یەكەم كۆنگرەی نەتەوەیی كورد.. ئاوێنەی داخوازییەكانی كورد و پەیامگەلی ئاشتی و شارستانییە

یەكەم كۆنگرەی نەتەوەیی كورد.. ئاوێنەی داخوازییەكانی كورد و پەیامگەلی ئاشتی و شارستانییە
لە 22ی تەمموزی 2013، رووداوێكی مێژوویی هاتە ئاراوە كە گەلانی خەباتگێر ماوەیەكی زۆر لە چاوەڕوانیدابوون بە درێژایی ساڵانی قوربانیدانیان، هەولێری پایتەختی كوردستان بە سەرپەرشتی و چاودێریی راستەوخۆی سەرۆك مسعود بارزانی یەكەمین كۆبوونەوەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نەتەوەی كوردی لەباوەش گرت، بۆ یەكەم جار (39) حزبی سیاسی كورد كە نوێنەرایەتیی توێژەكانی گەلی كوردیان لە هەر چوار پارچەی كوردستان دەكرد، كۆبوونەوە، وەك دەستپێكێك بۆ قۆناغێكی تازە لە مێژووی گەلی كوردی خەباتگێڕمان، كە ئەمە هەموو دیدەكانی ئەو حزبە كوردیانەی بەیەكەوە كۆكردەوەو هیوای لە دڵیاندا ژیاندەوە بە وەدیهێنانی ئامانجە رەواكان لە میانی هەنگاوێكی شارستانیانە كە بۆیەكەم جارە لەم جۆرە لە مێژووی گەلانی ناوچەكە دێتە ئاراوە.
مێژووی خەباتی گەلی كوردمان بە درێژایی مێژوو بریتی بووە لە بەتەنگەوەبوون بە هەموو شێوازێكی ئاشتییانە و بەحەزكردن بە ژیانێكی هاوبەشی ئاشتییانە لەگەڵ سەرجەم گەلانی دیكەی ناوچەكە، وەك هەموو گەلانی دی، لە روانگەی پرەنسیبی یەكسانییەوە، بۆیە یەكەم كۆنگرەی نەتەوەیی كورد مەبەستی گەیاندنی دەنگی گەلی كورد و پەیامەكەیەتی بەوەی هەموو گەلێك خاك و زمان و مێژوو و كلتوورو ژمارەی دیاری دانیشتوانی خۆی هەیە، دووچاری جینۆسایید بۆتەوە، ئەو گەلە – وەك هەموو گەلانی دیكە-مافی دیاریكردنی چارەنووسی خۆی هەیە، داوای مافە رەواو یاساییەكانی خۆی دەكات بەپێی پرەنسیبی ئاشتی و دیموكراسییەت و پێكەوەژیانی ئاشتییانەو رێزگرتنی بەرامبەر.
گەلی كورد بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەدەست ماشێنێكی راگەیاندنی نەیاران دەیناڵاند، كە سووربوو لەسەر گۆڕینی راستیی ئەو داخوازیانە، هەروەها كاری دەكرد لەسەر بڵاوكردنەوەی بیروبۆچوونی شێوێندراوی ماهیەتی خەباتی كورد و قوربانیدانی گەل، ئەو ماشێنە بەهەموو رێگەیەك هەوڵی دەدا ناسنامەی كوردی بسڕێتەوە.
ئا لێرەوە گرنگیی ئەو كۆنگرەیە هاتەئاراوەو لایەنە جیاجیاكانی كوردی كۆكرانەوە، بۆ دووپاتكردنەوەی مافە رەواكانی گەل و ئاشتیخوازیی و دیموكراسیی ئەو شێوازانەی كە گەلەكەمان بۆ بەدیهێنانی داخوازییەكانی گرتوویەتییەبەر، ئەویش بەپێی پرەنسیبی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و رێزگرتنی تەواوی ئازادی و مافەكانی سەرجەم پێكهاتەكان كە لەسەر خاكی كوردستان دەژین بە جیاوازیی شێوە ئایینی و زمان و هزرەكانەوە.
بۆیە دەمانەوێ، لێرەو لە میانی ئەم وتارەدا، بۆ خوێنەرانی ئازیزمان گرنگترین بۆچوون بخەینەڕوو پەیوەست بە گرنگی و ئامانجەكانی كۆنگرەكە و كاریگەریی بۆ سەر ئاییندەو چارەنووسی گەلی كوردمان.

