دیموکراسیی کوردی و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی (2)

دیموکراسیی کوردی و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی (2)
ئالان تورێن، سۆسیۆلۆگی گەورەی فەرەنسی، لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە، سێ بنەمای سەرەکی بۆ دروستبوونی هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، لەنێو کۆمەڵگە پۆست پیشەسازیەکاندا دەسنیشانکردووە کە دەکرێت وەك چوارچێوەیەکی گشتی و فراوان بۆ ناسینەوەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەکاربهێنرێن.
• بنەمای یەکەم: شوناس
ئەم بنەمایە پرسیاری «کێ ململانێ دەکات» لەخۆی دەکات. شوناس بریتییە لەو شتەی کە گرووپێك خۆی پێ پێناسەدەکات و پاشان لەلایەن بەرامبەرەکانیەوە بەو «شتەوە» دەناسرێتەوە. شوناسە دەستەجەمعیەکان دەکرێت لەسەر بناغەی پیشە، ئەسڵی کۆمەڵایەتی، تەمەن، رەگەز، ئینتیمای ئایینی یان ئیتنی خۆیان دابمەزرێنن. ئەندامانی هەر گرووپێك وشیارن بەو شوناسەی کە خۆیان بەهەڵگری دەزانن. واتە بەبێ وشیاری لەسەر شوناسی هەڵگیراو، گردبوونەوەیەکی بەشەری ئەستەمە بتوانێت خۆی وەربگێڕێتە سەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی.
• بنەمای دووەم: ئۆپۆزیسیۆن
گەر بنەمای شوناس بە پرسیاری «کێ ململانێ دەکات» دەستپێبکات، بنەمای ئۆپۆزیسیۆن کار لەسەر پرسیاری «کێ ململانێ دەکرێت» دەکات. واتە بەرامبەری بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کێیە؟ ئالان تورێن پێیوایە گردبوونەوەیەکی بەشەری نابێت بە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی گەربێتو نەتوانێت ناوی ئەو بەرامبەرەی دەستنیشانبکات کە هەڵگری سیستەمێکی دیکە لە بەهایە و ئامادەیە بەرگری لێبکات. لێرەوە ململانێ دەبێت بە مناڵدانی دروستبوونی ئەویتری بەرامبەر و بیناکاری وشیاری ئەکتەرە کۆمەڵایەتیەکان.
• بنەمای سێیەم: گشتگیری (تۆتالیتێ)
پرسیاری سەرەکی بنەمای سێیەم بریتیە لە «ململانێ لە پێناوی چیدا؟». دیسانەوە تورێن پێیوایە کە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لەپێناوی کۆنترۆڵکردنی ئاراستەی رووداوە گەورەکانی کۆمەڵگەیەکدا ململانێ دەکات و ئەمەش ناودەنێت دروستکردنی مێژوو. کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی تۆتال/گشتگیر بەو مانایەی کە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دەیەوێت. من پێموایە ئەم بنەما تۆرێنیە جێگای گفتوگۆیە و ئەستەمە کە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بتوانێت کۆنترۆڵی کۆمەڵگەیەك بەتەواوی بکات و لە چرکەساتی کۆنترۆڵکردنیشیدا دەکرێت کارەساتی گەورە دروستبکات. پێموایە لەهەر شوێنێك هێزێکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی هەژموون بکات بەسەر تەواوی رووبەرەکانی کۆمەڵگەیەکدا، لەو شوێنەدا گریمانەی تۆتالیتاریسم تەواو بەهێزە.
ئایا لە کوردستاندا بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی، بەو شێوەیەی کە زانستە کۆمەڵایەتیەکان باسیانکردوە، ئامادەیە؟
من پێموایە لە کوردستاندا بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کلاسیکیمان نییە. واتە بزووتنەوەیەك کە لەسەر ململانێی چینایەتی بەمانا مارکسیەکەی خۆی پێکهێنابێت. کۆمەڵگەی کوردی بەبێ ئەوەی بە قۆناغی پیشەسازی مەزندا تێپەڕیبێت، بەگۆشت و ئێسقانەوە پێیناوەتە نێو قۆناغی جیهانگیریەوە. لەم قۆناغەدا چەند رەوتی دیموکراسی کوردی بەرەوپێشەوەبێچێت، هێندەش رەوتی سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە نوێیەکان بەرەوپێشەوە دەچێت. لەهەلومەرجێکی ئاوادا، ئێمە دەتوانین سەرەتاکانی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی شەرمنانەی چوار بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کوردی دەستنیشان بکەین.
