گەنج و سیاسەت لە کوردستاندا (٢)
July 16, 2013
وتار و بیروڕا
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه گه‌ڕان نییە به‌دوای شیکردنه‌وه‌ی تیۆریيه جیاوازه‌کانی سیاسه‌ت و پشکنینی قوتابخانه فراوانه‌کانی زانسته سیاسیه‌کاندا. هه‌روه‌ها ته‌رخان نییە بۆ گه‌ڕان به دوای تێۆریيه جیاوازه‌کانی خه‌یاڵدان و چۆنییەتی مامه‌ڵه‌کردنیان له‌گه‌ڵ کارکردنهکانیدا. بۆ تێگه‌شتن له هه‌ر یه‌کێك له‌م دوو تیۆریيه، خوێنه‌ر ده‌بێت که‌مێك خۆی ماندووبکات و کتێبه‌کانی هه‌ریه‌ك له مارسێل گۆشێ و سیمۆن گۆیار فابر له سه‌ر سیاسه‌ت و کتێبه‌کانی مۆریس ئهلڤاکس و پیه‌ر نورا له‌سه‌ر خه‌یاڵدان بخوێنێته‌وه. ئێمه له‌و شێوانه‌وه ده‌ستپێده‌که‌ین که ئه‌وان کۆتای‌یان پێهێناوه. واته ڕووناکی ده‌خه‌ینه سه‌ر وێنه‌ی سیاسه‌ت و سیاسی له خه‌یاڵدانی نه‌وه‌ی نوێی کوردستانی‌دا.
دنیای پێش ڕاپه‌ڕین بریتی بوو له دنیای نه‌وه‌ی سه‌ر په‌تی سێداره که خه‌ونی به ئازادی کوردستانه‌وه ده‌بینی و سیاسه‌ت و سیاسیه‌کانی وه‌ك فیداکار، گیانبه‌خش، شه‌هیدی زیندوو، مرۆڤی نموونه‌یی، شۆڕشگێڕی گیرفانخاڵی، پاڵه‌وانی ئه‌فسانه‌یی وێنا ده‌کرد. به‌ڵام نه‌وه‌ی پاش ڕاپه‌ڕین، به‌تایبه‌تی له پاش 2003 وه که ئه‌مه‌ریکا ده‌گاته عێراق و سه‌دام کۆتایی پێدێت، که ده‌کرێت به‌نه‌وه‌ی سه‌ر ئه‌نته‌رنێت ناوی به‌رین، خه‌ون به ژیانی «خۆشگوزه‌رانی»یه‌وه ده‌بینێت و سیاسه‌ت و سیاسیه‌کان وه‌ك ڕێگر له‌به‌رامبه‌ر دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌رپرس له گه‌نده‌ڵی، منداڵدانی ناشیرینییەکان، دابڕاو له کۆمه‌ڵگه، کۆسپ له‌ڕێگای دابه‌شکردنی یه‌کسانانه‌ی داهاتی نیشتمانی، به‌رپرس له بێ‌کاری، له ڕاوه ژن، له ڕیفۆرمنهکردنی سیسته‌می خوێندن ده‌بینێت.
بێگومان ئه‌م ده‌ره‌نجامه‌ی که ئێمه ده‌یخه‌ینه ڕوو، له حه‌ز و ئاره‌زووی «زاتیانه‌ی» خۆمانه‌وه سه‌رچاوه‌یان نه‌گرتووه و به‌هیچ جۆرێك پێوەندی به‌هه‌ڵوێست یان جیهانبینی خودی خۆمانه‌وه نییە. به‌پێچه‌وانه‌وه، له چرکه‌ی توێژینه‌وه‌ی سۆسیۆلۆژیدا، یه‌که‌م کاری ئێمه بریتییه له گه‌مارۆدانی خودی خۆمان له نێوان دوو که‌وانه‌دا به شێوه‌یه‌ك که نه‌توانێت ده‌ستوه‌ربداته نێو ڕاڤه‌کردنی داتا‌کان و ئهنجامگیریهکانهوه. لێره‌وه پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرین که ئه‌و وێنه برینداره‌ی که نه‌وه‌ی نوێی کوردستانی بۆ سیاسه‌ت و سیاسیه‌کانی له خه‌یاڵدانی خۆیاندا دروستيان کردووه، له چرکه‌ساتی توێژینه‌وه‌ی مه‌یدانی و له‌ڕێگای داتاکانه‌وه گوزارشتیان لێکردووه.
