فەرەنسای رۆشنبیران
June 26, 2013
وتار و بیروڕا
رۆشنبیری فەرەنسی منداڵی شەرعی سەردەمی رۆشنگەریە و بەهێزترین گوزارشتیش لە رۆحە زیندووەکەی بریتییە لە هاتنەدەنگی ڤۆلتێر لەسەر کێشەی کالاس. دواتر ئێمیل زۆلا، کاتێك کە لەسەر کێشەی کاپتن درەیفوس و لەرێگای مەقالە بەناوبانگەکەیەوە بەناوی «من تۆمەتباردەکەم» هەڵوێست وەردەگرێت، دێت و رەهەندێکی دیکەی فراوان بە چەمکی «رۆشنبیر» دەدات و سەرکەوتنی پێدەبەخشێت. هەر لەم ساتەوەختەدایە مۆریس بـــــارێس، کە بەتونـــــــــدی دژایەتی درەیفوسی دەکرد، وشــــــــەی رۆشنبیر وەك تۆمەت بەکار دەهێنێت و دەیداتە پاڵ هەموو ئەو کەسانەی کە پشتگیری لە درەیفوس دەکەن.
لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کرێکاریدا، کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم، زۆر جار رۆشنبیری فەرەنسی، بەبێ ئەوەی گشتگیری بکەین، وەك هەڵگری پرسی پرۆلیتاریا و چەوساوەکانی جیهان خراوەتە سەر شانۆ. پشتیوانی ئایدۆلۆژی ئەم رۆشنبیرە لە تایپێکی تایبەتی ئەکتەری کۆمەڵایەتی، بەجۆرێك لە جۆرەکان وەك ئەفسانەی لێهاتووە و نەوە لەدوای نەوە بۆ یەکتری دەگێڕنەوە. پاش شۆڕشی سۆڤێتێیك، چەندین رۆشنبیری «ئۆرگانیك» وەك ئەنتۆنیۆ گرامشی، گەورە مارکسیستی ئیتالی دەڵێت، خۆیان یەکلاکردەوە بۆ خزمەتکردن بە چینی کرێکاری و ئەو حیزبەش کە بڕیارە نوێنەرایەتی ئەم چینە بکات: حیزبی کۆمۆنیست.
بەڵام ئایا رۆشنبیر مافی ئەوەی هەیە کە خۆی تێکەڵبکات بە ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی؟ ئایا کاری یەکەمی رۆشنبیر بریتی نییە لە بەرجەستەکردنی بەهاکانی حەقیقەت و عەقڵ؟ ئایا رۆشنبیر ئەو کەسە نییە کە دوورە لە هەموو گرووپە کۆمەڵایەتیەکان و حیزبە سیاسیەکان، وەك ژولیا بەندا لە ساڵی 1927 دا لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی «ناپاکی قەشەکان» باسیدەکرد؟ ئایا دەبێت ئێمە هەمیشە رۆشنبیران بەسەر دوو بەرەدا دابەشبکەین، وەك پۆل نیزان، بەرەیەکی ناونابو «سەگە پاسەوانەکان»؟
رۆشنبیری کلاسیکی هەمیشە بەجۆرێك لە جۆرەکان کەسێکی هەڵوێستداربووە، هەڵوێست لەبەرامبەر چەپدا، هەڵوێست لەبەرامبەر راستدا، لایەنگری شۆڕش، لایەنگری کۆنسێرڤاتیزم، لایەنگری ریفۆرم، ناسیۆنالیست، ئەنتەرناسیۆنالیست. رەنگە باشترین کەسێك کە گوزارشتی لە چەمکی رۆشنبیری هەڵوێستدار کردبێت ژان پۆل سارتەر بووە؛ بەتایبەتی کاتێك کە لە ساڵی 1965 دا لە ژاپۆن چەند کۆنفرانسێک دەکات و تێگەشتنی خۆی لەم بارەیەوە لە رستەیەکی بەناوبانگدا دەخاتە روو:
«رۆشنبیر ئەو کەسەیە کە دەستوەردەداتە ئەو شتانەی کە پەیوەندیان بەوەوە نییە»
لێرەوە رۆشنبیری سارتەری دەبێت بە ئەکتەرێکی چەپگەر کە لەپێناوی حەقیقەت و دادپەروەریدا دێتە مەیدان و لە پانتاییە گشتیەکاندا دەردەکەوێت و ململانێ دەکات. لە سەردەمی سارتەردا، لەسەرەتاوە ئەندرێ مالرۆ و پاشان رایمۆند ئارۆن و دواتر ئەلبێر کامۆ وەك بەرامبەری توندی ئەو پێناسە دەکران. چەند سارتەر لە چەپەوە نزیک بوو، هێندەش ئەمان وەك لایەنگری راست دەخرانە سەر شانۆ. جیاوازی نێوان کامۆ و سارتەر قوڵاییەکی ئایدۆلۆژی هەبوو. تەواو بەپێچەوانەی سارتەرەوە کە پێیوابوو، داهاتووی بەشەریەت بریتییە لە مارکسیزم، کامۆ پێیوابوو ئەم حەتمیەتە هەڵەیە و ئەم رێگایە تاکە رێگای بەشەریەت نییە و ئەزموونی ستالین شیاوی سەرلەنوێ تاقیکردنەوە نییە!