• یەکەم: بزووتنەوەی ژنان
ئێمە درۆیەکی گەورە دەکەین گەر پێمانوابێت کە بزووتنەوەی ژنانی کوردی لە ئاستی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ئەمریکی یان فەرەنسیدایە. بەڵام درۆیەکی گەورەتر دەکەین گەر پێمانوابێت بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ژنانی کوردی بوونی نییە (وەك بەشێك لە رۆشنبیران باسی دەکەن). ئەم بزووتنەوەیە نەك هەر بوونی هەیە، بەڵکو تا ئاستێکی تێبینیکراو توانای تەعبئەکردنی هەموو ئەو کەسانەی هەیە کە بەرگری لە مافی ژنان بەگشتی و یەکسانی ژن و پیاو بەتایبەتی دەکەن.
• دووەم: بزووتنەوەی رۆشنبیران
بەهێزتر لە بزووتنەوەی ژنان، پێموایە بزووتنەوەی رۆشنبیرانی کوردی لە ئاستێکی بەرزتردا توانای «تەعبئەکردنیان»هەیە و کاراییان بەسەر چۆنیەتی دروستکردنی بڕیارەوە فاکتێکی تێبینیکراوە. بەشێکی زۆری ئەم بزووتنەوەیە لە هەموو ئەو کەسانە پێکدێن کە دەکرێت بە وردە رۆشنبیر ناویانبەرین؛ بەومانایەی کە ناوی گەورە نین و بەرهەمی گەورەیان نییە، بەڵام کۆبوونەوەیان لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا هێزێکی تایبەتیان پێدەبەخشێت.
• سێیەم: بزووتنەوەی خوێندکاران
قەیرانی سەرەکی بزووتنەوەی خوێندکاران بریتییە لە ئیشکالیەتی حزبیبوون. واتە بەشێکی زۆر لەو رێکخراوانەی کە بڕیارە نوێنەرایەتی خەون و خواستەکانی خوێندکاران بکەن، لەبناغەدا حزبین و کار لەسەر کۆنترۆڵکردنی خەون و خواستەکانی خوێندکاران دەکەن. لەپەنای ئەم قەیرانە بەهێزەشدا، هەست بەوە دەکەین کە لە ئاستێکی تەواو نزمدا، شتێك بەناوی بزووتنەوەی خوێندکاران هەیە و هەوڵدەدات لە حزبیبوون بێتە دەرەوە. من دڵنیام لەوەی کە لەگەڵ بەرەوپێشەوەچوونی دیموکراسیدا، ئەم رێکخراوانە گەر خۆیان یەکلایی نەکەنەوە و نەبن بە نوێنەری راستەقینەی خوێندکاران، لەناودەچن و جێگا بۆ دروستبوونی رێکخراوی دیکەی بابەتیانە چۆڵدەکەن.
• چوارەم: بزووتنەوەی لاوان
بزووتنەوەی لاوانیش هەڵگری هەمان قەیرانی بزووتنەوەی خوێدنکارانە و لە هەمان قۆناغی ئەودایە و هەمان گریمانەی ئەویشی لەبەردەستدایە. لەکاتێکدا دەکرا ئەو هەزاران هەزار لاوە کوردەی کە بەرەڵای نێو کۆڵانەکانی جیهانگیری کراون، خۆیان رێکبخستایە و بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزیان دروستبکردایە، بەپێچەوانەوە، ئەوان شەرمنترین و لاوازترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتین لە کوردستاندا، هەرچەند دڵنیام لەوەی کە ئەم شەرمنی و حزبیبوونە لە داهاتوودا بەردەوامنابێت و گریمانەی کارابوونی ئەم بزووتنەوەیە تەواو بەهێزە.
ئایا ئەم چەند دێڕە بەسە بۆئەوەی کە ئێمە لەو چوار بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە کوردیە تێبگەین؟ بێگومان نەخێر. تەنیا توێژینەوەیەکی مەیدانی سۆسیۆلۆژی لەسەر هەردوو ئاستی چۆنایەتی و چەندایەتی رێگامان پێدەدات کە ببین بە خاوەنی مەعریفەیەکی بابەتیانە لەسەر ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیانە و ئەمەش ئیشکالیەتی سەرەکی ئەم توێژینەوەیەی ئێمە نییە. ئەوەی ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین شتێکی دیکەیە کە دەکرێت ناویبنێین: رۆڵی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیانە لە چاودێریکردنی دیموکراسی کوردیدا.
