تیرۆریسم به ڕووتی
May 20, 2013
وتار و بیروڕا
له 22 ی ژوڵای 2011 دا نه‌رویژ بوو به شانۆی ته‌قینه‌وه به‌هێزه‌کان که 77 که‌سیان کوشت و سه‌دانیش بریندار! ئه‌ندرس بهرهینگ بریژڤیك تاکه ئه‌کته‌ری به‌رپرسیاره له کۆی ئه‌م ته‌قینه‌وانه. له مارسی 2012 دا به‌هه‌مان شێوه فه‌ره‌نسا ده‌بێت به مه‌یدانی قه‌سابخانه‌یه‌کی دیکه. موحه‌مه‌د مه‌ره‌ح، ئیسلامیستی فه‌ره‌نسی/جه‌زائیری، سێ سه‌ربازو دواتر سێ مناڵی جووله‌که‌و مامۆستایه‌ك له‌به‌رده‌م قوتابخانه‌که‌یاندا ده‌داته به‌ر فیشه‌ك. له 15 ئه‌ڤریلی 2013 دا دیسانه‌وه لە وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، به‌به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه ده‌بنه‌وه به قوربانیی ته‌قینه‌وه تیرۆریستییه‌کان. سێ که‌س گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن و چه‌ندانی دیکه‌ش بریندارده‌بن. تیرۆریسته‌کان له بۆستۆن چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که ماراسۆنه‌که بگاته دوا هه‌وار، له‌و جێگایه‌دا که هه‌موو کامێراکانی دنیای لێ بوو، بۆئه‌وه‌ی بۆمبه‌کانیان بته‌قێننه‌وه‌و میدیاکان راسته‌وخۆ بیگوێزنه‌وه بۆ بینه‌ران. براکان، جه‌وهه‌ر و تامرلان متسارنایف که به‌ئه‌سڵ چیچانین و چه‌ندین ساڵه له ئه‌مه‌ریکادا ژیانیان به‌سه‌ر بردووه، ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌ن که بهتهقینهوهکانیان سەرنجی دنیایان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا.
له هه‌ر یه‌کێك له‌م سێ دۆخه‌دا(نه‌رویژ، فه‌ره‌نسا، ئه‌مه‌ریکا) ئه‌کته‌ره‌کان به ته‌نيا خۆیان عه‌قڵی ڕێکخه‌رو بڕیارده‌رو پاشان ئه‌نجامده‌ری پرۆژه تیرۆریستیه‌کانن. واته ڕێکخراوه جیهانيیه تیرۆریستیه‌کان نه‌هاتوون و به‌رنامه‌یان بۆدابڕێژن، به‌ڵکو وه‌ك تاكی په‌راوێز و له په‌راوێزه‌کاندا خۆیان خاوه‌نی پرۆژه‌کان بوون. ڕه‌نگه هه‌ر یه‌کێك له‌م سێ ئه‌کته‌ره، له‌م سێ وڵاته جیاوازه‌دا، به‌جۆرێك له جۆره‌کان که‌ڵکیان له ڕێکخراوێکی تیرۆریستی وه‌رگرتبێت و چه‌ند پێوه‌ندییه‌کیان هه‌بووبێت. به‌ڵام هیچ یه‌کێك له‌مانه مانای ئه‌وه نیيه که ئه‌م کرده‌وانه‌یان به‌رهه‌می ڕێکخستنه تیرۆریستیه جیهانیهکان یان نیشتمانییه‌کان بووبن. هیچ یه‌کێك له‌مانه مانای ئه‌وه نیيه که ئه‌م ئه‌کته‌رانه چه‌کی ده‌ستی نوخبه‌یه‌کی تیرۆریستی ژێر زه‌مینه‌کان یان نێو ئه‌شکه‌وته‌کان بووبن.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا تازه‌یه؛ دروستکردنی بڕیاره له‌لایه‌ن خودی خۆیانه‌وه. په‌ڕینه‌وه بۆ پراکتیکی پرۆژه‌کانیان ده‌ره‌نجامی ڕاڤه‌کردنێکی ده‌سته‌جه‌معی و ستراتیژی نیيه، به‌ڵکو ده‌ره‌نجامی چیرۆکی شه‌خسی هه‌ریه‌کێك له‌م ئه‌کته‌رانه‌یه، که له‌ڕێگای گفتوگۆی ناوه‌کی (مۆنۆلۆگ) له‌گه‌ڵ خودی خۆیاندا گه‌شتونه‌ته ئاستی په‌ڕینه‌وه بۆ پراکتیك. هه‌ڵبژاردنی کات و شوێن و ئامانجی ته‌قینه‌وه‌کان نه به وردی نه‌خشه‌ی بۆ دانراوه‌و نه تاکه بژارده‌ش بوون، به‌ڵکو به جۆرێك له جۆره‌كان هه‌ڕه‌مه‌کی بوون. بۆنموونه برا چیچانیه‌کان، له‌سه‌ره‌تادا ویستبوویان له 4 ژولای 2013 دا، که جه‌ژنی نیشتمانیيه له ئه‌مه‌ریکادا، ته‌قینه‌وه‌کان ئه‌نجامبده‌ن، به‌ڵام کاتێك که هه‌ستیان به‌وه‌کردبوو که هه‌موو شتێکیان ئاماده‌یه و له‌سه‌رپێن، بڕیاره‌که‌یان گۆڕی و له 15 ئه‌ڤریلی 2013 له بۆستۆن ئه‌نجامیان دا. له ئاماده‌نه‌بوونی نوخبه‌یه‌ك له پشت پرۆژه‌کانیانه‌وه، ئه‌کته‌ره‌کان ده‌توانن به خواستی خۆیان کات و شوێن و ئامانجی ته‌قینه‌وه‌کانیان بگۆڕن.
به‌دیوێکی دیکه‌دا، چه‌ند نوخبه‌و ڕێکخراوێکی تیرۆریستی له پشت ئه‌م ته‌قینه‌وانه‌وه نائاماده‌ن، هێنده‌ش ئایدۆلۆژیای به‌هێز له‌پشت که‌والیسه‌کانی عه‌قڵی هه‌ریه‌کێك له‌م ئه‌کته‌رانه‌وه ئاماده‌یه. بریژڤیكی نه‌رویژی بریتیه له تێکه‌ڵه‌یه‌ك له ڕاستی توندڕه‌و، ئیسلامۆفۆبی، دژه کۆچبه‌ر، دژه مارکسیست، دژه فره‌کولتوری، دژه جوله‌که. موحه‌مه‌د مهرهحی فه‌ره‌نسی وه‌ك ئیسلامیستێکی ڕادیکاڵ خۆی پێناسه‌ده‌کرد. برا چیچانیه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، له‌یه‌ك کاتدا خۆیان وه‌ك ئیسلامیست و دژه ئه‌مه‌ریکی ده‌خه‌نه سه‌ر شانۆ.
هه‌ر یه‌کێك له‌م ئه‌کته‌رانه له‌و که‌سانه‌ن که به وردی ئه‌نته‌رنێت به‌کارده‌هێنن و شاره‌زان به کوچه و کۆڵانه‌کانی. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی که ته‌قینه‌وه‌کانی 11 ی سێپته‌مبه‌ری 2001 یان ئه‌نجامدا که هه‌موویان له‌ده‌ره‌وه هاتبوون، ئه‌م ئه‌کته‌ره نوێیانه‌ی تیرۆریسمی ڕووتوقووت، مناڵی خودی ئه‌و کۆمه‌ڵگانه‌ن که ده‌یانده‌نه‌وه به‌ر فیشه‌ك و له تهقینهوهکانياندا نوقمیان ده‌که‌ن. هه‌ر یه‌کێك له‌م تیرۆریسته نوێیانه خاوه‌نی ئاستێك له په‌روه‌رده‌ن، واته نه‌خوێنه‌واره‌کانی جیهانی سێیه‌م نین و له‌نێو تراژیدیای هه‌ژاریدا گه‌وره‌نه‌بوون. به‌ڵام ئه‌م ئاسته له په‌روه‌رده وای لێنه‌کردون که ئاوێزانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی ببن؛ به‌پێچه‌وانه‌وه، جۆرێکی تایبه‌ت له حیقد به‌رامبه‌ر به کۆمه‌ڵگه، ڕق له پێوهنديیهکان، توڕه‌یی له جۆری ژیانی لادروست کردوون.
هه‌ر یه‌کێك له‌م بکوژانه له‌نێو په‌راوێزه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا خه‌یاڵدانێکی فراوانی بۆخۆی دروست کردووه. له‌م خهیاڵدانهدا جڤاتێکی ڤیرتیوڵ هه‌یه که به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌کان له ئه‌وان ده‌چێت و وه‌ك ئه‌وان بیرده‌کاته‌وه‌و ده‌ژی. ئه‌م جڤاته خه‌یاڵییه، چه‌ند ده‌کرێت ئیسلامۆفۆبي بێت، هێنده‌ش ده‌کرێت ئیسلامیستی ڕادیکاڵ بێت، چه‌ند ده‌کرێت دژه فره کولتوری و دژه کۆچبهربێت، هێنده‌ش ده‌کرێت چه‌کداری فره کولتوری و کرانه‌وه بێت.