بەڵام تەواو، چیدی ئێمە لە سەردەمی سارتەر و کامۆدا ناژین. چیدی بزووتنەوەی کرێکاری ئەو هێزە ناڕەزا و رزگاریخوازە نییە کە بەشەریەت وەك سەرچاوەی هەمیشەیی تەماشای دەکرد. لە هەمانکاتدا کۆمۆنیسم لەگەڵ ئاوابوونی یەکێتی سۆڤێتدا بەرگێکی رەشی لەبەرکرد. لە ئێستادا رۆشنبیر چیدی ئەکتەرێکی ئۆرگانیك نییە و دنیاش چیدی بەسەر سەرمایەداری و کۆمۆنیسمدا دابەش نەبووە. دنیا لە ئێستادا لەسەر ئاستی «گلۆبال» خۆی دەردەخات و بەسەر چەندین بەرەدا خۆی دابەشدەکات.
تەحەدا مەزنەکانی دنیای نوێ ناچارمان دەکەن کە چوارچێوەی نوێ بەرهەمبهێنین. بۆنموونە پرسی ژینگە، پرسی مافەکانی مرۆڤ، پرسی ئاینداری نوێ،...، ناچار بە بیرکردنەوەی نوێ و پێشنیاری نوێمان دەکەن. تەکنەلۆژیای نوێی زانیاری لە قوڵایی قوڵاییەکاندا دەستکاری پەیوەندی بە مەعریفە و تێگەشتنەوە دەکات. گەر لە ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی رابوردودا رۆشنبیری فەرەنسی دەرفەتی ئەوەی هەبووبێت کە هەژموون بەسەر جیهاندا بکات و دەستوەربداتە هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەندیان بەوەوە نییە، بێگومان لە ئێستا و ئێرەدا ئەم واقیعە بەتەواوی کۆتایی پێهاتووە. راستە تائێستاش چەند رۆشنبیرێکی وەك بێرنار هنری لێڤی مان هەیە کە خۆیان وەك میراتگری ئەم کولتورە دەزانن، بەڵام ئەوەش راستە کە چیدی گوتارەکانیان هەمان شەرعیەتی رابوردویان نییە و لەهەندێك هەلومەرجیشدا دەبن بە بابەتی گاڵتەجاڕی، بەڕادەیەك کە لەگەڵ رۆژنامەنووس و سیاسیەکادندا بەراورددەکرێن.
بەشێوەیەکی گشتی ئێمە دەتوانین دەستنیشانی سێ جۆری سەرەکی لە رۆشنبیر بکەین.
یەکەمیان بریتییە لە رۆشنبیری رەخنەگری رادیاکاڵ کە دەیەوێت پارێزگاری لە چاپێکی کلاسیکی تایبەت لە رۆشنبیر بکات. ئەم رۆشنبیرە گومان لە هەموو شتێك دەکات و هەرگیز لە رەخنەگرتن ناوەستێت. پیەر بۆردیۆی سۆسیۆلۆگ بەهێزترین گوزارشتە لەم کاتیگۆریە.