بایەخی سەرەکی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە نوێیەکان بۆ ئەم توێژینەوەیەی ئێمە لەوەدایە کە هەر یەکێك لەم بزووتنەوانە (ژنان، رۆشنبیران، خوێندکاران، لاوان) دەتوانن لەیەک کاتدا ئەکتەری هەرسێ میکانیسمی چاودێریکردنی دیموکراسی بن: وریابوون، رەخنەگرتن، نمرەبەخشین. ئەم بزووتنەوانە هەمیشە لەسەرپێن، وریان، بەخەبەرن و بەوردی چاودێری جومگە بە جومگەی ئەو نوخبەیە دەکەن کە لە دەسەڵاتدان. دەکرێت لێرەدا نموونە بەو پرۆژە یاسایە بێنینەوە کە پەیوەندی بە رۆژنامەنووسانەوە هەبوو. هەر لەسەرەتای ئەم پرۆژەیەوە، بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بەگشتی و بزووتنەوەی رۆشنبیران بەتایبەتی، بەو پەڕی وریاییەوە ئەم پرۆژەیەی خستە ژێر چاودێریەوە. لە قۆناغی دووەمیشدا دەیان رەخنەی بابەتیانەی لێگرت و لە قۆناغی سێیەمیشدا نمرەی باشی و خراپی پێبەخشی. لەدەرەنجامدا کارایی راستەوخۆی بەسەر پرۆژەکەوە دانا.
ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیانە، بەپێچەوانەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کرێکارانەوە کە لە سەدەی رابردودا دەیوسیت خودی سیستەمەکە هەڵبوەشێنێتەوە و دەسەڵات بگرێتە دەست، هەروەها بەپێچەوانە حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە کە دەیانەوێت بە هەر رێگایەك بووە حزبی دەسەڵاتدار شکستپێبێنن، دەیانەوێت چاودێربن بەسەر ئەو نوخبەیەوە کە پێش ئەوەی بگات بە دەسەڵات دەیان پرۆژە و ئامانجی پێشنیارکردووە و سەدان بەڵێنی بە هاووڵاتیان داوە. چاودێریکردنی ئەم نوخبەیە بەمەبەستی ئەوەیە کە تا چەند پرۆژەکانی، بەڵێنەکانی جێبەجێدەکات و تا چەند مەودای نێوان تیۆری و پراکتیك کورت دەکاتەوە.
ئەم بزووتنەوانە دەتوانن پەردە لەسەر گەندەڵی لابدەن، درۆکان بخەنە بەر خۆر، لادانەکان دەستنیشانبکەن، ناتەواوییەکان بنووسنەوە، ببن بە گرووپی پاڵەپەستۆ، پرۆژە یاساکان بپشکنن، جەماوەر بێننە سەر جادەکان، سەرکردایەتی مانگرتنەکان بکەن و دەیان رێگای دیکە بگرنە بەر. لەئامادەبوونی بەهێزی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە نوێیانەدا کۆمەڵگەی کوردی دەتوانێت گەشبینبێت بە داهاتووی دیموکراسی، بەبێ ئەوەی ئەرزشدابنێت بۆ ئەوەی کێ لە دەسەڵاتدایە و کێ هەڵبژاردنەکان دەباتەوە.
بێهودەنییە کە یەکێك لە سیفەتە بەناوبانگەکانی دەوڵەتە شمولیەکان بریتییە لەوەی کە بەهیچ شێوەیەك و لە هیچ هەلومەرجێکدا رێگانادەن بە دروستبوونی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی. لە وڵاتێکی وەك کۆریای باکوردا، هەر قسەکردنێك لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی یەکسانە بە لە سێدارەدان، لە وڵاتێکی وەك چین، ساڵی 1989 بزووتنەوەی خوێندکاران کە تەنیا خۆپیشاندانێکی ئەنجامدا، لەنێو خوێن و ئاگر و ئاسندا کۆتایی پێهات. ئەو قەسابخانەیەی کە نوخبەی دەسەڵاتداری چینی، لەنێوان 15 ئەڤریل 1989 و 4 ژون 1989 دا دروستیکرد، تا ئێستاش برینەکانی ساڕێژنەبوون. چەند دەسەڵاتێکی سیاسی زەبروزەنگ بەرامبەر بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بەکاربێنێت، هێندەش لە رۆحی دیموکراسی دووردەکەوێتەوە و لە تۆتالیتاریسم نزیک دەبێتەوە.
لێرەوە یەکێك لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی دیموکراسی کوردی بریتییە لە مەمەڵەکردنی لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە کوردیەکاندا. دیموکراسی تەنیا کۆمەڵێك دروشم نییە کە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان بەردەوام دووبارەبکرێنەوە، بەڵکو کۆمەڵێك پراکتیکی ژیانی رۆژانەشە و بەبێ رێزگرتن لێیان، دروشمە تێۆرییەکان، یەك لەدوای یەك بەتاڵدەبنەوە.
* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس
Top