆی دەگرێت، دەیسەلمێنێت كە پرۆسەی بە جینۆسایدكردنی دژ بە گەلی كوردستان، پرۆسەیەكی سیستماتیكی بەرنامە بۆداڕێژراو بووە بۆ ئەوەی ناسنامەی نەتەوەی كورد و گەلی كوردستان بسڕێتەوە.
بۆیە لەم چوارچێوەیەدا چەند بگەڕێینەوە بۆ ناو ئەومێژووە پڕ لەناسۆرە، تاوانی دڕندانە و قێزەون دژ بە مرۆڤایەتی دەبینینەوە، چەند گۆڕی بەكۆمەڵ هەڵدەدەینەوە، هێندەی دیكە مەمكەشووشەی منداڵان و جل و بەرگی ئەو دایك و خوشكانە دەدۆزینەوە كە خۆیان و منداڵەكانیان لەگەڵ براو هاوسەر و كەسەكانیان زیندە بەچاڵ كراون. كە دەگەڕێینەوە بۆ زامەكانی كیمیاباران، بێجگە لەوەی بە هەزاران قوربانی لە گۆڕستانەكان نێژراون، لەهەمانكاتدا بەدەیان و سەدان بەركەوتووی ئەو چەكە ژەهراوییە دەبینینەوە كە دوای تێپەڕبوونی زیاتر له 25 ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیە، هێشتا كاریگەریی ئەو چەكە ژەهراوییە لەسەر جەستەیان ماوەو ژیانی لێ تاڵكردوون و كەمئەندامی كردوون، ئەمە جگە لەوەی كەسانیكی دووچاری نەزۆكی و چەرمەسەری كردووە.
هەڵدانەوەی ئەم مێژووە بۆ هەرتاكێكی كوردستان، دووبارە كولانەوەی ئەو زامەیە كە زۆر زەحمەتە ساڕێژ بێت. هەڵدانەوەی ئەم مێژووە، خوێندنەوەی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە، سنووری هەموو ئەو رەفتارە نامرۆڤانانەی بەزاندووە كە زانستی سیاسەت و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان بۆ پێناسەی جینۆساید دیاری كردوون. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو تاوانی جینۆسایدەی دژ بەگەلی ئێمە ئەنجامدراوە لە زۆر لایەنەوە سنووری رەفتاری ئەو فاشیانەی تێپەڕاندووە كە جینۆسایدیان دژ بەگەلانی دیكە لە سەدەی بیستەمدا ئەنجامداوە.
لەم چوارچێوەیەدا و لەكاتێكدا یادی 30 ساڵەی ئەنفالكردنی 8000 بارزانی بێ تاوان دەكەینەوە، لەهەمان كاتدا وەك هەموو لایەك دەیزانین، دووبارە دەنگ و باسی گەرمی ئەو 18 كچە كوردەیە كە لە پرۆسەكانی ئەنفالدا،بە پێی نوسراوێكی مدیریەتی موخابەراتی كەركوك لە ساڵی ١٩٨٩دا، حكومەتی بەعس رەوانەی یانەكانی شەوانەی میسری كردوون. نووسراوەكە كاتی خۆی دراوە بە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق و، لە لایهن چهندین لایهن و خهڵکانی دڵسۆز کار بۆ بهدواداچونی کراوه له میسر و شوێنانی دیكە، بەڵام هەر بە ئەنجامێكی یهکلاکهرهوه ماوەتەوە. جگه لهوه باسوخواسی ناردنی کچانی کورد بۆ وڵاتانی تریش له ئارادایه یان له ناو عێراقیشدا به شێوهی جیاجیا رهفتاریان له گهڵدا کراوه. دووباره باسکردنهوهی ئهم پرسانه، بۆته مایهی نیگهرانییهکی زۆری کهسوکاری ئهو ئهنفالکراوانه و گهلهکهشمان، بۆیه حکومهتی ههرێمی کوردستان زۆر به پێویستی دهزانێت به دواداچونی تهواوی بۆ بکات بۆ گهیشتن به راستی تا دڵی کهسوکاریان ئاسووده بێت و یهک لاببنهوه و چیتر به دڵهڕاوکێوه نهژین. ههروهها بۆ دهرخستنی زیاتری لایهنهکانی ئهو تاوانانه و کارکردن له سهر پێویستی و مافه یاسایی و ماددیهکانیان بۆ کهسوکاری ئهو ئهنفالکراونه.