یه‌کێك له‌و پرسیارانه‌ی که ڕووبه‌رووی ئه‌م نه‌وه‌یه‌مان کردوه‌ته‌وه بریتییه له‌مه‌ی خواره‌وه:
ئایا ده‌ته‌وێت ببیت به ئه‌ندام له حزبێکی سیاسی‌دا؟
له کۆی پێنج هه‌زارو سێسه‌دو هه‌شتاو چوار گه‌نج که بوون به بابه‌تی ئه‌م توێژینه‌وه مهیدانیە، له سه‌دا 62 ئه‌ندامی هیچ حزبێكی کوردستانی نین و وه‌ك سه‌ربه‌خۆ خۆیان پێناسه‌ده‌که‌ن. ئه‌م 62% به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌یان داوه‌ته‌وه:
73.5% کوڕان نایانه‌وێت له هیچ هه‌لومه‌رجێکدا ببن به ئه‌ندامی حزبێك له حزبه‌کان، نه ئیسلامی نه عه‌لمانی. ئه‌م ڕێژه‌یه لای کچان به‌رزتر ده‌بێته‌وه و ده‌بێت 82.9% که هه‌موو حزبه‌کان و ژیانی حزبایه‌تی ڕه‌تده‌که‌نه‌وه. نه‌وه‌ی نوێی نێو شار زیاتر له نه‌وه‌ی نوێی لادێکان له سیاسه‌ت و سیاسیيه‌کان توڕه‌یه: شاریيهکان 80.8% پێکده‌هێنن، به‌ڵام لادێییه‌کان 75.6% پێکده‌هێنن. ڕێژه‌ی ئه‌وانه‌ی که ته‌مه‌نیان له سه‌رووی 30 ساڵه‌وه‌یه ده‌گاته 85.2% که ئه‌ندامبوون له هه‌ر حزبێکدا ڕه‌دده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام ڕێژه‌ی ئه‌وانه‌ی که ته‌مه‌نیان له 20 ساڵ که‌متره ته‌نيا 77.6% پێکده‌هێنن.
له‌م تابلۆیه‌دا چه‌ند جیاوازیيهك ئاماده‌ن، جیاوازی هه‌لومه‌رجی ژیان له شار‌و لادێ‌دا، جیاوازی سێکسی له‌نێوان کچان و کوڕاندا، هه‌روه‌ها جیاوازی ته‌مه‌ن له خوار بیست ساڵیيهوه تا سه‌رووی سی ساڵی. بێگومان هه‌ر یه‌کێك له‌م جیاوازیانه ده‌توانێت گرووپێکی کۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌تمه‌ند دروستبکات و مه‌ودا له‌نێوان خۆی و هه‌ر یه‌کێك له گرووپه‌کانی دیکه‌دا دروستبکات. بۆنموونه کچان ده‌توانن باس له تایبه‌تمه‌ندیه‌تی خۆیان وه‌ك گرووپێکی تاقانه‌ی جیاواز بکه‌ن، شاریيهکان ده‌توانن له ڕێگای تاقانه‌یی كەلتووریی خۆیانه‌وه سنووریان له لادێییه‌کان جیابکه‌نه‌وه که ئه‌وانیش هه‌ڵگری كەلتوورێکی تاقانه‌ن. هه‌روه‌ها که‌متر له بیست ساڵه‌کان هه‌ڵگری سیستمێکی تایبه‌ت له پراکتیکی كەلتوورین که زۆر جیاوازه له‌گه‌ڵ سیسته‌می پراکتیکی كەلتووری ئه‌وانه‌ی که ته‌مه‌نیان له‌سه‌رووی سی ساڵیيهوهیه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م جیاوازیانه، سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌موو كەلتووره تاقانانه، سه‌ڕه‌ڕای ئه‌م هه‌موو سنوورانه که له‌یه‌کترییان جیاده‌کاته‌وه«کۆلکه‌یه‌کی هاوبه‌ش» پێکه‌وه کۆیانده‌کاته‌وه که بریتیه له: تووڕه‌بوون له سیاسه‌ت و سیاسی، هه‌ڵهاتن له حزب و ژیانی حزبایه‌تی، بێئومێدبوون له‌یه‌ک کاتدا له ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات.