بیرۆكەو ئامانجەكانی كۆنگرەكە
لە ناوجەرگەی كارلێك و رووداوە خێراكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شۆڕشەكانی گەلانی ناوچەكە، هەروەها گەڵاڵەبوونی ویستی گەلان و پێكهاتەكان، لە پیادەكردنی مافە رەواكانیان و لەسەروویانەوە مافی چارەی خۆنووسین و مافی ژیان بە ئازادی و سەربەرزی، هەروەها رزگاربوون لە سیاسەتی سەركوتكردن كە خۆی لە سڕینەوەی ناسنامەو كلتووری شارستانی دەبینێتەوە، لە ناوجەرگەی خەباتی گەلی كورد لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بۆ وەدەستهێنانی مافە رەواكانی وەك هەموو گەلانی دیكەی ناوچەكە، پێشتر وتووێژ و پرس و رای قووڵ ئەنجامدرابوو لە نێوان هەر چوار برای خەباتگیڕ سەرۆك جەلال تاڵەبانی- كە هیوای چاكبوونەوەی بەپەلە و گەڕانەوەی بۆ خاكی كوردستانی بۆ دەخوازین- و بەڕێز عەبدوڵلا ئۆجەلان – بە هیوای ئازادكردنی بۆ خزمەتی كێشەی كورد و بەڕێوەبردنی پرۆسەی ئاشتی- و شەهیدی نەمر ئیدریس بارزانی و سەرۆك مسعود بارزانی، سەبارەت بە بیرۆكەی بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی كوردی، بەڵام لەبەر هەلومەرج و تەحەددای سیاسی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی كە هاتە بەردەم گەڵاڵەبوونی ئەم بیرۆكەیە، ئەم بیرۆكەیە رۆشنایی بەرنەكەوت و لە كاتی خۆیدا كۆنگرەكە نەبەسترا، لەبەر ئەوە بیرۆكەی بەستنی یەكەم كۆنگرەی كورد لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان بە بەشداریی حزبە سیاسییەكان و چالاكوانە سیاسییەكان و ئەكادیمیان و ئەوانەی لە بواری كۆمەڵگەی مەدەنی كاردەكەن لە هەر چوار پارچەی كوردستان، ئەم بیرۆكەیە بە پشت بەستن بە بیرۆكەكەی پێشتر كە لە نێوان ئەو چوار سەركردەیە بیروڕای لەسەركرابوو، هاتەئاراوە.
ئێستاش، ئەو گۆڕانكارییە ئیقلیمییە خێرایە بووە هۆی گەشەكردنی هۆشیاریی گەلان بە مافەكانیان بە تایبەتیش مافی چارەنووسی كە بە شێوەیەكی پۆزەتیف كاریگەریی بۆ سەر دۆزی كورد هەبوو، هەروەها هاندەر بوو بە ئاراستەی گواستنەوەی كاری خەباتیانەی كورد بۆ قۆناغێكی پێشكەوتووتر، بە شێوەیەك كە ساڵانی كاری خەباتیانەی دوورودرێژ و ئەزموونی سیاسی ئەوەی سەلماند كە چارەسەری دۆزی كورد لە میانی دیدێكی وردو خوێندنەوەیەكی سەرتاسەری كارگەریی رووداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەیسەردەبێت، بۆیە ناكرێ دۆزی كورد لە دەرهاویشتە تازەكان جودابكرێتەوە، بە مەرجێك كە ئەو دەرهاویشتانە یان ئەو گۆڕانكارییە خێرایانە بەرەو شێوازی توندوتیژی پەلكێشی نەكات، بەڵكو دۆزی كورد بە درێژایی ساڵانی خەبات پارێزگاریی لە خەسڵەتەكانی ئاشتی و دیموكراسییانەی خۆی بكات.