جۆری دووەم لە رۆشنبیر بریتییە لە خەبیرەکان. لەم رووبەرەدا رۆشنبیر کەسێکە کە مەعریفەی خۆی دەخاتە خزمەت دەسەڵاتێك یان دژە دەسەڵاتێکی سیاسی یان ئابووریەوە. ئەوەی کە پاڵ بەم رۆشنبیرەوە دەنێت کاربکات بەها و ئایدۆلۆژیا و قەناعەتی تاکە کەسی نییە، بەڵکو لۆژیکی بازاڕە. واتە مەعریفەی خۆی لە بازاڕەکاندا وەك خەبیر و راوێژکار دەفرۆشێت. لێرەوە خەبیر دەبێت بە کەسێکی پیشەیی و مومارەسەی پیشەیەك دەکات.
جۆری سێیەمیش پەیوەندی بە کشان و بەهێزبوونی زانستە کۆمەڵایەتیەکانەوە هەیە. لە پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی رابوردودا تەنیا چەند کەسێکی کەم ئینتیمایان بۆ زانستە کۆمەڵایەتیەکان هەبوو، بەڵام لە ئەمڕۆدا هەزاران کەس تێدەپەڕێنن و لەچەندین وڵاتی جیهانیدا ئامادەییان هەیە. توێژەرانی بواری زانستە کۆمەڵایەتیەکان دەست لەو شتانە وەردەدەن کە پەیوەندیان پێیانەوە هەیە و خاوەنی مەعریفەی فراوانن لەسەر چۆنیەتی کارکردنیان. ئەم توێژەرانە لە پانتاییە گشتیەکاندا دەردەکەون و قسە لەسەر هەموو ئەو شتانە دەکەن کە لە رێگای توێژینەوەکانیانەوە تیۆریزەیان کردون. ئەم نەوە نوێیە دێت و فاکتەکان و بۆچوونەکان پێکەوە ئیعراب دەکات؛ لێرەوە ئەوان لەیەککاتدا هەردوو سیفەتی رۆشنبیر و زانا وەردەگرن. رۆشنبیرن چونکە هەڵوێستیان لەسەر شتەکان هەیە، زاناشن چونکە لە رێگای میتۆدە زانستیەکانەوە تیۆریزەی ئەو شتانەیان کردووە کە قسەیان لەسەر دەکەن.
ئەو رۆشنبیرە گەورانەی کە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا و پاش سارتەر لە فەرەنسادا دەرکەوتن زۆرن و نموونەکانیان بریتین لە میشێل فۆکۆ، ژاک لاکان، ژاک دێریدا، پیەر بۆردیۆ، کلۆد لافۆرت کە لە ئێستادا کۆچی دواییان کردووە، هەروەها ئالان تورێن و ئێدگار مۆران کە تا ئێستاش زیندوون. من پێموایە توێژەرانی نوێی زانستە کۆمەڵایەتیەکان، باشتر و زیاتر لە نەوەی هەشتاکان، چ لەسەر ئاستی تیۆری چ لەسەر ئاستی پراکتیك گەشەیانکردووە و خۆیان پێگەیاندووە، بەڵام گرفتی سەرەکی ئەم نەوە نوێیە لەوەدایە کە وەك پێویست ناتوانێت لە تایبەتەوە بەرەو گشتی بەرزببێتەوە و ئەمەش رێگای لێدەگرێت کە وەك پێویست بتوانێت بەشداری لە دەیبەیتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکاندا بکات. هەروەها گرفتێکی سەرەکی دیکەی ئەم نەوە نوێیە لەوەدایە کە کەمتر دەیەوێت وەك رۆشنبیر دەربکەوێت و هەوڵدەدات زیاتر خۆی وەك کاتیگۆری زانا بخاتە سەر شانۆ.
بەڵام بەشێوەیەکی گشتی من پێموایە گۆڕانکارییە جیهانیەکان دەمانبەن بەرەو چوونەدەرەوە لە هەردوو چەمکی زانا و رۆشنبیر وەك دوو چەمکی بەسەرچوو. پێموایە دنیای نوێ دەمانبات بەرەوە هەژموونی چەمکی توێژەر و لەداهاتوودا چ وەك چەمك و چ وەك دەستەواژە جێگای رۆشنبیر و زانا دەگرێتەوە.
* سۆسیۆلۆگ، سهرۆکی دهزگای زانسته مرۆییهکان، پاریس. سهرۆکی ڕێکخراوی ئهنتهرناسیۆنالی سۆسیۆلۆژی