کاتێك به‌دوای ڕه‌گوڕیشه‌کانی ئه‌م تووڕه‌بوون و هه‌ڵهاتن و بێئومێدبوونهدا ده‌گه‌ڕێین و ده‌پرسین:«ئه‌و هۆکارانه چین واتلێده‌که‌ن که نه‌بیت به ئه‌ندام له حزبێكی سیاسی‌دا؟»، وه‌ڵامه‌کان به ئاڕاسته‌یه‌کی تاقانه‌دا ناڕۆن و له‌چه‌ندین ئاستدا خۆیان ده‌رده‌خه‌ن. زۆر جار له کوردستاندا و له‌به‌ر ته‌مه‌ڵیی فیکری و لاوازی توێژینه‌وه‌ی زانستی، به ئاسانی ڕۆژنامه‌نووسێك یان ورده توێژه‌رێك، هه‌موو به‌رپرسیارێتیه‌که ده‌خاته ئه‌ستۆی ئه‌کته‌رێك یان گرووپێکی سیاسی و وه‌ك تاوانبارێکی ده‌ستنیشانکراوی هه‌میشه‌یی ده‌یخاته سه‌ر شانۆ. کوردستانی ئێمه پڕه له‌و که‌سانه‌ی که شه‌و ده‌خه‌ون و سبه‌ینێ که له‌خه‌وهه‌ڵده‌ستن، خۆیان به ده‌ستی خۆیان سیفه‌تی ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌رو توێژه‌ر به‌خۆیان ده‌به‌خشن! کۆمیدیاکه له‌وه‌دایه که به‌شێکی زۆر له ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌کان و ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و شتانه‌ی که ناوی خۆیان ناوه سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی، هه‌موو ده‌رگاکانیان بۆ ئه‌م جۆره که‌سانه ده‌که‌نه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌هیچ فلته‌رێکی زانستیدا تێپه‌ڕن. له‌ڕۆژی داهاتووتریشدا هه‌ر یه‌کێك له‌مانه، که توانای نووسینی دوو دێڕی دروستیان نییە، خۆیان لێ ده‌بێت به ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌رو توێژه‌ری جیهانی! یه‌کێکه له تراژیدیا‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی بریتییه له‌م تایپه نوێیه‌ی« ڕۆشنبیر»، که له‌بەر له‌رزۆکی سه‌رمایه ڕۆشنبیری و زانستیه‌که‌ی، خۆی بارکردووه له سه‌دان مانای هاوبه‌ش و بڕیاری پێشینه‌و به گشتاندنی لێکدانه‌وه‌کان خۆی له هه‌ر کارێکی جددی ده‌دزێته‌وه. بۆنموونه که‌م نین ئه‌و که‌سانه‌ی که سه‌ر به‌م تایپه له ڕۆشنبیرن و له وه‌ڵامی پرسیارێکی ئاوادا: «ئه‌و هۆکارانه چین وات لێده‌که‌ن که نه‌بیت به ئه‌ندام له حزبێكی سیاسی‌دا؟» هه‌موو کاره‌ساته‌کانی کوردستان ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی حزبێك یان ئه‌کته‌رێکی سیاسی. به‌ڵام وادیاره نه‌وه‌ی نوێی کوردستانی، وشیارتره له‌م تایپه له ڕۆژنامه‌نووس و ورده توێژهرانەی، «گوناهی» ئه‌م هه‌لومه‌رجه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌ی که وایلێده‌کات تووڕه‌بێت له دنیای سیاسه‌ت و سیاسیه‌کان، له ئه‌کته‌رێك یان ئاستێک‌دا کورت ناکاته‌وه و به‌سه‌ر چه‌ندین ئاستدا دابه‌شیده‌کات.