ئەم پرسە لەمانگی رەمەزانی رابردوو، پاش ئەوەی زنجیرە درامای (نیران صدیقة)ی میسری پێشكەشكراو تیایدا باس لە رووداوێکی لەم شێوەیە دەكات،دیسانهوە برینەكەی كولاندنەوە و پرسەكەی گەورەتر كردەوە. بێگومان پرسێكی گەورەی لەم جۆرە و تاوانێكی گەورەی دژە مرۆڤایەتی بەم ئاستە، پێویستی بە ساخكردنەوە هەیە، بە تایبەتیش بۆ كەسوكاری ئەو كچانەی كە هەموو رۆژێك ئازارەكانیان دووبارە نوێ دەبێتەوە، هەروەها ئەم مەسەلەیە پرسێكی گەورەی نیشتمانییە سەبارەت بەو جینۆسایدەی دژی گەلەکهمان ئەنجامدراوە، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم مەسەلەیە زۆر بەگرنگ دەزانێت و بەدواداچوونی جددی لەسەر دەكات. ئێمە سەرەتا وەك وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكروان بە یاوهری کەسوكاری ئهو کچانه سەردانی كونسوڵخانەی میسرمان لەهەولێر كردو بە بە فەرمی و یاداشت داوامان لێكردن بۆ ئەوەی هاریكاریمان بكەن بۆ ئەوەی ئەم پرسە ساخبكەینەوە، بەڵام هەوڵەكان گەورەتر و زیاتر بوون دوای ئەوەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت خۆی زۆر بەجدی و بەشەخسی هاتە ناو ئەم پرسە و، بڕیاری دا كە لیژنەیەكی باڵا پێكبێت و هەموو پشتیوانییەكی دەربڕی بۆ ئەوەی ئەو لیژنەیە بەدواداچوونی جددی بكات و بگاتە ئاكامێكی راست.
بۆ ئەم مەبەستەش ئەم لیژنە باڵایە لەسەر چەندین ئاست بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە دەكات و سەرۆکی ئەم لیژنەیە كە بەڕێز مەلا یاسینە و خۆی شارهزایه و لەمیسرەو و پێشتریش بە پهرۆشییهوه بەدواداچوونی بۆ ئەم پرسە كردووە، هەروەها بەڕێوەبەرێكی گشتی و یاساناسێك لەوەزارەتی كاروباری شەهیدان و نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەری كەسوكاری كچە ئەنفالكراوەكانیش ئەندامانی ئەم لیژنەیەن. بۆ سەركەوتنی كارەكانی ئەم لیژنەیەش بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بڕیاری تهرخانکردنی هەموو ئیمكانیەت و پشتیوانیەكی داوهو تا ئەم مەسەلەیە بەتەواوەتی یەكلایی بكریتەوە.
ئەوەی لە كۆتایی ئەم دێرانە گرنگە ئاماژەی پێبكەم، ئەوەیە كە پرسی جینۆساید رەفتارێكی دڕندانەیە پێش ئەوەی دژی نەتەوەیەك ئەنجامدرابێت، دژی سەرجەم مرۆڤایەتی ئەنجامدراوە و تێكڕای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارە كە لەسەری بێتە دەنگ و تاوانبارانی راستەقینە دەستنیشانبكرێن و چارەنووسی قوربانییەكان ئاشكرا بكرێن و مافهکانیان دابین بکرێت.
لەم پرسەشدا، كە ئەلقەیەكی دیكەی تاوانە بەدناوەكانی ئەنفالە، ئێمە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگشتی و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان بەتایبەتی، لەزامی قووڵی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان تێدەگەین و دەزانین كەسوكاری ئەنفالكراوەكان ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵە چاوەڕێی ئەوەن كە چارەنووسی كەسوكارەكانیان بزانن، جا ئەو چارەنووسە هەرچییەك بێت، بۆیە بۆ كەسوكاری ئەم كچانەش كە ماوەیەکی زۆره بێسەروشوێن و بێ هەواڵن، زۆر گرنگە كەسوكاریان لە چارەنووسیان دڵنیا بن و بزانن چارەنووسی كچە ئەنفالكراوەكانیان چییە، بۆیە ئێمە هەموو رێگەیەكی پێویست دەگرینە بەر بۆ ئەوەی چارەنووسیان ئاشكرا بكەین و ئەم پرسە بەتەواوەتی یەكلایی بكرێتەوە، تا تاوانێكی دیكەی جینۆساید دژ بە گەلی كوردستان ئاشكرا بێت و کار لەسهر ئهنجامه سیاسی و یاسایی و ماددی و کۆمهڵایهتییهکانی بکرێت و دهروونی کهسوکاری قوربانیان ئاسووده بکرێت.