لەبەر ئەوە، دەبینین گەلانی رۆژهەڵات، شێوازەكانی گوزارشتكردنی ئاشتییانەو دوور لە توندوتیژیی بۆ دەستەبەربووە تا شۆڕشەكانیان بەرپابكەن، بەڵام هەروەكو لەم رووداوانەی ئێستا بۆمان دەردەكەوێت ئەو شۆڕشانە بە تەواوی ئاشتیخوازانە نەبوون بەڵكو بە ئاشكرا لە هەندێ ئەو نموونانە چالاكییە ئاشتییەكان تێكەڵ بە كردەوە سەربازییە خوێناوییەكان بوون, بۆیە تاكو ئاشتیی خەباتمان دووپات بكەینەوە، هەروەها پابەندبوونمان بە گرتنەبەری هەموو شێوازەكانی دیموكراسی و نا توندوتیژی، بە چاكمان زانی ئەم كۆنگرە نەتەوەییە ببەسترێت وەك شێوازێكی تازە بۆ گوزارشتكردن لە خواست و داخوازییەكانی گەلەكەمان.
بەم جۆرە، گەلی كورد لە چوارچێوەی گەلانی ناوچەكەیە كە دەیانەوێت ئازادییەكانیان بەدەست بێنن و مافە یاسایی و شەرعییەكانیان پیادەبكەن، هەروەها پشتگیری لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بزاڤی ئێستای گەلانی رۆژهەڵات دەكات بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و دیموكراسیەت، پێویستە ئاگایان لە دەنگی كورد بێت، هەروەها دۆزی گەلی كورد بخرێتە سەر مێزی هەموو ئەو كێشانەی پەیوەستن بە بەدێهێنان و چەسپاندنی ویست و ئازادیخوازیی گەلان، كە مشتومڕ و پشتیوانی نێودەوڵەتی لەسەرە.
هەروەها ئارەزووی گەلی كورد بەوەی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەنگی ببیستێت، بە هیچ شێوەیەك مانای ئەوە نییە داوای دەستێوەردانی نێودەوڵەتی دەكات لە ناوچەكە یان بۆ بەدەوڵەتكردنی كێشەكەی، یاخود هاندانی هیچ گەلێكێی ناوچەكە دژی دەوڵەتەكانیان، بەڵكو داوادەكات كە كێشەی كورد لەو كێشە گرنگانە بێت كە لە كاتی دیراسەكردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیری بكرێت، لە نموونەیەكی رووندا لەسەر ئەمە، دەبینین كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئێستا خەریكی مامەڵەكردنە لەگەڵ داخوازی و مافەكانی گەلی سوریا، مشتومڕی سیاسی و مرۆیی لە ئارادایە، هەندێ جار گەیشتۆتە مشتومڕی سەربازی، دەربارەی چۆنیەتی یارمەتیدانی گەلی سوریا، چاكتر وایە كاریش بكرێت بۆ كێشەی گەلی كورد لە سوریا لەسەر هەمان مێز كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باسی كێشەی گەلی سوریای لەسەردەكات، بە جددیش ئاوڕ لە یارمەتیدانی چارەسەری كێشەی كورد لە سوریا بداتەوە.
گرنگیی بەستنی ئەم كۆنگرە مێژووییە لەوەدایە كە هەوڵ بدات چەندین ئامانج بەدی بێنێت كە ئاوێنەی گیانی خەباتی گەلی كورد و داخوازییەكانیەتی لە بەدێهێنانی ئەو ئامانجانە بە هەموو شێوازەكی دیموكراسی و ئاشتییانە، لێرەوە كۆنگرەكە ئامانجەكانی بریتین لە:
1- ئامادەكردنی چوارچێوەی كۆدەنگیی حزبە سیاسییە جۆراوجۆرەكانی كوردی لە هەموو پارچەكانی كوردستان بە جیاوازیی ئایدیۆلۆجییەكان، بەمەبەستی گفتوگۆكردن و گۆڕینەوەی شارەزاییەكان و بیروبۆچوونە جیاوازەكان سەبارەت بە شێوازەكانی بزاوت و خەباتی ئاشتیانە لە كەشێكی دیموكراسیدا و لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان، كە یەكەم ئەزموونی سەركەوتووی كوردی لە سەردەمی نوێدا دەخاتەڕوو.
2- گەیشتن بە رێكەوتن و پەیماننامەیەكی كاركردن لە نێوان حزبە كوردییەكان، كە بە دەق كوشتاری نێوان حزبە كوردییەكان حەرام و تاوانبار بكات و گەلانی كورد لە مەینەتی و كارەساتی شەڕی ناوخۆ بەدووربگرێت.
3- گەڵاڵەكردنی دەنگی گەلی كورد لە نێو ئەو دەنگ و ئەجندا جیاوازانەی كە لە سەرووی بزاوتی سیاسی و رۆشنبیری سەرجەم نەتەوەو پێكهاتەو توێژەكان دەركەوتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
4- گەیشتن بە سیاسەتێكی كاری هاوبەش و فراوان بۆ ناساندن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەسەر هەموو ئاستێكدا، لەوانە دەزگاكانی جیهانی دیموكراسی، بە پرۆسەكانی سەركوتكاریی زۆرەملێیی و گۆڕە بەكۆمەڵەكان و جینۆسایید و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و چەكی قەدەغەكراو، هەروەها هەڵمەتەكانی ئەنفال، كە بە شێوەیەكی دووبارە دژ بە سڤیل و ئافرەت و منداڵ و پیر و پەككەوتەی گەلە ئاشتیخواز و دیموكراسیخوازەكەمان ئەنجامدرا، كە پەرۆشی ژیانە بە ئارامی لەسەر خاكی خۆێ.
5- ناساندنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە واقعی گەلانی كورد و بە ئامانج و خەباتەكانیان، هەروەها بە رێبازی دۆزی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا.
6- بەدەرخستن و ریزبەندكردنی دۆسێی دۆزی كورد لە چوارچێوەی دۆسێیە گرنگەكانی ئیقلیمی و لە چوارچێوەی ئەو مشتومڕەی لەئارادایە سەبارەت بە مافی نەتەوە جیاوازەكان لەسەر ئاستی ئیقلیمی(جیهانی عەرەبی، توركیا، ئێران).
7- رەخساندنی كەشوهەوای پێویست بۆ هەماهەنگیی كاری حزبە كوردییەكان لە هەموو پارچەكانی كوردستان، بەمەبەستی گەیشتن بە ستراتیژییەتێك، كە تێیدا رێك بكەون لەسەر چوارچێوەیەكی گشتیی كاری خەباتی ئاشتییانەی دوور لە بنەماكانی توندوتیژی كە شێوازەكانی ساسی و دیموكراسی و ئاشتییانەی سەردەمیانە بگرێتەبەر بۆ بەجێهێنانی ئامانجە رەواكانی.
8ــ هاریكاریكردنی جەمسەرە هەمەچەشنەكانی كورد بۆ گەیشتن بە لێكنزیكبوونەوەیەكی فیكری و پراكتیكی لە پێناوی پێكەوەڕۆیی و پێكەوەژیاندا، تا لە نزیكەوە هەمووان لە ئەزموونی سەركەوتووی هەرێمی كوردستانەوە سوود وەربگرن..
9ـ ناساندنی رۆڵی گرنگ و ئەكتیڤی ئافرەتانی كورد، چ لە مەیدانەكانی تێكۆشان و خەبات، یان لە بواری كۆمەڵایەتی و ئابووری و كاری سیاسی و رێكخراوەیی كۆمەڵگەییدا، لەو بارەیەوە كاركردن بۆ بەرجەستەبوونی كارنامەیەكی ستراتیژی كە پارتە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە سەرتاسەری كوردستان لەسەری هاوكۆك بن یەكێكە لە ئامانجەكان، بە مەبەستی ئەوەی ئافرەتانی كورد بتوانن كاراتر بن، هەروەها كاربكرێت لەسەر ئەوەی لە رووی ئابوورییەوە ئازاد بن و، رۆڵی خۆیان لەناو هەموو كەرت و كایە هەمەجۆرەكانی كۆمەڵگەو بوارەكانی كاركردندا بە رێكوپێكی بگێڕن..
10ـ ناساندنی رۆڵی گەنجان و لاوانی كورد لە ئەكتیڤ كردنی چەمكەكانی سیاسەت و دیموكراتی و رۆشنبیری هاوچەرخدا لە چوارچێوەی تێكۆشانی گەلی كورددا، هەروەها كاركردن لەسەر دەرچوواندنی كارنامەیەكی هاوبەش لەنێوان لاوانی كوردی هەموو دەڤەرە هەمە چەشنەكانی كوردستان..
11ـ ناساندنی رۆڵی گرنگ و كارای رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەو پێیەی بریتین لە ئامڕازەكانی خەباتی ئاشتیخوازانەو دیموكراتیخوازانە، ئەوانیش وەك كەرتێكی كارا، ئەڵقەی پێوەندی نێوان حكومەتەكان و گەلانن، بە جدییەت كاركردنی ئەوان خزمەت دەگەیەنێت و كاری دیموكراتی و میكانیزمەكانی لە كۆمەڵگەدا دەچەسپێنێت..
12ـ ناساندنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گەلانی ناوچەكە بە حەقیقەتی خاك و خەڵكی كوردستان بەشێوازێكی وا كە وێنەی راستەقینەی كەلەپوور و سیماو مێژووی گەلی كورد بەدەربخات..
13ــ رۆشنایی خستنە سەر گرنگترین وێستگەكانی مێژوویی لە كاروانی خەباتی كورددا، هەروەها شانازیی كردن بە رەمزە نیشتمانی و مێژووییەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردی هەر چوار پارچەكە لە رێی هێنان و خستنەڕووی بەڵگەنامەی تایبەت بە گرنگترین كەسایەتییە هاوچەرخەكانی كوردەوە..
14ــ ناساندنی واقیعی رۆشنبیری و ئەدەبی و هونەری بەشەكانی كوردستان و رۆڵی ئەو بەشانە لە پەرەپێدانی هەستی نەتەوەیی گەلی كورد و گرتنەبەری رێگەكان و ئامڕازەكانی ناساندنی كەلتوور و ئەدەب و هونەری كوردی لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتی.
15ـ ناساندنی رۆڵی راستەقینەو گرنگی كەرتی راگەیاندن و چییەتی كاری زانستانەی راگەیاندن ئەو راگەیاندنەی بە پیشەییانەوە هەموو تواناكانی دەخاتە خزمەتی دۆزی رەوای گەلەكەیەوە، لە ئازادی و دیموكراتیدا هەوڵ بۆ یەكگرتوویی كۆمەڵگەو ریزەكانی كورد بدات، نەك خزمەت گەیاندن بە حزبایەتی تەسكی فرە جەمسەر و پەرت و بڵاو، هەروەها ناساندنی رۆڵی راگەیاندن وەك هۆكارێكی ئیجابی و كۆكەرەوەی كەرتە هەمەچەشن و جیاوازەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری نەك ببێتە هۆكارێك بۆ جیاكاری و هەڵوەشانەوەی ریزەكانی كۆمەڵگە..
ئەو كەسایەتی و لایەنانەی ئومێدە بەشداری بكەن:
سەبارەت بە میوانانی كۆنگرەكەو بەشداربووانی چالاكیەكانیەوە ئومێد دەخوازین وتووێژ و راوێژپێكردن و دیالۆگەكانی ئێستا كە لەسەر وردەكارییەكانی رێكخستنی كۆنگرەكە ئەنجام دەدرێت لەنێوان پارتە سیاسییەكانی سەرتاسەری كوردستان كە بەشدار دەبن تێیدا بانگهێشتنی فەرمی ئاڕاستەی كەسایەتی و لایەنە هەمە جۆرەكان بكەن چ لەسەر ئاستی لۆكاڵ لە عێراق و چ وەك ئاستی هەرێمایەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، دواتر كاركردن لەسەر پێشنیازەكانی پارتە سیاسییەكانی كورد بۆ وەدیهاتنی گەیشتن بە ئامانجەكانی كۆنگرەكەوە..
گرنگترین نموونە لەسەر ئەو توێژانەی بڕیار و ئومێدە بەشداری بكەن بەپێی ئەو میكانیزمانەی لە سەرەوە باسمان لێ كردن بریتی دەبێت لە گشت پارتە سیاسییەكانی كورد لە چوارپارچەی كوردستان و ئەكادیمیستەكان و یاساپارێزان و پسپۆرانی تایبەت بە كورد لە هەرچوار پارچەكەوە، ئەمە وێڕای قونسڵگەر و نێردەی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی و عەرەبی لە هەرێمی كوردستان و شاندی حكومەتی عێراقی كە بە نوێنەرایەتی پارتە عێراقیەكان و هەروەها بە بەشداربوونی رێكخراوە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان وەك كۆمكاری عەرەبی، ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو، رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی، یەكێتی ئەوروپا، نەتەوە یەكگرتووەكان، وێڕای شاندی حكومەتەكانی دەوروبەر لەوانەش نوێنەرایەتی ئۆپۆزسیۆنی سووریایی بە نوێنەرایەتی سووریا ئەوانەیان كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دەزگا دیموكراتیەكانی وەك نەتەوە یەكگرتووەكان بە فەرمی ناسراون، ئەمە وێڕای ئەوانیش پارتە سیاسییەكان و نوێنەرانی گەلی كورد لە سووریا، هەروەها بە ئومێدین داوەتنامەكە بەشداریكردنی كەسایەتییە سیاسی و ئەكادیمییەكانی نێودەوڵەتیش بگرێتەوە ئەوانەیان كە ئەكتیڤن لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا یان ئەوانەیان كە پسپۆرو شارەزان لە بوارەكانی مافەكانی مرۆڤ و دۆزی كورددا..
لە میانەی ئەم تێڕوانین و دیدگا گشتگیرەوە بۆ چۆنیەتی یەكەمین كۆنگرەی نەتەوەیی كوردو ئامانجەكان و داخوازییەكانی و دەرئەنجامەكانی كە ئومێدە گەلی تێكۆشەرمان كاری پێ بكەن، ئەو ئاواتانەی كە قوربانییان بۆ بەخشیوە، لە پێناوی ئازادی و سەرفرازی ئێمەدا، بە ئومێدین و هەموو توانایەكیشمان دەخەینە گەڕ تا خەونی لە مێژینەی گەل بهێنرێتە دی، وێڕای هەموو ئەو كۆسپ و لەمپەڕانەی سەر رێ كە بە هۆی سیاسەتی چەوت و چەوێڵ و هەڵەی سەركوتكارییەوە رۆحی رەوانشادی منداڵ و ئافرەتان و گەنجانی ئەم وڵاتەی لە پێناودا بەخشراوە كەمتەرخەم نابین و ئەوەی لە توانادا بێت دەیكەین لە پێناوی گەیشتن بە خەونی گەلەكەمان كە لە رۆژی 22 مانگی تەمموزدا، هەنگاوی یەكەم بە سەركەوتوویی كۆتا هات، لە كۆنگرەكەمانەوە پەیامی ئاشتیخوازی هەڵدەقوڵێت، پێكەوەژیانی ئاشتیخوازانەی لەگەڵ هەموو گەلانی ناوچەكە لێ دەكەوێتەوە یەكڕیزی لێ بەرهەم دێت، دەستخستنە ناو دەستی نەوەكانی گەلی كوردو پارتە سیاسییە كوردییەكانی لێ شین دەبێتەوە، ئەم كۆنگرەیە دەبێتە ئاوێنەیەك بۆ دەرخستنی رووی راستەقینەی گەلەكەمان لە نزیك و دوورەوەو بە دەرخستنی رۆحی خەبات و تێكۆشانمان..

گەلی كورد بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەدەست ماشێنێكی راگەیاندنی نەیاران دەیناڵاند، كە سووربوو لەسەر گۆڕینی راستیی ئەو داخوازیانە و كاری دەكرد لەسەر بڵاوكردنەوەی بیروبۆچوونی شێوێندراوی ماهیەتی خەباتی كورد و قوربانیدانی گەل، ئەو ماشێنە بەهەموو رێگەیەك هەوڵی دەدا ناسنامەی كوردی بسڕێتەوە
ئارەزووی گەلی كورد بەوەی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەنگی ببیستێت، بە هیچ شێوەیەك مانای ئەوە نییە داوای دەستێوەردانی نێودەوڵەتی دەكات لە ناوچەكە یان بۆ بەدەوڵەتكردنی كێشەكەی، یاخود هاندانی هیچ گەلێكێی ناوچەكە دژی دەوڵەتەكانیان، بەڵكو داوادەكات كە كێشەی كورد لەو كێشە گرنگانە بێت كە لە كاتی دیراسەكردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیری بكرێت
Top