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی 4.3% پێیانوایه که خێزانه‌کانیان به‌رپرسن له‌وه‌ی که تێکه‌ڵ به دنیای سیاسه‌ت نه‌بن. ته‌نها 1.3% پێیانوایه که قوتابخانه هه‌ڵگری هه‌مان به‌رپرسیاریه‌تیه. ئه‌م داتایه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که تائێستاش له کوردستاندا قوتابخانه ڕێگای یه‌که‌می بردنه‌وه‌کان، سه‌رکه‌وتنه‌کان، به‌های گه‌وره، سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزی مه‌زن نییە. که تا ئێستاش قوتابخانه مه‌ڵبه‌ندی په‌روه‌رده‌و ئاماده‌کردنی نه‌وه‌ی نوێ بۆ تێکه‌ڵبوون به دنیای ده‌ره‌وه نییە. له وڵاتێکی وه‌ك فه‌ره‌نسادا، ته‌واوی کاتیگۆریه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، هه‌ر له سه‌رۆکی کۆماره‌وه تا ده‌گاته وه‌زیرێك، به‌ڕێوبه‌رێکی گشتی و ته‌نانه‌ت فه‌ڕاش و ئه‌و که‌سه‌ش که ناوماڵپاکدهکاتهوه و قاپدهشوات، ته‌نانه‌ت چێشتلێنه‌ره‌که‌ش، هه‌موویان له نێو حه‌ره‌می قوتابخانه‌کاندا بیناده‌کرێن و به کۆمه‌ڵگه ده‌به‌خشرێن. واته چه‌ند نه‌وه‌کان له مه‌یدانێك له مه‌یدانه‌کاندا سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن، هێنده‌ش وێنه‌ی قوتابخانه له جوانترین شێوه‌دا خۆی ده‌نوێنێت. هه‌روه‌ها چه‌ند نه‌وه‌کان شکستبێنن، هێنده‌ش قوتابخانه به‌رپرسیارده‌کرێت. گه‌ر له کۆمه‌ڵگه‌ی ترادیسیۆندا نه‌وه‌کان له‌نێو که‌نیسه و مزگه‌وته‌کاندا په‌روه‌رده‌کرابن، له کۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرنیتێدا نه‌وه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی ڕادیکاڵ به قوتابخانه‌کان ده‌سپێردرێن. له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا که قوتابخانه ئه‌م به‌ها مه‌زنه‌ی نه‌بێت، ده‌بێت پرسیاری گه‌وره له‌سه‌ر پێوەندی خۆی به مۆدێرنیتێ و ترادیسیۆنه‌وه بکات. له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا نه‌ك هه‌ر قوتابخانه، به‌ڵکو زانکۆش به‌هایه‌کی گرنگی نییە ! ته‌نها 3.1% پێیانوایه که زانکۆ به‌رپرسیاره له تێکه‌ڵنه‌بوونیان به دنیای سیاسه‌ت. دیوێکی دیکه‌ی ئه‌م داتایه پێمانده‌ڵێت که زانکۆی کوردستانی تا ئێستاش ئه‌کته‌رێکی سه‌ره‌کی بیناکردنی وشیاری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری لای تاکی کوردی نییە. ئه‌مه‌ش ده‌مانباته‌وه سه‌ر ئه‌و تێزه‌ی که چه‌ندین ساڵه دووباره‌ی ده‌که‌ینه‌وه:زانکۆی کوردی نه مه‌ڵبه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفیه نه مه‌ڵبه‌ندی دابه‌شکردنی مه‌عریفه‌یه، به‌ڵکو مه‌ڵبه‌ندی به‌خشینی بڕوانامه‌یه. بێهوده نییە که تا ئێستاش ئه‌م زانکۆیانه نه‌یانتوانیوه سۆسیۆلۆگێك، ئهنترۆپۆلۆگێك، پۆلیتۆلۆگێكی دانپیادانراو دروستبکه‌ن. بێگومان ئه‌مه باسێکی درێژه و ده‌کرێت له کات و شوێنی دیکه‌دا بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ری.
هه‌روه‌ها ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی که هه‌موو تراژیدیا‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵات، ته‌نها 19.9% پێیانوایه که خراپی ده‌سه‌ڵاتی کوردی وایانلێده‌کات که تێکه‌ڵ به سیاسه‌ت نه‌بن. ڕاسته ئه‌م ڕێژه‌یه له‌چاو ڕێژه‌کانی دیکه‌دا به‌رزه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ڕاسته که ته‌نانه‌ت یه‌ك له‌سه‌ر چواری ئه‌و هه‌زاران که‌سه نییە که به‌شێوه‌یەکی «ئه‌نۆنیم/شاره‌وه» وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌یان داوه‌ته‌وه.
هه‌ر له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا دوو «ڤاریابڵ» ده‌ره‌نجامی گرنگمان ده‌ده‌نه ده‌ست. چی لای نه‌وه‌ی نوێی کوردستانی گرنگه: جه‌نگی ناوخۆ که هه‌زاران قوربانی لێکه‌وته‌وه، که شار و لادێکانی پێکه‌وه سووتاند، یان گه‌نده‌ڵی؟ ئه‌وانه‌ی که به‌رپرسیاری هه‌لومه‌رجه‌که ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی جه‌نگی ناوخۆ و پێیانوایه براکوژی یه‌کێکه له‌و ڕووداوه گه‌ورانه‌ی که ده‌ستنیشانی بیرکردنه‌وه، جۆری ژیان، پێوەندیيهکانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه، چوارچێوه‌کانی بوونمان ده‌کات ته‌نيا 5.4%! به‌ڵام ئه‌وانه‌ی که گه‌نده‌ڵی وه‌ك به‌رپرسیاری یه‌که‌م و سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌تیه‌کانمان ده‌بینن و پێیانوایه که ڕووداوی مه‌زنی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه گه‌نده‌ڵیه ڕێژه‌یان ده‌گاته 22.2% که به‌رزترین ڕێژه‌یه له‌نێو هه‌موو ڕێژه‌کانی دیکه‌دا. له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ته‌ندروستدا و پاش داگیرساندنی گڵۆپ له‌سه‌ر ئه‌م «موئه‌شیره» سۆسیۆلۆژیيه، یه‌که‌م جه‌نگی ئێستا و ئێره‌ی حکومه‌ت ده‌بێت به ململانێی توند له‌گه‌ڵ گهندهڵیداو چه‌ند له‌سه‌ر ئاستی پراکتیك ئه‌م جه‌نگه بباته‌وه، هێنده‌ش ده‌توانێت به ئیجابی ده‌ستکاری وێنه‌ی سیاسه‌ت و سیاسيی له خه‌یاڵدانی نه‌وه‌ی نوێ‌دا بکات، چه‌ند ئه‌م جه‌نگه‌ش بدۆڕێنێت، هێنده‌ش ئه‌و وێنه سلبیه‌ی سیاسه‌ت و سیاسی له هه‌مان خه‌یاڵداندا تۆخده‌کاته‌وه.
* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس