چەند تێبینیەك سەبارەت بە توێژی گەنجی کورد لە دۆخی هەنووکەدا

چەند تێبینیەك سەبارەت بە توێژی گەنجی کورد لە دۆخی هەنووکەدا
گرنگيی چینی گەنج لە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری هەروەها کولتووری وڵاتە پێشکەوتووەکاندا هەنووکە بۆتە هۆی ئەوەی کە تەنانەت بوارێکی ئاکاديمێک بەناو کۆمەڵناسی گەنجان ساز بکرێت کە لەسەر رۆڵ و پلە و پێگەی گەنجەکان لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەی هەمەلایەنەی کۆمەڵگا توێژینەوە دەکات، هەر بۆیە بە درێژایی سێ دەیەی رابردوو، لە پانتایی زانستی و ئاکادیمیدا، بۆ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی بابەت و کێشەی گەنجەکان سەرمایەگوزاريیەکی زانستی و ماددی ئێجگار زۆر کراوە. گەنجەکانیش بەتایبەت لە دوا شەڕی دووهەمی جیهانی لە وڵاتە پێشکەوتووەکان و تەنانەت لە وڵاتە لە حاڵی گەشەکاندانیشدا نە تەنیا هێزێکی جەماوەری بە حیساب هاتوون، بەڵکو لە بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیشدا پێشەنگ بوون.
کۆمەڵگای کوردەواریش، کۆمەڵگایەکی بە گشتی گەنجە و لەوە دەچێت لە رێژەی گەنجەکانی وڵاتانی دیكە بەپێی جەماوەر زیاتر بێت. بەڵام رۆڵ و کاریگەریی گەنج لە وڵاتی ئێمەدا چییە؟ یان دەبێ لە چ ئاستێكدا بێت؟ بەپێی تایبەتمەندییەکانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم وڵاتە، گەنج دەبێت یا دەکرێت چ دەورێکی هەبێت؟ هەروەها تا ئێستا بۆ بەشداریپێکردنی ئەوان لە رەهەند و بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگایەکەماندا چمان کردووە و چ کارێکیشمان پێدەکرا کە نەمان کردووە، دیارە هەرێمی کوردستان وڵاتێکی گەنجە لەڕووی دامەزران و تەمەنی سیاسی و ئابووری، هەر جۆر حیسابی بکەین، ئەم وڵاتە دەستپێکێکی کورتی هەیە گەرچی لەڕووی مێژووییەوە لەوانەیە تەمەنێکی درێژی هەبێت، دەتوانین بڵێین زیاتر لە یەک دەیەیە کە توانیویەتی بە شێوەیەک سەرەودەرەی دۆخی خۆی بکات و لەسەر پێی خۆی هەر چەند بە لەرزۆکی و مەترسییەوە راوەستێت. بۆیە لەوانەیە نەکرێت چاوەڕوانییەکی زۆرمان لێ هەبێت و جێگەی ئینساف نەبێت ئەگەر بەپێی دۆخ و هەلومەرجی وڵاتە پێشکەوتووەکان هەڵیسەنگێنین. کەوایە، تەمەنی کەمی ئەم وڵاتە دەتوانێت جۆرە پاساوێک بە حیساب بێت بۆ زۆر ئیش و بەرنامە و پلان کە بەڕێوە نەچوون و هیوادارین بەڕێوە بچن. بەڵام لەگەڵ تەمەنی کورت و بارودۆخی مێژوویی ، هەروەها کارەساتە مێژووییەکانی وەکو ئەنفال و ئاوارەبوون و دەیان کێشەی دیکە، هەندێ بەستێن و ژێرخان لەم وڵاتەدا هەن کە شایەد لە هیچ وڵاتێکی دیكە دەست نەکەون، بۆ نموونە، سەرچاوە ئابوورییەکانی وەکو نەوت کە شای سەرچاوە ئابوورییەکانی جیهانە یان هروژمی کومپانیا و سەرمایەگوزارییە بیانییەکان کە بە چاک یان خراپ ئیمڕۆ بۆ بەرژەوەندیی خۆیان روویان کردووەتە وڵاتی ئێمە، بۆیە دەتوانین دەرئەنجامە جۆراوجۆرەکانی ئەم دۆخە لە وێرانبوونی ژینگەڕا تا دەگاتە سەرهەڵدانی گەڕەکە نوێیەکانی هەولێر و سلێمانی ببینین.
