پارتی دیموكراتی كوردستان فرەیی قبوڵەو لە هەڵبژاردن ناسڵەمێتەوە
August 21, 2013
وتار و بیروڕا
سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان كە پێشنیاركراوە ئەمساڵ ئەنجام بدرێن، پارتی دیموكراتی كوردستان بە راشكاوی راوبۆچوونی خۆی لەسەر ئەم بابەتە گرنگە دەربڕیوە، ئەوەبوو بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەند مانگێك لەمەوبەر بڕیارێكی دەركرد بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 21/9/2013، سەبارەت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نامەیەكدا كە ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كرد داوای لێكرد كە رەزامەندی و ئاسانكاری بكات تاكو لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان ئەوەی پارێزگاكانیش ئەنجام بدرێت، بەڵام وەڵامی كۆمسیۆن ئەوە بوو كە لەبەر ئەوەی لەم ماوەیەدا لە توانایاندا نییە ئەو ئامادەكارییە بۆ هەردوو هەڵبژاردن بكەن،جارێكی دیكە جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بڕیارێكدا رۆژی 21/9/2103 ی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەست نیشانكرد،دیارە ئەمە دووپاتكردنەوەی بیروبۆچوون و رای پتەوی پارتییە لەسەر ئەنجامدانی ئەو پرۆسە دیموكراتییە و رەتكردنەوەی ئەو دەنگۆ و قسەو قسەڵۆكانەیە كە هەندێ لایەن لە كوردستاندا بەردەوام بەرگوێی خەڵكی دەدەن و دەیانەوێ بەم رێگەیە سۆزی خەڵكەكە بۆ خۆیان رابكێشن، كە گوایە پارتی دیموكراتی كوردستان رێگرەو نایەوێت هەڵبژاردنەكان لە وادەو ساتەكانی دیاریكراوی خۆیاندا ئەنجام بدرێن،ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بە هیچ شێوەیەك لە كۆبوونەوەو گفتوگۆكانی خۆماندا وەكو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی باسمان لە دواخستن یان ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنەكان بە هیچ شێوەیەك نەكردووەو نایكەین، ئێمە داوا دەكەین هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆیاندا بكرێن و هیچی تر دوانەخرێن.
هەندێ لەو لایەن و حزبانەی كە لێرەو لەوێ لێدوانی بێ بنەمایان لە میدیاو دەزگاكانی راگەیاندن دەدا كە گوایە پارتی رێگربووە لە بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڵام ئێستاش كە بۆیان دەركەوت دوای ئەو وادەیەی كە رێزدار سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری كرد هەروەها ئەو وادەیەی كە بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست نیشانی كرد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، كە پارتی سوورە لەسەر ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە جارێكی دیكە بیانوو و كۆسپ دەدۆزنەوە گوایە ناوی زیادە هەیە بە تایبەتی ناوی مردووەكان یان ناوی دووبارە هەیە كە لەسەر پارتی حسێبیان كردووە، بێجگە لەوەش تۆمەتی ئەوە دەخەنە پاڵ كۆمسیۆن كە گوایە سەربەخۆ نییە، ئێمە وەكو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەربارەی ئەو بڕوبیانووانە پێمان وایە ئەمە ترس و دوودڵییە لە هەڵبژاردنەكان و شاردنەوەی راستییەكانە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكان دوابخرێن یاخود هەر نەكرێن، چونكە لای هەموو كەس ئاشكرایە كە ئەوانەی مردوون لە هەرێمی كوردستان و لە لیستی تۆماری دەنگدەران ناویان هەیە، هەموویان مردووی پارتی نین یان ئەوانە هەموویان خەڵكی هەولێر نین، بەڵكو مردووی هەموو لایەن و حزبە سیاسییەكانی تێدایە، یان سەر بە شارێك یان شارۆچكە یان گوندێكی دیاریكراو نین، بەڵكو دانیشتووی زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستانن، وروژاندنی ئەم پرسە لەم ئان وساتەدا تەنیا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە یان بۆ راكێشانی هەست و سۆزی خەڵكی ساویلكەیە كە دەیانەوێت راستییەكانیان لێ بشارنەوەو لەم رێگەیەوە تۆمەتی بێ بنەما بخەنە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان كە چاوپۆشی لە ناوی زیادە دەكات، ئەمانە ئەگەر بیانوو نەبن هیچی دیكە نین،چونكە پێشتر هەڵبژاردنی دیكەش لە كوردستان ئەنجامدراون، ئەو لایەنانە دەتوانن دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان داوا پێشكەش بە كۆمسیۆن بكەن هەر هەڵەیەك لە ناوی تۆماری دەنگدەران هەبێت بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دووبارە نەبێتەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە روانگەی بڕوای چەسپاو و دامەزراوی خۆی بە پرۆسەی دیموكراتی هیچ كاتێك لە هەڵبژاردن نەترساوەو ناترسێت و بێ سڵەمینەوە ئامادەیە وەكو حزب و هێزێكی جەماوەری لەم هەرێمەدا لە هەر كات و وادەیەك كە كۆمسیۆن دیاری بكات بەشداری بكات كە بەلای ئێمە ئەوە گرنگ نییە وادەكەی كەی بێت، ئەگەر بۆ چەند مانگێكیش دوابخرێت، تەنانەت ئەگەر پێش ئەو وادەیەش كە ئێستا دیاریكراوە ئەنجام بدرایە،ئەوەی لای ئێمە وەكو پارتی زۆر گرنگە ئەوەیە كە بەر لە هەموو شتێك پارتی وەك لایەنێكی سەرەكی و بەشدار لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان ئامانجی ئەوەیە كە رووی دیموكراسی و شارستانی پیشانی دۆست و دوژمنانمان بدەین كە ئێمە وەك پارتی و سەرجەم پێكهاتەكانی كۆمەڵایەتی و سیاسیی گەلی كوردستان هەمیشە پەرۆشی پێشكەوتن و دیموكراسی و بەیەكەوەژیان و بیناكردنی حكومەتی دامەزراوەیی و بنكە فراوانین بۆیە هەڵبژاردن بە بنەمای ئەو ئامانجە گشتییە دەزانین.
* بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان