ڕاستییە بنەڕەتییەكان لەبارەی پشێوییەكانی میسرەوە

ڕاستییە بنەڕەتییەكان لەبارەی پشێوییەكانی میسرەوە
قەیرانی بەردەوامی میسر بەم زووانە كۆتایی نایەت، ئەمەش بە ئاسانی ئەو ڕاستییەی خستەڕوو كە سوپا كودەتایەكی ئەنجامداوە كە نوێنەرایەتی هاوپەیمانێتی گرووپگەلێك دەكات كە بەرژەوەندیی جیاوازیان هەیە. ئەم بەرژەوەندییانە سەرچاوەی هەمان ئەو كێشە و تەحەددیاتانەن كە بوونە هۆی ئەوەی لە ماوەی یەك ساڵدا دەسەڵاتی سەرۆك موحەمەد مورسی بڕووخێت، ئەمە ئەو وتەیەمان بیر دەخاتەوە كە دەیگوت «ئەی گەمژە مەسەلەكە ئابوورییە!» لە ڕاستیدا سەرچاوەی هەموو كێشەكان بریتییە لە دانیشتووانی زۆر و بێ بەرهەم كە ناتوانرێت بەهۆی یارمەتیی سیستمی سیاسیی دەوڵەتی ناوەندەوە بایەخیان پێبدرێت.
تەنانەت نەگۆڕە سەرەكییەكانی ژیانی ڕۆژانە، وەك گەنم بۆ نان و سووتەمەنی بۆ ئۆتۆمۆبێل بوونەتە كاڵای دەگمەن. ڕەسیدی ئابووریی میسر لە كەمبووندایە. ئەوەندەی پارە دەچێتە دەرەوە، ئەوەندە پارە نایەتە وڵاتەكەوە «Balance of payments» ئەمەش فشارێكی زۆری لەسەر سەرچاوەكانی بانكی ناوەندی دروستكردووە. گەنم و سووتەمەنی هاوردەكراو بە هاوكاری و یارمەتیی حكومەت جێبەجێ دەكرێت. ئەمە بارگرانییەكی زۆرە بەسەر بودجەوە كە كورتهێنانیش بەردەوام لە زیادبووندایە. كەمیی ئاڵ و گۆڕی دەرەكی حكومەت(حكومەتەكان) بێتوانا دەكات لە دابینكردنی دارایی بۆ دابینكەران. ئەمەش سەری كێشا بۆ كەمبوونەوەی كاڵا بەكاربراوەكان و زیادبوونی نرخ.
هەوڵی حكومەتەكانی میسر بۆ هەڵگرتنی ئەم هاوكارییە لە ڕابردوودا، بووە هۆی سەرهەڵدانی پشێویی بەربڵاو.ئێستا حكومەتی نوێ دەرفەتی ئەوەی هەیە كۆتایی بەم هاوكارییە بهێنێت و ڕێگە بە بەرزبوونەوەی نرخەكان بدات بۆ ئەوەی وشكبوونی گەنجینەی نەتەوەیی ڕابگرێت. بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ئەو پشێوییەی لە میسردا هەیە، ئەوا ئەگەرێكی زۆر دوورە ئەم سیناریۆیە ڕووبدات. نان خۆراكێكی جێگیرە و بۆ چەندین دەیە لەلایەن حكومەتەوە هاوكاری بۆ دابین كراوە. میسر تەنیا نیوەی ئەو گەنمە بەرهەم دەهێنێت كە بەكاری دەبات، ئەویش لەبەر ئەوەی وەك پێویست زەوی نییە كە قابیلی كشتوكاڵكردن بێت. كەواتە وڵاتەكە لە بارێكدایە بكەوێتە ژێر كاریگەریی بارودۆخی بازاڕی نێودەوڵەتییەوە.
ئەوەی وای كردوە كەمیی خۆراك خراپتر بێت، گەشەی دانیشتووانە. ناوچە شارنشینەكان زۆر چڕن لە ڕووی دانیشتووانەوە و تا دێت چڕتر دەبن. ناڕەزایی و پێشبینییەكان زۆر بە ئاسانی بۆ گرووپە بەربڵاوەكان لە ژیانی شاردا بڵاودەبێتەوە. بۆ هەر 1000 كەسێك 32 كەس لە دایك دەبن كە ئەمەش كارێكی كرد كە دانیشتووانی میسر لە ساڵی 2012دا بگاتە 84 ملیۆن كەس. پێشبینی دەكرێت دانیشتووانی میسر لە ساڵی 2030دا بگاتە زیاتر لە 100 ملیۆن كەس. ئەمە بەو مانایە دێت كە وڵاتەكە لە ژێر فشاردا دەبێت بۆ دابینكردنی خۆراك بۆ دانیشتووانێكی ڕوو لە زیاد. لەوەش زیاتر، ژمارەیەكی زیاتری گەنجان داوای كار و هێنانەدی خواستەكانیان دەكەن، كاتێك بەراوردی بارودۆخی خۆیان بە هاوشانەكانیان لە وڵاتانی دیكەدا دەكەن. ئەگەر حكومەتێكی خۆسەپێن لەبری هێنانەدی داواكارییەكان سەركوتیان بكات ئەوا پتر دەكەونە بارێكی دژوارەوە لەگەڵ گەنجاندا.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە ئەم كێشانە دەقا و دەق ئەو كێشانە بوون كە بوونەهۆی ڕووخانی ڕژێمەكەی حوسنی موبارەك. هەژارییەك كە بەری پێناگیرێت، نەبوونی بەرهەمی پێویست و كەڵەكەنەبوونی سەرمایە و كەمیی هەلی كار لە بازاڕدا لەبەرامبەر زیادبوونی ژمارەی گەنجاندا، هەموو ئەمانە هۆكاری ڕیشەیی ڕاپەڕینەكانی ئێستا و ئاییندەی میسرن. هەم موبارەك و هەم مورسیش قوربانی ئەم كێشە بونیادیانەن كە زاڵبوون بەسەریاندا زەحمەتە و بوونەتەهۆی ناسەقامگیركردنی وڵاتەكە. جیاوازیی گەورە لە نێوان ئەم دوو سەركردەیەدا ئەوەیە كە ئەمەی دوەمیان یەكەم سەرۆكە كە بە شێوەیەكی دیموكراتییانە هەڵبژێردراوە. كەواتە ئەو ڕێگەیەی پێی هێنرایە خوارەوە پەڵەی ناشەرعییەتی پێوەیە.
تاوەكو ئێستا میسر سەركەوتوو بووە لە بەدەستهێنانی دەستكەوتی ستراتیجی لە ئەمەریكا و وڵاتە عەرەبییەكانی وەك قەتەر، سعودیە و پێشتر عێراق و لیبیا، ئەویش لە ڕێی بەكارهێنانی پێگە سەركردایەتییە تەقلیدییەكەیەوە لەسەر دووڕیانی باكووری ئەفریقیای عەرەبی و حەوزی باشووری دەریای سپی ناوەڕاست. لەبەر ئەوەی كەناڵی سویسی كۆنتڕۆڵ كردووە كە بەشێكی ستراتیژیی سەرچاوە سرووشتییەكانی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، كارێكی كردووە سەقامگیری میسر جێی بایەخ و نیگەرانیی زۆرێك لە وڵاتان بێت. بەڵام تاوەكو میسر كێشە سەرەكییەكانی خۆی چارەسەر نەكات كە لە هەر كاتێكدا بۆیان هەیە ئەو وڵاتە بەرەو پشێوی ببەن، ئەوا سەقامگیرییەكەی كەلێنێكی ڕەشی دارایی بۆ لایەنگرانی دێنێتە ئاراوە.
ڕەنگە حكومەتی نوێ بتوانێت دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ سندوقی نێودەوڵەتیی دراو بكاتەوە بۆ ئەوەی تا ڕاددەیەك هاوكاریی دارایی بكات، لە كاتێكدا كە ئەم گفتوگۆیانە راگیرابوون، لەبەر ئەوەی وا هەژماركرا كە سەركردایەتیی ئیخوان موسلمین وەك پێویست « دۆست یان سەقامگیر» نەبوون. دەبێت چاوەڕوان بین و ببینین كە ئایا حكومەتی نوێ سەقامگیریی سیاسیی پێویست دەستەبەر دەكات، لە كاتێكدا كە كەلێنی نێو كۆمەڵگە بەرفراوانتر دەبێت و ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە بەرهەڵستكارەكانیش توندتر دەبن. لە هەر حاڵەتێكدا، كە فشاری دیموگرافی و كەم و كورتیی ئابووری بەردەوام بن، ئەوا بەڕێوەبردنی میسر و پاراستنی سەقامگیریی ئەو وڵاتە وەك تەحەددیەكی ڕاستەقینە دەمێنێتەوە بۆ هەر كەسێك بوێری ئەوە بخاتەڕوو حكومەتی وڵاتەكە بگرێتەدەست.
* ئوستادی زانستی سیاسەتە لە زانكۆی فاتح لە توركیا و پسپۆر و تایبەتمەندە لەسەر دۆزی كورد و یەكێكە لەنووسەرە دیارەكانی توركیا
Top