من پێموایه بۆ تێگه‌شتن له‌م ئه‌کته‌ره نوێیه تیرۆریستانه، به‌ته‌نيا قوتابخانه‌یه‌کی زانسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌س نیيه و ده‌بێت په‌نا بۆ چه‌ندین میتۆدی جیاوازبهرین. وردکردنه‌وه و پاشان ڕاڤه‌کردن و دواتر ده‌رخستنی ئه‌نجامه‌کانی کرده‌ی تیرۆریسته نوێیه‌کان، چوونه نێو دنیا ئاڵۆزه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌کانیان، به میتۆدێك و به قوتابخانه‌یه‌ك ناکرێت، به‌ڵکو ده‌بێت کۆی زانسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بانگهێشت بکرێن.
یه‌کێك له‌و ده‌ره‌نجامانه‌ی که من پێی گەیشتووم، ده‌کرێت به‌م شێوه‌یه گوزارشتی لێبکه‌م: ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی که ئه‌م تیرۆریستانه به‌ناوی ئه‌وانه‌وه کارده‌که‌ن و شه‌رعیه‌ت به ته‌قینه‌وه و قهسابخانهکانیان ده‌ده‌ن، ئامادهنیيه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دان به‌م جۆره له ڕه‌فتاردا بنێت، له‌وه‌ش زیاتر، سه‌رکۆنه‌ی ده‌کات و له‌ڕێگای ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌کانه‌وه نه‌فره‌تی لێده‌کات. ئه‌و موسوڵمانانه‌ی که موحه‌مه‌د مه‌ره‌ح به‌ناوی ئه‌وانه‌وه له فه‌ره‌نسادا قه‌سابخانه‌ی دروستکرد، نه‌ك هه‌ر سه‌رکۆنه‌یان کرد، به‌ڵکو خۆشیان لێ بێبه‌ری کرد!
بێگومان ئه‌م لێکدابڕانه مانای ئهوهنیيه که لێره‌و له‌وێ هه‌ندێك که‌س نه‌بن که پشتگیریان لێنه‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای تێبینیه، ته‌نانه‌ت ئه‌م که‌سانه‌ش هیچ پێوهندیيهکی ئۆرگانیکیان به تیرۆریسته‌کانه‌وه نیيه و پێوهندیيان ته‌نيا له ئاستی هه‌ست و سۆزدا ده‌مێنێته‌وه.
به‌پێچه‌وانه‌ی جۆره‌کانی دیکه له تیرۆریسمه‌وه، ئه‌م جۆره تایبه‌ته له تیرۆریسم خۆی به رووت وقووتی ده‌خاته سه‌ر شانۆ ! ئامانجی ئه‌م تیرۆریستانه بریتی نیيه له دروستکردنی شۆڕشێکی مه‌زنی مێژوویی! هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌زانن که ناتوانن ده‌وڵه‌تێك هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه. ده‌توانم بڵێم ئه‌م تیرۆریسمه رووت و قووته هه‌ڵگری هیچ ڕه‌هه‌ندێکی سیاسیش نیيه و له بۆشایدا کارده‌کات : کوشتنه له‌پێناوی کوشتندا، قه‌سابخانه‌یه له پێناوی خوێنی زیاتر و سه‌ری بڕاوی زیاتردا.
پارادۆکسه‌که له‌وه‌دایه که ئه‌م تیرۆریسمه چه‌ند ڕووت وقووته، چه‌ند بێ سیاسه‌ته، چه‌ند بێ پرۆژه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ش تێکه‌ڵ ده‌بێت به کاروانی هه‌موو ئه‌و تیرۆریسمانهی دیکه که پرۆژه‌ی سیاسیيان له پشته‌وه‌یه‌و به‌ڕووت وقووتی ده‌رناکه‌ون و هه‌ڵگری سروشتێکی ئاڵۆزن. بۆ تێگه‌شتن له‌م پارادۆکسه‌ش، دیسانه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ زانسته کۆمهڵایهتيیهکان ده‌بێت به فه‌رمانی یه‌که‌م.
* سۆسیۆلۆگ، سه‌رۆکی ده‌زگای زانسته مرۆییه‌کان، پاریس. سه‌رۆکی ڕێکخراوی ئه‌نته‌رناسیۆنالی سۆسیۆلۆژی