دیارە بۆ وەبەرهێنانی ئەم دۆخە ئارام و ئاشتیخوازانە، خەباتێکی دەیان ساڵە کراوە و ئەم خەباتە ئێستاش بە جۆرێک هەر بەردەوامە، خەبات بۆ ئازادی، سەربەخۆیی، ئاوەدانی و گەشەی سەقامگیر. لە دۆخێکی وەهادا یەکەم پرسیار ئەوەیە کە چۆن دەکرێت یان دەبێت کۆمەڵگا بەڕێوە بچێت، رۆڵی چین و توێژەکان چییە و چ داهاتوویەک بۆ ئەم وڵاتە پێشبینی دەکرێت، لێرەدایە کە توێژی گەنج لە دوو بوارەوە زەق دەبێتەوە، یەکەم ئەوەی کە چ پلانێک دەبێ هەبێت بۆ پەروەردە و گەشەی کۆمەڵایەتی، کولتوری و سیاسی خۆی چینی گەنج، دووهەم، چ ئەرک و بەرپرسیارییەتێک لە پانتایی کۆمەڵگادا لە گەنج چاوەڕوان دەکرێت، واتە، گەنج پێویستە چۆن بەشدار بکرێت. کەواتە پێوەندیەکی دوولایەنە لە نێوان کۆمەڵگا و گەنجدا هەیە. لە لایەکەوە، ئەوە ئەرکی کۆمەڵگایە‌ کە گەنجەکان لە پرۆسەی بە‏کۆمەڵایەتیکردن و پەروەردەکردن وەها بار بێنێ کە بکرێت حیسابیان لەسەر بکەین و چارەنووسی داهاتووی ئەم وڵاتەیان پێ بسپێردرێت. لە لایەکی دیکەوە، گەنجەکان ئەرکی سەر شانیانە نەهێڵن ئەزموونی سەردەمی کۆن و ئەنفال و تاکسالاری و دیکتاتۆرییان تووش بێتەوە و دووبارە بکرێتەوە. ئەرکی کۆمەڵگا خۆی لە دوو دەستەدا دەگونجێت، یەکەم ئەرکی بنەماڵە و پەروەردەی بنەماڵەییە کە بنەڕەتیترین قۆناغی ژیانە لە هەر هەموو کولتوور و کۆمەڵگایەکدا. لەم بەشەدا، دایک و باوک دەبێت هەوڵ بدەن یاسا و رێسای کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، شارۆمەندی و هاووڵاتیبوون و بە گشتی ژیانی کولتووری فێری منداڵ و گەنجەکان بکەن، دووەم، ئەرکی دەوڵەت و حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە سەرچاوە مرۆییەکان بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە لە ئێستاوە دابین بکات و ئەوان بۆ بەڕێوەبردن و کارگێڕیی داهاتووی ئەم وڵاتە پەروەردە بکات. ئەم ئیشە بە هەنگاوی عەمەلی و کردەنی مسۆگەر دەبێت. خەڵک و حکومەتن هەرکام بەنۆرە و بە توانایی خۆیان پێویستە ئەرک بخەنە سەر شانی گەنجەکان و هاوکات دەرفەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییان بۆ بڕەخسێنین تاکو گەنج لە بەرخۆری و تەمبەڵی بەرەو چالاکی و داهێنان بجووڵێتەوە، لە بەرانبەردا، لە گەنجی کوردیش چاوەڕوانی دەکرێت کە خاوەن روانگەیەکی داهاتووبین بێت و بە خوێندنەوەی رابردووبینانەی‌ گەلی خۆی نەهێڵێت جارێکیدی ئەزموونی بێ دەسەڵاتی و لێقەوماوی دووپات بێتەوە. ئەوەی کە ئێستا بە گشتی دەبیندرێت ئەوەیە کە بەشێک لە گەنجەکانی ئەم وڵاتە بەهۆی گیرۆدەبوون لە ژیانی بەرخۆری و بێ بەر‏پرسیارییەتیی کۆمەڵایەتی هەروەها زاڵبوونی ژیانی ئابووری سەرمایەدارانە تەنیا لە بیر توڕدانی کات و توانا و داهێنانی خۆیان دان و ژیانی رۆژانە و تەنانەت زانکۆیشیان ئاوێتەی ئیستراحەت و خۆشی و حەزی تاکەکەسی کردووە، بەجۆرێک کە فەزای زانکۆیەکان زیاتر هاوشێوەی تالاری ژنهێنان و هەڵپەڕکێن و رەنگ و بۆنی زانستی و بیرۆکەی داهاتووبینی پێوە دیار نییە. لە لایەکی دیکەوە، هەندێ گەنجی بێ ئیش و بێکار هەن کە حەزیان لە داهێنان و بەڕێوەبردنی ژیانێکی ئاساییە، بەڵام خۆیان بە خاوەن هیچ دەرفەتێک نازانن، داکۆکی بەڕێوەبەرانی کۆمەڵگای ئێمە لەسەر بەشی ئابووری و بە تایبەت تیجاری، هەروەها کردنەوەی دەرگای ماڵی کۆمەڵگا بەرەو کۆمپانیا و شەریکە بیناییەکان بۆتە هۆی چاوپۆشی و ئاوڕنەدانەوە لەم دۆخە نائاساییە کە پێدەچێت لە داهاتوودا زیاتر کاریگەریی رەش و ناشیرینی لەسەر ئەم وڵاتە هەبێت، سەردانێکی ئاسایی فەرمانگەی نیشینگە و مۆڵ و شەقامەکان نیشان دەدات کە سیستەمی ئابووریی وڵاتی ئێمە کەوتووەتە دەست ژمارەیەکی زۆر لە شەریکە و کرێکارە بیانیەکان، بە جۆرێک کە دەتوانین لە فیلیپینی را تا تورک و عەرەب و چینی و ئەفریقی ببینین. بە داخەوە وڵاتی ئێمە ئەوڕۆ بۆتە سفرەیەک کە هەموو کەس لەسەری دادەنیشێت جگە لە خۆمان. دیارە هەموو وڵاتێک بەرژەوەندیی خۆی لەبەر چاوە، بەڵام وێدەچێت ئێمە لە بەرژەوەندیی خۆمان تێنەگەیشتووین، چۆن ئیش و چالاکییەک کە دەبێ خۆمان بیکەین و دەرفەتێک که پێویستە بۆ گەنجی وڵاتەکەمان بڕەخسێنین بەناو گەشەی ئابووری و تیجاری و پەیوەندیی نێودەوڵەتی پێشکەشی وڵاتانی دیکەی دەکەین. لەم بەینەدا، نە گەنجە بێکار و فەقیرەکانمان ئیشیان دەست دەکەوێت و نە گەنجە دەوڵەمەندەکانمان فێری بەرپرسیارییەتی و ئەرکی کۆمەڵایەتی دەبن.
لەم قەیرانەدا کە پەیتا پەیتا خەریکە زاڵ دەبێت و وێدەچێت لە داهاتوویەکی زۆر زوودا بەرەوە دۆخێکی نائاسایی و مەترسیدارمان بەرێت، پێویستە بە پلان و بەرنامەیەکی هەمەلایەنه و داهاتووبین، وێڕای خوێندنەوەی رەخنەییانەی دەستکەوتەکانمان، لەسەر پلە و پێگە و رۆڵی گەنجەگانمان بە شێوەیەکی زانستی و تەکنیکی لێکۆڵینەوە بکەین، کێشەکانیان بتوێژینەوە، هەل و دەرفەتەکان روون بکەینەوە، ستراتیژییەکان دیزاین بکەین و بەبێ بە فیڕۆدانی کات و سەرمایەکانمان دەست بدەینە چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە، پێش ئەوەی کە لە سنووری قەیرانیش تێپەڕ بێت.



*مامۆستای میتۆدناسی- زانکۆی سەلاحەدین
Top